دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
دەزگای گشتی کاروباری مین ڕایدەگەیەنێت، "لە سەرەتای شەڕی داعش تائێستا (131) کارمەند و فەرمانبەری دەزگای مین و ڕێکخراو و کۆمپانیاکان شەهید و برینداربوون" و زیاتر لە سێ هەزار کێڵگەش بە مینڕێژکراون و سەدان هەزار پارچە تەقەمەنیش بەجێماون.
دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێم، لە ساڵڕۆژی شەهیدانی مین بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە کراوە، لەمیانەی پرۆسەی لابردن و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی مین و تەقەمەنی و پاشماوەکانی شەڕی داعش تائێستا (131) فەرمانبەر و کارمەندی دەزگای مین و ڕێکخراو و کۆمپانیاکان شەهید و برینداربوون و ژمارەیەکی تریش پەککەوتە بوون.
دەزگای مین ڕاشیگەیاندووە، لە ئەنجامی شەڕ و ڕووداوە کاوڵکارییەکان بەتایبەت لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق زیاتر لە سێ هەزار و کێڵگە مینڕێژکراون و سەدان هەزار پارچە تەقەمەنی بەجێماون، هاوکات لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوو 506 کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی مینڕێژکراو لە خاکی هەرێم پاککراوەتەوە، ڕووبەری ئه و خاکەی کە ماوە لە مین پاکبکرێتەوە بریتیە لە سەدا 35.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە پێناو ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی دەزگای مین بەباش زانراوە ڕۆژی 10-28ی هەموو ساڵێک بکرێتە ڕۆژی شەهیدانی کاروباری مین، لەبەرئەوەی له و ڕۆژەدا پۆلێک کارمەندی دەزگای مین شان بەشانی هێزەکانی پێشمەرگە لە پاککردنەوەی مین شەهید و برینداربوون.
- 30-10-2016