ڕامانێک لە “ژنە قژسوورەکە”ی ئۆرهان پاموک
سەنگەر زراری
ژنە قژسوورەکە (ڕۆمان)- ئۆرهان پاموک، وەرگێڕانی: سامان کەریم، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، چاپی یەکەم (2016).
ئەگەر لە سەردەمی ئێستای حکوومەتداری و دەوڵەتداریی مۆدێرن، ئۆدیب باوکی خۆی کوشتبا، (به و شێوەیەی لە شانۆگەرییەکەی سۆفۆکلیس و چیڕۆکەکەی سیگمۆند فرۆید هەیە)، یان ڕۆستەم زۆرابی کوڕی کوشتبا (وەک لە چیڕۆکی شانامەی فیردەوسیدا هەیە)، بێگومان هەر یەکە لە بکوژەکان به و شێوەیە سزا دەدران کە یاساکانی ئێستا دەیانخوازێت، بۆ نموونە یان بە بەندکردنی هەتاهەتایی، یان بە لەسێدارەدان سزا دەدران و دەبوونە بابەتی ڕۆژنامەکانیش، وەکو زۆر بابەتی دیکەی یەکترکوشتنی باوک و کوڕ لەم سەردەمە، کە دەبنە بابەتی ڕۆژنامەکان و دوای ماوەیەک باس و خواسیان نامێنێ. بەڵام چیڕۆک و داستانە ئەفسانەیی و دینییەکانی وەکو “ئۆدیبی پاشا” و “ڕۆستەم و زۆراب” و “حەزرەتی ئیبراهیم و ئیسماعیلی کوڕی (کە دەیویست سەری ببڕێ و بیکاتە قوربانی)” و… بۆیە ماون و بەردەوامن و دەشمێنن، تا ئه و ململانێ ئەبەدەییەمان بۆ بەیان بکەن، کە لە نێوان باوک و کوڕدا هەیە و لە هەموو سەردەمەکان بەردەوامە. ئه و ململانێیەی دەشێ هەندێکجار تا مردن بەوشێوەیە بمێنێتەوە و هەندێکجاریش بە لەناوچوونی یەکێکیان، واتا باوکەکە یان کوڕەکە، کۆتایی پێ بێت.
چیڕۆکی (جێم)ی باوک و (ئەنۆر)ی کوڕ، لە ڕۆمانی “ژنە قژسوورەکە”ی ئۆرهان پاموک، چیڕۆکێکی هاوشێوەی ئەمانەیە و درێژکراوەی ئه و ململانێیەیە کە لە نێوان باوک و کوڕدا هەیە، بەڵام چونکە چیڕۆکی سەردەمی تەکنەلۆژیا و سەتحیبوون و ڕوواڵەتکارییەکانە، بە تێپەڕینی کات بیر دەچێتەوە و لەبیر دەکرێت، ئەوەی گرنگە لەم چیڕۆکەدا ئەوەیە کە هەنگاوێک لە ڕۆژنامەکان زیاتر چووەتەپێش و بووەتە بابەتی ڕۆمانێک، ڕۆمان وەک میراتێکی کولتووری و ئەدەبی، دەشێ بابەتەکان نەمرتر بکات، بەڵام هەرگیز نەمرییەکەی بە ڕادە و ئەندازەی چیڕۆک و داستانە دینی و ئەفسانەییەکان نابێت، چونکە ئەمان تازە بوونەتە میرات و کولتووری گشت جیهان و لە زمان، یان چەند زمانێک تێپەڕیوون و چەندین نەوەی یەک لە دوای یەک بە نووسین و سەرزارەکییەوە دەیڵێن و دەینووسن و دەینووسنەوە. پەیامی سەرەکی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە پێمان بڵێت: ململانێی باوک و کوڕەکان، پەیوەندی بە گۆڕانی سەردەم و زەمەنەکانەوە نییە، بەڵکو وەک چۆن هەبووە، هەر دەشبێت و بەردەوام بە شێوەی جۆراوجۆر خۆی دووبارە دەکاتەوە.
