$تایبەتمەندی کێشە داراییەکانی کوردستان$
#عارف قوربانی#
هێشتا جیهان لە لێکەوتەکانی قەیرانی ئابووری سەردەمی کۆرۆنا ڕزگار نەبووە، کەچی ناوەندە ئابووری و بانکە گەورەکانی جیهان و شارەزایانی ئەو بوارە باس لە مەترسی قەیرانێکی دیکە و دۆخێکی سەختی ئابووری دەکەن. زۆر لە وڵاتانی جیهان وەک پلانی پێشوەختە دەستیانکردووە بە داڕشتنەوەی سیاسەتی دارایی و ئابووری و سیستەمی بانکی وڵاتەکانیان. نایانەوێ ئەو قەیرانە لەناکاو و کوتوپڕەی بەهۆی کۆرۆناوە بەرۆکیانی گرت، دووبارە ببێتەوە. بەکەڵک وەرگرتن لە ئەزموونەکانی ڕابردووی خۆیان و کەڵک وەرگرتن لە توێژینەوەی ناوەندە ئەکادیمی و پسپۆڕو شارەزایانی بواری دارایی و ئابووری، خۆیان بۆ سەختترین ئەگەر و پێشهاتەکان ئامادە دەکەن.
لە ئەگەری هاتنە ئارای دۆخ و قەیرانێکی دیکەی ئابووریدا کوردستان چی دەکات، یان درووستتر ئەوەیە بپرسین چی پێدەکرێت؟ لەکاتێکدا سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەرێمی کوردستان پشتی بە نەوت بەستووە، ئەویش لەلایەک بەهۆی ئەوەی نرخی فرۆشتنی هیچ کات جێگیر نییە و لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی دوا بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی ئێراق سەبارەت کەرتی وزە لە کوردستان، دڵنیاییەکی دوورمەودا بۆ هەرێمی کوردستان نەماوەتەوە. ئاسۆیەکی ڕوونیش نییە بۆ ڕێککەوتنی لەگەڵ بەغدا تاوەکو پشت بە بەشە بودجەی بەغدا ببەستێت. بۆیە ئەگەر سەرهەڵدانی هەر جۆرە قەیرانێک بۆ وڵاتانی دونیا دۆخێکی سەخت بێت، بۆ هەرێمی کوردستان خنکێنەرە.
هۆکاری ئەوەی کە هەرێمی کوردستان زیاتر لە بەردەم مەترسیدایە، هەر بە تەنیا ئەوە نییە کە پشتی بە نەوت بەستووە وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات، یاخود لەبەر مەترسی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی بێت. لەوان مەترسیدارتر، شێوەی بەڕێوەبردنی ئابووریی کوردستانە. ئەگینا بۆ جوگرافیایەکی وەک هەرێمی کوردستان کە ژمارەی خەڵکی کەمە، خاوەن سرووشت، ئاو و هەوا و کەشێکی لەباری کشتوکاڵ و ئاودێرییە، هەروەها بەهۆی هەلومەرجی تایبەتی ئێراقەوە لەدوای جەنگەکانی کەنداو، بازاڕی ئێراقیش بۆ هەرێمی کوردستان کراوەیە، بۆیە نابێت ترسی لە سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری هەبێت. بەڵام بەهۆی ئەوەی لە بنەڕەتەوە سیاسەتێکی هەڵەی ئابووری پەیڕەوکراوە، بۆیە لەپێش هەموو وڵاتانی دیکەی جیهان و ناوچەکەوە دەکەوێتە مەترسییەوە.
پێشتر و ئێستاش کە دۆخی ئابووریی کوردستان خراپە، یان لانی کەم سەقامگیر نییە، هۆکارەکەی ئەوە نییە لە کوردستان (پارە) نییە. بەپێچەوانەوە مانگانە پارەیەکی زۆر دەڕژێتە بازاڕی هەرێمی کوردستانەوە. تەنیا لە کەرتی حکومی مانگانە نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار دەدرێتە مووچەخۆران، لە کەرتی تایبەت و کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکانیش ئەگەر لە و ڕێژەیە زیاتر نەبێت کەمتر نییە. بەڵام گرفتی بنەڕەتی ئەو تایبەتمەندییەی کوردستان ئەوەیە کە پارە لە کوردستان (ناخولێتەوە) . بەڵکوو لە کوردستان کۆدەکرێتەوە و دەبرێتە دەرەوە. تاوەکو ئەم کێشەیەش چارەسەر نەکرێت، چەند ئەوەندەی ئێستاش پارە لە کوردستان هەبێت، دۆخی ئابووری هەر باش نابێت، تەنانەت ئەگەر کوردستان خاوەن دراوی تایبەت بەخۆیشی بێت و وەک چاپی ڕۆژنامە ڕۆژانە پارە چاپ و بڵاوبکاتەوە، هەر نابێتە خاوەن ئابوورییەکی سەقامگیر تاوەکو چارەسەر بۆ ئەوە نەدۆزێتەوە کە دەبێت ئەو پارەیەی لە کەرتی گشتی و تایبەتەوە دەدرێتە خەڵک، ڕێگری لە چوونە دەرەوەی بکرێت و پێویستە لەناوخۆی کوردستان بخولێتەوە.
