عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، لیژنەکەیان پێشنیازی کردووە پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی تایبەت لەبارەی بار ودۆخی ڕۆژئاڤای کوردستان ساز بکات دەبێت پەرلەمانی لەم دۆخەدا قسەی جدی هەبێت، چونکە هێرشکردنە سەر کوردی ڕۆژئاوا هیچ پاساوێکی نییە.
ئه و پەرلەمانتارەی یەکێتی بە ئەرکی پەرلەمانی کوردستانی دەزانێ بەیاننامەی ئیدانەکردن دەربارەی هێرشەکەی تورکیا دەربکات، بەڵام دەشڵێت: ئیدانەکردن بەس نییە، پێویستە پەرلەمانی کوردستان ڕەزامەندی بنوێنێ بۆ ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕۆژئاڤا. گوتیشی من وەک پەرلەمانتارێک ئامادەم بۆ شەڕ بچمە ڕۆژئاوای کوردستان.
وا بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 14-10-2019 سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی باسی دانیشتێکی پەرلەمان لەبارەی پرسی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن.
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پێیوایە دەبێت لە چواچێوەی یاسادا مامەڵە لەگەڵ ئه و دۆخە هەستیارە بکەن و دەڵێت: پێویستە هەموو فراکسیۆنەکان پێکەوە بگەینە بڕیارێک و لە چوارچێوەی یاسا ڕێگەپێدراوەکاندا مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەین.
لەبارەی بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕۆژئاڤا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: سۆزی نەتەوەیی شتێکە و واقیعی حاڵ شتێکی دیکەیە. ئایا بۆ کارێکی وەها یاسا ڕێگەمان پێدەدا؟ ئایا ئەگەر هەنگاوێکی وەها بنێین بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتێکی دیکە هەژمار ناکرێت؟ وەکو چۆن ئێستا دەڵێن هێرشەکەی تورکیا دەستێوەردانە لە کاروباری وڵاتێکی دیکە، جگە لەوەش ئێمە شەڕی دەوڵەتێکی وەک تورکیامان پێدەکرێت؟ بۆیە دەبێت بە وریایی و بەپێی یاسا ڕێگەپێدراوەکان مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەین.
ساڵی 2014 کاتێک داعش پەلاماری کۆبانێی دا، پەرلەمانی کوردستان ڕەزامەندی دا لەسەر ناردنی هێز بۆ پشتیوانی لە شەڕڤانان لە کۆبانێ. دواتر هێزێکی پێشمەرگە بە نێو خاکی تورکیادا چوونە ئه و شارە کە داعش بەشێکی داگیرکردبوو.
شاخەوان ڕەئوف. لە فراکسیۆنی گۆڕان و بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێ: پێویستە پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستان ساز بکات.
ئه و پەرلەمانتارەی گۆڕان لەگەڵ ناردنی هێزە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و دەڵێت: بۆ ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕۆژئاوا باشترە بۆچوونی حکومەتی ناوەندیش وەربگرین، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت.
عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ بە باشی دەزانێت شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان بکات. عەبدولستار مەجید گوت: دەبێت پەرلەمان بەزوویی دانیشتنێک سازبکات و شاندێک بنێرێتە ڕۆژئاوا و دوای گەڕانەوەیان و ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک، ئەوکاتە دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان ساز بکرێت، له و دانیشتنەشدا هەڵوێستی پەرلەمانی کوردستان ڕابگەیەنرێ.
شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت ئەمڕۆ دووشەممە 14-10-2019 سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوە: له و دانیشتنەدا بڕیار لەسەر بۆچوونی پەرلەمان دەدرێت، لەسەر ئه و دۆخەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێ.
بەبڕوای سەرۆکی پارتێکی تورکمانی، بۆ ئه و پرسە کە لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستانە، لەڕووی یاساییەوە، پەرلەمانی کوردستان ناتوانێ دانیشتنی تایبەت ڕێکبخات. محەممەد سەعدەدین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان گوت: بەپێی یاسا، ئیشوکاری پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستاندایە. پەرلەمان ناتوانێ دانیشتنی تایبەت بۆ دۆخی ڕۆژئاوا ساز بکات، بەڵام دەکرێت لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ گەیاندنی هەموو جۆرە هاوکارییەکی مرۆیی کۆببنەوە.[1]