$دیزاینی شارەکان و ستراتیژێکی هەڵە$
#عارف قوربانی#
هەڵکەوتەی جوگرافیای وڵاتانی ئەوروپا بە جۆرێکە زۆرترین سەرچاوی ئاویان هەیە. نەک وڵات، بەڵکوو کەم شاریان هەیە ڕووبارێک بەناو یاخود بە تەنیشتیا تێنەپەڕێت، ژینگە و سرووشتەکەیشیان لە پاییز و زستان و بەهاران بەردەوام باران و هاوینیشیان کوورت و هەر باراناوییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەلایەک حکومەتەکان و لەلایەکی دیکەشەوە خەڵکەکەیان پابەندێتییەکی زۆریان بە پاراستنی ئاوەوە هەیە کە پێدەچێت ئەم هۆشیارییەیان لە باو و باپیرانیانەوە بۆ مابێتەوە.
ڕۆشنبیری و هۆشیارییەکەیان تەنیا هەر ئەوە نییە کە ئاو بەفیڕۆ نادەن، یاخود ئاوی ئاوەڕۆکانیان دەپاڵێونەوە و بە چەندین شێواز کەڵکی لێوەردەگرنەوە، بەڵکوو ئەوەی لێرەدا زۆر جێی سەرنجە، گلدانەوەی ئاوە. دیزاینی خانوو و شارەکانیان بە جۆرێکە زۆرترین کەڵک لە ئاوی باراناو وەردەگرن بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی ژێر زەوی. شارەکان زیاتر لەو ڕووبەرەی بۆ خانووەکان بەکاربراوە، بەجێهێڵدراوە بۆ پارک و سەوزایی. شارەوانیی شار، شارۆچکە و گوندەکانیان مەرج و ڕێنمایی تایبەتیان هەیە لەکاتی درووستکردنی خانوودا، ئەوان بۆت دیاری دەکەن لەو ڕووبەرە زەوییەی هەتە مافت هەیە چەنێکی بۆ شوێنی نیشتەجێبوون بەکارببەیت و پێویستە چەندێکی بکرێت بە سەوزایی. سوودی ئەو ڕووبەرە زەوییەی دەکرێت بە سەوزایی هەر تەنیا بۆ جوانی و پاکڕاگرتنی ژینگە نییە، بەڵکوو ڕێگەیەکیشە بۆ ئەوەی ئاوی باراناو بەرێتە ژێر زەوییەوە.
بەدرێژایی چوار وەرزەی ساڵ کە باران دەبارێت، ئاوی باراناوی هیچ خانوویەک بەفیڕۆناچێت، بە جۆرێک دیزاینکراوە بەشێوەیەکی سیستماتیک لە ڕێگەی بۆڕییەکەوە ئاوەکەی بە و تۆڕی ئاوەوە دەبەسترێتەوە کە دەیبات بۆ کۆگاکردن، بەهیچ جۆرێک ئاوی باران تێکەڵ بە ئاوەڕۆی ماڵان ناکرێت. تەنانەت ئاوی شەقام و کۆڵانەکانیش بە هەمان شێوەیە. کەمترین شۆستەی چیمەنتۆ دەبینیت، بەشی زۆری کۆڵانەکان و شۆستەکانیان بە جۆرێک لە کربستۆن و بەرد چنراون کە ئاوی باران هەڵدەمژن بۆ ژێرزەوی، بەڵام وڵاتانی ڕۆژهەڵات بەگشتی و کوردستانی ئێمەش بەتایبەت لە زۆر ڕووەوە پێچەوانەی وڵاتانی ئەوروپاین. وەک وڵاتەکەمان ڕووباری کەمە، نە حکومەت و نە خەڵکەکەشمان پابەندێتی و ڕۆشنبیریی ئەوەمان نییە چۆن پارێزگاری لە ئاو بکەین. نەک هەر ئەو ئاوەی لەبەردەستە بەفیڕۆی دەدەین، بەڵکوو خەریکە کۆگاکانی ژێرزەویش بەتاڵ دەکەینەوە. لەکاتێکدا سەرباری ئەوەی ناوچەکەمان بەرەو بیابانبوون دەڕوات، هێشتا بەشی ئەوە باران لە کوردستان دەبارێت کە بەگلدانەوەی خۆمان لە مەترسی کەمئاویی بپارێزین، بەڵام پلانەکانمان لەو ئاستەدا نین.
لەم ڕۆژانەدا لەگەڵ دۆستێکدا لەبارەی ڕێژەی بارانبارین لە کوردستان قسەمان دەکرد، وتی، باوەڕدەکەیت ئەو هەموو بارانە باریوه، بەڵام بیری ئاوەکەمان چلەی هاوین چۆن بووە هەر وەک خۆیەتی. لێم پرسی بەچی دەزانی؟ وتی هاوین 10 خولەک ئاومان دەردەهێنا و وشکی دەکرد، ماوەی چەند کاژێرێکی پێویست بوو تاوەکو جارێکی دیکە 10 خولەک ئاوی لێدەربهێنین، ئێستاش هەر وایە. لێم پرسی لە نزیکی ماڵتان پارک و شوێنی چۆڵەوانی هەیە؟ وەڵامەکەی ئەوە بوو کە بە نزیکەی کیلۆمەترێک دەوروبەرمان هەمووی هەر خانووە و شەقامەکان قیرتاو و شۆستەکانیش چیمەنتۆن؛ بەپێکەنینەوە پێم گوت، ئەی ئیتر ئاو لە کوێوەوە بچێتەوە ژێر زەوی تا چاوەڕوان بیت ئاوی بیرەکەی ماڵتان زیادبکات.
دیزاینی شارەکان و تەنانەت خانووی ماڵەکانیش لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بە جۆرێکن یارمەتیدەر نیین بۆ ئەوەی ئاوی باران بباتە ژێر زەوییەوە. لە ئاسمانەوە دیمەنی هەندێ لە شارەکان دەبینیت وەکوو یەک پارچەی چیمەنتۆ وایە لەسەر ڕووبەری زەوییەکە دانرابێت، ئەو بارانەی دەبارێت چی لە ماڵەکان بێت یان لە شەقام و کۆڵانەکان، ڕێگەیەکی نییە ڕۆچێتە نێو قوڵایی زەوییەوە، تێکەڵ بە ئاوی ئاوەڕۆ دەکرێت و دەنێردرێتە دەرەوەی شارەکان و تێکەڵ بە ئاوی ئەو چەم و شیوانە دەکرێت کە دەڕۆن بەرەو نێوەڕاستی ئێراق. ئەمە ستراتیژێکی زۆر هەڵەیە ئاوی باران کە ئاوێکی سازگار و خاوێنە، تێکەڵ بە ئاوی ئا�%