بەیان سەلمان
(بلۆگ) Blog، ئەم وشەیە لە چیەوە هاتووە؟
بلۆگ وشەیەکی نوێیە، دەکرێ لە فەرەنسیدا بەBlogue بناسرێت. وشەکە بە پێی (ویکیپیدیا) سەر بە جیهانی ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێتە. به و شێوەیە زنجیرە بابەتێک دەنووسرێ پێی دەوترێ گوتار، یاخود تێبینی. بەرواری ڕۆژ یاخود کاتێکی دیاریکراویشی بۆ دەستنیشان دەکرێ، بەڵام زۆربەی کات بە پێی زنجیرە ڕێک ناخرێن، بەڵکو دوا بلۆگی نووسراو لە سەروو سەرەوە دادەنرێت، یان ئەوەتا لە پێش هەموو گوتارەکانی دیکەوە ڕێکدەخرێت. یەکەم بلۆگ لە جیهاندا لە ساڵی 1990 لە کەنەدا نووسرا و خوێنەران چاویان پێکەوت. پاشان لە ساڵی 1999 لە ئەمریکا و وڵاتانی تر گەشەی کرد. ئەگەر بچینەوە بنچینەی ڕاستەقینەش، ئەوە فەرەنسا دەستپێشخەریی لە دروستکردنیدا هەبوو، بە نێوەندی سیستەمی (مینیتێل) Minitel کە لە ساڵی 1989 لەلایەن دوو کەس بەناوی (ژیل پرۆبست) و (ئیڤان لو گیوزیگ) (Gilles Probst)، (Evan Le Guillouzic) هەڵسان بەڕیخستنی ناوی کەسەکە و پێناسەیەکی کورت تاکو لە هاوپەیوەندی بێت لەگەڵ سیستەمی بەڕێوبەرایەتیەکانی دەوڵەت و خۆ تۆمارکردن لە زانکۆکان.
چۆن بلۆگێک دەدۆزرێتەوە؟ یاخود ئەگەر وێنە و فیلمێک بێت چۆن تەماشای دەکەی؟
زۆربەی کات ئەم کارە بە نووسینی وشەیەک ئەنجام دەدرێ کە کەسەکە خولیای بابەتێکی لەسەرە؛ یاخود بە پێی بەروار لە شوێنی خانەی ماڵپەڕێکدا ئاماژەی پێدەکەن. تەمەنی جوراوجۆر هەیە بۆ بلۆگەرەکان، وەلێ بە گشتی لە چوارچێوەی 21 بۆ 35 تەمنیانه و ژمارەی ژن و پیاو نزیکن لە یەکەوە . بلۆگ هەموو جۆرە چینێکی کۆەمەڵایەتی و سیاسی و ئاینی دەگرێتەوە، لە دوا ئاماری جیهانیدا لە ساڵی 2011 دا بەلانی کەمەوە 156 ملیۆن بلۆگ هەیە. هەندێکیان پارەیان لەدوا دەستدەکەوێ.
بلۆگ ماڵپەڕەیەکی ئینترنێتیشە کە کەسی ‘بلۆگەر’ بە خواستی خۆی ڕەنگ و دەرهێنانی تێدا دروست دەکات، بەڵام زۆربەی کات لەبەرئەوەی ئەم جۆرە نووسینانه بە خۆڕاییە، بلۆگ بە شێوەیەکی زۆر خاکیی ئەنجام دراوە. بلۆگ جگە لە کەسی ئاسایی کەسانی سیاسیش دەینووسنەوە، ئەم نەریتە لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا باوه، بە تایبەتی لە کاتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیدا دەبێتە سەکۆیەکی دیموکراسی بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان کەسی سیاسی و هاوڵاتیان. هەندێجار ئەمە ماڵپەڕەیەکی سەندیکایەکی کارە، یاخود منداڵێکە حەز دەکات بیرو بۆچوونی خۆی لەگەڵ هاوڕێیەکانی بگۆڕیتەوە.
بلۆگ دەکرێ زۆر کۆمێدی بێت، یاخود لە پاش ڕۆداوێکی وەبەرچاو بێت کە هەموو کۆمەڵ دەهەژێنێ، وەک کێشەی بانکی ”سۆسیەتی ژەنەڕاڵ” لە فەرەنسا. جاری وایشە بلۆگ لایەکی تراژێدی کۆمەڵێکی پەراوێزکراو و سەرکووتکراو نیشان دەدات، وەک کۆمڵی ئێرانی، عەرەبی، چینی… بلۆگیش هەیە بە شێوەی گۆرانی ڕاپ و کلێپی جوراوجۆر ئامادەکراوە کە ڕووداوێک دەگێڕێتەوە، وەک گەنجە ئەفریقیەکان کە بە مێژووی کۆیلایەتی خۆیاندا دەچنەوە، یاخود ژنان کە باسی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی خۆیان دەکەن. زۆربەی کات ئەم دوا جۆرە بلۆگانە بە هۆی باری ئابووری و نەبوونی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە دەرەوەی وڵاتانی دایک ئەنجام دەدرێن.
