دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی لە کوردستان لە ساڵی 2016 (42) پێشێلکاری مافی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی تۆمارکراوە لە هەرێمی کوردستان و توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران، گرتن، هەرەشەی کوشت و ڕێگریکردن و چەندین جۆری تری توندوتیژین کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە.
راپۆرتەکەی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی لە کوردستان کە دراوەتەوە دواڕۆژ لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین پێشێلکاری تۆمارکراوە کە 22 پێشێلکاریە و دوای ئەوە پارێزگای هەولێر 13 پێشێلکاری وپاشان دهۆک شەش پێشێلکاری هەروەها پارێزگای هەڵەبجە نزمترین ئاستە کە دوو پێشلکاریە.
لە هەولێر 98 خۆپیشاندان کراون
لە یەکی کانونی دووەمی 2016 تاوەکو حوزەیرانی هەمان ساڵ 36 خۆپیشاندان ئەنجامدراوە ئەوەش لەکاتێکدایە لە ساڵی 2015دا (98) خۆپیشاندان ئەنجامدراوە، ئەوەش بە وتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر.
عبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند" ئەو خۆپیشاندانەی لە هەولێر کراون،بە پێی یاسای مامەڵەیان لەگەڵکراوە".
بە قسەی بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەولێر لە یەکی کانونی دووەمی 2016 تاوەکو حوزەیرانی هەمان ساڵ 36 خۆپیشاندان ئەنجامدراوە، بەڵام نەیشاردەوە کە لەو ژمارەیە کەمتر لە شانزە خۆپیشاندان مۆڵەتیان هەبووە.
سێ هۆکار بۆ درێژەدان بە پێشێلکاریی
هیچ ڕێگریەک نیە لە دووبارە نەبوونەوەی پێشێلکاری لەرامبەر خۆپیشاندەران و ئەمەش بەهۆی نەبوونی فشاری گەورە و نەبوونی ئیرادەیەکی بەهێز.
هۆگر چەتۆ، چالاکی مەدەنی لە شاری هەولێر هۆکارەکانی بەردەوامی پێشلیکاری ڕوندەکاتەوە ئەوانیش نەبوونی ئیرادەیەکی سیاسی تەواو کۆنکرێتی بۆ ئازادی و پاراستنی مرۆڤ و ئازادییەکان و پەردەپۆشی پێشلیکارییەکان و سزانەدانی تۆمەتباری ئەو پێشێلکاریانە
هۆگر چەتۆ وتیشی" تاوەکو ئێستا فشاری بەهێز و گەورە نیە، کە بتوانێت حزبە سیاسیەکان و حکومەت و پەرلەمان کارلەسەر دووبارە نەبوونەوەی پێشێلکاریی بکەن".
زۆری خۆپیشاندانەکان کوردستان
فرسەت سۆفی، ئەندامی پەرلەمانی کودستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لەوەدەکات کە گرفتیان لەگەڵ خۆپیشاندان و ژمارەی خۆپیشاندان و ڕێگە پێدان نییە و و بۆ دواڕۆژ وتی"ئەو هەموو خۆپیشاندانەی لە کوردستان هەیە لە هیچ ولاتێک بوونی نییە".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دوو خاڵ بە دروستبوونی کێشە بۆخۆپیشاندەران دەزانێت و ئەوانیش هۆشیاری خۆپیشاندەر و دەسەڵات کە بە وتەی ناوبراو پێویستە پەرە بەخۆیان بدەن.
یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان "رێگرە"
قسەو باس لەسەر یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندانە و پەرلەمانتاران و چالاکی مەدەنی پێیان وایە کێشە لە خودی یاسایەکەدا هەیە.
یاسایی ڕێکخستنی خۆپیشاندانی ساڵی 2010 دا قسەو باسی زۆر لەسەر دەکرێت، بەتایبەت لەپرسی مۆڵەت وەرگرتندا.
سۆران عمر، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە، یاسای خۆپیشاندان ئەوەندەی ڕێگرە لە خۆپیشاندان ئەوەندە ڕێگە خۆشکەر نیە.
سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ بە دواڕۆژ وتی"لە یاسای خۆپیشاندان گرفت لە مۆڵەت وەرگرتنە، چونکە لە یاساکەدا دەڵێت کە پێویستە ڕێکخەرانی خۆپیشاندان مۆڵەت لە بەرپرسی یەکەمی کارگێڕی ناوچەکە وەربگرن کە خۆپیشاندانی تێدادەن، لەکاتێکدا زۆرجار خۆپیشاندانەکە دژ بەو کەسە ئەنجام دەدرێت، بینیشمان زۆربەی داواکاریەکان بۆ خۆپیشاندان ڕەتکراونەتەوە".
هەوڵی هەمواری یاسای خۆپیشاندان
لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان هەوڵی هەمواری یاسایی خۆپیشاندان درا، بەشێکی پەرلەمانتاران لەگەڵ ئەوەبوون کە بڕگەی مۆڵەت بگۆڕدرێت بۆ ئاگادارکردنەوە و پاراستنی خۆپیشاندەران بکەوێتە ئەستۆی پۆلیسی چالاکی مەدەنی، بەڵام سەرۆکی هەرێم یاساکەی ڕەتکردەوە و دواتریش پەکخستنی پەرلەمانی بەدواداهات و یاساکە وەک خۆی مایەوە.
قەیرانەکانی هەرێم چالاکی مەدەنی زیاد کردووە
پەروا عەلی، ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵی مەدەنی لەپەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی وت"ئەو قەیرانانەی ڕوویان لە هەرێم کردووە وایکردووە خۆپیشاندان و چالاکی مەدەنی زیاتربێت".
بە قسەی ئەو پەرلەمانتارە گوێنەگرتنی دەسەڵات لە خەڵک هۆکارێکی تری بەردەوامی خۆپیشاندانەکانە.
- 22-12-2016