ناونیشانی بابەت: مستەفا بارزانی و سەربردەی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی خانەقای سلێمانی
ئامادەکردنی: #زانیار سەردار قڕگەیی#
ساڵی 1970 لە سەروبەندی ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداردا، کاتێک ڕێبەر و سەرکردەی درەوشاوەی شۆڕش ئازادیخوازی کوردستان #مەلا مستەفا بارزانی# زانیبووی کە مزگەوتی خانەقا لە سلێمانی پێویستی بە نۆژەنکردنەوە و درووستکردنی منارەیەک هەیە، بڕیاری دا تێچووی نۆژەنکردنەوە و بنیاتنانی منارەی مزگەوتەکە بگرێتە ئەستۆی خۆی. ئەوەش بەهۆی پابەندبوون و خۆشەویستی و ڕێزی بێپایانی بارزانی هەم بۆ شاری سلێمانی و هەم بۆ مزگەوت و ئایینی ئیسلام بوو.
بۆیە بارزانیی باوک بڕیار دەدا، کە هاوکاری و یارمەتیی پێشکەش بە مزگەوتی خانەقای مەولانا خالیدی نەقشبەندی بکات، بە مەبەستی درووستکردنی منارەیەکی گەورە و نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکه، پڕۆژەکە لە ساڵی 1970 دەست پێدەکرێت و لە ساڵی 1971 کۆتایی دێت، لە ڕۆژنامەی (ژین) ژمارە (43) ، پێنجشەممە 14ی10ی1971، وەک مژدەیەک کە منارەی نوێ و نۆژەنکردنەوە تەواو بووە و ئەو هەفتەیە یەکەم نوێژی هەینی دوای نۆژەنکردنەوە لەو مزگەوتەدا دەکرێت، لە لاپەڕە (1) ی ڕۆژنامەی (ژین) دا بە بایەخێکی زۆرەوە، هەواڵەکە بڵاوکراوەتەوە و ئاماژە بە بڕى یارمەتییەکەی مستەفا بارزانی کراوە و دەنووسێت: ”بڕی هەشت هەزار دینار لەلایەن سەرۆک بارزانی، بۆ درووستکردنی منارەی مزگەوتەکە دابین کرا.“
لە بەرانبەر ئەو کارەدا، وەک وەفا و ئەمەک و پێزانینی مامۆستایانی ئایینی و نوێژخوێنانی مزگەوتەکە، تابلۆیەکی گەورەیان نووسی و لە قەد منارەکەیان هەڵواسی، کە تا ئێستاش ماوە و بەم شێوەیە لێی نووسراوە:
(بە پشتیوانیی خوا ئەم منارەیە درووست کرا، بە یارمەتیی سەرۆکی شۆڕشی کورد و هیوای کوردستان مستەفا بارزانی، لە ساڵی 1390ی هیجری = 1970 میلادی) .
وەک دەگێڕنەوە، ئەو تابلۆیە لەلایەن عەلامە و قازی و ڕووناکبیری گەورەی کورد شێخ محەمەد خاڵ لە بەغدا، لەسەر جۆرێکی نایابی کاشی، بە خۆشنووسی لەسەری نووسراوە و شێخی خاڵ داوای کردووە و هێناویەتی بۆ سلێمانی، بۆ قەدی ئەو منارەیە.
لە و ڕۆژەوە هەتا ئێستا، ئەو نووسینە و ئەو هەڵوێستەی بارزانی، بە بەرۆکی منارەی ئەو مزگەوتە گرنگ و دێرینەی سلێمانییەوە دەدرەوشێتەوە. هەرچەندە لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی ئێراق، لە ترسی لەناوچوونی تابلۆیەکە، لەلایەن خەمخۆران و دڵسۆزانی شار، بە مەبەستی پاراستنی داپۆشرابوو، بەڵام لە سەردەمی ڕاپەڕینی بەهاری 1991، جارێکی دیکە ڕووەکەی ئاشکرا کرایەوە و تا ئێستا بەجوانی دەدرەوشێتەوە.[1]
=KTML_Bold=تێبینی: بڕوانە فایلی پەیوەندیدار=KTML_End=
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 1,082 times
Write your comment about this item!