ئەم ڕۆمانە چیڕۆکی کوڕێکی گەنجە بەناوی (جێم) کە دەبێتە شاگردی وەستا مەحموودی بیرهەڵکەن، لە ڕووداوێکدا کاتێک وەستا مەحموود لە ژێرەوەی (بیر)ێکی زۆر قووڵدایە کە کاری تێدا دەکات، جێم سەتڵی بەتاڵکردنی خۆڵ و قوڕ و قومەکەی بە پڕی لە دەست دەکەوێتە خوارەوە، وا دەزانێت وەستاکەی مردووە، ڕادەکات و وەستاکەی لەناو بیرەکە جێدێڵێت و دەگەڕێتەوە ئەستەمبۆڵ، دوای (30) ساڵ تێپەڕین بەسەر ڕووداوەکە، ئینجا دەزانێت کە وەستاکەی بەوهۆیەوە نەمردووە و تا بیستوپێنج ساڵیش دوای ئەم ڕووداوە ژیاوە، بەڵام ئەمە بۆ جێم دەبێتە یەکەم کێشەی نێوان باوک و کوڕ، چونکە ئه و چەندین جار جەخت لەوە دەکاتەوە کە وەکو باوک مامەڵە لەگەڵ وەستا مەحموود دەکات و وەستا مەحموود سۆزی باوکایەتی پێ دەدات، لەکاتێکدا باوکە ڕاستەقینەکەی خۆی، ئه و و دایکی بە هەژاری جێدێڵێت و ژنێکی دیکە دەهێنێت، کە ئەمەش جۆرێکی دیکەی ئه و ململانێیەی نێوان باوک و کوڕە.
جێم خەونی زۆری هەیە و بە ئومێدەوە لە ژیان دەڕوانێت، خوێندن تەواو دەکات و لە کۆتاییدا دەبێتە کەسێکی دەوڵەمەند و خۆشگوزەران و هەموو کات لە ژیانی خۆی و پەیوەندی نێوان خۆی و خێزانەکەی ڕازییە، بەڵام کۆتایی ژیانی، چیڕۆکێکی تراژیدییه، ئه و بەردەوام ئه و چیڕۆک و داستانانە دەخوێنێتەوە کە باسی کێشە و ململانێکانی نێوان باوک و کوڕ دەکەن، لە کۆتاییشدا خۆی ڕووبەڕووی چیڕۆکێکی هاوشێوە دەبێتەوە، کاتێک (بێ ئەوەی خۆی بزانێت) کوڕێکی لە (ژنە قژسوورەکە) بووە و دوای ئەوەی کوڕەکە تەمەنی دەبێتە بیست و شەش ساڵ، ئینجا جێمی باوکی دەبینێتەوە و لە ڕووداوێکدا دوای ئەوەی یەکتر دەناسنەوە و گفتوگۆی تووند دەکەوێتە نێوانیان لەسەر ئەوەی کامیان بەرامبەر ئەویتر کەمتەرخەم بووە، دەبێتە شەڕیان و ئەنۆری کوڕ، جێمی باوکی دەکوژێت، یان بێ ئەوەی مەبەستی بێت لە دەستی دەکوژرێت.
ئەم ڕۆمانە کار لەسەر ئه و دوالیزم و دووفاقییە دەکات، کە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەگشتی و کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان بەتایبەتی لەبارەی پەیوەندی نێوان باوک و کوڕ هەیە، مرۆڤ نە دەتوانێ بە بێ باوک بژی و نە دەشتوانێ دەستبەرداری باوک بێت، باوک لە لایەک سیمبولی کوشتن و زەوتکردنی ئازادییەکانە و زۆربەی کوڕانی ڕۆژهەڵات سکاڵایان لە دەستی هەیە، لە لایەکی دیکەش ئه و سەنتەرەیە کە هەموان کۆدەکاتەوە: “ئەگەر بەبێ باوک گەورە بیت، تێناگەیت کە دنیا ناوەندێک و سنوورێکی هەیە، وا دەزانیت کە دەتوانیت هەموو شتێک بکەیت، بەڵام دوای ماوەیەک نازانیت چی بکەیت، کار دەکەیت بۆ ئەوەی لە دنیادا واتایەک، ناوەندێک بدۆزیتەوە، دەستدەکەیت بە گەڕان بەشوێن یەکێکدا کە پێت بڵێت: نەخێر…ل332”. لێرەدا تێدەگەین کە سەرەڕای ئه و ململانێ تووندە، بەڵام کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناتوانێ بێ باوک بژی و هەمیشە پێویستی بە کەسێک هەیە هێڵی سووری بۆ دابنێت و پێی بڵێ: بکە یان مەکە، بەڵێ یان نەخێر!
