$بکوژەکان کێن؟$
#عارف قوربانی#
$بەرەبەیانی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان هەواڵی بەکۆمەڵکوشتنی خێزانێک لە #چەمچەماڵ# وەکوو شۆکێک بەناو میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و خەڵکی کوردستاندا بڵاوبووەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو ڕووداوە شۆک نییە، شۆکی گەورە ئەو خوێنساردییەی خەڵک و ئەو خەمساردییەی دەسەڵاتدار و حکومڕانانی کوردستانە، لە ئاستی ئەو تاوانە ڕۆژانەییانەی ڕوو دەدەن و پاش کەمتر لە هەفتەیەک فەرامۆش دەکرێن و دەبن بە بەشێک لە ڕابردوو، بگرە زۆریان هەر لە بیریش دەچنەوە.$
ئەوەی لە چەمچەماڵ ڕوویدا تاوانێکی وەحشیگەرانەیە، بەڵام نە یەکەم تاوانی لە و جۆرە و نە دواتاوانیش دەبێت لە و ژینگە سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتییەی پێی دەگوترێت هەرێمی کوردستان. ئەوەی ڕۆژانە لە و جوگرافیایەدا ڕوودەدات لە زوڵم و ستەم و کوشتن، ئاماژەیەکی مەترسیدارترە لەوەی تەنیا وەک کۆمەڵگەیەکی شێواو لێی بڕوانرێت، ئاماژەی ئەوەیە بەرەو دۆخێک دەڕوات بە کەڵکی ژیان نەمێنێت. ئەوەش نەک تەنیا لەبەر ئەوانەی تاوان ئەنجامدەدەن، بەڵکوو وەکوو ئەلبێرت ئەنشتاین دەڵێت (لەبەر ئەوانەی ئاگایان لە و خراپەکارییانەیە و ڕێی لێناگرن) .
لە دوای ڕووداوەکە، ئەوەی پێویست بوو کۆمەڵگە ڕابچڵەکێنێت، ئەو لێدوانەی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان بوو، کە وتی لە کۆی 5920 داواکراو تەنیا 470 کەسیان دەستگیرکراون. واتا 5450 کەس لەلایەن دادگەکانەوە داواکراون و ئامادە نین مل بۆ یاسا بدەن. چی گاڵتەجاڕییەکە کۆمەڵگەیەکی بچوک کەمتر لە شەش ملیۆن کەسی تێدا بژیێت و ژمارەی ئەوانەی تاوانیان ئەنجامداوە و ئامادە نین بچنە بەردەم یاسا، زیاتر لە پێنج هەزار کەس بن، چی پێناسەیەک بۆ ئەو کۆمەڵگەیە و ئەو سیستەم و حوکمڕانییەی دەکرێت، جگە لەوەی بگوترێت بە کەڵکی ژیان نەماوە.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیه، کێن ئەوانەی تاوانیان ئەنجامداوە و ناچنە بەردەم حوکمی دادگە؟ کێ داڵدەی داون؟ هەموو ئەوانەی حساب بۆ یاسا ناکەن و سڵ لە سزا و دامەزراوەکانی دادوەری ناکەنەوە، ئەوانەن کە لە پەنای بەرپرس و دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتین، یاخود لە دیوەخانی ئەو سەرۆک هۆز و عەشیرەتانەن کە پارتی و یەکێتی دیوەخانانە و هێز و پاسەوانیان بۆ دابینکردوون. هەموو ئەو تاوانانەی ڕوو دەدەن، لە سێبەری ئەوانەدا ئەنجامدەدرێت. هیچ بکوژێک نییە بە بێ پشتیوانی ئەمان بتوانێ لەدەرەوەی زیندان بمێنێتەوە.
هەرچەندە لە ڕاستیدا مەترسییەکەش هەر تەنیا ئەم دیوەی تاوان و یاخیبوونە لە یاسا نییە، بەڵکوو ئەو جیاوازیکردنانەی لەدادگەکانیش دەکرێت لەسەر بنەمای وەلائی حیزبی و خزم و کەس و دەست و پێوەندی دەسەڵاتداران و خێڵ و عەشیرەتەکان، کاریگەریی ئەمەش هیچی لە تاوانی نەچوونە بەردەم دادگە کەمتر نییە. ئەوەی لەناو دادگەکانیش ڕوودەدات لە جیاوازیکردن و لایەنگیریی لە بەرژەوەندیی تاوانبار، نەسەندنەوەی مافی زوڵملێکراو، ونکردنی ڕاستی و سەپاندنی ناهەق بەسەر هەقدا، هەموو هۆکارەکەی بۆ ئەو دوو حیزبەی دەسەڵات دەگەڕێتەوە.
