ناونیشانی بابەت: شەقامی هەکاری، جێپەنجەیەکی کورد بە مێژووی قودسەوە
دوای تێپەڕبوونی هەشت سەدە بەسەر ڕزگارکردنی #قودس# لەلایەن سوڵتان #سەڵاحەدینی ئەیوبی#یەوە، هێشتا جێپەنجەی کورد بە سیمای شاری قودسەوە دیارە، هەر کوچە و کۆڵان و گوزەرێکی شارەکە چیرۆکێکیان لەبارەی کوردەوە هەڵگرتووە و چاوەڕێی کەسێکن بیانگێڕێتەوە، یەکێک لەوانەش شەقام یاخود گوزەری هەکارییە.
وەک دەگێڕنەوە، کاتێک سەڵاحەدین بڕیار دەدات بەرەنگاری خاچپەرستەکان ببێتەوە، بەشێکی بەرچاو لە هۆزەکانی ناوچەی هەکاری دەچنە پاڵ سووپاکەیەوە، دیارترین ناویش #عیسا محەمەد هەکاری# بوو کە بەشدارییەکی بەرچاوی کردووە لە جەنگی ڕزگارکردنی قودسدا، بەپێی کتێبی تەواوی مێژووی ئیبن ئەسیر و سەرەتا و کۆتاییی ئیبن کەسیر، هەروەها لە چەندین سەرچاوەی تردا ئاماژە بەوە دراوە، عیسا محەمەد هەکاری یەکێک بووە لە زانا دیارەکانی سەردەمی خۆی و ڕاوێژکاری باڵای سوڵتان سەڵاحەدین بووە.
عیسا هەکاری سەرەتا لەسەر دەستی زانایانی #جزیرە# و #حەلەب# بە خوێندن و زانستە ئیسلامییەکان ئاشنا بووە، پاشان پەیوەندی دەکات بە ئەسەدەدین شێرکۆی مامی سەڵاحەدینەوە و لەگەڵی بەڕێدەکەوێت بەرەو میسر، دواتریش لەسەر ڕاسپاردەی شێرکۆ لە پاڵ سوڵتان سەڵاحەدیندا درێژە بە خزمەت دەدات.
لە ساڵی 1187 کاتێک سوڵتان سەڵاحەدین شاری قودس ڕزگار دەکات، هەکاری یەکێک بووە لە کەسە دیارەکانی ئەو جەنگە.
دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە ڕزگارکردنی قودس، هەکاری لە عەککا شەهید دەبێت و تەرمەکەی دەگوازرێتەوە بۆ قودس، لەوێدا بەخاک دەسپێردرێت و ئەو گوزەرەشی کە دەچێتەوە سەر مەزارەکەی ناو دەنرێت شەقامی هەکاری.
دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، هەتا ئێستاش ناوی هەکاری بە زیندوویی لە یادەوەریی #فەڵەستین#ییەکاندا ماوەتەوە و وەک سیمبولی بەرەنگاری لێی دەڕوانرێت.
[1]
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 785 times
Write your comment about this item!