کوردستانی یانەی هیراکلیس ئەلمیلۆ-ی هۆڵەندایی پاش ئەوەی ڕۆژی 16ی ئەم مانگە لەیاری یانەکەی بەرامبەر بەیانەی فۆرتونا سیتارد لەهەفتەی 22ی قۆناغی دووەمی خولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی هۆڵەندا-ی وەرزی 2018-2019دا، توانی 2 گۆڵ بۆ هاوڕێکانی سازبکات و بە شەش گۆڵی بێبەرامبەر براوەبن، بۆ هەفتەی دووەم لەسەریەک لەلایەن ڕۆژنامەی (ئالگیمین داگبلاد- Algemeen Dagblad)ی هۆڵەندایی ناوی لەنێو هەڵبژاردەی باشترینەکانی هەفتەی 22ی خولەکە هاتووە.
رۆژنامەی (ئالگیمین داگبلاد- Algemeen Dagblad) کەڕۆژنامەیەکی گشتییە و لەشاری ڕۆتردام دەردەچێت، هەفتانە لەڕێگەی نووسەرانییەوە باشترینەکان دیاری دەکات و لەم هەفتەیەشدا محەمەد عوسمان-ی ناوەڕاستکاری لاوی کورد و یانەی هیراکلیس ئەلمیلۆ لەبەرامبەر ئه و ئاستە بەرزەی لەیارییەکەدا پێشکەشی کرد، بەوەرگرتنی 7.5 خاڵ ناوی لەنێو پێکهاتەکەدا هاتووە.
هەفتەی ڕابردووش هەمان ڕۆژنامە و گۆڤاری (ڤوتبال ئینتەرناسیۆنال-Voetbal International)ی هۆڵەندایی ناوی محەمەد عوسمان-ی یاریزانی نێودەوڵەتی کوردی هەڵبژاردەی سوریا-یان خستە نێو پێکهاتەی باشترینەکانی هەفتە (هەڵبژاردەی هەفتە)ی 21ی خولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی هۆڵەندا، ئەمەش پاش ئەوەی یاریزانی ناوبراو گۆڵی بردنەوەی 1-0ی یانەکەی لەیانەی ئەجاکس ئەمستردام-ی بەناوبانگ کرد.
شایەنی باسە محەمەد عوسمان-ی تەمەن 24 ساڵ و ناوەڕاستکاری لاوی کوردی دانیشتووی هۆڵەندا و خەڵکی شاری #قامیشلۆ#ی ڕۆژئاوای کوردستان کەژمارە درێسی 14ی یانەی هیراکلیس دەپۆشێت، لەخولی نایابی یانەکانی هۆڵەندا خاوەنی 20 یاری و 1612 خولەک یاری کردنە و 4 گۆڵی تۆمار و 1 گۆڵیشی سازکردووە.