پۆشاکە نوێیەکەی پاشا
نووسەری دانیمارکی / هانز کریستیان ئەندەرسن
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە / قارەمان حسێن عەبدوڵڵا
ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر پاشایەک هەبوو زۆر شەیدای جلوبەرگی نوێ بوو، بە ڕاددەیەک کە زۆربەی سەروەت و سامانەکەی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردبوو، بۆ ئەوەی بە شایستەیی و بە جلوبەرگی قەشەنگەوە دەرکەوێت! هیچ گرنگییەکی بە سەربازەکانی نەدەدا و بەسەرکردنەوەی نەبوو بۆیان، سەردانی شانۆی نەدەکرد، هەرگیز بە گالیسکەکەی دەرنەدەچووە دەرەوە مەگەر تەنیا لەپێناو نمایشکردنی جلوبەرگە نوێیەکانی نەبێت!
هەر کاتژمێرێک و بە درێژایی ڕۆژ پاشا پۆشاکێکی نوێی لەبەردەکرد! کاتێک کە پرسیاری پاشایان دەکرد، لەبری ئەوەی بوترێت کە وەک هەر فەرمانڕەوایەکی تر پاشا لە ئەنجوومەنی فەرماندارییە، لێرە هەمیشە دەیانوت پاشا لە ژووری خۆگۆڕینە
ئەو شارە گرنگەی کە پاشا تیایدا دەژیا جوان و خۆش بوو، خەڵکی بەخۆشی تیایدا دەژیان، هەموو ڕۆژێک خەڵکی دەوروبەر ڕوویان لێیدەکرد و سەردانیان دەکرد...
ڕۆژێک دوو پیاوی فێڵباز سەردانی شارەکەیان کرد و بانگەشەی ئەوەیان بۆ خۆیان دەکرد کە کاری جۆڵایی دەکەن، دەتوانن نایابترین جۆری قوماش بچنن کە بێوێنە بێت، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی لە ڕەنگ و نموونەی باشی هاوشێوەی نییە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ئەو پۆشاکانەی لەم قوماشە درووستدەکرێن توانایەکی سەرسوڕهێنەریان هەیە و دەبن بە نەبینراو بۆ هەرکەسێک کە شایانی پۆستەکەی نەبێت یان هەرکەسێک کە لە ڕاددەبەدەر گەمژە بێت!
پاشا بیری دەکردەوە و لەبەر خۆیەوە دەیوت ئەو قوماشە بە تەواوی بۆ من باشە، ئەگەر بیانپۆشم ئەوسا توانام دەبێت کە بزانم لە مەملەکەتەکەمدا کێن ئەوانەی شایانی پۆستەکانیان نین، دەتوانم پیاوە داناکان لە گەمژەکان جیابکەمەوە. بەڵێ، بەدڵنیاییەوە پێویستە هەرئێستا هەندێک لەو قوماشە چنراوە بۆ خۆم دابین بکەم
پارەیەکی زۆری بەخشی بە دوو فێڵبازەکە بۆ ئەوەی یەکسەر دەستبکەن بە کارکردن!
ئەوانیش دوو دەزگای چنینیان دانا و خۆیان وا پیشاندەدا کە قوماش دەچنن، هەرچەندە دەزگاکان هیچیان لەسەر نەبوون. هەموو ئەو ئاوریشمە نایابانە و ئەو داوەزێڕە خاوێنانەی داوایانکردبوو دەیانخستە ناو جانتاکانیانەوە، لە کاتێکدا لەسەر دەزگا بەتاڵەکان تا دێژایی شەو کاریان دەکرد!
حەزدەکەم تەماشای کارەکەیان بکەم و بزانم لە درووستکردنی قوماشەکە گەیشتوونەتە کوێ؟ پاشا لەبەر خۆیەوە بیریدەکردەوە، بەڵام کەمێک هەستی بە نیگەرانی دەکرد کاتێک بیریکەوتەوە کە ئەو کەسانەی گونجاو نین بۆ شوێنەکانیان ناتوانن قوماشەکە ببینن. هەرچەندە گومانی لە خۆی نەبوو، بەڵام بڕوای وابوو کە باشترە کەسێکی تر بنێرێت بۆ بینینی بەڕێوەچوونی کارەکە.
تەواوی خەڵکی شارەکە ئەو توانا سەیرەی قوماشەکەیان بیستبوو، هەروەها هەموویان ئارامییان لێبڕابوو بۆ ئەوەی بزانن هاوسێکانیان چەندێک گەمژەن!
