دیسان چەمەن لە ڕەوزەیی خولدی بەرین ئەکا
دیسان چەمەن لە ڕەوزەیی خولدی بەرین ئەکا
گوڵ خونچە هەم لە لێو و دەمی حووری عین ئەکا
ئاخۆ چ مانیێکە کە سەحرا و شاخ و داخ
ژەنگار و زەرد و سوور و سپی و سەوز و شین ئەکا
بەربووکی نەوبەهارە بە ئەنواعی ڕەنگ و بۆ
ئارایشی کچانی گوڵووکی زەمین ئەکا
ناگا بە سەروی قامەتی ئەو شۆخە ئاهی من
ئەو لەنجەیەی سەبا بە قەدی یاسەمین ئەکا
بۆ دەفعی ژانەسەر ڕەشەڕێحانە یەک چڵی
کاری هەزار سەندەل و سەد موشکی چین ئەکا
ڕۆح بۆ نەکا فیدایی سەبا بوڵبوڵی فگار
هەر تاقە سروەیێکی دەوای سەد برین ئەکا
بولبول خەریکە تەوقی سەری هەڵکەنێ بە چنگ
گوڵچین کە دێتە باخ و تەمای گوڵ چنین ئەکا
زاهید کە سەیری پەرچەمی سونبوڵ ئەکا ئەڵێ...
ئەم ڕشتە بادراوە لە حَبلُ المَتين ئەکا
هەر فەجری کازیبە و کە ئەشوبهێ بە زوڵفی یار
هەر سوبحی سادیقە و لە بەیازی جەبین ئەکا
هەر لالەیە و میسالی شەفەق سوور ئەچێتەوە
هەر ژاڵەیە و لە ئەنجومی چەرخی بەرین ئەکا
هەر بەردی جۆیبارە سپی و سافە وەک سەدەف
هەر شەونمە لە دانەیی دوڕڕی سەمین ئەکا
هەر یاکەریمی قومرییە تەئسیر ئەکا لە دڵ
هەر زیکری عەندەلیبە لە ناڵەی حەزین ئەکا
هەر تەیر و توورە وەک من ئەخوێنن لە خۆشیا
هەر باخەوانە ئارەزووی هەڵپەڕین ئەکا
ئەی باخەوان مەزانە کە زستان گەڕایەوە
موژدەم بەرێ کە بۆ چلە ئەم بەفرە شین ئەکا
ئەم شایی و سروورە لە شەوقی بەهارە، یا...
عەشقی گوڵێکە عەفووی هەموو موزنیبین ئەکا؟
زاتێکی وا بە ڕەحمە لە ڕۆژی شەفاعەتا
هەرچی جەهەننەمی هەیە جەننەتنشین ئەکا
ڕۆح فەرشی ڕێی کەسێکە کە مەجمووعی کائینات
بۆ پێی موبارەکی لە پەڕەی دڵ سەرین ئەکا
پێغەممەرێکە لێرەوە تا عەرشی ئیزەدی
تەییی ئەوەندە ڕێگە بە یەکدەم یەقین ئەکا
خورشیدی مەحز ئەگەر نییە یاران لە ئایەتا
ناوی شەریفی بۆ چی خودا «یێ» و «سین» ئەکا
قوربانی ئەو خوایە کە تیفلێکی بێ پدەر
ساحێب سوپا و ڕایەت و تەخت و نگین ئەکا
قوربانی ئەو خودایە کە دوڕڕێکی وا یەتیم
بۆ شەوچرایی ئێمە لە ماء و لە طين ئەکا
ئیحیای مەسیح ئەگەر نەفەسێ بوو، جەنابی ئەم
تا ڕۆژی يَوْمَ يُنْفَخُ ئیحیایی دین ئەکا
حەسسان بە یادی قامەتی مەوزوونی ئێستەکەش
گەر تێ بگەی لە مەسرەعی ئاﮪ و ئەنین ئەکا
چۆن خەتمی نەعتی ئەو بە من ئەکرێ کە وا خوا
هەر بەو ڕەسوولە خەتمی هەموو موڕسەلین ئەکا
بێخود لە فەیزی نەعتی عليه السّلام ەوە
هەرکەس کەلامی تۆ ببینێ ئافەرین ئەکا
سەرچاوە: #دیوانی بێخود#
هۆزانەوان: #بێخود#. [1][2]