قەیسەرییەکی تەمەن 167 ساڵە لە شارۆچکەی #کفری#، مەترسی ڕووخانی لەسەرە و حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکانیش هیچ ئاوڕیان لێنەداوەتەوە.
لە شارۆچکەی کفری، سەر بە ئیدارەی #گەرمیان#، ژمارەیەک شوێنەواری مێژووی و کلتوری هەیە، بازاڕی قەیسەری کفری، یەکێکە له و شوێنانه.
بازاڕی قەیسەری کفری ساڵی 1851 لە سەردەمی فەرمانڕەوایی عوسمانییەکان-دا لایەن وەستا سەمەد #کەرکووک#ی، دروستکراوه، لەکاتی خویدا بازاڕێکی قەرەباڵغ بووە و خەڵکی بۆ کڕینی پێداویستییە هەمە جۆرەکانیان سەردانی ئەم قەیسەرییەیان کردووە.
لەنێو دوکانەکانی ئەم بازاڕەدا، کاری مسگەری و چەخماخ سازی و چەندی پیشەی تر ئەنجام دراوە، هەروەها خواردنگە و دوکانی فرشتنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی تێدا بووە، لە ئێستاشدا بەشێک له و دوکانانەی له و سەردەمەدا هەبوون وەک خۆیان ماونەتەوە، هەرچەند بەشێکی زۆری بازاڕەکە ڕووبەڕووی داڕووخان بووەتەوە، بەڵام هێشتا سیما مێژوویەکەیی لە دەست نەداوە.
بازاڕی قەیسەری کفری، ناوبانگی بە شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری شارۆچکەی کفری-دا بڵاو بووەتەوە، لە کۆندا هەرکەسێک ڕووی لە شارۆچکەی کفری کردبێت بە دڵنیاییەوە سەردانێکی بازاڕی قەیسەری کردووە.
کامەران ناسر، کە دوکاندارێکی نێو قەیسەری کفری بوو، لەبارەی قەیسەرییەکەوە بە ڕۆژنیوزی وت: ماوەی 25 سالە لەم قەیسەرییەدا خەریکی کارکردنم، بۆ ئەوەی قەیسەرییەکە نەڕوخێت، ساڵانە خۆمان بەپێی توانا نۆژەنی دەکەینەوە، داوا دەکەین لە حکومەت بەقەدەر دوکاندارەکانی نێو قەیسەرییەکە مەسرەف لە قەیسەرییەکەدا بکات، بۆ ئەوەی لە مەترسی لەناوچوون بیپارێزین.
ئەحمەد کەریم، دوکاندارێکی دیکەی نێو قەیسەری کفری-یە، کە لەساڵی 1950 دوکانێکیان لەنێو قەیسەرییەکەدا هەیە، نیگەرانی خۆی لەسەر پشتگوێخستی قەیسەرییەکە بۆ ڕۆژنیوز خستەڕوو و وتی: قەیسەری کفری مەترسی ڕووخانی لەسەر بەهۆی ئەوەی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوه پشتگوێ خراوە.
ئەو دوکاندارە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە زێرابی چەند گەڕەکێک دێتە ژێر قەیسەرییەکەوە، بارانبارینیش کێشە بۆ بازاڕەکە دروست دەکات، پێی وایە ئەگەر بێت و ئەو کێشانە چارەسەر نەکرێت، لەکاتێکی نزیکدا هەموو بازاڕەکە دەروخێت.
شەماڵ خورشید، مێژووناس، لەبارەی لەناوچوونی بەشەکانی بازاڕەکەوە، بە ڕۆژنیوزی وت:لە ئێستادا ئەم بازاڕە کەمتر لە 10% وەک خۆی ماوەتەوە، ئەوەشی کەماوەتەوە بەهۆی ئەوەوەیە کە دوکاندارەکان کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ دەکەن، چەند ساڵێک لەمەو بەر هەموو دوکاندارەکان پێکەوە 18 ملیۆنیان دیناریان کۆکردەوە و نۆژەنیان کردەوە.
ئەو مێژوو ناسە، مەترسی ئەوەی هەبوو، کە ئەگەر بێت و بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەو چەند دوکاندارەی لە بازاڕەکەدا ماونەتەوە بازاڕەکە چۆڵ بکەن، ئەوا بازاڕەکە بە تەواوەتی لەناو دەچێت، دەشڵێت: بەداخەوە کلتور لێرە ڕێزی لێ ناگیرێت، ئەم قەیسەرییە لە هەرشوێنەکانی دیکە بوایە دەکرایە سومبوڵێکی نەتەوەیی.[1]
#25-09-2018#