دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوه و زانیاری ستراتیژی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، زیانەکانی شەڕی #داعش# لە هەرێمی کوردستان بە 20 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ئاراس خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوه و زانیاری ستراتیژی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند بەپێی توێژینەوه و بەدواداچوونی ئێمە لەسەر زیانەکانی شەڕی داعش لە هەرێم، لەماوەی زیاتر لە سێ ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی هەرێم زیانی گەورەی بەرکەوتووە.
وتیشی ئێمە زیانەکانی شەڕی داعشمان بەدوو شێوە پۆڵین کردووە، ئەوانیش زیانی ڕاستەوخۆ و زیانی ناڕاستەوخۆن لەسەر هەرێم، بۆیە ئەگەر زیانە ڕاستەوخۆکان ئاماژە پێبکەین ئەوا دەردەکەوێت کە لەشەڕی داعشدا ساڵانە ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلار خەرجکراوە و بۆ سێ ساڵ دەکاتە سێ ملیار و 600 ملیۆن.
وتیشی لە توێژینەوەکاندا زیانەکانی ترمان باسکردووە کە پێکدێت لەزیانی ژێرخانی ئابووری و پێداویستی چەک و تەقەمەنی، کەواتە زیانە ڕاستەوخۆکان بە نزیکەی 10 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
لەبارەی زیانە ناڕاستەوخۆکانی شەڕی داعش لەسەر هەرێمی کوردستان، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوه و زانیاری ستراتیژی کوردستان وتی لەکاتی شەڕی داعشدا نزیکەی 2 ملیۆن ئاوارەی باشور و ناوەڕاستی عێراق و ڕۆژئاوای کوردستان ڕویان لە هەرێم کرد کە نیوەی خەرجییەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ دابینکراوە، لەبەرئەوە ئه و زیانانەشمان بە 10 ملیار دۆلار خەمڵاندووە.[1]
31-08-2017