هاونیشتمانیانی خۆڕاگر!
گەلی بەشمەینەتی کوردستان!
رۆژی 10ی خاکەلێوە لە مێژووی نەتەوایەتی گەلی کورد دا، یەکێکە لەو ڕۆژە دیار و لە بیر نەکراوانە کە بە هۆی ڕوودانی کارەساتێکی ناخ هەژێن و لە هەمان کاتدا لێوان لێو لە سەربەرزی و شانازی، لە بیر و هزری هەر کوردێکی نیشتمان پەروەر و شۆڕشگێڕ دا تۆمار کراوە. ئەم ڕۆژە جێگەو بایەخێکی گرینگ و دیاری لە مێژووی بزاڤی ڕەوا و خوێناوی کورد و کوردستان دا گرتووە. بێشک خوێندنەوەی ئەو مێژووە بۆ هەر مرۆڤێکی دەربەست بە ماف و ئازادی تاک و کۆمەڵ و گەل و نیشتمان، دەبێتە مایەی بڕیار و پەیمان و بەڵین دان بە نەتەوە و نیشتمان بۆ درێژەدان بە ڕێبازی ئازادی و ڕێبازی شەهیدان و سوور بوون لە سەر خەبات و تێکۆشان لە پێناو بەدەست هێنانی ئامانج و ئاواتی لە مێژینەی گەل، کە ڕزگاری و بەختەوەری و گەیشتن بە پلەی بەرزی مرۆڤایەتی و دابین کردنی ئاشتی و پێکەوە ژیانی بەرانبەر و دوور لە هەر چەشنە ژێردەستی و چەوساندنەوەی گەلان بەدەستی گەلان و نەتەوە بە دەستی نەتەوەوە.
10ی خاکەلێوەی ساڵی 1326 ی کۆچی خۆری، ڕۆژی شەهید بوونی مەزنە پیاوی دڵسۆز و فیداکاری نەتەوەی کورد، پێشەوا و ڕێبەر و سەرکۆماری ڕووناکبیر وگەل و نیشتمان خۆشەویست و خۆنەویستی کورد، قازی موحەممەد و هاوڕێ بە وەفا و فیداکارەکانی وەک: ئەبولقاسمی قازی برای پێشەوا، ، سەدری قازی، ، و حەمەحسێن خانی ئامۆزای پێشەوا، ، سەیفی قازی، ، ە کە بەدەستی دژمنانی کورد و کوردستان، و لە ژێر چاودێری زلهێزە پاوانخوازەکانی ئەو سەردەمەی جیهان و ناوچەکە، لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مهاباد لە سێدارە دران و گیانی پاک و بێ گەردیان بەرەو بەهەشتی هەرمان باڵی گرت. دژمنانی قین لە دڵ و دڵکوێرانی کەڕمەسۆی حەق نەبیست و شۆڤێنیست، لە زۆر بڕگەو قۆناغی مێژووی خەباتی ڕەوای گەلانی بن دەست وماف پێشێلکراو دا، جینایەت و بێ دادی و کردەوەی دوور لە هەموو ڕێ و شوێنی مرۆڤایەتی و ئایینیان دوو پاتە کردوونەوە و پێیان وابووە کە بە لەسەردانی سەردار و سەرکردە و ڕێبەری گەلانی خەباتگێڕ و کۆڵنەدەر کە تێکۆشانیان لە پێناو گەیشتن بە ئاشتی و ئازادی و ئاسایش و هێمنایەتی دا بوو، دەتوانن بۆ هەمیشە ئاگری ئەو خەباتە ڕەوایە دادەمرکێنن وئەو گەلانە بۆ هەمیشە بە یەکجاری بە چۆک دا بێنن. دیکتاتۆران بێ خەبەرن لەوەی کە ئەو گەلانە هەستی تۆڵە ئەستاندنەوەیان زیاتر تاو دەستێنێ و لە هەر قەترە خوێنێکی بە ناحەق ڕژاویان هەزاران خەباتکار و ڕێبەر و ڕێنیشاندەری بە بڕیار وفیداکار لە ئامێزی دایکی نیشتمان دا فرچک دەگرن و پێدەگەن و تێدەگەن تا سەرکەوتنی یەکجاری دەبنە داشداری گەل و کاروانی خەبات و تێکۆشان بەرەو مەنزڵی سەرفرازی و ڕزگاری و بەختەوەری دەبەن. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە 73 هەمین ساڵرۆژی ئەو کارەساتە دەڵتەزێن و ناڕەوایەدا، ڕێز لە فیداکاری و گیانبازی ئەو مرۆڤە بەرز و بەرێزانە دەگرێ و دەرسی خۆنەویستی و گەل و نەتەوە خۆشەویستیان لێ فێردەبێ و ورە و توانای شۆڕشگێڕیان لێ وەردەگرێ و، لە هەمان کاتیشدا درێژەدان بە ڕێباز وئامانجیان بە بەنرخترین پاداشت بۆ ئەو شەهیدانە و تێکڕای شەهیدانی نەتەوە و نیشتمان دەنرخێنێ و داوا لە هەموو خەباتکارانی ڕێی ڕزگاری کورد وکوردستان دەکا، کە وەسیەتی پێشەوای نەمر بکەنە هەوێنی هاوکاری و یەکیەتی و تەبایی لە پێناو گەیشتن بە سەرکەوتنی یەکجاری.
بەرز و بەرێز بێ بیرەوەری 10ی خاکەلێوە ساڵرۆژی شەهید بوونی پێشەوای نەمر و هاورێیانی.
مەرگ و نەمان بۆ ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی
سەرشۆڕی و ڕیسوایی و نەمان بۆ دژمنانی کورد و کوردستان.
کومیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران،
9ی خاکەلێوەی 1399 ی کۆچی خۆری.
#28-03-2020#