$پەردەکەت کێ نیشان دەدات؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
کارل ڕانسۆم ڕۆجەرز (1902-1987) خاوەنی تێوریای قەبووڵبوونی بێمەرجە لە سایکۆلۆژی منداڵاندا. ئەو پێی وایە منداڵان تەنیا لە کەشێکی بێمەرجی قەبوڵکردن و تێگەیشتندا توانای فێربوون و بیرکردنەوەیان هەیە. بۆ ئەمە نموونەیەک دێنێتەوە. ڕۆجەرز دەڵێت منداڵان سەرەتا کە لەدایک دەبن تا دووساڵی یەکەمی تەمەنیان بە گوێرەی پێداویستییە فیسیۆلۆژی و جەستەییەکانیان دەخۆن و دەخۆنەوە، داواکاریەکانیان هەڵقوڵاوی ویست و پێداویستییەکی ناوەکی خۆیانە، فەزای دەرەکی کەمترین کاریگەریی لەسەر ئیرادە و ویستیان دادەنێت. گەر شتێک دەخوات دەلیلەکەی ئەوەیە ئەو شتە سوودی پێدەگەیەنێت بۆیە دەیخوات، گەرشتێکیش ناخوات هۆکارەکەی ئەوەیە ئەوشتە لەڕووە فیسیۆلۆژی و ئۆرگانییەکەیەوە پێویست نییە یان زیانی لێ دەدات بۆیە نایخوات. وردەوردە لەپاش تەمەنی دووساڵییەوە ئەم ویست و ئیرادەیە شەکڵێکی دیکە وەردەگرێت، نیازێکی جیاواز لە نیازە فیسیۆلۆژییە ڕاستەقینەکان چەکەرە دەکات تێیدا، ئەویش نیازی خۆشویستن و قەبوڵکردنێتی لەلایەن ئەوانی دیکەوە. نیازێک کە لە بنەڕەتدا ناوەکی نییە، بەڵکوو دەرەوە دەیسەپێنێت بەسەریدا و ئەمیش ڕادەستی دەبێت. بۆ نموونە لەبەر ئەوە ناخوات کە پێویستی پێیەتی، لەبەر ڕازیکردنی دڵی دایکی و ڕاگرتنی دڵی ئەو دەخوات، لەبری ویستێکی خۆی نییە ناخوات دایکەکەی نایەوێت نەخوات، ئەمیش بۆ ڕاگرتنی دڵی ئەو ناخوات. ئەم جارە بەشی زۆری ئاکتەکانی لە ئاکتی ناوەکی و ڕاسەقینەوە دەگۆڕدرێن بۆ ئاکتی دەرەکی و فەیک، دەگۆڕێن بۆ ڕازیکردنی دڵی دایک و باوک، خوشک و براو و خوێندنگە و مامۆستا و دواتریش کۆمەڵگەو ڕازیکردنی سیستم.
لێرەوە ئەم منداڵە دەکەوێتە دووڕێیانێکی تەواو مەترسیدار، ئایا گوێ بۆ خۆی بگرێت یا دونیاکەی دەرەوە؟ گەر جارێک ویستێکی ناوەکی ڕووبەڕووی ویستی دایکەکە بوویەوە ئەم منداڵە دەبێت کامیان هەڵبژێرێت؟
سیستمی بەرگری ئاگاهی نێو مێشکی ئێمە سیستمێکە زۆر تەمبەڵانە دیزاین کراوە، کەم و زۆر حەزی بە کێشە و ئارێشە نییە، هەمیشە پێی خۆشە بە سووتاندنی کەمترین بڕی گلوکۆز خۆی لە کێشە و ئارێشەکان ڕزگار بکات، بۆ ئەم کارەش دەتوانێت دەرەقەتی خۆی بێت، پشکۆ و ئاگرەکەی نێو ناخی خۆی بەکەمترین بڕی تێچوو بکوژێنێتەوە و خودە ڕاستەقینەکەی خۆی زیندوو زیندوو بە ڕۆژی ڕووناک لەپێناو ڕازیکردنی ئەو خودەی کە دایکەکەی پێی وایە دەبێت ئەم منداڵە هەیبێت سەرببڕێت. ئەمە گەورەترین و بە ئازارترین دۆخێکە منداڵ لە یەکەمین ساتەکانی تەمەنیدا لەمسی بکات، دەشێت ناوی یەکەمین تراومای سایکۆلۆژی لێبنێین لەدوای تراومای لەدایکبوون. ویستەکەی خۆی دەکاتە قوربانی بۆ ویستێکی دەرەکی کە دیار نییە بۆ ئەم گونجاوە یان نا. بەم قوربانییە ئیدی چەمینەوەی یەکەم دەستپێدەکات و دواتر چەمینەوە یەک لەدوای یەکەکان بۆ باوک، برا، کۆمەڵگە، خوێندنگا، مامۆستا و سیستم بەیەکجاری و یەک بەدوای یەکدا دێن و ئەوەندەی دیکە ئەم منداڵە لەخۆی دوور دەخەنەوە و دەیکەنە کۆیلە.
من سایکۆلۆجیست نیم بەڵام شەرحی ئەم باسەی ڕۆجەرز دەکەمە دەستکەلای تێگەیشتن لە خوێندنەوەی دۆخی ئەمڕۆی خۆمان. ئەمڕۆ کە چاوێک بە خۆمان و دەوروبەرماندا دەگێڕین لەبری بینینی خودە ڕاستەقینەی خۆمان تاچەندێک ئەوانی دیکە دەبینین؟ چەندێک ویستەکانی خۆمان بۆ ویستی ئەوانی دیکە سەردەبڕین؟ ئایا بەڕاست شتێک بەناوی ئێمە ماوەتەوە؟
ئایا بەختیارە هەرکەس کە ئیختیاری چار یاری کرد؟
خەتی پشت%D