$کوردستان و کورد لە قۆناغی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستدا 11$
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
$هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لە کوردستاندا$
$هۆکارە ئایینییەکان$
هۆکارێکی تر، کە ڕۆڵی لە بڵابوونەوەی ئایینی ئیسلام لە کوردستاندا بینی، هۆکاری ئایینی بوو. مەبەست لەو هۆکارەش دوولایەنە بوو. لایەک بۆ پەرتەوازەیی و لاوازیی ئایین و باوەڕەکانی کوردستان دەگەڕایەوە کە لەسەر خاکەکەیدا هەبوون. لایەنی دووەم بۆ بەهێزیی ئایینی ئیسلام گەڕایەوە، کە بە هێز و توانایەکی نوێوە دەرکەوت و لە ڕێگای سوپایەکی بەهێز و باوەڕدارەوە خۆیان گەیاندە خاکی کوردستان.
پێوەند بە لایەنی یەکەم، نابێت پەرتەوازەیی و لاوازیی ئایینەکانی (بتپەرستی، ئێزدی، کاکەیی، جوو، زەردەشتی، کریستیان، مانی، مەزدەک) لەیاد بکەین، کە بوونە هۆکاری بێمتمانەیی لای خەڵک. لەنێو ئەواندا ناکرێت ڕۆڵی هەردوو ئایینی (زەردەشتی و کریستیان) لەیاد بکەین، کە ئایینی فەڕمیی ئیمپراتۆریی ساسانی و بێزەنتی بوون. (ئایینی زەردەشتی) ئایینی فەڕمیی ئیمپراتۆریی ساسانی و (ئایینی کریستیان)ش ئایینی فەڕمیی ئیمپراتۆریی بێزەنتی و تەنانەت دەوڵەتی ئەرمەنستانیش بوو.
جارێک ئایینی زەردەشتی لە ماوەی دەسەڵاتی ساسانییەکاندا لەنێوان ساڵانی (226-641ز) دووچاری کۆمەڵێک کێشە هات، لەوانە ململانێی توندی لەگەڵ ئایین و پەیڕەوانی (جوو، کریستیان، مانی، مەزدەک). لەبەرانبەردا، ئایینی کریستیانیش دووچاری کێشەی ناوخۆیی هات و چەندین پەیڕەوی لێ جیا بوونەوە، لەوانە (ئاریۆسی و نەستۆری). ئەوەش پێگەی ئەو ئایینە فەڕمییەی لە ماوەی دەسەڵاتی ساسانی و بێزەنتی و ئەرمەنییەکانیاندا لاواز کرد.
هۆکارەکانیش دیار بوون، لەلایەک (ئایینی زەردەشتی) لە ساتی دامەزراندنی ئیمپراتۆریی ساسانی، تا ساتی ڕووخانی، ئایینی دەوڵەت و دامەزراوەکانی بوو. لەو ماوەیەشدا ڕووبەڕووی (دوو) گورزی کوشندە بووەوە. یەکەمیان کەوتە نێوان ساڵانی (242-252ز) کاتێک (شاپووری یەکەمی ساسانی/242-272ز) لە ئایینی زەردەشتی هەڵگەڕایەوە و باوەڕی بە ئایینی مانی هێنا، کە لەلایەن (مانی کوڕی پاتک/ 216-277ز) بانگەشەی بۆ کرا. دووەمیان کەوتە نێوان ساڵانی (488-497ز)، کاتێک (قوبادی یەکەمی ساسانی) لە ئایینی زەردەشتی هەڵگەڕایەوە و باوەڕی بە (ئایینی مەزدەکی) هێنا، کە لەلایەن (مەزدەک کوڕی بامداد/ 468-536ز) بانگەشەی بۆ کرا.
هۆکاری دەرکەوتنی ئەو (دوو) ئایینەش بۆ لاوازیی ئایینی زەردەشتی و ستەم و دەستوەردانی موغەکانی زەردەشتی گەڕایەوە، لە کاروباری دەوڵەت و ژیانی ئاسایی خەڵک و سەپاندی باجی ئایینیی زۆر بەسەر پەیڕەوانیاندا. هەر بۆیە لە ئاست خەڵک و کۆمەڵگای ساسانی بێزراو بوون. لێرەوەش، دەرکەوتنی هەردوو ئایینی (مانی و مەزدەک) لە ئەنجامی نیگەرانی و تووڕەیی (دوو) پادشای ساسانی هات لە ئایینی زەردەشتی. ئەمەو جگە لە نیگەرانی و تووڕەیی خەڵک لە مووغ و پیاوانی ئایینی زەردەشتی.
هەر بۆیە ئەو دۆخەی مووغەکان و پیاوانی ئایینی زەردەشتی درووستیان کرد، زەمینەی بێمتمانەیی خەڵکەیان بۆ ئایینەکەیان لەگەڵ خۆی هێنا. بەوەش تا ئیمپراتۆریی ساسانی کۆتایی پێهات، هەر (سێ) ئایینی (زەردەشتی، مانی، مەزدەک) لە ململانێی توندا بوون و پادشا و بەرپرسانی ساسانیش لەو دۆخە درووستکراوەدا ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو.
