ناو: خدر
نازناو: خدر عیسا دۆڵەمەڕی
ناوی باوک: عیسا دۆڵەمەڕی
ساڵی لەدایکبوون: 1927
ڕۆژی کۆچی دوایی: #07-05-2005#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #گیسکێ#
شوێنی کۆچی دوایی: شاری #تاران# ی پایتەختی وڵاتی ئێران
$ژیاننامە$
خدر عیسا دۆلەمەری ساڵی 1927 لە گوندی گیسکێ سەربە شارەدێی #گۆڕەتوو# لە شارۆچکەی #مێرگەسۆر# لە پارێزگای #هەولێر# لەدایکبووە، دواى نسکۆى شۆڕشى یەکەمى بارزان کە #شێخ ئەحمەدى بارزان# ى و ژمارەیەکى زۆرى خاوخێزانى بارزانییەکان پەنا دەبەنە بەر باکوورى کوردستان، ئەویش لە 21ی حوزەیرانی 1932 لەگەڵ بنەماڵەکەی ئاوارەی کۆماری تورکیا بووه، بەڵام دواى ئەوەى لە ساڵى 1933 دەسەڵاتدارانى تورک شێخ ئەحمەدى بارزانى ڕادەستى حکومەتى ئێڕاق دەکەنەوە، خانەوادەى ئەوانیش وەک تەواوى ئەو خانەوادانەى لەگەڵ شێخ ئەحمەد ئاوارەى باکوورى کوردستان بووبوون، دێنەوە باشوورى کوردستان.
خدر عیسا لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی، ساڵی 1954 بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانکۆی تاشکەند بەشی کشتوکاڵ وەرگرتووە، دواى گەڕانەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت، ساڵی 1959 بە فەرمانبەر لە فەرمانگەی کشتوکاڵی هەولێر دامەزراوە، دواى ئەوەى بەهۆى بەشداریکردنى لە شۆڕشی ئەیلوول کارەکەى جێدەهێڵێت، ساڵی 1970 دەگەڕێتەوە سەر کاری پێشووی خۆی لە هەولێر، هەرسێ زمانى کوردی، عەرەبی و ڕووسی زانیوە، لە ڕێکەوتی 7ى ئایاری 2005 لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تاران کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی گوندی گیسکێ بەخاک سپێردراوە.
$خەباتنامە$
لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕوودەکاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە 31ی ئاداری 1946 لە هێزی بارزان-ى سەربە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان پێشمەرگە بووە، لە 29ی نیسانی 1946 بەشداریی شەڕی قاراواى لە ناوچەی سەقز کردووە، دوای نسکۆی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە ڕێکەوتی 19ى ئاداری 1947 بەشداریی شەڕی #شنۆ# و #نەغەدە# ی کردووە.
لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتى #19-04-1947# لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزوورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ #مستەفا بارزانی# لە ڕێکەوتى #15-05-1947# لە گوندى ئەرگوش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گەلی قتور و شەڕى پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکوو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى 14ى تەموزى 1958 لە ئێڕاق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ى شوباتى 1959 و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (11) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە 19 لە ساڵى 1959 دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى 1958 کۆمارى ئێڕاق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان.
ساڵی 1961 بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی کردووه، هەمان ساڵ بەشداریی شەڕی شوش و شەرمنای کردووە، ساڵی 1962 کرا بە سەرلق، لە ڕێکەوتی 14 لەسەر 15 حوزەیرانی 1963 بەشداری شەڕی سەری #ئاکرێ#ی و پیرس و لە ڕێکەوتی 4ى ئاب بەشداریی شەڕی بارزان و بلێی کردووە.
ساڵی 1974 چووەتە ناوچەی ئاکرێ و لە هەمان ساڵدا بەشداریی شەڕی چیای حەسەن بەگی کردووە، ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، بە پەنابەرى ڕوویکردووەتە ئێران و چووەتە کۆمەڵگای زێوە و دواتر لە شاری کرمان نیشتەجێ بووە، ساڵی 1979 گەڕاوەتەوە بۆ کۆمەڵگای زێوە و بەشداریی شۆڕشی گوڵانی کردووه، بەشداری شەڕەکانی لۆلان، دەشتی بەرازگر، ئاکرێ و شێخانی کردووە.
لە ڕێکەوتی 19ى تەمووزی 1988 بەشداریی شەڕی خواکوڕک و لە ڕێکەوتی ى13 ئابدا بەشداریی شەڕی خەردنی کردووە و لە هەمان ساڵدا لە کاتی کیمیابارانکردنی ناوچەی بادینان، ناوبراو گەڕاوەتەوە کۆمەڵگای زێوە.
ساڵی 1991 بەشداریی ڕاپەڕینی کردووە و لە داستانی کۆڕێش بەشداربووە، ساڵی 1996 کراوە بە ئەندامی لێژنەی کۆمەڵایەتی ناوچەی دۆلەمەری، لە ڕێکەوتی 6ى تشرینی یەکەمی 1999 لە کۆنگرەی دوازدەیەمی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لەبەر خەبات و بەرخودانی لە شۆڕشی دووەمی بارزان، کۆماری دیموکراتی کوردستان، ڕێڕەوی بەرەو یەکێتی سۆڤێت، شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان، ڕاپەڕین لەلایەن سەرۆک #مەسعود بارزانی# میدالیای بارزانی نەمری پێبەخشراوه. [1]