پاشا بڕیاریدا و لەبەر خۆیەوە وتی وەزیرە بەتەمەنە دڵسۆزەکەم دەنێرم، ئەو باشترین کەسە بۆ ئەوەی بزانێت قوماشەکە چۆنە، چونکە ئەو پیاوێکی شیاوە و کەس وەکوو ئەو بە باشی ئەرکەکانی خۆی ئەنجام نادات
وەزیرە دڵسۆزەکە چوو بۆ ئەو ژوورەی کە دوو فێڵبازەکە لەسەر دەزگا بەتاڵەکان کاریان دەکرد.
خوایە گیان یارمەتیم بدە، خۆ من هیچ شتێک نابینم! وەزیرەکە لەو باوەڕەدا بوو، چاوەکانی زەق بوونەوە! بەڵام هیچی نەدرکاند. هەردوو فێڵبازەکە دەستیان بۆ لای دەزگا بەتاڵەکان درێژکرد و داوایان لێیکرد کە زیاتر بێتەپێشەوە بۆ دڵنیابوون لە نایابی قوماشەکە و جوانی ڕەنگەکانی!
وەزیرە بەتەمەنە بەستەزمانەکە تا بتوانێت نمایشی دەکرد هەرچەندە هیچی نەدەبینی، چونکە شتێکی لێنەبوو بۆ بینین! لەبەرخۆیەوە بیریدەکردەوە و دەیوت خودایە بەزەییت پێمدا بێتەوە، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە کە من گەمژەم!؟ هەرگیز پێشبینی ئەمەم نەدەکرد، پێویستە کەس بەمە نەزانێت. ئایا من شیاو نیم بۆ وەزیری!؟ پێویستە هەرگیز باسی نەکەم کە ناتوانم قوماشەکە ببینم
یەکێک لە فێڵبازەکان وتی دوودڵ مەبە لەوەی بۆچوونی خۆت بڵێیت دەربارەی قوماشەکە
وەزیرە بەتەمەنەکە لە چاویلکەکەیەوە بە زەقی تەماشای دەکرد و وتی :
ئۆۆو، جوانە... ئەفسووناوییە! چەند نموونەییە و ڕەنگەکانی چەند جوانن!
بە دڵنیاییەوە بە پاشا دەڵێم کە چەند دڵگیر بوو بەلای منەوە!
خۆشحاڵین بە بیستنی ئەمە فێڵبازەکان ئەمەیان وت و بەردەوام بوون لە ناونانی هەموو ڕەنگەکان و ڕوونکردنەوەی ئەفسوونە نادیارە کەی!
وەزیرە بەتەمەنەکە بە گرنگییەوە گوێی لێیان گرتبوو بۆ ئەوەی هەموو ئەوانەی دەیبیستێت وەک خۆیان بۆ پاشای بگێڕێتەوە. هەر وایشیکرد!
دوو فێڵبازەکە یەکسەر داوای پارە و ئاوریشم و داوی زێڕینی زیاتریان کرد بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە چنینی قوماشەکە. بەڵام هەموو ئەوانە دەچوونە گیرفانی خۆیانەوە، تەنانەت یەک داوێکیشیان نەدەخستە سەر دەزگاکان. بەو شێوەیە بەردەوام بوون لە چنین بە هەموو توانایەکیانەوە!
پاشا یەکسەر کەسێکی تری باوەڕپێکراوی فەرمی نارد بۆ ئەوەی بزانێت کارەکە چەندێکی ئەنجام دراوە و کەی تەواو دەبێت. هەمان بەسەرهاتی وەزیرەکە لەگەڵ ئەمیش ڕوویدا. کابرای نێردراو تەماشایکرد و تەماشایکرد، بەڵام هیچ شتێک لەسەر دەزگاکان نەبوو، لەبەر ئەوە نەیتوانی هیچ ببینێت! فێڵبازەکان دەستیانکرد بە پیشاندان و وەسفکردنی ئەفسوونە خەیاڵییەکەیان و لە پیاوەکەیان پرسی ئایا پارچە قوماشێکی جوان نییە!؟
پیاوە فەرمییەکە لەبیری خۆیدا لێکیدایەوە دەزانم من گەمژە نیم، کەواتە بێگومان من شیاوی شوێنە باشەکەم نیم. ئەمە سەیرە! بەڵام سەرەڕای ئەمەیش پێویستە کەس نەزانێت بۆیە دەستیکرد بە پیاهەڵدان بەو قوماشەی کە نەیدەبینی، بە دوو فێڵبازەکەی ڕاگەیاند کە ڕەنگە جوانەکانی و نایابی ئەفسوونییەکەی بە دڵیەتی!
گەڕایەوە بۆ لای پاشا و وتی قوماشێکی ئەوەندە سەیرە تووشی سەرسووڕمانی کردووم!
