$کوردستان و کورد لە قۆناغی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستدا 02$
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
$کورد لە تۆماری گەشتیارە موسڵمانەکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا$
پۆلی دووەم لەو گەشتیارانەی ڕۆڵیان لە نووسینەوەی مێژووی کورد و خاکەکەیدا هەبووە، ئەو گەشتیارە موسڵمانانە بوون، کە بە نەژاد عەرەب نەبوون، بەڵام زۆربەیان بە زمانی عەرەبی بەرهەمەکانیان داناوە. ئەوانیش لە شوێن خۆیانەوە بەهۆی ئەو گەشتانەی ئەنجامیان داوە، بەشێک لە مێژووی کورد و خاکەکەیان تۆمار کردووە.
لەنێو ئەوانیش، دەکرێت سەرەتا ئاماژە بە (ئەبوو تەیبیی سەرخەسی/286ک- 899ز) خەڵکی شاری (سەرخەس)ی هەرێمی خۆراسان بکەین، کە بە نەژاد فارس و وەک گەشتیارێکی ئیسلامییش ناوی چووە تۆمارەکانی مێژووەوە. ئەبوو تەبیب لە پەڕتووکەکەیدا (المسالک والممالک) ئاماژەی بە چەند مەڵبەندێکی کوردنشین داوە، لەگەڵ دووریی نێوان ناوچە و مەڵبەندەکان و ئاستی ئاوەدانییان.
(ئیبن ڕستە/290ک- 903ز)ش وەک گەشتیارێکی فارس و خەڵکی شاری (ئیسفەهان)، تۆماری هەندێک ناوچە و مەڵبەندی کوردنشینی بۆ کردووین. ئیبن ڕستە لە بەرهەمەکەیدا (الَاعلَاق النفيسة) باسی مەڵبەندە کوردنشینەکانی (ئامەد، باقردی، بازیدی، نووسەیبین، ڕەقە، حولوان، حەڕان، کرماشان) و دەیان مەڵبەندی تری کردووە. سەرەڕای باسی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و دووریی نێوان ئەو مەڵبەندانە لە یەکتری، کە وەک سەرچاوەیەکی گرنگی ژیانی ئەو ڕۆژگارەی کوردستان دەژمێردرێت.
(ئیبن فەقیە ئەلهەمەدانی/290ک- 903ز)یش وەک گەشتیارێکی شاری (هەمەدان)، کە سەرەتا کریستیان بووە و دواتر بووەتە موسڵمان و بە نەژاد فارس بووە، لە پەڕتووکی (مختصر کتاب البلدان)دا، ئاماژەی بە چەندین قەڵا و مەڵبەندی کوردنشین داوە، لەوانە (شارەزوور، جزیرە، مووسڵ، هەمەدان) و پڕۆسەی ئیسلامبوون و بەروبوومی کشتوکاڵی ئەو ناوچەشی دەستنیشان کردووە، لەگەڵ دووریی نێوانیان، بۆیە بە سەرچاوەیەکی ڕەسەنی ئەم سەردەمە دادەنرێت. لە بەرهەمی (صفە الجزیرە العرب)یشدا سنووری ناوچە کوردییەکانی لە تێڕوانینی خۆیدا دیاری کردووە و ئاماژەی بە نیشتەجێبوونی چەندین خێزانی کوردی لە نیمچە دوورگەی عەرەبی و بارودۆخیان داوە.
(ئیبن خەردازبیه/300ک- 912ز)ش وەک گەشیتارێکی فارس لە پەڕتووکی (المسالک و الممالک)دا، ئاماژەی بە چەندین مەڵبەندی کوردنشین داوە، لەوانە (شارەزوور، جزیرە، ئامەد، میافارقین، ماردین). تەنانەت بوونی کورد لە ناوچەکانی (فارس و ئەهواز). ئەمەو سەرەڕای ئەوەی دووریی نێوان ئەو مەڵبەندانەی دیاری کردووە، دەرامەتی ئابووریی زۆربەی مەڵبەندەکانیشی خستووەتە ڕوو.
(ئیبن بەڵخی/322ک/ 933ز)ش وەک گەشتیارێکی فارس و خەڵکی شارە (بەڵخ)ی هەرێمی خۆراسان، لە بەرهەمەکەیدا (تقویم البلدان) ئاوڕی لە چەند ناوچە و مەڵبەندی کوردنشین لە هەرێمی خۆراسان و ناوچەکانی سەرەڕێی گەشتەکەی داوەتەوە.