لە لایەکی دیکەوە ئایینی کریستیانیش، کە لە ساڵی (313ز) بووبووە ئایینی فەڕمیی ئیمپراتۆریی بێزەنتی، دووچاری کێشەی ناوخۆیی بووەوە و چەندین پەیڕەوی لێ جیا بوونەوە. ئەم دابەشبوونەش کۆمەڵگای کریستیانی پەرتەواز کرد و کێشەی گەورەی بۆ ئیمپراتۆرەکانی بێزەنتی درووست کرد. بەو هۆیەشەوە سەرباری دابەشبوونی کۆمەڵگای بێزەنتی، خودی ئایینەکەی لەبەرچاوی بەشێکی خەڵکی ناشیرین و بێبەها کرد.
جیاواز لەو ئایینانەش، هەردوو ئایینی (ئێزدی و کاکەیی)، کە وەک (دوو) باوەڕی کوردستانی لە سەردەمانێکی کۆنەوە دەرکەوتبوون، بەهۆی کەنارگیرییان لە ڕووداوە سیاسییەکان و بانگەشەنەکردنی شێخ و پیرەکانیان بۆ باوەڕەکەیان، زیانی نەک بە پێگەی خۆیان گەیاند، بەڵکوو هێزی پەیڕەوانیشیان سنووردار کرد.
ئایینی جووش سەرباری ئەوەی زادەی خاکی کوردستان نەبوو، بەڵام ئەویش وەک هەردوو ئایینی (ئێزدی و کاکەیی) لە گۆشەگیریدا مایەوە و کاری بۆ بە فەڕمی ناسینی خۆی نەکرد، بۆیە وەک (دوو) ئایینەکەی پێشوو، ڕۆڵی لەسەر ڕووداوە سیاسییەکانی ناوچەکە و خاکی کوردستاندا نەبوو.
لەنێو ئەو دۆخە ئایینیەدا، نە مووغەکانی زەردەشتی، نە قەشەکانی کریستیان و مانی، نە مامۆستایانی ئایینیی مەزدەک، نەیانتوانی بەرانبەر ئایینی ئیسلام بوەستن، نە توانیشیان کۆمەڵگاکانی ساسانی و بێزەنتی بە کۆمەڵگای کوردستانیشەوە لە دژی ئایینی ئیسلام و هاتنی سوپای عەرەبی ئیسلامی بەکار بهێنن. تەنانەت نەیانتوانی وەڵامدەرەوەی پەیڕەوانیان و خەڵکانی تر و ئەو ئایینە نوێیە بن، تا تاک و خێزانی کوردی شوێنیان نەکەون.
کار گەیشتە ئەوەی، بەشێک لە خەڵکی نێو سنووری هەردوو ئیمپراتۆریی ساسانی و بێزەنتی بە پێکهاتەی کوردیشەوە، خوازیاری ئەوە بوون، هێز و ئایینێکی نوێ بەهانایانەوە بێت و لەو مووغ و قەشە و مامۆستایانە ڕزگاریان بکات، کە ژیانیان هەراسان کردبوون. تەنانەت بە ئەرکە ئایینی و داواکارییەکانیان، بڕستیان لێ بڕیبوون. کاتێکیش (ئایینی ئیسلام) گەیشتە کوردستان، بە سادەیی دەرکەوت و بە پاکی خۆی بە کۆمەڵگای کوردستان ناساند. وەک ئەوەی تەنیا لەبەرانبەر باوەڕهێنان بە ئایینی ئیسلام، لەکۆڵ زۆر کێشە و داواکاریی کردنەوە. ئەوانەیشی باوەڕیان بەو ئایینە نەهێنا، لەبەرانبەر پێدانی باجی جزیە، مافی مانەوەیان لەسەر ئایینەکەی خۆیان پێ درا.
بەتایبەت ئەوانەی خاوەنی پەڕتووک بوون، وەک پەیڕەوانی (جوو، کریستیان، زەردەشتی). واتە پەیڕەوانی ئەو (سێ) ئایینە و ئەوانەی لە ئایین و باوەڕەکەیان بێزار نەبوون، بە پێدانی باجی جزیە، شەڕی عەرەبە موسڵمانەکانیان نەکرد و خۆیان ڕادەستی سوپا و دەوڵەتی نوێ کرد. ئەوانەیشی بەهۆی ستەمی مووغ و قەشە و دەسەڵاتدارانی ساسانی و بێزەنتییەوە، لە ئایینەکەی خۆیان بێزار بوون، وازیان لە ئایینەکەیان هێنا و باوەڕیان بە ئایینی نوێ هێنا. ئەوەش پڕۆسەی موسڵمانبوونی کۆمەڵگای کوردیی خێراتر کرد. [1]