ئەم گوتارانە، یاخود ئەم تێبینیانە بریتین لە گێڕانەوەی ئه و بابەت و بەسەرهاتانەی کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە کەسێک یان ڕووداوێکەوە هەیە. زۆربەی کاتیش کێشەی ئەڤین، دابڕان، باری تەندروستی و دەروونی و تەنانەت ئابووری و سیاسیش دەگێڕنەوە. بلۆگش هەن ڕۆژانەی کەسێکە وەک بۆچوونی ڕۆژنامەوانێک، دایکێک باسی خۆی و منداڵە نوێیەکەی دەکات، یاخود ڕۆماننووسێک بە زنجیرە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. بلۆگی وەهاش هەیە کە تایبەته بە کەسێکی وێنەکێش و ێنەگر و شاعیر، ئه و لاپەڕەی بلۆگە بوارێکە بۆ نمایشی کارەکانی، دەرفەتێکی بۆ دەرەخسێنێ لەبری چاپ بەرهەمەکانی نمایش بکات. بۆیە دەکرێ بلۆگ دەنگ و ڕەنگیش بێت، وەک ئه و سایتە بەناوبانگانەی کە بەرهەمی ڤیدیۆی کەسەکە دەگرنە خۆیان و بڵاوی دەکەنەوە و پاشان ئەم دەیخاتە سەر سایتی بلۆگی خۆی.
کەسی نووسەر بە (بلۆگەر) ناسراوه، واتە خاوەن بلۆگی تایبەتی کە بە ڕووداوێکی دیاریکراو دەوڵەمەندی کردوە. ئەگرچی بلۆگ ڕاستەوخۆ ناچێتە سەر لاپەرەکەی بەهۆی نەناسراویی کەسەکه، وەلێ کەسانی دیکەیش مافی ئەوەیان هەیە کە بچنە سەر بلۆگی ئه و و بێ ئەوەی بزانن کێیە بیخوێننەوە. یاخود کەسی بلۆگەر خۆی ناونیشانی بلۆگەکەی دەدا بە هەندێ هاوڕێ و کەسی ناسیاوی تا بە نووسینەکانی یان بەرهەمەکانی ئاشنا بن و لە بارەیەوە ڕای خۆیانی بۆ دەربڕن. لێڕەشدا خاوەن بلۆگەکە ئەگەر ئارەزووی بڵاوکردنەوەی هەندێ پێشنیار و وڵامی نەبێ ئەوە سانسۆر دەخاتە سەریان و ناهێڵێ بڵاوبێتەوە و وەک کارێکی تایبەتی تەنها خۆی دەیخوێنێتەوە. ئەم جۆرە بلۆگە ئەگەرچی بەرهەمێک بڵاودەکاتەوە کەچی نازانێ لەژێر کام ناونیشاندا پۆلێنی بکات.
گرنگی بلۆگ لەوەوە هاتووە کە بەرهەمی نووسینەکان بە ئاسانی بڵاو دەکرێنەوە. جگە لە سەربەستی و ئازادیی بۆچوونی کەسەکە بەرامبەر بە ڕووداوێک، کارێک، کەسێک، یاخود گروپێک کە بە بێ سانسۆر بڵاوی دەکاتەوە. ئەمەش پێوەستە بەوەی بە تەواویی و وەک خۆی بڵاوی دەکاتەوە و کەسانی دی دەیخویننەوە بێ ئەوەی کەس بتوانێ سانسۆر بخاتە سەری. هەر له و کاتەی بلۆگەکە دەنووسرێت یەکسەر دەتوانێ بیخاتە سەر ماڵپەڕی بلۆگەکەی و چاوەڕوانی خانەی چاپەمەنی نەکات بۆ بڵاوکردنەوەی. لەم خاڵەدا لایەکی ئاسانی تێدا بەدی دەکرێ بەوەی ناوەڕۆکی بلۆگ هەرچۆنێک بێت هەر بڵاو دەکرێتەوە. لە کاتێکدا ئەمە لەگەڵ خانەی چاپەمەنی ناکرێ. ئەوجا چ بە هۆی جۆری بلۆگەکەوە بێت کە ناوەڕۆکەکەی بۆ نموونە لاواز بێ، یاخود تەنها پەیوەندی بە دواکەوتنی چاپکردنەوە بێت ئەگەر لە خانەی چاپدا بێت، یاخود لایەنی بازرگانی تێدا ڕەچاو بکرێ، چونکو بەرابەر بڵاوکردنەوەی بلۆگێک نرخێک دانەنراوە ، بەڵام خانەی چاپەمەنی ناچارە بیر لە داهاتی ئه و کتێبە بکاتهوە کە چاپی دەکات. خاڵێکی دی پەیوەندی بە خوێنەرەوە هەیە، ژمارەی ئه و کەسانەی کتێبێک دەخوێننەوە لەگەڵ ژمارەی ئه و کەسانەی بلۆگێک دەخوێننەوە جودایە. دیارە خێرایی ئینتەرنێت لەلایەکەوە و ناوەڕۆکی بابەتەکەش لە ڕووی بەهێزیەوه، حوکمی زۆری ژمارەی خوێنەران و بینەرانی بلۆگەکە دەکات.