(ئەلئەستەخری/340ک- 951ز) خەڵکی شاری (ئەستەخر)ی هەرێمی فارس و بە نەژاد فارس، خاوەنی چەندین بەرهەمی مێژوویی و جوگرافی و ئەدەبی بووە. یەکێک لەوان پەڕتووکی (المسالک والممالک في اخبار الَاقاليم)ە، کە باسی لە هەرێمە کوردنشینەکانی ئەو سەردەمەی کردووە و بارودۆخ و گوزەران و هەڵکەوتەی ناوچەکانیانی خستووەتە ڕوو. لەوانە هەرێمەکانی (جزیرە و چیا) بە (دوو) مەڵبەندی کوردنشین تۆمار کردووە و باسی شار و گوند و دووریی نێوانیان و ئاوەدانی و ئایینی ئەو مەڵبەندانە کردووە. هەروەها ئاماژەی بە چەند مەڵبەندێکی کوردنشینیش لە هەرێمی فارس کردووە، لەوانە (کوورەی ئورجان)، کە سەرجەم سەرۆک و بەرپرسەکانی کورد بوون.
(ناسر خوسرۆ/481ک/1088ز) وەک گەشتیارێکی فارس و باوەڕداری ئایینزای شیعەی ئیسماعیلی، لە کاتی گەشتەکەیدا بە چەند ناوچەیەکی کوردنشین ئاماژەی بە ژیان و گوزەران و پێگەی چەند مەڵبەندی کوردنشین کردووە، بەڵام ئاماژەکانی زۆر نین.
(ئەلئیدریسی/560ک-1166ز)ش وەک گەشتیارێکی بە نەژاد بەربەر، ئاماژەیەکی کورتی بە ماوەی نێوان چەند شار و ناوچەیەکی کوردی لەلایەک و ماوەی نێوان ئەوان لەگەڵ ناوچەکانی دەوروبەری کردووە. ئەمەو جگە لە (پێنج) جار ئاماژەدانی بە ناوی کورد وەک دانیشتوانی ناوچە کوردنشینییەکان.
(ئەبوسەعیدی مەغەریبی/610ک/1286ز) وەک گەشتیارێکی تونسی، بە نەژاد بەربەر، لە بەرهەمەکیدا بەناوی (کتاب الجغرافیا)، کە بۆ تۆماری گەشتەکەی تەرخانی کردووە، کە بەرەو خۆرهەڵاتی وڵاتانی ئیسلامی و دواتر بۆ وڵاتی ئەندەلووس (ئیسپانیا) چووە، ئاماژەی بە ژیان و پێگەی جوگرافی و ناوی چەندین مەڵبەندی کوردنشین کردووە، بەتایبەت لە هەرێمی جزیرە.
(ئەلقەزوینی/682ک-1283ز) لە پەڕتووکی (أثار البلَاد و أخبار العباد) بە وێنەی گەشتیارەکانی پێشوو، چەندین تۆماری مێژوویی بەکەڵکی لەسەر ناوچە کوردنشینەکان تۆمار کردووە.
(مارکۆ پۆلۆ/724ک/1324ز) وەک گەشتیارێکی ئیتاڵی، لە ئاستانەی گەشتەکەیدا لە وڵاتی ئیتاڵیاوە بۆ وڵاتی چین، لە کاتی تێپەڕین بە خاکی کوردستاندا سەرباری ئەوەی ناوی (کوردستان)ی بە (کاردستان) تۆمار کردووە، ئاماژەی بەو ناوچە و مەڵبەند و شار و گوندە کوردنشینانە کردووە، کە پێدا تێپەڕیوە.
(ئیبن بەتووته/779ک-1377ز)ش کە خاوەنی بەرهەمی (تحفه النظار في غرائب الَامصار و عجائب الَاسفار)ە، بە (رحلة أبن بطوطه) ناسراوە، سەرباری ئەوەی چەندین زانیاریی بەنرخی لەسەر گەشتەکەی ئەو شوێنانەی سەردانی کردووە، خستووەتە ڕوو، تەنیا لە یەک شوێن باسی لە (کورد) کردووە، ئەویش (قەڵای کوردان)ە، کە بە شارۆچکەیەکی بچووک و پڕ دار و درەخت باسی کردووە. لەکاتێکدا بە وردیی باسی لە سەردانی شاری (حەلەب) و جوانی و گەورەیی و ئاوەدانی کردووە، بێ ئەوەی ئاماژە بە نەتەوە و زمانی دانیشتوانەکەی بدات! ئەمەو لەکاتێکدا بۆ شاری (ئەرزنجان) نووسیویەتی: شارێکە دانیشتوانەکەی ئەرمەنیین و بە زمانی تورکی قسە دەکەن‘‘.
هەروەها بۆ شاری (قیساریە)ش نووسیویەتی: شارێکی عەرەبییە و دانیشتوانەکەی بە زمانی عەرەبی قسە دەکەن‘‘. ئەوەش ئەمانگەیەنێتە ئەوەی، کە (کورد و مەڵبەندە کوردییەکان) لای ئەو گەشتیارە ئیسلامییە پەراوێز خراوە! هۆیەکەی چی بووە؟ د%