جەمال کوڕی حاجی فەقێ کوڕی حاجی محەمەد کوڕی مەلا ئیبراهیمی شاڵی، بە (جەمال شاڵی) ناسراوە. ساڵی 1931 لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری #سلێمانی# لەدایک بووە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە سلێمانی و ئامادەیی لە بەغدا تەواوکردووە. ساڵی 1952 لەکۆلیژی یاسای زانکۆی بەغدا وەرگیراوە و ساڵی 1956 سەرکەوتوانە تەواوی کردووە.
پاش تەواوکردنی خوێندن ماوەیەک کاری پارێزەری کردووە. دواتر وەک مافناس لەئەمانەی بەغدا دامەزراوە و بووە بە بەڕێوەبەری بەشی یاسای ئەو فەرمانگەیە. دواتر وەک بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی کارگێڕیی کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار درێژەی بەکار و خزمەتی یاسایی داوە.
جەمال شاڵی، جگە لە کاری پارێزەری و یاسایی، خولیای کاری ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەگەری هەبووە. هەر بۆیەش لە ڕۆژی22-02-1960 داوای مۆڵەتی دەرکردنی گۆڤارێکی بەناوی (#ڕۆژی نوێ#) پێشکەش بە وەزارەتی ئیرشادی ئێراق کرد. داواکەی پەسەند کرا و مۆڵەتی وەرگرت. ئیدی خۆی بووە خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری گۆڤارەکە، کامەران موکری بە بەڕێوەبەرەی نووسین، (موحرەم محەمەد ئەمین، ئیحسان عەبدولکەریم، کەریم زەند، عەبدوڵڵا ئەژدەر) بەدەستەی نووسەران.
دوا ساڵەکانی ژیانی لە دەرەوەی وڵات و لە شاری لەندەن بەسەر برد.
جگە لە وتارە یاسایی و ڕۆشنبیرییەکانی کە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی سەردەمی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوە، جەمال شاڵی خاوەنی چەند پەرتووکێکی بەنرخە، لەوانە
-دان بەتاوانەکانمدا ئەنێم
-1970، شۆڕشێکی نوێ لە کوردستاندا
-1971، بەشێک لە بیرەوەری و یاداشتی ژیانم
دوای خزمەتێکی زۆر بەکاروانی ئەدەبی و ڕۆشنبیری و یاسایی و کوردایەتی، ڕۆژی 01-05-2016، جەمال شاڵی لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بۆ دواجار چاوەکانی لێکنا و چووە دنیای سەروەرانی نیشتمانەوە.
لەسەر ڕاسپاردەی خۆی تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ سلێمانی و ڕۆژی05-05-2016 لەگردی سەیوان بەخاکی سپێردرا.