دەقی ڕاگەیێنراوەکەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای #هەولێر#
بەسەرپەرشتی د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی د.عەلی ڕەشید سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و کۆبوونەوە گەیشتە ئەم دەرەنجامانەی خوارەوە:-
یەکەم: بەپێی پێوەرە پزیشکییەکان و ڕاو بۆچوونی لێژنە ی زانستی پزیشکی و بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، لەسنووری پارێزگای هەولێر تاوەکو بتوانرێ کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکرێت، پێویستمان بەوە هەبوو بۆ ماوەی (28) ڕۆژ کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگاکەمان ڕابگەێنین، بەڵام لەپێناو بژێو و کارو کاسبی خەڵک، بڕیارماندا لە کاتژمێر (12)ی ئەمشه و 4 لەسەر5ی 7/2020، قەدەغەی هاتووچۆی تەواوەتی لەسنووری پارێزگای هەولێر هەڵبگرین، لەگەڵ ئەوەدا داوا لەهاوڵاتییان و دانیشتوانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەین، لەپێناو ئەوەی هەموو لایەک سەلامەت بن و بتوانین کۆنترۆڵی ئەم ڤایرۆسە بکەین، هەر کەسه و لەلای خۆییەوە ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێ بکەن و (دەمامک) ببەستن و لەماڵەکانتان بمێننەوە و پابەندن بن بەم کەرەنتینەی کە (6) ڕۆژمان لێی تێپەڕاندووە و هێشتا (22) ڕۆژی ترمان لەپێشدا ماوە، بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لەماڵەکانتان مەیێنە دەرەوە، بۆ ئەومەبەستەش ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، داوا لەهەموو (حزبەسیاسیەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، پیاوانی ئاینی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆشنبیران، میدیاکاران، نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، مامۆستایانی زانکۆ)و هەموولایەک دەکەین هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە ڕابگەێنرێتَ، تاوەکو ئه و (22) ڕۆژەی کەماوە لەکەرەنتین، هەموومان بەیەکەوە پابەند بین و سەلامەتی خۆمان و ماڵ و منداڵ و ئازیزانمان و تەندروستی گشتی شارەکەمان ببپارێزین و بەسەر ئەم ڤایرۆسە زاڵبین.
دووەم: بڕیارماندا لە کاتژمێر (12)ی ئەمشه و 4 لەسەر5ی 7/2020، بۆماوەی یەک هەفتە تاوەکو کاتژمێر12ی شەوی 11 لەسەر 12ی 7/2020 ڕێکارەکان بەمشێوەیەی لای خوارەوە بێت:-
1- لە سنووری سەنتەری شار و سەرجەم قەزاکانی دیکەی سنووری پارێزگای هەولێر، لەکاتژمێر (8)ی ئێوارە تاوەکو (5) بەیانی، سەرجەم بازاڕ و دوکان و هەموو ئه و شوێنانەی بۆ خزمەتی هاوڵاتییان کراوەن دادەخرێن، جگە لە دەرمانخانەکان.
2- هاتووچۆ لەنێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەداخراوی دەمێنێتەوە و ڕێگە بە هیچ کەس نادرێت بێتە ژوورەوە، جگە له و حاڵەتانە نەبێت کە لە بەیانی #وەزارەتی ناوخۆ#ی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاریکراون، بۆیە تکامان وایە کەس خۆی لە ڕێگا نەدات بۆ بازگەکان، چونکە ڕێگەیان پێنادرێت.
3-سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە، بەپێی ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستییەکان و ئه و میکانیزم و شێوازەی لەلایەن وەزارەتەکانیانەوە بۆیان دیاریکراوە، فەرمانگەکان مووچەی فەرمانبەرانیان دابەشدەکەن، هەرلێرەشەوە داوا لە وەزارەتەکان و فەرمانگەکان دەکەین میکانزمی گونجاو دابنێن بۆئەوەی لەکاتی دابەشکردنی مووچە کەمترین بەریەککەوتن هەبێت.
4-کردنەوەی نۆڕینگە و سەنتەر و کۆمەڵگە پزیشکییەکان ئارەزومەندانە دەبێت و ئەوانەشی کراوە دەبن دەبێت ئه و مەرجانەی خوارەوە یان تێدابێت:
کردنەوەی نۆڕینگەکان لە کاتژمێر (3)ی دوای نیوەڕۆ بۆ (7)ی ئێوارە دەبێت.
لە هۆڵی چاوەڕوانی لە چوار نەخۆش زیاتری لێ نەبێت و نێوانی هەر یەکەیان دوومەتر کەمتر نەبێت.
پزیشک دەستکێشی لەدەست بێ و (دەمامک) ببەستبێ.
نەخۆش یەک هەواڵی زیاتر لەگەڵ نەبێت و هەردوکیان (دەمامک)یان بەستابێ.
ڕۆژانە نۆڕینگە و سەنتەر و کۆمەڵگاکان (تعقیم) بکرێن.
