ڕۆمانی ( #وڵاتێکی نوێ لەدەرەوەی پەنجەرەکەمدا#) .
نووسینی: تیۆدۆر کەلیفە تیدس
وەرگێڕانی لە سویدییەوە: #بەیان ناسیح#.
لەدوای خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە. کۆمەڵێک پرسیار، وەکوو کوارگ لەناو زەینمدا هەڵتۆقین! هەر پرسیارەش داوای ماناو وەڵامێکی لێدەکردم و نەمدەتوانی خۆمی لێ نەبان بکەم! کات و بیرەوەریی، گێڕانەوەی سەردەمی منداڵی و ئولفەت گرتن بە کەلتوور و بە نیشتمانەوە، جێهێشتنی نیشتمان و ژیانکردن لە وڵاتی غەریبی و بێکەسیدا، ئاشقبوون و تێکەڵبوونی کەلتووری جیاواز و زمانی جیاواز و جوگرافیای جیاواز. ئەمانە هەموویان ئەو پرسانە بوون کەبەناو خەیاڵ و ئەندێشەمدا گوزەریان دەکرد. ئیدی خۆم بەخۆم گووت: ڕێگاکان و بیرەوەرییەکان مرۆڤ بەرەو کوێ دەبەن؟ مرۆڤ چۆن دەتوانێ بەبێ یادداشت بژی؟ تەمەنی مرۆڤ و تەمەنی بیرەوەرییەکان، لەسێبەرێک دەچن بەردەوام لەتەک مرۆڤدا قسان دەکەن. زۆرجاران بیرەوەرییەکی خۆشت بیردێتەوە لەخۆوە خەندەیەک دەتگرێ، هەندێجاریش بیرەوەرییەکەی تاڵ و ناخۆش کە بەناو ئەندێشەتدا گوزەر دەکەن، برۆکانت لێکدەنێیت و بۆ کەمەکێک کڕوبێدەنگ دەبیت. بڕوام وایە ئەم ڕۆمانە بەتەنیا بیرەوەرییەکان ناگێڕێتەوە، بەڵکوو خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی (سایکۆلۆژی ) یە لەسەر مرۆڤی پەنابەر. ئەو مرۆڤەی هەمیشە خەون بە نیشتمان و بە مرۆڤەکانی نیشتمانەوە دەبینێت. خەونێک؛ کە بەناچاری و لەدوورەوە لەتەک سرووشت و مرۆڤەکانیتردا دەژێت. وەلێ بێئەوەی هەست بکات، ئەوە خودی (Subject) ئەوە لەناو جوگرافیایەکی جیاوازدا هەناسە دەدات. لەناو زمان و کەلتوورێکی تردا دەژێت. بەبڕوای من تەنیا شتێک کە پەنابەر بەوانیتر دەبەستێتەوە، زمانە! زمانیش یەکەیەکی کۆمەڵایەتی هاوبەشە و مرۆڤ دەتوانێ وەک ئەوان ژیان بکات. هایدگێر وتەنی: ئەوە زمانە دەدوێ و مرۆڤ تەنیا لەشوێنێکدا دەدوێ کە زمان بێت. زمان بۆخۆی هۆشیاری و مرۆڤ دیاری دەکات. ئەم دیاریکردنەش خۆی لەناو پەیوەندیگرتندا دەبینێتەوە و ئاستی هۆشیاری من و هەستی هۆشیاری ئەو لەچوارچێوەی یەکتریدا دەبینێتەوەو دیاری دەکات. لەم کاتەشدا دەق و زمان (Language) بەپێی گۆڕان و گەشەکردنی هۆشیاری مرۆڤ و دونیای نووسین بەناچاری دەق دەخوێنرێتەوە. خوێندنەوە و مرۆڤ لەناو مانادا بۆ هەمیشە زیندون و بەردەوام لە دیالۆگێکی (Intensive) چڕدا قسان دەکەن و ڕاڤەی یەکدی دەکەن. ڕۆمانی وڵاتێکی نوێ لەدەرەوەی پەنجەرەکەمدا، لەو جۆرە ڕۆمانانەیە کە خوێنەر هەرگیز ناتوانێت دەستبەرداری بێت و لێی جیابێتەوە. هەروەک چۆن زمان و مرۆڤ دیالۆگ ( Dialogue) دەخوڵقێنن، ئاوهاش (کەلیفە تیدس ) دیالۆگ لەگەڵ خوێنەرەکانیدا گەرم دەکات و بیرەوەرییەکان و ڕۆژانی نائومێدی پەنابەری دەگێڕێتەوە. بەبۆچوونی کەلیفە تیدس. مرۆڤی پەنابەر وەکوو خواردنی ناو قووتو وایە هەرگیز گۆڕانی بەسەردا نایەت. زمانی ئەم ڕۆمانە لە سویدییەوە پاچڤە کراوە بۆسەر زمانی کوردی. کوردیزمانێک کە خوێنەر چێژی خوێندنەوەی لەلا شیرینتر دەبێت. بەیان ناسیح، زاڵبوونی هەردوو زمانەکەی لەناو ڕۆمانەکەدا نیشانداوەو لەکاتی خوێندنەوەدا هەست بەجوانی زمان دەکەین. بۆ نموونە:- ( ئەمەی بەردەستتان گازندە نووسین نییە. بۆ ئەوەش نییە پەنجە بخەمە سەر کەسێک و بڵێم تۆ بەرپرسیاری، بەڵکوو خواست و ئارەزوویەکی وایە کە بزانم چیم بەسەر هاتووە لەو کاتەوەی هاتوومەتە ئەم وڵاتە). [1]
#دەوەن مەعرووف# - #04-12-2014#
ئەڤ بابەت ب زمانا (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا
بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 129 جار هاتیە دیتن
ڕایا خو دەربارەی ڤی بابەی بنڤێسە!