رۆژنیوز – دانا عومەر
ئەمڕۆ 233 ساڵ بەسەر دروستکردنی شاری #سلێمانی#-دا تێدەپەڕێت، کە مێژووەکەی پڕە لە تێکۆشان و هەڵکشان و داکشانی سیاسی و ڕۆشنبیری، لە هەرێمی کوردستاندا بە پایتەختی ڕۆشنبیری دیاریکراوە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا جێگەی ململانێی توندی هێزە سیاسەیەکانی هەرێم بووە.
شاری سلێمانی لەساڵی 1784 دا لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە دروستکراوە، کە ئەمڕۆ 233 ساڵ بەسەر دروستکردنی ئەم شارەدا تێدەپەڕێت.
$ناوی سلێمانی$
لەبارەی ناوی سلێمانییەوە چەند ڕایەکی جیاواز هەیە، هەندێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە ئیبراهیم پاشا، ئەم شارەی بەناوی باپیریەوە ناوناوە کەناوی (سلێمان) بووە، هەندێکی تریان ئاماژە بەوە دەدەن، کەئەم شارە بەناوی (سلێمانی) کوڕی ئیبراهیم پاشای بابان ناونراوە، چەند ڕایەکی تریش لەبارەی ناوی سلێمانیەوە هەیە، بەڵام ئەم دوو ڕایەی سەرەوە لەلایەن مێژوو نوسانەوە زیاتر جێگەی باوەڕە.
ئیبراهیم پاشا، بەر لەوەی شاری سلێمانی بنیات بنێت، چەند ساڵێک لە شاری بەغدا ژیاوە و کاتێک گەڕواتەوە بۆ قەڵاچۆلان هەردەم بیری لە دروستکردنی شارێکی شارستانی و نوێ کردووەتەوە بۆ میرنشینەکەی، بۆیە کاتێک بۆ ڕاو و شکار ڕوو لە ناوچەی مەڵکەندی دەکات بڕیار دەدەات کە لەوێدا پایتەختێکی نوێ بۆ میرنشینەکەی دروستبکات، هەر بۆ ئەومەبەستە وەستای دەست ڕەنگین و شارەزای لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ دەهێنێت و شارێک بە شێوازێکی نوێ بنیاد دەنێت.
$فراوانبوونی سلێمانی$
سلێمانی هەر لەسەرەتاوە کە دروستکراوە لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە بە مەبەستی فراوانبوون و گەورەبوون بنیات نراوە، لەو کاتەی سلێمانی بنیات نراوە ژمارەی ماڵەکانی قەڵاچۆڵان نزیکەی 2000 ماڵ بووە، کەزۆربەیان لەگەڵ گواستنەوەی پایتەختی میرنشینی باباندا بۆ سلێمانی گواستویانەتەوە بۆ پایتەخەتی نوێ، بەمەش سلێمانی ژمارەی دانیشتوانی زیادی کردووە.
هەروەها ئیبراهیم پاشا نامەی بۆ زۆربەی گوندەکانی سنوری میرنشینەکەی ناردووە، کە هەرکەس دەیەوێت کۆچ بکات بۆ شار بابێت لە شاری سلێمانی نیشتەجێ ببێت، ئیدی بەردەوام دانیشتوانی شاری سلێمانی ڕووی لە زیادبوون کردووە، هەرچەندە ژمارەیەکی ڕوون لەبەردەستدا نیە لە بارەی دانیشتوانی شاری سلێمانییەوە، بەڵام دەوترێت دوای تەواوبوونی بە 36 ساڵ ژمارەی دانیشتوانی سلێمانی گەشتووەتە 10 هەزار کەس، وە ژمارەی ماڵەکانیشی دوو هەزار و 144ماڵ بووە کە 130 ماڵی جولەکەبوون و لە گەڕەکی جولەکەکان نیشتەجێ بوون، نۆ ماڵی کلدان و پێنج ماڵی ئەرمەنی لێبووە.
$پیشەسازی لە شاری سلێمانی$
سلێمانی لەسەرەتای دروستبوونییەوە چەندین پیشەسازی جۆراوجۆری لە خۆ گرتووە، کە گرنگترینیان بریتین لەکارگەی دروستکردنی سابون و دەباخانە و ڕستن و چنین و موتابخانە (خومخانە) و جۆڵایی و چەخماخ ساز و...هتد، کە ئەمەش بووەتە سەرچاوەی بژێوی دانیشتوانەکەی و پێشکەوتنی شار.