له و ماوەیەدا لە(کاتژمێر 3 بۆ 7) لە (10) نەخۆش زیاتر نەبینرێت.
5- سەرجەم شۆفێرانی (تەکسی، پاس، مینی پاس) دەبێت پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و بۆ تەکسی لەدوو سەرنشین زیاتری نەبێ و پاسەکانیش لە نیوەی سەرنشینەکان زیاتر نە بێ، خۆیان و سەرنشینەکانییان (دەمامک) ببەستن و هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتوو چۆوە، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە و بە بڕی(50) هەزار دینار غەرامە دەکرێت.
6-چێشتخانەکان، بە پابەندبوون بەڕێنماییە تەندروستییەکان، تەنها بۆیان هەیە خواردن بە سەفەری یان بە دلیڤەری بفرۆشن.
7- بەهۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی فراوان لە شاری هەولێر و مەترسی داری دۆخەکە (مزگەوت، کڵێسا، شوێنە ئاینییە پیرۆزەکان، هۆڵی بۆنە ئاینییەکان) بەداخراوی دەمێننەوە و پرسە دانان لە ماڵ و هۆڵ و هەموو شوێنێک و چوونە سەرقەبران قەدەغەیە.
8-ئەم شوێنانەش بەداخراوی دەمێننەوە (سەنتەرەکانی فێرکردنی زمان، پارکە گشتی و تایبەتیەکان، شوێنەکانی یاری منداڵان لە ناو مۆڵ و گەرەکەکان، هۆڵەکانی سینەما، هۆڵەکانی ئاهەنگ گێران، هۆڵەکانی بووک گواستنەوە، یانەی شەوانە، نێرگەلەکێشان، هۆڵ و سەنتەرەکانی لەشجوانی، هۆڵەکانی وەرزشی، مەلەوانگە، هۆڵەکەکانی ئاهەنگی شەوانە، یانەکانی مەی خواردنەوە (بار)، گەرماو (حەمام)، سەنتەرەکانی مەساج).
9- ساردەمەنی، چایەخانە، ڕیستۆرانتی باخچەکان، سەرجەم شوێنەکانی هاوشێوەیان، تەنها بۆیان هەیە بە سەفەری و لە ڕێگەی ئه و کەل و پەلانەی بۆ یەک جار بەکاردێت کار بکەن و مێز و کورسی دانانرێت.
10-لە تەواوی سنووری پارێزگای هەولێر لە ڕۆژانی هەینی، هەموو بازاڕ و دوکان و شوێنە گەشتیاری و سەرجەم شوێنە گشتییەکان بەتەواوی داخراو دەبن، جگە لە نانەواخانە و دەرمانخانەکان، هەرکەسێک پابەند نەبێت ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
11-لە ڕۆژی یەک شەممە2020-07-05، تەنها دەوامی فەرمانگە پێویستییەکانی تایبەت بەکاروباری هاوڵاتییان، جگە لە (تەندروستی، پۆلیس، ئاسایش، فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان)، بەسیستەمی شەفتات و بەڕێژەی لە 30% دەبێت لەڕۆژانی (یەک شەممە تاوەکو چوارشەممە)، لە کاتژمێر 9 بە یانی تاکو 1 ی دوای نیوەرۆ، سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەکان دەبێت (دەمامک) ببەستن، هەر فەرمانبەرێک لە کاتی دەوام (دەمامک)ی نەبەستابێت ڕێکاری کارگێری بەرامبەری دەگیرێتە بەر، هیچ هاوڵاتییەک و موراجعێک بەبێ بەستنی (دەمامک) بۆی نیە بچێتە ناو هیچ فەرمانگەیەک، هەر فەرمانگەیەک قەرەبالغی تێدا دروستبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندیدار دەوام له و فەرمانگەیە ڕادەگرین، ئه و فەرمانبەرانەشی جێنشینی دەرەوەی شاری هەولێرن یان لە پارێزگایەکی دیکەن و دەوامییان لەناوی سەنتەری شاری هەولێرە، پێویست ناکات دەوام بکەن.
12- لە هەر شوێنێکی بازرگانی و بازار و دوکان و مارکێت و مۆڵ و چێشتخانەیەک ڕێنماییە تەندروستیەکان جێبەجێ نەکرێن، دەست بەجێ ئەم شوێنە دادەخرێت، بۆ ماوەیەک کە لە یەک هەفتە کەمتر نەبێت.
13- دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە سەرجەم قایمقامەکان بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی له و ڤایرۆسە، هەر بڕیارێک لە سنووری قەزاکەیان بدەن و لە کاتی پێویستیش بۆیان هەیە لەسنووری قەزاکەیان کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی ڕابگەیەنن.
14- ئەم بڕیارانە لەکاتژمێر 12ی شەوی 4 لەسەر5ی 2020.7 دەچێتە واری جێبە جێکردنەوە تاوەکو کاتژمێر 12ی شەوی 11 لەسەر 12ی 7/2020.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2020-07-04