نووسینی بلۆگ لە ڕووداوی ڕاستییەوە هاتووە، یاخود دروستکراوە؟ ئایا ئەوەی کە دەنووسرێت کەسەکه لە ژیان و بەسەرهاتی خۆی سەرچاوەی وەرگرتووە یاخود بە خەیاڵ دایهێناوە؟
لە بلۆگدا، شێوه و دەقی بڵاوکراوە پێویستیی بە زانینی تەکنیکی چۆنێتی کارکردنی ئینتەرنێت ناکا. دروستکردنی بلۆگ بەڕادەیەک ئاسانە کە تەنانەت ئەرشیفی بلۆگەکان بێ ئاڵۆزیی ئەنجام دەدەرێن. بلۆگ جیهانێکە پەیوەندی لە نێوان کەسانێکدا دروستدەکات کە بوونی خۆیان بە کەسانی ترەوە دەبستنەوە. ئه و پەیوەندیانەی لە پانتایی بلۆگدا پێکدەهێندرێن هیچ جۆرە شەرم و نهێنی تێدا نیە. ئەگەر بلۆگەر بە خواستی خۆی ناونیشانی بلۆگەکەی پەخش نەکردبێ زۆربەی کەس نایناسن، لێرەوە بەهێزی و لاوازی ئەم جۆرە نووسینە دەخەینەڕوو.
نووسینی ئه و بلۆگانەی مەرجی دەقیان تێدا بەدی دەکرێ، بەڵام بەهەچ هۆیەکەوە بێت ناتوانێ لە خانەی چاپەمەنی بڵاوی بکاتەوه، ئیدی لە ماڵپەڕەیەکی بلۆگدا ئه و بوارەی بۆ ڕەخساوە و ئه و کەسانەی دەیخوێننەوە بە پێوانەی نووسینی بەپێز و بەتوانا لە قەڵەمی دەدەن، یاخود پەسەندی ناکەن. لە کاتێکدا بەشێکی زۆری ئه و نووسینانە وێنەیەکە لە ڕەنگدانەوەی خودی کەسەکە، ئەمەش دیسان دوورە لە سەرنجی بابەتییانە، بەڵکو به و لایەدا شکاوە کەسەکە حەز و قین و نهێنی و هەندێجار هەڕەشە و تۆڵەسەندن و ئابڕۆبردنیشیان بەناوی پانتایی نووسینی ئازادەوە تێدایە.
لەوانەیە جیهانی بلۆگ بە هەمەڕەنگی و فرەجۆری و فرە خوێنەرەکانیەوە نموونەیەکمان لەئەودیو پەردەی یان ژوورێکی بچووکی کلێسەیەکدا بخاتە بەرچاو کاتێ کەسەکان ڕازو نیاز و گوناهەکانی خۆیان بە نهێنی و شاراوە لەلای قەشەیەکی نەبیندراو دەدرکێنن. ئەوجا بۆئەوەی لەم سەردەمەدا کەسەکە نەچیته لای قەشه (لەبیرمان نەچێت، یەکەم داهێنەری بلۆگ وەک ئاماژەم پێکرد ئەمریکیە، کۆمەڵەگەی ئەمریکیش وێڕای پێشکەوتن زۆر باوەڕی ئاینییان بەهێزە) ، ئەوە تاکێتی خۆی لە پانتایی بلۆگ دەدۆزێتەوە. ئەمە ڕوویەکی تری بلۆگمان بۆ دەخاتە ڕوو، کە بلۆگ ئەگەرچی دیاردەیەکی کولتووری نوێیە وەلێ ڕیشەی لە ئاینی مەسیحیدا هەیە. کەسی مەسیحی دەچێته لای قەشەیەک تاکو باری قورسی (لە گوناهە) سووککاتەوە، لەم سەردەمە ئاڵۆزهش پزیشکی دەروونی جێی قەشەکە دەگرێتەوه و بلۆگیش زۆر چاک جێی هەردووکیانی گرتۆتەوە[1].
سەرچاوە: https://fr.wikipedia.org/wiki/Blog