هەموو خەڵکی شار باسی ئەم قوماشە قەشەنگەیان دەکرد... پاشا خۆیشی حەزیدەکرد کە قوماشەکە ببینێت لە کاتێکدا هێشتا لەسەر دەزگاکانە!
بە یاوەری دەستەیەک لە پیاوانی هەڵبژێردراو کە دوانەکەی تریشیان لەگەڵدا بوون، پاشا بەڕێکەوت بۆ بینینی دوو فێڵبازەکە. تەماشایکرد بە هەموو توانایەکیانەوە خەریکی چنینن، بەڵام بە بێئەوەی داوێک لەسەر دەزگاکەیان هەبێت!
ئەو دوو پیاوە فەرمییانەی کە پێشتر هەڵخەڵەتێنرابوون، لەو باوەڕەدا بوون کە ئەوانی تر دەتوانن قوماشەکە ببینن، دەستیان بۆ لای دەزگا بەتاڵەکان درێژکرد و وتیان :
خاوەن شکۆ، قوماشێکی چەند نایابە! تەماشای ئەو ڕەنگانە و ئەو دیزاینە بکەن!
پاشا بیریکردەوە و لەبەرخۆیەوە وتی ئەمە چییە؟ ناتوانم هیچ ببینم، ئەمە چەند سەختە!
ئایا من گەمژەم؟ ئایا من شیاوی پاشایەتی نیم؟ چی شتێکم بەسەردێت لە لایەن خەڵکەوە!؟
لە پاش ئەم بیرکردنەوە و تاووتوێکردنە، پاشا لە لای دەزگا بەتاڵەکان سەری لەقاند و وتی :
ئۆۆو! زۆر سەرنجراکێشە و بە تەواوی جێی ڕەزامەندیمە!
هیچ شتێک نەیتوانی وا لە پاشا بکەن کە بڵێت ئەو هیچ شتێک نابینێت. هەموو یاوەرەکانی پاشا بە بەردەوامی نمایشیان دەکرد. کەس لە کەسی تر زیاتری نەبینی، بەڵام هەموویان هاوڕای پاشا بوون و هوتافیان دەکێشا و دەیانوت ئۆۆو! زۆر سەرنجڕاکێشە!
هەروەها پێشنیاریانکرد بۆ پاشا کە پۆشاکێک لەم قوماشە نایابە بپۆشێت بە تایبەت لە کاتی ڕێوڕەسمی دەرکەوتنی داهاتووی کە ماوەیەکی کەمی مابوو بۆ ئەنجامدانی!
هەموو یاوەرەکان بە باشترین شێوە خۆشحاڵی خۆیان پیشاندا و هەموویان هاودەنگ بوون و یەک بە دوای یەکتری دەیانوت شاهانەیە! نایابە! بێ هاوتایە!
پاشا بە هەریەکێک لە فێڵبازەکان مەدالیایەکی بەخشی بە ناونیشانی سوارچاکی بواری چنین بۆ ئەوەی بە سینگیانەوە هەڵیانواسن و شانازی بە خۆیانەوە بکەن!
پێش ڕێوڕەسمی دەرکەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی پاشا، فێڵبازەکان بە درێژایی شەو شەونخوونییان کرد و ژمارەیەک مۆمی زۆریان داگیرساند بۆ ئەوەی خۆیان وا پیشان بدەن کە زۆر خەریک بوون و هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی پۆشاکە نوێیەکەی پاشا تەواو بکەن. دەستیانکرد بە لێکردنەوەی قوماشەکە لە دەزگاکە، لە هەوادا و بە مەقەستی گەورە دەستیانکرد بە بڕینی پۆشاکەکە... تا لە کۆتاییدا وتیان ئێستا پۆشاکە نوێیەکەی پاشا ئامادەیە
پاشا خۆی و باشترین پیاوە جوامێرەکانی هاتن بۆ لای دوو فێڵبازەکە، ئەوانیش هەریەکە و دەستێکی خۆیان بەرز ڕاگرتبوو وەک ئەوەی کە شتێکیان هەڵگرتبێت، بە پاشایان وت
ئەمە بەشی خوارەوەی پۆشاکەکەیە، ئەمە بەشی سەرەوەیەتی، ئەمەیش عەباکەیەتی، دەڵێی تۆڕی جاڵجاڵۆکەن ئەوەندە سووکن، هەست ناکەن شتێکتان لەبەرکردووە، بەڵام هەرئەمەیشە وایان لێدەکەن کە نایاب و بێ هاوتا بن.
