بێرنارد لێڤی
کوردی ئێراق ڕیفراندۆمێکی سەربەرزانە و بێ کێشە و گرفتی لە 25ی ئەیلوولدا ئەنجامدا، کە ڕێسا دیموکراتییەکانی دەنگدانی تێدا پیادە کرا. بەڵام هەنگاوی دواتریان ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نەبوو کە مافێکی خۆیانە و پەیماننامەکان سەدەیەک پێش ئێستا بەڵێنی پێدابوون.
سەرۆک مەسعود بارزانی- کە بۆ ماوەی دوو ساڵ بوو لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژاوادا لە دژی داعش دەجەنگا- ئەم خاڵە گرنگەی خستەڕوو: بە تێڕوانینی ئەو، سەربەخۆیی تەنیا دوای ئارامگرتن و بەردەوامبوون و ڕەنگە گفتوگۆیەکی دوورودرێژ لەگەڵ بەغداا بێتەدی. لەگەڵ ئەوەشدا سەرجەم دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە ڕاستەوخۆ تووڕەیی خۆیان لەبەرانبەر ئەو و گەلەکەیدا دەربڕی. هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەرئەنجامەکاندا، پێشبڕکێیەک درووست بوو بۆ ئەوەی کێ زیاتر هەڵدەستێت بە سەرزەنشتکردن و گەمارۆدان و ئابڵوقەدان و گۆشەگیرکردنی دانیشتووانی هەرێمێک کە تەنیا تاوانیان ئەوەیە گوزارشتیان لە خواستی خۆیان کردووە بۆ ئەوەی ئازاد بن و وەک دوورگەیەکی دیموکراسی و ئاشتی گەشە بکەن.
ئێراق کە بڕیارە دەوڵەتێکی فیدڕاڵی بێت، لەم چەند ساڵانەی دواییدا هیچ یەکێک لە ئیلیتزاماتە دەستوورییەکانی جێبەجێ نەکردووە لەبەرانبەر کورددا، لەگەڵ ئەوەشدا بوێری ئەوە بەخۆی دەدات کە بە ڕیفراندۆمەکە بڵێت نادەستووری! تورکیاش، کە سەروەری یاسای پێشێل کردووە لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان، پارێزەران، موعارەزەکان و داکۆکیکاران لە مافەکانی مرۆڤدا- پاساوی ئەوە بۆ هێرشەکەی دەهێنێتەوە کە گوایە کورد پێشێلکارییەکی یاساییان کردووە کاتێک گوزارشتیان لە خواستی خۆیان کردووە بۆ ئەوەی بە ئاشتییانە سەربەخۆیی بەدەست بهێنن.
ئەوەی پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبێت، کە بۆ ماوەیەکی کاتی ناکۆکی شیعە-شیعەی هەڵپەساردووە، زۆر بە پەلە پێویستی بە هاپەیمانێتیەک بوو لەگەڵ تورکیادا کە بواری پێبدات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خەونی کوردی وڵاتەکەیدا.
هەروەها ڕژێمی سووریاش، بکوژی گەلەکەی خۆی و دابەشکاری نەتەوەکەی خۆی، ئێستا دێت و باسی یەکێتی ئێراق دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە ڕیفراندۆمەکەی کوردستان «قابیلی قبووڵ نییە»!
چەند ساڵێک پێش ئێستا دەستەواژەی گرووپی چوارقۆڵی بۆ ئەو کۆمەڵە سەرکردەیە داتاشرا کە باوەڕیان وابوو شۆڕشی چینی هێشتا وەک پێویست ڕۆڵەکانی نەکردۆتە قوربانی و بەو پێیە دەبێت کوشتارەکە بەردەوام بێت. ئێستاش ئێمە گرووپێکی چوار کەسیمان هەیە کە پێکهاتووە لە حەیدەر ئەل عەبادی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بەشار ئەل ئەسەد و عەلی خامنەیی، کە هەر یەکەیان بە ڕێگەی تایبەتیی هەڕەشەی سەپاندنی گەمارۆ و داخستنی سنووری وشکانی و ئابڵوقەی نەوت و دەستتێوەردانی سەربازی دەکەن، ئەی چەندی دیکەی پێدەچێت گوێمان لە هەڕەشەی هەڵساندنی ڕووباری خوێن دەبێت؟
جێی داخە بۆ هەموومان، کاتێک کورد- کە پێشتر ڕووبەڕووی هەڕەشە بۆتەوە، بەڵام نەک گرووپێکی چوار قووڵی هەڕەشەی وجوودی لێبکات- داوای هاوکاری دەکات و، جیهان کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات، هیچ شتێکی نییە بۆ وتن و چاوی خۆی دادەخات و هەڵوێستی دەخاتە پاڵ هەڵوێستی دیکتاتۆرەکان. تەنیا باس باسی پێشمەرگە بوو، کاتێک ئێمە پێویستمان پێیان بوو بۆ شەڕکردن لە دژی داعش. بەڵام لە ئێستادا کە خەریکە شەڕەکە لە ئێراقدا کۆتایی دێت، ئێمە پشتیان تێدەکەین و وەک ئەوەی هاوپەیمانێک بن کە قابیلی ئەوە بن دەستیان لێهەڵگرین.
