نوسینی: #هاوژین زیبا#
لە ڕووداوی کوشتنی دوو خوشکەکەی #چەمچەماڵ# کە بەدەستی باوکیان کوژران جارێکیکە ڕاستی ژنبوونیان هێنایەوە بەرچاو و زیهنی هەمووان ژن هەرچەندە باوک و برای خۆی هەبێت دەوڵەت و پەرلەمانی هەبێت، لە ڕاستیدا ئەو ژنە لە ڕاستی ژنبوونیدا خاوەنی هیچ ناسنامەیەک نیە و تەنهایە.
لە مێژوودا ژن هەمیشە لە ناو سنوردا ژیاوە، ئەو سنورەش لەلایەن پیاوانی دەسەڵاتدار لەسەر ناو و ناسنامەی ژن دروستکراوە، ژن هیچکات نەیتوانیوە ئەو سنورە بشکێنێت، کاتێک ژن ئەو سنورە بشکێنێت هەموو ڕێگاکان بە ڕوویدا گیراون. ئەگەر ژن بیەوێت بە ئیرادەی خۆی بە ناسنامەی ژنبوون ژیان بکات لە ژێر ناوی یاسایی ماڵ، یاسای دەوڵەت، یاسایی کۆمەڵگا بە بیانووی ناموس و ئەخلاق ڕوبەروی دەسەڵاتی پیاوسالاری دەبێتەوە.
لە ڕاستیدا کێشەی ناسنامەی ژن زۆر پارچە پارچە بووە هەروەها ئەم کێشەیە لەناو کۆمەڵگەدا باش وێنا ناکرێت کاتێک ژنێک ڕوبەروی هێرش دەبێتەوە یان دەکوژرێت نابێتە بابەتێکی ناسنامەی ژن، بەڵکو دەبێتە ناسنامەی ناموس، ناسنامەی دابونەریت یان دەبێت بە بابەتی خۆکوژی، یاخود هەرگیز نابێت بە بابەت، چونکە ژن نییە ئایا بابەت چۆن دەبێت؟ لەسەر کەسێک کە نەبوو بێت بابەت چۆن دروست دەبێت؟
وشەی (ناموس) لە ئیتمۆلۆژیدا واتا و ڕەگوریشەی خۆی لە نۆمۆس(NOMOS) وەردەگرێت نۆموسیش بە واتای یاسایی کۆمەڵایەتی هاتووە ئەو یاسایە ئیرادەی ژن و سروشتی ژن قبوڵ ناکات، وەک موڵک و کەرەستەیەک وەک یاسا و پەیمانێک لە پیاوسالاری لەسەر ژن چێندراوە.
راستی ئەم یاسایە لە ژێر ناوی خۆشویستن، دڵسۆزی، خاوەنداری، شەرەف و ئەڤینداریدا دەشاردرێتەوە. کاتێک پیاو دەڵێت ئەمە کچی منە، ژنی منە، خوشکی منە دەبێت لەبەرامبەر ئەو ژنە ڕێزدار بێت، ئیرادەی ئەو ژنە قبوڵبکات ئەو مافەی بۆ خۆی ڕەوایە پێویستە ئەو مافە بۆ ژنیش هەمان ڕەوایەتی هەبێت گەر خۆشیدەوێت دەبێت ئەو مافە بۆ ژنیش قبوڵ بکات، ژن بە هێندەی پیاو ئەقڵی هەیە وەک پیاو دەزانێت چی هەڵە و چی ڕاستە بۆیە مافی پیاو نیە کە لە ژێر ناوی ناموسدا ژن، خوشک، هاوسەر یان خۆشەویستی خۆی بکوژێت یان بیخاتە ناو قەفەس، چونکە ئەمە لە زیندانیکردنی ژن زیاتر شتێکی دیکە نیە. بۆیە پێویستە پیاو خۆی نەخەڵەتێنێت گەر دەرفەت بۆ ژن وەکو پیاوان هەبێت ئەویش بە هێندەی پیاوان ئاقڵ و بەهێزە.
لە جیهاندا وەک لە زۆر دەوڵەتاندا و لە وڵاتی ئێمەشدا لە کارگەیەکی بچوک هەتا پەرلەمان ژن کاردەکەن، هەندێک لە پیاوان دەڵێن ژن هەموو شتێکی هەیە سەیارە، ماڵ، کار ئایا ژن چیتریان دەوێت؟ بەداخەوە لێرەدا پیاو خۆی دەخەڵەتێنێت.
ئایا بەراستی هەرشتێک بۆ ژن هەیە؟ مرۆڤ دەتوانێت خۆی بخەڵەتێنێت، بەڵام دەبێت بزانێت هەموو کەسێک ناخەڵەتێت. بۆ ئەوەی بتوانین بڵێیین ژن هەموو شتێکی هەیە دەبێت قبوڵی بێت ژن هێندەی پیاوان بە ناسنامەی ژنبوون بژی.
