دوا بەدوای بەیانی ژمارە (37)ی #وەزارەتی ناوخۆ#ی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 2020.5.27، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020.5.28، بەسەرپەرشتی د.فرسەت سۆفی پارێزگاری #هەولێر#، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبووەوە و کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:
یەکەم؛ بە پشتبەستن بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی یەکشەممە 2020.5.31 وە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی گشتی و تاکسی بەسەرنشینەکانییەوە، دەبێت پابەندبن بە بەستنی (دەمامک) و جێ بەجێ کردنی ڕێنماییە تەندروستیەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەپێچەوانەوە سەرپێچی کاران ئەو سزایەیان بەسەردا دەسەپێ کە لە خاڵی (دەیەم)ی بەیانی ژمارە (37)ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدراوە.
دووەم؛ سەرجەم (مۆڵ، مارکێت، مینی مارکێت، دوکان، بازاڕ و شوێنە گشتیەکان) ئاگادار دەکەینەوە، پابەندبن بە جێ بەجێ کردنی گشت ڕێنماییە تەندروستییەکان بەتایبەتی بەستانی (دەمامک) بۆ کرێکاران و خاوەنی دوکان و فرۆشیاران و ئەو هاوڵاتییانەشی سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن، بە پێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان لە بەرمبەردا دەگیرێتەبەر.
سێیەم؛ ئەو هاوڵاتییانەی کە لە پارێزگاکانی تری عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەیانەوێت بێنە پارێزگای هەولێر، چ هاوڵاتی سڤیل بن، یان هێزە ئەمنییەکان، بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت پابەندبن بەوەی لەسەر ئەرکی خۆیان بۆماوەی (48) کاتژمێر کەرنتین بکرێن و دوای دەرچوونی پشکنینەکانی ڤایرۆسی کۆرونا کە تێچووی پشکنییەکە لەئەستۆی خۆیانە لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە، یان بڕوانامەی تووش نەبوونیان لەگەڵدابێت کەپێش (24) کاتژمێر لەهاتنیان بۆ پارێزگای هەولێر دەرچووبێت، دەبێت لەماڵەوە خۆی کەرەنتین بکات، بەپێچەوانەوە هەموو ئەوانەی لەو پارێزگا و ئەو ناوچانەوە دەیانەوێت بگەڕێنەوە شاری هەولێر ڕێگەیان پێنادرێت.
چوارەم؛ بۆ هاتنی ئەو هاوڵاتییانەی کە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت بێنە پارێزگای هەولێر، بەپێی سیستەمی ڕێگەپێدانی ئەلکترۆنی دەبێت کە لەسەر وێبسایتی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەناونیشانی (mio.gov.krd) دانراوە.
پێنجەم؛ هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگاداردەکەینەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە تەشەنەکردنی زیاتردایە و سەرچاوەی بەشێک لە تووشبوانی ئەم دواییەش نادیارە و بەشێکی ئەوانەشی لەم دواییەدا تووشی ڤایرۆسەکە بوونە باری تەندروستییان ناجێگیرە، بۆیە داواکارین لە هەموولایەک پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و خۆیان لەشوێنی قەرەباڵغ و هەر جۆرە بەریەککەوتن و کۆبوونەوەیەک بپارێزن و دەمامک ببەستن.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
#28-05-2020#