بە مەبەستی دووبارە ئامادەکاری بۆ بەشداری لە وەرزی (2023-2024) ی خولی پلە یەکی تۆپی پێی یانەکانی ئێراق ، #یانەی وەرزشی پێشمەرگە# لە دەست پێکی ئامادەکارییەکانی دا ڕاهێنەری یەکەمی تیپەکەی دیاری کرد .
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە #22-06-2023# و لەنێو بارەگەی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بەڕێز حاکم مەحمود ئەحمەد موراد جێگری سەرۆکی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بە ئامادەبوونی هەریەک لە مامۆستا شێرزاد محەمەد حەسەن سکرتێری یانە و مامۆستا ئیبراهیم قاسم ڕاوێژکاری وەرزشی سەرۆک و خاتوو کەلسوم محەمەد ئەندامی دەستەی کارگێڕی پێشوازی کرد لە ، کاپتن عەمار حسێن ڕاهێنەری دیاری کراو بۆ تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە .
له و میوانداریەدا و سەرەتا جێگری سەرۆکی یانە وێڕایی بەخێر هێنان خۆش حاڵی خۆی پیشان دا کە ڕاهێنەرێک لە خولی نایابی یانەکانی ئێراقەوە دەبێتە ڕاهێنەری تیپی تۆپی پێی یەکەمی یانەی پێشمەرگە و خزمەت بە ناوی پێشمەرگەی سلێمانی وەرزشی ئەو شارە دەکات .
هەروەک وتیشی ئێمە وەک ستافی دەستەی کارگێڕی متمانە دەبەخشینە بەڕێزتان وەک ڕاهێنەر و دەمانەوێت لە وەرزی نوێدا دڵی هاندەرانمان خۆشبەکەین بە گەیشتنمان بۆ ڕیزی یانە نایابەکانی ئێراق کە ساڵانێکە هەوڵی بۆ دەدەین .
دواتر عەمار حسێن ڕاهێنەری نوێی یانەی پێشمەرگە سوپاسی تایبەتی جێگری سەرۆکی یانەی کرد کە ئەو گڕو تینەی هەیە بۆ خزمەتی وەرزش له و شارە جوانەدا کە شاری پێکەوە ژیان و ڕۆشنبیرانە ، هەروەک وتیشی بە تەواوی توانامەوە دەمەوێت خزمەت بە ناوی پێشمەرگەی سلێمانی کوردستان بکەم و هەر بۆیەش خۆم بە خۆم وتووە دەبێت ناوی پێشمەرگە بە بەرزی لە خولی پلە یەکی یانەکانی ئێراق بگەیەنمە ڕیزی نایابەکان کە خولێکی دیاری وڵاتانی عەرەبی و ئاسیاوییە .
لە کۆتایش گرێبەستی ناوبراو بە فەرمی واژۆ کراو بووە ڕاهێنەری متمانە پێکراوی تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە .
هەر سەبارەت بە گرێبەستی ڕاهێنەری ناوبراو وسام محەمەد بازگ سەرپەرشتیاری گشتی تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە بە پێشمەرگە سپۆڕتی ڕاگەیاندوو وتی ، بە گرنگییەوە لە خولی پلە یەکی تۆپی پێی یانەکانی ئێراق دەڕوانین و لەم وەرزەش دەمانەوێت دووبارە ئامادەکاری چڕ بکەین بۆ ئەو خولە ، بازگ وتیشی ، ئەو ڕاهێنەرە کە دیاریمان کردووە و ڕاوێژو وتوو وێژمان لەگەڵ کردووە ، گڕوتینێکی زۆری هەیە بۆ خزمەت بە وەرزش و یانەکەمان هەر بۆیە بە کۆی دەنگ و لە دوای هەڵسەنگاندنی بڕیامان داوە کە متمانەی پێ ببەخشین ، وسام ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ڕۆژانی داهاتوو ستافی هونەری و مەشقی و هاوکارانی دیاری دەکات تا دەست بە دیاری کردنی یاریزانان بکرێت و ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ دەست پێبکەین .
جێگەی باسە دوایی ئەوەی تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە پلەی دووەمی ڕیزبەندی لە خولی پلە یەکی یانەکانی ئێراق کۆمەڵەی یەکەم بەدەست هێنا ، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە یەکێتی تۆپی پێی ئێراق لە پاش کۆتاهاتنی خولی نایاب بڕیار لە یاری پلەی ئۆف بدات کە ئەوەش دووبارە دەبێتەوە بە هەلێکی زێڕین بۆ گەیشتنی تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە بە خولی نایابی یانەکانی ئێراق .[1]