#وەزارەتی پەروەردە# ڕایدەگەیێنێت تاقیکردنەوەی هەموو قۆناخەکانی خوێندن لەناو پۆلی قوتابخانەکاندا دەکرێت. خوێندنی قۆناخی 3 تاوەکو 11ی بنەڕەتیش بە ئەلکیترۆنی دەبێت، نەک ئۆنلاین.
د. سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردە بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، هەڵەتێگەیشتن لە بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردە هەیە و جیاوازی لەنێوان خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین نەکراوە. دەڵێت خوێندنی قۆناخی 3 بۆ 9ی بنەڕەتی و 10 و 11ی ئامادەیی بە ئەلکیترۆنی دەبێت، نەک وەک هەندێک بە هەڵە دەڵێن ئۆنلاین، ئەو دوو جۆرە، جیاوازییان زۆرە. واتە قوتابیەکە مەرج نییە ڕاستەوخۆ بۆ خوێندنەکە لەسەر هێڵ بێت، بەڵکو وانەکان تۆمار دەکرێن و دەکرێت قوتابی لەکاتی جیاوازدا سەیری وانەکان بکەن بۆ دڵنیاییش کە قوتابیەکە وانەکەی بینیوە (کۆد) دەدرێتە هەموو قوتابیان و مامۆستایان، بەو جۆرەش دەردەکەوێت کە قوتابییەکە وانەکەی بینیوە.
بریکاری وەزارەتی پەروەردە، جەختی لەوە کردەوە، خوێندنی ئەلیکترۆنی بە واتای دابڕانی قوتابیان نایەت لە قوتابخانەکانیان و گوتی تاقیکردنەوەی هەموو قۆناخەکانی خوێندن لە قوتابخانەکاندا دەکرێت، جگە لەوە ئەگەر خوێندن بە ئەلیکترۆنی بەردەوام بوو، دەبێت مامۆستایان قوتابییەکان بکەنە چەند گرووپێکی جیاواز و مانگی جارێک لە قوتابخانەکاندا چاویان بەیەکدی بکەوێت، لەناو پۆلدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو وانانە بکەن کە بە ئەلیکترۆنی خوێندوویانن.
بەپێی بڕیارێکی پێشووتری وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لە 27ی 9 خوێندنی قۆناخی 12ی ئامادەیی لەنێو قوتابخانەکاندا دەستپێدەکاتەوە و لە 10ی مانگی 10دا دەوامی پۆلەکانی یەک و دووی بنەڕەتیش لەنێو قوتابخانەکان دەستپێدەکاتەوە، قۆناخەکانی دیکەش بەشێوەی ئەلیکترۆنی وانە دەخوێنن.