گەریلاکانی #هەپەگە# و یەژاستار، لە باکور و باشوری کوردستان چەندین چالاکییان لەدژی پێگەکانی سوپای تورک ئەنجامداوە، لەو چالاکییانەدا بەگشتی 16 سەربازی سوپای تورک کوژراون.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەبارەی چالاکییەکانی گەریلاکانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەنجامەکانی ئەو چالاکییانەی خستەڕوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی10ی ئۆکتۆبەر لەدژی بارەگای سەربازیی گۆمی سەربە چەلێی جولەمێرگ چالاکییەک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا دوو ئۆتۆمبێلی سەربازیی سوپای تورک تێکشکێندرا و هەشت سەربازیش کوژران.
لە بەردەوامیدا هەپەگە ڕایگەیاندوە: دوێنێ کاتژمێر 3:00ی پاشنیوەڕۆ، گەریلاکانی یەژاستار لەسەر گردی خوەدێی سەربە دەڤەری بارزان، چالاکییەکیان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا دوو سەرباز کوژران، هەر دوێنێ کاتژمێر 7:30 خولەکی ئێوارە، گەریلاکانمان لەسەر گردی لێلکانی سەربە #سیدەکان# چالاکییەکیان لەدژی سوپای تورک ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا گورز لە سوپای تورک درا بەڵام ژمارەی کوژراو بریندارەکانیان نەزانرا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: 9ی ئۆکتۆبەر کاتژمێر 10:00 بەیانی لەسەر گردی شەهید سۆرخوینی سەربە هەرەکۆلی سێرت، چالاکییک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا چوار سەرباز کوژران و سیانی دیکە برینداربوون، هەروەها 10ی ئۆکتۆبەر هەر لەو شوێنە چالاکییەکی دیکە ئەنجامدرا و لە ئەنجامیدا دوو سەرباز کوژران.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەپەگە، سزادانی ئەندامێکی میتی ئاشکراکردووە و ڕایگەیاندووە: 26ی ئەیلول لە دەڤەری چۆلیای سەربە چیای جودیی شرناخ ئەندامێکی میت بەناوی 'ئایهان عومەر' لەلایەن گەریلاکانەوە سزادرا.
لەکۆتاییدا هەپەگە ڕایگەیاندوە، کە فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک دوێنێ کاتژمێر 8:20 خولەکی شەوێ دەورەبری گوندی فلاحی سەربە زاپی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا-یان بۆردوومان کرد.[1]
#12-10-2018#