$کوردستان و کورد لە قۆناغی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستدا 04$
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
$کورد و ئایینی ئیسلام$
$ناساندنی ئایینی ئیسلام$
(ئایینی ئیسلام) دوای (ئایینی کریستیان) بە دووەم گەورەترین ئایین دادەنرێت، لە ڕووی دەرکەوتن و زۆرترین پەیڕەوانی لە جیهان و مێژوودا. یەکێکیش لەو نەتەوانەی زۆرترین پەیڕەویان لەنێو ئەو ئایینەدا هەبووە، (نەتەوەی کورد)ە. بەرلەوەی ئاماژە بە سەرەتاکانی ئاشنابوونی کورد بکەین بەو ئایینە و پەیامبەرەکەی (د.خ)، خودی ئایینەکە دەناسێنین.
(ئیسلام)، کە ناوی ئایینەکەی لێ وەرگیراوە، لە زاراوەی (أسلم) بە واتا (خۆبەدەستەوەدان) وەرگیراوە. مەبەستیش لەو زاراوەیە، مانای خۆبەدەستەوەدانە بۆ خودا و پەیامەکەی، نەک بۆ کەسێکی دیکە. هەندێکی دیکەش زاراوەکەیان بۆ (السلام) بە مانای (ئاشتی) گێڕاوەتەوە، بەڵام بەو مێژووەی ئایینەکە لەگەڵ خۆی هێناویەتی و زۆرینەی تەمەنی بە شەڕ و ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە بۆ بڵاوکردنەوەی تەرخان کردووە، وەک خۆبەدەستەوەدان لێ بڕوانڕێت ڕاستترە، تا وەک (ئاشتی).
هۆیەکەش ئەوە بووە کە داواکاری پەیڕەوانیان بۆ بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام، سەرەتا باوەڕهێنان بووە بە ئایینەکە. لە حاڵەتی ڕەتکردنەوەشی، سەپاندنی باجێک بووە بە ناوی (جزیە). ئەوەش بۆ پەیڕەوانی ئایینی (جوو، کریستیان، زەردەشتی)، نەک بۆ هەموو پەیڕەوە ئایینییەکان. لە کاتی ڕەتکردنەوەی ئەو باجەش، شەڕکردن بووەتە ئەرکێکی ئایینی. هەر بۆیە (خۆبەدەستەوەدان بۆ پەیامەکەی خودا) لەبەرترین مانا بووە بۆ ئایینەکە. ئەوەش ئاسایی بووە، چونکە باوەڕهێنان و پەیڕەوکردن لێی، بە مانای خۆبەدەستەوەدان بووە بۆ ئایینەکە و پەیامی خودا، نەک بۆ کەسی تر، هەر بۆیە هیچ عەیبە و لەنگییەکی تێدا نەبووە.
مێژووی ئەم ئایینە بۆ ساڵی (610ز) دەگەڕێتەوە، ئەوەش کاتێک پەروەردگار بەهۆی یەکێک لە فریشتەکانی بە ناوی (جوبرەئیل) سرووشی گەیاندە یەکێک لە کەسایەتییەکانی شاری (مەککە) لە هۆزی قورەیش، کە (محەمەد کوڕی عەبدوڵڵا) بوو. لەوە بەدواش، ئەو کەسایەتییە وەک پەیامبەری ئایینەکە و مێژووی مرۆڤایەتی ناسرا. تەمەنی پەیامبەریش بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی خودا (23) ساڵ بوو. لەو ماوەیەشدا کۆی پەیامەکەی خودای لە چەندین دەقی ئایینییدا گەیاندە کۆمەڵانی خەڵک و پەیڕەوانی. کۆی ئەو دەقانەش بە (قورئان) ناسران کە لەو ماوەیەدا لە ڕێگای (جوبرەئیل)ەوە و بە سرووش و لە چەندین شوێن و بۆنەی جیا، گەیشتە پەیامبەر و لە ڕێگای ئەویشەوە گەیشتە پەیڕەوانی و خەڵکانی تر. لێرەوە (قورئان) وەک پەڕتووکی پیرۆزی ئایینەکە، لە (114) سوورەت و (6626) ئایەت پێک هات.