مەبەست لە چوونە دەرەوەی پارە ئەوە نییە کە هەندێک لە بەرپرس و دەسەڵاتداران ئەو پارەیەی لە گەندەڵی و دزینی موڵکی گشتی دەستیان دەکەوێت دەیبەنە دەرەوە، ئەوە بەشە کەمەکەی کێشەکەیە، بەڵکوو کێشە سەرەکییەکە ئەو بەشە گشتییەیە کە بۆ بەدەستهێنانی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان لە کڕینی شمەک و کاڵاوە دەڕوات و ناگەڕێتەوە. ئایا مانگانە چەند پارەی هەرێمی کوردستان دەڕواتە دەرەوە بۆ کڕینی شامپۆ و سابوون و کەرەستەکانی دیکەی پاککردنەوە. چەند دەڕوات بۆ کڕینی گوڵەبەڕۆژە و فستق. چەند دەچێت بۆ کڕینی برنج و ڕۆن، ئارد و نیسک و نۆک، چەند پارەی هەرێمی کوردستان دەڕواتە دەرەوە بۆ کڕینی شیر و ماست و پەنیر، بۆ سیر و پیاز، بۆ تەماتە و خەیار و میوە و سەوزە. نەوت و بەنزین و گازوایل و دەیانی کەرەستە و شتی دیکە. ئەمە جیا لە و پێداویستیانەی دیکەی کەلوپەلی کارەبایی و گەرمی و ساردکەرەوە و پێداویستی هۆکارەکانی گواستنەوە. لەکاتێکدا هەموو ئەمانە دەتوانرا و ئێستاش دەتوانرێت لەناو کوردستان بەرهەم بهێندرێن.
گرفتەکە لێرەدایە و تاوەکو چارەسەری ئەمەش نەکرێت کوردستان نابێتە وڵاتێک بتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت. لە کاتێکدا ژینگە و ئاو هەواو سرووشتی کوردستان گونجاوە بۆ ئەوەی خۆی خاوەنی هەموو ئەو بەرهەمانە بێت. ئایا جێی تێڕامان نییە وڵاتێک ساڵانە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار بداتە برنجی دەستکرد لە چین و هندستان و خاکەکەی خۆیشی لەباربێت بۆ بەرهەمهێنانی برنج. ئایا جێی هەڵوەستەکردن نییە لە هەرێمی کوردستان کە خاوەن خاک و سرووشتی (چوار وەرزەی پڕە) ، بەرهەمی شیرەمەنی لە سعودیەوە بۆبێت کە ئاوی سازگار بە پارە دەکڕێت بۆ ئاژەڵداری؟ ئەم بەراوردکارییە بۆ هەموو کاڵاو بەرهەمەکان هەر ڕاستە، تەنانەت بۆ تایە و پاتری ئۆتۆمبیلەکانیشمان. کێشەکە لەناو سەرماندایە، سیاسەتی ڕۆژ بەڕێدەکەین. پلان و بەرنامەی دوورمەودامان نییە. ئەرکی حکومەتە بە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان ئەم کێشەیە چارەسەر بکات.
زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئایا ساڵانە چەند پارە دەڕواتە دەرەوە بۆ کڕینی تایە؟ ئەگەر ساڵی یەکجار تایەکانی بگۆڕدرێن، ساڵانە نزیکەی 10 ملیۆن تایەمان پێویستە. ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن پاتریمان پێویستە. تەنیا بۆ کڕینی تایە و پاتری سەیارە ساڵانە زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری هەرێمی کوردستان دەڕواتە دەرەوە. چی وادەکات سەرمایەدارەکانیشمان بەدوای پڕکردنەوەی ئەم بازاڕەوە نەبن و هەر چاویان لەوەبێت لەدەرەوە دەستەبەر بکرێت. بەتایبەتیش کە بازاڕی ئێراقیش لە بەردەم کوردستاندا کراوەیە، بەمەش دەرفەتەکە زۆر لەبارترە ئەگەر ئیدارەیەکی سەرکەوتووی سیاسەتی ئابووریمان هەبێت.
لە کوردستان دەوڵەندمەند و سەرمایەدار زۆرن، ئەگەر دڵنیاییان بۆ درووستبکرێت نەک هەر ئامادەن هەموو سەروەت و سامانەکەیان لە نیشتمان بەگەڕ بخەن، بەڵکوو بەهۆی ئەو متمانەیەی هەیانە قەرزی دەرەکیش دەهێنن و لە کوردستان بەگەڕی دەخەن، بەڵام نەک ئەو دڵنییایەیان پێنەدراوە، بەڵکوو لە بەردەم هەڕەشەی سەرانە سەندن و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانەکەشیاندان.سرووشتی سەرمایەداریش وایە بەدوای ئارامی و سەقامگیریدا دەگەڕێت، بۆیە دەبینین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەوانیش بیر لە گواستنەوەی سامانەکەیان دەکەنەوە. بەمەش کوردستان هێندەی دیکە لاوازتر دەبێت لەڕووی ئابوورییەوە. هێشتا دەرفەتەکانی دۆزینەوەی چارەسەر لە بەردەم هەرێمی کوردستاندا کراوەن، کات ماوە بۆ ئەوەی ببێتە هەرێمێکی دامەزراو کە متمانەی بەخۆی هەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهات و ئەگەرێکدا کە کاریگەریی بخاتە سەر نرخی نەوت و جوڵەی بازرگانی. بەڵام پێویستی بەپەلەکردن و بڕیاری ئازایانەیە. [1]