نموونەی ئێجگار زۆر هەن، کە تاوان ئەنجامدراوە و تاوانبار دەستگیرکراوە و دانی بەتاوانەکەشیدا ناوە، دواتر بە گوشاری حیزب و دەسەڵاتداران ئاڕاستەی لێکۆڵینەوە بە ئاقارێکی دیکەدا براوە و بکوژ ئازاد کراوە. نموونەی نادادپەروەری زۆر هەیه، کەسێک لەسەر هەڵە یا تاوانێکی بچووک چەندین ساڵ لە کونجی زیندان تووندکراوە و ئەنجامدەری تاوانگەلی زۆریش هەن نەخراونەتە زیندانەوە.
لێکەوتەکانی ئەم دیاردە زەق و بەرچاوانەی نادادپەروەری ناو دادگەکانیش کە زادەی دەستوەردان و هەژموونی حیزبە بەسەر دەسەڵاتی داوەرییەوە، بە جۆرێک کاری لە بێ متمانەبوونی دادگە و دەسەڵاتی دادوەری کردووە، تەنانەت هاووڵاتییانی ئاسایی و بێ پشت و پەناش کە کێشەیەکیان دەبێت، ئەگەر چەند بچووکیش بێت، ئومێدیان بەوە نییە دادگە کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات. یان خۆیان تۆڵە دەکەنەوە، یان کێشەکە بە چارەسەرنەکراوی دەمێنێتەوە تاوەکو هێندە ئاڵۆز و گەورە دەبێت و دەگاتە ئەوەی پەنا بۆ کوشتن بەرن. مەترسییەکانی ئەم پەرەسەندنانەی کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان، لە هەموو مەترسییەکی دەرەکی زیاترە لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان، ڕێک بە و مانایەی ئەگەر چارەسەر بۆ ئەم کێشانە نەدۆزرێتەوە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە هیچ دوژمنێکی دیکە نییە بیڕوخێنێ، چونکە ئەم کێشانە وردەوردە هەناسەی لەبەر دەبڕێت.
لە هەلومەرجێکی پڕ لە تەنگەژەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری وەکوو ئێستای کوردستانیشدا، ئەوەی چاوەڕوانکراوە ئەوەیە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کێشەکان زیاتر بن، لێکەوتەکانیشی ئەوەی لێ چاوەڕواندەکرێت بەریەککەوتن و کوشتن و تاوانی کۆمەڵایەتی زیاتر پەرەبسێنن. بەم شێوازە لە ئیدارەدانی کوردستانیش لە لایەن ئەم دوو حیزبەی دەسەڵاتەوە، هیچ هیوایەکی لەسەر بینا ناکرێت، کە لانی کەم بیانەوێ ڕێگە لەوە بگرن خراپتر نەبێت. بۆیە دەبێت ئەوانەی لەناو چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی کوردەواری هێشتا خەونی ئەوەیان ماوە بەدوای سبەینێیەکی باشتردا بگەڕێن، ئەو هێزانەی بەشێک نین لەم کولتوورە مەترسیدارە، دەبێت بەدوای ڕێگەچارەیەکدا بگەڕێن پێش هەر شت دەسەڵاتی دادوەری لەژێردەستەیی ڕزگار بکەن. ئەوە تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت دەرفەتی ژیان بۆ داهاتووی کۆمەڵگەی کوردی درووست بکرێتەوە.
ئەوەی جێگەی هەڵوەستە و تێڕامانیشە ئەوەیە کە لەناو دامەزراوەکانی دادوەری کوردستانیش خەڵکی زۆر دڵسۆز هەن، کەسانی ئازا هەن، زۆر ماندوون بە پیشەکەی خۆیانەوە و ڕەنجی زۆریان لە و پێناوەدا داوە، بۆ دەبێت ئەوە قبووڵ بکەن بە و ئەندازەیە بکرێنە ئامرازی دەستی نەک هەر حیزب و بەرپرسان، تەنانەت ئامرازی دەستی خێڵ و عەشیرەتەکانیشەوە. بۆیە پێویستە خەڵک و میدیا ئەوانیش بخەنە بەردەم بەرپرسیارێتی، تاوەکو ئەوانیش بیر لە پیرۆزی پیشەکەیان و لە پێگە و ناو و داهاتووی خۆیان بکەنەوە. دەبێت ئەوە بزانن لە بەردەم خوا و خەڵکدا بەرپرس دەبن لەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت. [1]