لەو ماوەیەشی (محەمەد کوڕی عەبدوڵڵا/ د.خ) وەک پەیامبەر تێیدا ژیا، لە هەردوو شاری (مەککە و مەدینە) و چەند شار و شوێنێکی تر هاتنە خوارەوە. لەوانە (82) سوورەت لە شاری (مەککە) و (20) سوورەتیشیان لە شاری (مەدینە). لەسەر (12) سوورەتی دیکەش بۆچوونی جیاجیای زانایان و مێژوونووسانی ئەم بوارەی لەسەرە. هۆیەکەش ئەوەیە، پەیامبەری ئیسلام (د.خ) جگە لە مانەوەی لە شاری (مەککە و مەدینە) سەردانی چەندین شار و ناوچەی تری نیمچەدوورگەی عەرەبی کردووە، وەک (تائیف، تەبووک، دومە جوندول، ....تاد). هەربۆیە پێیان وایە، ئەو سوورەتانەش لە یەکێک لەو شوێنانە دابەزیون. ئەمەو جگە لەوەی، خودی پەیامبەر (د.خ) بەشداریی لە شەڕەکانی (بەدر، ئوحود) لەدەرەوەی شاری (مەدینە) کردووە، تا بەشداریی چەند شەڕێکی دیکەی دەرەوەی شاری (مەدینە) و هەروەها (ئاشتەوایی حودەیبییە)ی نزیک شاری (مەککە) دەگات.
خاڵێکی تر بۆ ئەو پەڕتووکە پیرۆزەی موسڵمانان، کە وەک سەرچاوەی یەکەمی ئایینەکە سەیر کراوە ئەوەیە کە تا پەیامبەر (د.خ) لە ژیاندا بوو (قورئان) نووسرایەوە، بەڵام کۆنەکرایەوە. لە دیارترین ئەو کەسانەیش کە ڕۆڵیان لە نووسینەوەی قورئاندا هەبوو (عەلی کوڕی ئەبی تالیب، موعاویەی کوڕی ئەبی سوفیان، زەیدی کوڕی حاریسە) بوون. کۆکردنەوەی قورئانیش وەک ئەو شێوەیەی ئێستا، کە هەیە، کەوتە سەردەمی سێیەمین خەلیفەی ڕاشدی (عوسمانی کوڕی عەفان/ڕ.خ). ئەویش لەنێوان ساڵانی (643-655ز)دا دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدیی بەڕێوە برد.
ئەو سەرباری ئەوەی زاوای پەیامبەری خودا بوو، یەکێک بوو لە هاوەڵە نزیکەکانی، کە نەک هەر تەمەنی، بەڵکوو هەموو سامانەکەی و ژیانیشی بەو ئایینە بەخشی، لەو پێناوەشدا و لە ساڵی (655ز)و لە کاتی قورئان خوێندندا لە ماڵەکەی خۆی شەهید کرا. هەر بۆیە بەو پێگەیەی هەیبوو، لە ماوەی خەلافەتیدا هەوڵی کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوە و نووسینەوەی قورئانی دا. کاتێکیش ئەو هەوڵەی شوێنی خۆی گرت و بە ئەنجام گەیشت، پیت و وشەکانی (قورئان) خاڵ و سەروبۆریشی نەبوو. ئەمەش بە واتای ئەوەی، تا سەردەمی ئەو خەلیفەیە نە (قورئان) بە کۆکراوەیی هەبوو، نە خاڵ و سەروبۆریشی پێوە بوو.
سەبارەت بە دانانی خاڵ بۆ قورئان، کەوتە کۆتایی سەدەی حەوتەمی زایینی. ئەوەش کاتێک (ئەبوو ئەسوەدی دوئەلی/606-691ز) خاڵی بۆ پیت و وشەکانی قورئان دانا، وەک پیتەکانی (ب، ت، پ، ج، خ، ز، ژ، چ، ف، ق، ن). واتا تا ئەم سەردەمە خاڵ لەسەر هیچ یەک لەو وشانەی قورئاندا نەبوو، نەشدەزانرا جیاوازیی نێوان (ب، ت، پ) یان (ج، ح، خ) یان (ص، چ) و (گ. ڤ) یان (ف، ق) چییە.
گۆڕانکارییەکی تر، کە خزمەتی بەو پەڕتووکە پیرۆز و پەیڕەوانی کرد، دانانی سەروبۆر بوو لەلایەن (خەلیلی کوڕی ئەحمەدی فاراهیدی/718-791ز). بەوەش قورئان بەتەواوی کەوتە بەردەم پەیڕەوانی تا بیخوێننەوە و کاری پێ بکەن. هەموو ئەمانەش ئەمانگەیەنێتە ئەوەی، کە ئایینی ئیسلام بەهۆی پەیڕەوانییەوە، چەندین قۆناغی لە دەرکەوتن و ناساندن و بڵابوونەوە و تەنانەت گۆڕانکاری تێپەڕاند، تا گەیشتە کۆمەڵگای کوردی و هەروەها جیهانیش، بۆیە بێ ئەو ڕاستییانە، هەڵەیە یەکسەر بۆ مێژووی کورد و ئایینی ئیسلام و باوەڕهێنانی کورد بەو ئایینە بڕوانین. [1]