ئاواتی دڵ
دڵ کە زۆر مەسروورە ئەمڕۆ، ئارەزووی ئیزهار ئەکا
حەز لە فنجانی شەرابی دەست و پەنجەی یار ئەکا
دڵ گەشە، وەک گوڵ وەهایە، دەرد و ئازاری نەما
تالیبی وێسکی و شەرابە، حەز لە عوود و تار ئەکا
دڵ نەجاتی بوو لە تەنگی کەوتە بەزم و ڕەزمەوە
عاشقی سەیر و سەفایە، مەیلی ناو گوڵزار ئەکا
دڵ ئەوەندە مەست و کەیلە، شێتە هیچ هۆشی نییە
وا لە ڕەقسایە خەریکە عالەمێ بێزار ئەکا
دڵ بەنەشئە و بەزمی میللیییەت شوکر بووژایەوە
شایییە، سەیرانە، بەزمە، پڕ بەدەم هاوار ئەکا
دڵ بەئاواتی گەیشت و لاوی کوردی دی کەوا
یەک دڵ و یەک دەم خەریکە میللەتی هۆشیار ئەکا
دڵ لە کینە خاڵییە، بێ گەردە، سافە وەک بلوور
سەد تف و لەعنەت لە چارەی خائینی سەگسار ئەکا
دڵ ئەڵێ بێکەس هەتاکەی لافی میللیییەت بە دەم
هەوڵ و تێکۆشینە تەنها قەومی کورد ڕزگار ئەکا
گەر بەڕاستی بێنە پێشێ، دەس لە دەست یەک کەن هەموو
کێیە ئەوسایە حوقووقی قەومی کورد ئینکار ئەکا؟!
یەکتریتان خۆش بوێ تا نەگبەتی بەرتان بدا
دوو دڵی ئەم قەومە دیل و سووک و بەد ڕەفتار ئەکا...
#فایەق بێکەس#
سەرچاوە: #دیوانی بێکەس#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس. [1]