$فکر و ڕۆشنبیری لە سلێمانی$
سلێمانی هەر لەسەرەتاوە کەسانی خاوەن بیری فراوان ڕووی تێکردووە، بەهۆی ئەوەی هەمیشە ئەوکەسانەی کە خولیای کۆچکردنیان هەبووە ڕوویان لەم شارە کردووە، دواتر بەهۆی بوونی هەردوو تەریقەتی قادری و نەقشبەندی، ئەم شارە بووەتە جێگەی جەدەل و بیر وڕای جیاوازی ئاینی، بەدەر لەمە ئیبراهیم پاشا زۆر گرنگی بە شاعیران و ڕۆشنبیران داوە، بەمەش شار بووەتە جێگەی شاعیران و ڕۆشنبیران، شاعیرانی وەکو (نالی و کوردی و سالم) ی تێدا نیشتەجێ بووە، بۆیە ئەم شارە لەسەردەمەکانی دوای میرنشنی بابانیشدا هەر بەمشێوەیە ماوەتەوە، یەکەمین چاپخانە لە باشووری کوردستان هاتووەتە شاری سلێمانی، کە چاپخانەکەی پیرەمێرد بووە، یەکەم زانکۆش لە سلێمانی دروستکراوە، لە ئێستاشدا بەپایتەختی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردوستانی عێراق ناسراوە.
$جوگرافیای شاری سلێمانی$
شاری سلێمانی دەکەوێتە نێوان هێڵی پانی (34-35) پلە لەسەرهێڵی کەمەر و هێڵی درێژی (45-46) پلە لە ڕۆژهەڵاتی هێڵی گرینویجی گۆی زەوی، وە دەکەوێتە باشوری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیاو باکوری خۆرهەڵاتی هەرێمی کوردستانە.
سلێمانی، لە باکوری خۆرهەڵاتییەوە زنجیرەچیای ئەزمەڕ هەیە، کە بەرزییەکەی لە ڕووی دەریاوە هەزار و 702 مەترە، چیای گۆیژە هەیەکە بەرزییەکەی هەزار و 524 مەترە، وە لە باشورییەوە چیای بەرانان هەیە کە بەرزییەکەی هەزار و 373 مەترە،هەروەها سلێمانی خاوەنی دوو دەریاچەی گەورەیە، بەناوی دەریاچەی 'دوکان و دەربەندیخان'.
$سلێمانی و سیاسەت$
هەرلەسەرەتاوە سلێمانی مەبەستێکی سیاسی لەپشتی دروستکردنیەوە هەبووە لەلایەن ئیبراهیم پاشاوە، کە ئەویش مەبەستی گەورەکردن و فراوانکردنی میرنشینەکەی بووە، وە مەبەستی بووە کە لەسنورەکانی ئیران دوور بکەوێتەوەو خۆی لە هێرشی ئێرانییەکان بپارێزێت، هەروەها سود لە لاوازی دەسەڵاتی مەمالیکەکان وەربگرێت بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆی، بۆیە ئەم شارە هەمیشە بەشارێکی زیندوو ناسراوە لەڕووی سیاسی وچالاکی سیاسییەوە، بە ڕوخانی میرنشینی بابانیش ئەم شارە ناسنامە سیاسییەکەی لەدەست نەداوە و بەردەوام جوڵەی سیاسی تێدا بووە.
سلێمانی لە ساڵی 1918 دا بووە پایتەختی حکومەتەکەی شێخ مەحمود، وە بووە لانکەی ڕاپەڕینی ساڵی 1991 ی باشوری کوردوستان.
شاری سلێمانی لە ئێستاشدا بووەتە شاری چالاکی مەدەنی و سیاسی وهەندێک جار چالاکی توندویژی و دەربڕینی ناڕەزایی، بۆیە هەندێک جار بە شاری ئاژاوەگێڕان وشاری بایکۆت لەزمانی سیاسیەکانەوە ناو دەبرێت.
لەوماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا سێ لایەنی سیاسی نوێ لە شاری سلێمانی دورست بووە، کە بریتین لە بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ و هەوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، وە لەماوەی ئەو ساڵانەدا زۆرترین کۆبوونەوەی لایەنەکان وخۆپیشاندان مانگرتن وجوڵانەوەی جەماوەری تێدا ئەنجام دراوە.
جێگای ئاماژەیە، ساڵانە لەم ڕۆژەدا لە سلێمانی چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت، بەڵام وەک بەرپرسانی شارەکە دەڵێن، بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی شەوی 12ی ئەم مانگە ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستانی هەژاند و سەدان هاوڵاتی گیانیان لە دەستداو هەزارانیش بریندارو ئاوارەبوون، هیچ چالاکییەکی تایبەت بەم یادە بەڕێوەنابرێت.[1]
14-11-2017