ڤیستیڤاڵی پریماڤێرا لە بارسەلۆنا دەستی بە کارەکانی کرد و کورتە فیلمی #بارێ گران# یەکێک بوو لە کێبڕکێکارەکانی بە دەستهێنانی خەڵاتەکانی.
کورتە فیلمەکە باس لە پەیوەندیی نێوان کوڕ و خاڵێک دەکات کە هەردوکیان کوردن. کوڕەکە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە، ناوی ساڵحە و سامان مستەفا ڕۆڵەکەی دەگێڕێت، بەڵام لە شاری #ماردین#ی باکووری کوردستان لای ئاڤدەلی خاڵۆی دەمێنێتەوە، ئەوان لە دۆخێکی سەخت و نەبوونیدا ژیان بەسەردەبەن و لەسەر ئەم حاڵەشیانەوە هاوکاری و هاوپشتی یەکدین.
دوایین خەڵات ڕۆژی 23-05-2020 بوو کە لە ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئیسپانیا لە شاری بارسەلۆنادا فیلمی بارێ گران خەڵاتی باشترین ئەکتەری پێدرا.
#یەڵماز ئۆزدیل#ی دەرهێنەر ڕایگەیاند:فیلمەکە لە 73 فێستیڤاڵەوە بانگهێشتکراوە. 50 لەو ڤیستیڤاڵانە بەڕێوەچوون و نزیکەی 20 ڤیستیڤاڵیش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەستێنراون.
ئۆزدیل هەروەها جەختیکردەوە کە لە بەرهەمهێنانی فیلمەکەیدا هیچ پشتگیرییەکی دەوڵەت و کۆمپانیاکانی نەبووە و کارەکە بە تەواوەتی کەسی بووە.
ئۆزدیل کە فیلمەکەی لە هەرێمی کوردستان، فەرەنسا، ئیسپانیا، تورکیا، چیلی، مەغریب، ئوسترالیا، ئیتاڵیا، بەرازیل و چەند وڵاتێکی دیکە خەڵاتی وەرگرتووە گوتی :ئەو خەڵاتەی لە چیلی بەدەستمانهێنا (ئۆسکار کواڵیفاین) بوو کە لەڕێگەیەوە دەتوانین فیلمەکە بۆ خەڵاتی ئۆسکاری باڵا کاندید بکەین و لەوێشدا ڕکابەریی پلەکانی یەکەم بکەین.[1]