=KTML_Bold=ژن دەبێت بە هەرشت بەڵام نابێت بە ژن:=KTML_End=
لە ڕۆژی ئەمرۆدا چۆن لە زۆر وڵاتان و هەتا دوێێش لە بەرامبەر ڕژێمی بەعس کورد دەبوون بە هەموو شتێک، بەڵام نەیاندەتوانی ببن بە کورد ئەمرۆش هەموو ژن کوردە. هەموو شتێک ناسنامەی خۆی هەیە بە ناسنامە قبوڵ دەکرێت، بەڵام ئایا ژن وەک مرۆڤێکی خاوەن ئیرادە ناسنامەی هەیە؟ ئەگەر ناسنامە نەبێت ژنیش نابێت. ئێستا کەس دەتوانێت بڵێت ژن ناسنامەی خۆی هەیە و بە هێندەی پیاوان ئازادە؟ ئەگەر نەتوانین بڵێن بەڵێ ئەوکات ئێمە ناتوانین بڵێین ژن هەموو شتێکی هەیە و ژن ناسنامەی هەیە و ژن دەبێت بە هەموو شت، چونکە ژن نیە گەر ژن نەبێت چۆن دەبێت بە هەموو شت؟
=KTML_Bold=شتێکی نەبوو ژێر خۆڵکران:=KTML_End=
لە چەمچەماڵ دوو ژن کوژران بەو شێوەیەی گوڵستان محەمەد، لە پەرلەمانی کوردستان باسی لێوە کرد کوژرانی دوو خوشک (بە هۆکاری کێشەی کۆمەڵایەتی) لەلایەن باوکیانە و پاشان دیار نەمانی باوکیان لە سنوی قەزاکەدا و داڵدەدانی بکوژانی ژن لەلایەن دەسەڵاتداران و بەرپرسانی حزبییەوە لە کوردستاندا، ئەمە چی بە ئێمە دەڵێت؟
دوو ژن لەلایەن پیاوێکەوە بەبیانووی پاراستنی (شەرەف و ناموس) کوژران، ئەو پیاوە کێیە زۆر گرنگ نییە دەبێت باوک بێت یان برابێت جیاوازی نییە پیاو پیاوە و ژنیش ژنە، بەناوی باوک و برا ژن کوشتن ڕەوا نیە ئەوە مافی کەس نییە ژیان لە کەسێک وەربگرێتەوە.
پەرلەمانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک و کۆمەڵگا دروستبووە ئەگەر پەرلەمان بەدوای کێشەیەکی وادا نەچێ و چارەسەری نەکات ئەو پەرلەمانە چۆن دەبێت بە نوێنەر و خزمەتکاری خەڵک؟ ئێمە دەزانین پەرلەمان لە نوێنەری سەرجەم حزبەکان پێکهاتووە و دەڵێن ئێمە نوێنەری گەلین، هەر لەبەر ئەوەشە دەبێت پەرلەمان ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، چونکە ئەو پەرلەمانە پەرلەمانی ئەو دوو خوشکەش بوو پێویست بوو مافی ئەو دوو خوشکەی بپاراستایە بەر لەکوژرانیان و دوای کوژرانیشیان لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچون و لێکۆڵینەوە لەو تاوانە دروست بکرایە، بەڵام بەداخەوە پەرلەمان ئەو ئەرکەی خۆی جێبەجێنەکرد هۆکاری جێبەجێنەکردنەکەشی هەمان بەهانەی ناموس بوو، چونکە ئەو کچانە وەک ژن وەک موڵکێکی ئەو باوکە دەبینران. ئەو شتەی کە منی زۆر ئازاردا هەڵوێستی سەرۆکی پەرلەمان بوو کاتێک لە دانیشتنی پەرلەمان بە گوڵستان محەمەدی وت ئەم باسە باسی ناو پەرلەمان نییە! دەبێت دەنگمان بەرینە کوێ و بۆ لای کێ برۆین؟ لەوێ سەرۆکی پەرلەمان وەک ژنێک بەناسنامەی ژنەوە سەرۆکایەتی دەکات ژنێک کە پێویست بوو پێش هەر کارێک مافی ژنی بپاراستایە تاکو چیتر ژن لە ژێر ناوی شەرەف و ناموس یان کێشەی کۆمەڵایەتیدا نەکوژرێت دەبوو مافی ئەوانی بپاراستایە، لێرە وتنێکی بنڤیربوتو بەبیرم دێنێتەوە زۆر کەس بنڤیربوتو دەناسێت بە جیاوازی نەڵێین ئەو وەک ژنێک زۆر کاری جیاوازی ئەنجام دا هەتا بوو بە سەرۆک وەزیرانی پاکستان، بەڵام دواجار بنڤیربوتو دەڵێت من بووم بە هەر شتێک بووم بە سەرۆکوەزیرانیش بەڵام نەبووم بە ژن.
ئایا سەرۆکی پەرلەمانی ئێمەش وا دەڵێت؟ بۆ من زۆر مەراقە کاتێک لەسەر ئەو کورسییە دادەنیشێت ناسنامەی ژنبوونیش لەگەڵ خۆی دەبات یان بەرلەوەی بچێتە سەر کوردی پەرلەمان ناسنامەی ژنبوونی دەخاتە ناو جانتاکەی و لە چەکمەجی ژێر قاچەکانیدا دادەنێت؟ ئێمە دەزانین کە هەر پیاوێکی سەرۆک کاتێک دەچنە سەر کورسی دەسەڵات ناسنامەی پیاوسالاریش لەگەڵ خۆیان دەبەن. لەبەر ئەوە یەکسانی ژن و پیاو لە وتن و کرداری ئەواندا نییە ئەوەش زۆر ئاشکرایە ئەگەر سەرۆک پەرلەمانی ئێمەش بەناسنامەی ژن لە سەر کورسی دەسەڵات بێت ئەرێنی بێت یان نەرێنی ئێمە دەتوانین بڵێین کە یەکسانی ژن و پیاو لەو ئاستەدا پێک دێت ئەوکات دەتوانین بڵێین بەگوێرەی ئەقڵی سەرۆکی ئێمە ژن و پیاو یەکسانن جیاوازی لەنێوانیاندا نییە بە وتنێکیکە (هەموو مرۆڤین)، بەڵام ئەگەر سەرۆکی ئێمە ئەو ناسنامەی ژنبوونە پێش چوونە سەر کورسی پەرلەمان بخاتە ناو جانتای خۆی و هەڵیبگرێت ئەوکات ئێمە ناتوانین بڵێین سەرۆک پەرلەمانەکەمان ژنە.[1]