گەلی ئازادیخوازی کوردستان !
هەڤاڵانی یەکێتی !
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، ئەمرۆ سەعات (8)ی سەرلەبەیانی، بەرێز نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، دوای تەمەنێکی درێژ لەخەبات و کۆڵنەدان و بەرپرسیارێتی مێژوویی لەساڵانی پەنجاکانەوە هەتا ئەمرۆ، بەهۆی نەخۆشیەوە، ژیان ئاوایی لێکردین.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەکاتێکدا بەخەمێکی قوڵەوە، لەم ڕۆژە خەمبارەدا، بەناوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و سەرجەم ئۆرگانەکان و پێشمەرگەکانی یەکێتیەوە، کۆچی دوایی بەرێز (نەوشیروان مستەفا)مان زانی و بەم بۆنەیەوە، هاوخەمی بۆ مناڵەکانی و کەسوکارو هاوڕێبازەکانی، لەهەمان کاتدا، بۆ تەواوی ئەندامانی یەکێتی و هێزی پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان و تێکرای گەلەکەمان، دەردەبرین، دوپاتیشی دەکەینەوە کەوا:
یەکێتی و گەلەکەمان، لە هەلومەرجێکدا، بەشکۆوە کۆچی دوایی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ دونیای نەمری بەرێدەکەین، ئاشکراشە یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان ساڵێکە ڕێکەوتنی سیاسی دووقۆڵیمان هەیە. بەڵام، جێی داخە، هێشتا کۆدەنگی نیشتمانیی لایەنە سیاسیەکان، دوای هەوڵێکی بێوچان، بەتایبەت لەلایەن یەکێتی-یەوە، نەگەیشتۆتە ئەنجام، سەرەنجام، پەرلەمانیش کارا نەکراوەتەوە. ئێمە وەکو یەکێتی لەم کاتەشدا ڕایدەگەیەنین کەوا:
- چارەسەری کێشەکان، لەناو هێزە سیاسیەکان، بۆ هەموو ئەگەرە سیاسیەکان، زۆر بەگرنگ دەزانین.
- کاراکردنەوەی پەرلەمان، ئەرکێکی نیشتمانی و یاسایی، بەڵکو سیاسی چارەنوسازیشە.
- ڕێکەوتنی یەکێتی و گۆڕان، هاوکات خەبات بۆ جێ بەجێ کردنی نەخشەرێگای یەکێتی، گرنگیەکی مێژوویان بۆمان هەیە و یەکێتی بێ درێغ لەپێناویاندا تێدەکۆشین.
لەکۆتایشدا دەڵێن: سەرەرای جیاوازییەکانی نێوانمان، پێمان باشە دواچارەسەری نێوان یەکێتی و گۆڕان، هەروەکو چەندین جار گوتومانە، بەیەکگرتنەوەی هەردوولامان، مژدانەی گەلەکەمان بێ و بەم یەکگرتنەوەیەش، ڕۆحی کاک نەوشیروان وەکو هاوڕێ دێرینی جەنابی مام جەلال و تێکۆشەرێکی دامەزرێنەری یەکێتی و ڕۆڵی مێژوویی لە خەباتی مێژوویی شۆڕشی نوێ دا، شاد و هەستی هاوڕێیەتی و هاوخەباتی مام جەلال-یش ئاسودە دەبێ، بێگومان ئەندام و جەماوەری هەردوولایەنیشمان ساز دەبن بۆ ڕاپەراندنی باقی ئەرکەکانی دیموکراسی و کوردایەتی، لەپێشەوەدا، ئەرکی ڕیفراندۆم و لە ئاکامیشدا سەربەخۆیی کوردستانیش.
گیانی کاکە (نەوە)، شاد بێ و تەمەنی بۆ مناڵەکانی درێژو ئامانجەکانی یەکریزی هێزەکانمان و ڕێکەوتنی نێوانیشمان، بەدی بێن.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
19-05-2017