ڕاستە، سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێڵ ماکرۆن باسی لە مافەکانی گەلی کورد کرد، کاتێک سەرۆک وەزیرانی ئێراق عەبادی سەردانی پاریسی کرد. بەڕێز ماکرۆن ڕایگەیاند کە کورد بۆ ڕۆژگارێکی دوورودرێژە دۆستی فەڕەنسایە.
بەڵام ئەوە بەس نییە. لە غیابی هۆشدارییەکی جددیدا بۆ ئەو گرووپە چوار قۆڵییە- واتە بە بێ ئەوەی بە ڕوونی بیریان بخرێتەوە کە تەنیا لایەنێک هەبێت بارودۆخەکەی بەرەو هەڵکشان بردبێت، ئەوانن، هەروەها بە بێ دووپاتکردنەوەی پرەنسیپە مەزنەکان کە بوونەتە بناغەی یاسایی نێودەوڵەتی و ئەخلاقیەتی جیهانی- ئەوا ڕەنگە هێشتا بارودۆخی خراپترمان لە پێش بێت.
سەختە بۆ فەڕەنسا، بە بێ ئەمریکا، هەڵبستێت بە ئەنجامدانی شەڕێک لەپێناوی سەربەرزی و شەرەفمەندی و بەرژەوەندییە گەورەکانی دیموکراسیەتدا. ئەی باشە ئەوان لەم ناوچەیەدا پێویستیان بە هاوپەیمانێک نییە کە گیان و ئیرادەیەکی وەک کوردی هەبێت؟
کەواتە ئایا ئێمە ڕووبەڕووی دۆخێکی هاوشێوەی ڕازیکردنەکەی میونیخ بووینەتەوە؟ ئایا ئێمە باوەڕمان وایە کە هێز لای کێ بێت، هەقیش لای ئەوە؟ ئایا ئێمە ملکەچی ئەوانە دەبین کە هەڕشە دەکەن؟ ئایا ڕۆژاوا -بەتایبەتیی ئەمریکا- هەڵەیەکی گەورە ناکەن کاتێک ئەو ڕاستییە نادیدە دەگرن کە پشتکردنە هاوپەیمانێکی بوێر و دڵسۆز لە بەرژەوەندیی ڕکابەرکانیدا جۆرە خۆکۆژییەکی تێدایە؟
یاخود مەسەلەکە ئەوەیە کە گەلی کورد کە عەرەب نییە و عەلمانین و باوەڕیان بە دیموکراسیەتی فرەیی هەیە و مافی یەکسان بۆ ئافرەتان دەستەبەر دەکەن و بەردەوام پارێزگاری لە کەمینەکان دەکەن و داڵدەیان دەدەن، یەکێکە لەو گەلانەی جیهان کە قابیلی پشتتێکردنە؟
لە ڕاستیدا تەنیا یەک چارەسەر هەیە: کە گوزارشت لە دیدی خۆمان بکەین و بە هێمنی، بەڵام بە پێداگیرییەوە بڵێین کە شتێکی بێمانا لە ئارادایە کاتێک ڕێگا دەدەین ڕژێمە تۆتالیتارییەکان مافە دەستوورییەکانی ئەو گەلە پێشێل بکات کە تا دوێنی لەژێر داپڵوسینی ئەواندا بوو، هەروەها دەبێت کار بۆ ئەوە بکرێت کە دەسەڵاتدارانی ئێراق بە بێ دواکەوتن و بێ مەرجی پێشوەختە دەست درێژ بکەن بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی کە کورد بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ خستوویەتەڕوو.[1]