هەموو پیاوە جوامێرەکانی پاشا هاوڕابوون و وتیان بە دڵنییاییەوە وایە هەرچەندە هیچیان نەدەبینی چونکە هیچ شتێک نەبوو تاکو ببینرێت.
دوو فێڵبازەکە بە پاشایان وت خاوەن شکۆ، ئەگەر بفەرموون جلوبەرگەکانتان دابکەنن، ئێمە خزمەتتان دەکەین بۆ لەبەرکردنی جلە نوێیەکەتان لە بەردەم ئەم ئاوێنە درێژە
پاشا جلوبەرگەکانی داکەند، فێڵبازەکان دەستیانکرد بە یارمەتیدانی بۆ لەبەرکردنی پۆشاکە نوێیەکەی و پارچە لە دوای پارچە لەبەریانکرد. پاشایان بە دەوری خۆیدا سووڕانەوە و خۆیان وا نیشاندەدا کە شتێک لە ناوقەدی دەبەستن.
پاشا هەر بە دەوری خۆیدا دەسوووڕایەوە و لە ئاوێنەکەوە تەماشای خۆی دەکرد، لە هەموو لایەکەوە گوێی لێبوو پێیان دەوت خاوەن شکۆ، جلوبەرگەکە لەبەرتان زۆر ڕێک و جوانە، لێتاندێت و گونجاوە بۆتان! چەند ئەفسووناوییە، زۆر تەواوە، ئەو ڕەنگانە زۆر گونجاون!
بەڕاستی ئەم پۆشاکە پێداویستییەکی شاهانەیە!
لە دواییدا وەزیری ڕێوڕەسمە گشتییەکان وتی خاوەن شکۆ، کەژاوەکەتان لە دەرەوە لە چاوەڕوانی جەنابتاندایە
باشە، پێموابێت ئامادەم پاشا ئەمەی وت و دووبارە بە دەوری خۆیدا سووڕایەوە بۆ ئەوەی دوایین جار تەماشای ئاوێنەکە بکات. لە پاشاندا جارێکی تر وتی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش گونجاوە، وا نییە؟ پاشا وا دەردەکەوت کە بە گرنگییەکی زۆرەوە دەیڕوانییە پۆشاکەکەی.
ئەو جوامێرانەی کە دەبوو بەشە درێژەکەی دواوەی عەباکەی هەڵگرن، خۆیان چەماندەوە
تا سەر زەوییەکە و خۆیان وا نیشاندەدا کە لە زەوییەکە چمکە درێژەکان هەڵدەگرن و بەرزی دەکەنەوە... جورئەتی ئەوەیان تیانەبوو کە بڵێن هیچیان هەڵنەگرتبوو!
کە پاشا چووە ژێر کەژاوەی شاهانە و ڕێوڕەسمی دەرکەوتنەکەی دەستیپێکرد، هەموو خەڵکی لە شەقامەکان و لە پەنجەرەکانەوە دەیانوت ئۆۆو، پۆشاکە نوێیەکەی پاشا چەند جوانە! بەڕاستی زۆر گونجاوە بۆی! چمکی عەباکەی چەند درێژە!
کەس نەبوو دان بەوەدا بنێت کە هیچ شتێک نابینێت! چونکە ئەوە دەیسەلماند کە شیاو نییە بۆ شوێنەکەی یان گەمژەیە... پاشا پێشتر هیچ پۆشاکێکی نەپۆشیوە وەک ئەمە ڕێک بێت لەبەری!
بەڵام پاشا هیچ شتێکی لەبەردا نییە منداڵێک ئەمەی وت، بەڵام باوکی منداڵەکە خێرا وتی
منداڵێکی هەڵەوەڕە... لێی مەگرن، ناماقووڵی کرد
ئەوەی منداڵەکە وتی، خەڵکی بە چپەچپ بە یەکترییان دەوت پاشا هیچ شتێکی لەبەردا نییە، منداڵێک دەڵێت پاشا هیچ شتێکی لەبەردا نییە
لە دواییدا تێکڕای خەلکی هاواریان دەکرد بەڵام پاشا هیچ شتێکی لەبەردا نییە
پاشا موچوڕکەیەک بە گیانیدا هات، چونکە لەو باوەڕەدا بوو کە ئەوان ڕاستدەکەن.
بەڵام پاشا بیریکردەوە و لەبەرخۆیەوە وتی ئەم ڕێوڕەسمە پێویستە بەردەوام بێت
بۆیە بەشانازییەکی زیاتر لە جارانەوە ڕێیدەکرد و پیاوە جوامێرەکانیش چمکی درێژی عەباکەیان هەڵگرتبوو کە هەرگیز بوونی نەبوو![1]