لە زۆربەی چیڕۆک و ئەفسانەکانی پەیوەست بە ململانێی نێوان باوک و کوڕ، ئافرەتان ناویان نییە، یان ڕۆڵێکی ناکارایان هەیە، وەکو لەم ڕۆمانەش ئایشەی خێزانی جێم و ژنە قژسوورەکەی دایکی ئەنۆر، کە ئەنۆر جێمی کوشتووە و بەهۆیەوە کەوتووەتە بەندیخانە، هەست دەکەی دوای دروستبوونی گرژییەکی کەم، دوو ئافرەتەکە بە نەرمی لەگەڵ یەکتر دەجووڵێنەوە و مامەڵە لەگەڵ یەکتردا دەکەن، وەکو ئاماژەیەک بۆ ڕۆڵێکی باشی ئافرەتان: “ئه و کێشانەی کە ڕوودەدات، تاوانی ئێمەی ژنان نییە، ئەفسانەکان و مێژووەکان وایان نووسیوە…ل387”. بەڵام بە وردبوونەوە لە ڕۆڵی ژنە قژسوورەکە، بۆمان دەردەکەوێت کە ئافرەتانیش ڕۆڵ و پێگەیان لە تاوان و ڕووداوەکان کەم نییە و لەم ڕێگایەوە (ئۆرهان پاموک) دەیەوێت ئه و پێگەیەمان پێشان بدات، ژنە قژسوورەکە لە ماوەی تەمەنیدا پەیوەندی لەگەڵ باوکێک و کوڕێک دادەنێت و هاوسەرگیرییش لەگەڵ دوو برادا دەکات، لەم نێوانەدا کوڕێکی له و کوڕە دەبێت کە پەیوەندییەکی کورتی لەگەڵ داناوە و یەک شه و بەیەکەوە خەوتوون، هەر ئەویش کوڕەکەی هان دەدات دوای بیست و شەش ساڵ بەدوای باوکیدا بگەڕێت و بیبینێتەوە، کە سەرەنجام کوشتنی باوکەکەی لێ دەکەوێتەوە، ئەمە بە ئاشکرا ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتانمان له و ململانێیە بۆ دەردەخات.
پاموک ئەوەش لەبیر ناکات کە نووسین چەندە گرنگە بۆ خۆخاڵیکردنەوە و بەردەوامبوون لە ژیان و زاڵبوون بەسەر ململانێکان و ئه و کێشە دەروونییانەی لەم ململانێیەوە دروست دەبن، جێم و باوکی، هەردەم لە خەیاڵی ئەوەدابوونە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ببن بە نووسەر، بەڵام به و ئامانجە ناگەن، دواتر کوڕە ونەکەی جێم کە باوکی دەکوژێت و دەکەوێتە بەندیخانە، دەبێتە نووسەر و چیڕۆک و بەسەرهاتەکانی دەنووسێتەوە: “کە بینیم نووسین بە نیسبەت ئەوەوە ئازارەکان چاکدەکاتەوە و تووڕەییەکەی هێور دەکاتەوە و دەرمانێکی زۆر باشە، پێم وت هەموو ئه و شتانەی کە بەسەریدا هاتووە، هەتا ئه و چیڕۆکانەی کە ئێستا هاتووینەتە کۆتایی، وەک ڕۆمانێک بینووسێتەوە…ل395”.
لە ناونیشانی ڕۆمانەکەوە هەست بەوە دەکەم کە پاموک ویستوویەتی ڕۆڵی ژن لە ململانێکانی باوک و کوڕ بەبیر بێنێتەوە و بخاتەڕوو، چونکە تەوەری سەرەکی ڕۆمانەکە ململانێی باوک و کوڕە، بەڵام “ژنە قژسوورەکە” بووەتە ناونیشانی ئەم ڕۆمانە.
نووسەری ناوداری تورک، ئۆرهان پاموک، لە ساڵی (2006)، خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی پێ بەخشراوە.