ناو: عادل
نازناو: عادل سەرچناری
ناوی باوک: مەجید
شوێنی لەدایکبوون:گوندی #سەرچنار# ی شارەدێی #ئاغجەلەر# ی سەربە شارۆچکەی #چەمچەماڵ#
$ژیاننامە$
عادل تەمەنی گەیشتووەتە 46 ساڵ، خەڵکی گوندی سەرچناری شارەدێی ئاغجەلەرە و تاقانەی ئەنفالە، دوای بێسەروشوێن بوونی باوک، دایک، دوو برا، دوو خوشک و کەسوکاری لەو شاڵاوەدا.
لە سەروبەندی کارەساتی ئەنفال، عادل تەمەنی تەنیا 15 ساڵ بووە، بە دەردەسەریی و ڕوداوی زۆردا تێپەڕیوە، چونکە لەو کاتەدا لەگوندێکی تر لە ماڵی نزیکێکیان بووە و کاتێک گەڕاوەتەوە، گوندەکەی خۆیانی بە چۆڵی بینیوە، دواتر لە شوێنێکی تر لەگەڵ کەسوکاری بە یەکتری شادبوونەتەوە.
چیرۆکی ئەو پیاوە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی چوارەمی ئەنفال، کە لە #03-05-1988#تا #15-05- 1988# ی خایاند، بۆ سنوورەکانی ئاغجەلەر، #تەقتەق#، #شوان# و دۆڵی #زێی بچووک#، هەرئەوکاتەش بوو گوندەکانی #گۆپتەپە# و #عەسکەر# کیمیاییباران کران.
خێزانەکەی عادل، دوای ڕۆژێکی پڕ لە ڕووداو هەواڵیان پێدەگات بچنە تەقتەق و خۆیان ڕادەست بکەن، بەهۆی هەبوونی لێبوردنەوە.
عادل دەڵێت:$جاشەکانمان لەڕێگادا بینی و گوتیان لێبوردن نەماوە بەڵام گوێمان پێنەدان، چونکە وتمان بگەڕێینەوە هەر دەکوژرێین.$
ئەوان زۆرینەیان ژن و منداڵ بون، لەگەڵ گەیشتنیان بە سوپای ئێراقی هەموو کەلوپەلێکی بەنرخیان لێوەرگیرا، بە ئۆتۆمبێلەکانی خۆیان بە تایبەت تراکتۆر، بەڕێکران بۆ کۆمەڵگایەکی تەلبەند، لەوێ بە برسێتی مانەوە.
دەڵێت:$تا ئەوکاتە لەگەڵ دایک و باوکم بووم، دایکم 20 دیناری شاردبووەوە و پێیدام وتی کوڕم دنیا مان و نەمانە با پێت بێت$، عادل دەڵێت:$لەوێ فرسەتێک ڕێککەوت و دەرگاکە کرابووەوە، ئەمنەکە پشتی لە دەرگاکە بوو، بۆیە توانیم هەڵبێم و لە دوری 50 مەتر بە دەمانچە دوو فیشەکم ئاڕاستە کرا، بەڵام بەرمنەکەوت.$
عادل دوای هەڵاتنی دەچێتە ماڵی خاڵی لە تەقتەق و دوای ئەو، ئیتر هەموو کەسوکاری بە زیلی سەربازیی ڕەوانەی #نوگرەسەلمان# و خوارووی عێراق کران.
دوای ئەو هەموو دەردەسەرییە، عادل کە تەمەننا دەکات لەگەڵ کەسوکاری بوایە و ئەوکات جیانەبوایەتەوە، ئێستا لانی کەم دەیەوێت وەک کەسوکاری بە زیندویی نەگەڕانەوە، هیچ نەبێت تەرمەکانیان وەربگرێتەوە و گۆڕیان هەبێت.
بەجێهێنانی ئەو ئومێدەی عادل، دوای دۆزینەوەی ڕوفات و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفال، پێویستی بە پشکنین هەیە تا ئێسک و پروسکی خێزانەکەی بناسرێتەوە.