عومرێکە سیەﮪ ڕۆژ و پەرێشانی کوەیتم
عومرێکە سیەﮪ ڕۆژ و پەرێشانی کوەیتم
ئاشوفتە وەکوو توڕڕەیی خووبانی کوەیتم
عومرێکە کە ڕۆژم بە مەسەل وەک شەوەزەنگە
حەسرەتزەدەیی شامی غەریبانی کوەیتم
عومرێکە لە زیندانی جنوونا کە وەکوو شێت
پابەندی غەزاڵانی ئەسیرانی کوەیتم
عومرێکە لە کونجی قەفەزی فیرقەتی گوڵدا
وەک بولبولی دڵخەستە غەزەلخوانی کوەیتم
عومرێکە لەدووی مەحمەلی لەیلا وەکوو مەجنوون
خۆم لێرە و دڵ وێڵی بیابانی کوەیتم
عومرێکە لەبۆ کوشتنی دەججاڵی حەسوودان
هەر مونتەزیری عیسییی دەورانی کوەیتم
عومرێکە دەناڵم بە غەمی تۆوە لە کەرکووک
دایم وەکوو نەی سینە پڕئەفغانی کوەیتم
پێویستە وەکوو قومریی ئاوارە لە گوڵشەن
سەرگەشتە دڵی سەروی خەرامانی کوەیتم
پەروانەسیفەت موزتەریبم کوللی شەو، ئاخۆ...
کەی پەڕتەو ئەدا شەمعی شەبوستانی کوەیتم؟
کەی بێ کە لە ئاسۆی عەرەبوستانەوە ڕۆژێ...
هەڵبێ گوڵی خورشیدی درەخشانی کوەیتم؟
وا تێ مەگە دوورم لە تۆ ئەی ساحیبی خاتەم
هەر «هودهود»ەکەی بەزمی سولەیمانی کوەیتم
خەڵکینە لەبەر گەوهەری تاجی سەری کوردە
قوربانی موحیتی عەرەبوستانی کوەیتم
هەرچەندە لە زیندانی فیراقام وەکوو بیژەن
بیللا بە تەمای ڕۆستەمی دەستانی کوەیتم
عاجز مەبە بێخود کە ئیشەڵڵا وەکوو یەعقووب
نەزدیکە ویساڵی مەهی کەنعانی کوەیتم
سەرچاوە: #دیوانی بێخود#
هۆزانەوان: #بێخود#. [1][2]