$دادگەى باڵاى فیدراڵیی ئێراق یان خانەى فەتوا؟$
#ئادەم بێدار#
کاتێک ڕۆژی 30ی تشرینى دووەمى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیی ئێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەى مادەى 18ی یاسای هەموارى جێبەجێکردنى یاساى بارى کەسێتى و بە نادەستووری ئەژمار کرد، بڕیارەکە کاردانەوەى جیاوازى لێکەوتەوە. ئەو بڕیارەی دادگەی باڵای فیدراڵی ئێراق، لەسەر بنەمای تانەی دادوەری کورد فەریق شێخ حەمەساڵح بووە، ئەو دادوەرە کوردە قسەى بۆ ڕووداو کردووە، پاڵنەرەکەى بۆ ناشەرعیبوونى هەموارەکە گێڕاوەتەوە و دەڵێت: پێشتر لیژنەی فتوا ڕایانگەیاند، کە ئەو بڕگەیە شەرعی نییە و نادەستوورییە.
$کاردانەوەکان:$
وەک زۆربەی ڕووداو و بابەتەکانى دیکە، جارێکى دیکە شەقامى کوردستان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوو، یارانى بڕیارەکەى دادگە کە بەشێکى دیارى مامۆستایانى ئایینى ئیسلام، خەڵکى موسڵمان بە بانگەشەى پابەندیان بە شەرعى ئیسلامەوە دڵخۆشی خۆیان دەربڕیوە، هەندێکیان لەخۆشى ئەو بڕیارە وەک بڵاویان کردووەتەوە لیژنەیان لە شارەکان پێکهێناوە بۆ هاوکاریکردنى ئەو پیاوانەى دەیانەوێ بیکەنە دوو.
لە بەرانبەریشدا فیمینیزم و ئازادیخوازەکان دڵتەنگى خۆیان دەربڕیوە، ئەوان بە تووندى دژى ئەو بڕیارەى دادگەى فیدراڵین و داواش دەکەن وەک بەشێک لە بڕیارەکانى دیکە، دەسەڵاتدارانى هەرێمی کوردستان پابەند نەبن پێیەوە.
$بنەچەى بابەتەکە:$
بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵیی ئێراق، هەڵوەشاندنەوەى مادەیەکى یاساى ژمارە (15) ى ساڵى 2008ی یاساى هەموارى جێبەجێکردنى یاساى بارى کەسێتى ژمارە (188) ى ساڵى (1959) ى هەموارکراو لە هەرێمى کوردستان – ئێراقە. هەموارەکەى پەڕڵەمانى هەرێمى کوردستان بەمشێوەیەیە: مادەى 18: کارکردن بە بڕگەى (5) ى مادەى چلەمین لە یاساکەدا ڕادەگیرێت و ئەمەى خوارەوە جێى دەگرێتەوە. 5- ئەگەر مێرد ژنێکى دیکەى هێنا، ژنى یەکەمى مافى داواکردنى جیابوونەوەى دەبێت. بەپێى ئەو هەموارە بێت، ژن بۆى هەیە داواى جیابوونەوە بکات لە دادگە بەهۆى ئەوەى هاوژینەکەى ژنى دیکەى هێناوە.
دانانى ئەو مافە بۆ ژن وەک فیمینزمەکان باسى دەکەن، پێشکەوتنێکى گەورەى هەرێمى کوردستانە لە ڕووى مافەکانى ژنان، چونکە لە یاساى بارى کەسێتى ئێراقى ژمارە (188) ساڵى 1959و هەموارەکانى ئەو مافە بە ژن نەدراوە، لە مادەى 40، بڕگەى پێنجى یاساکە هاتووە: ئەگەر پیاوێک بەبێ ڕەزامەندی دادگە هاوژینی دووەم بهێنێت، هاوژینی یەکەم بۆی نییە سکاڵای سزایى بجووڵێنێت.
تائێستا بەگوێرەی ئەو بڕگەیە کە لە پارێزگاکانی دیکەی ئێراق کاری پێدەکرێت، ژن بۆى نییە بەو هۆیە داواى جیابوونەوە بکات.
دادگەى باڵا لەبارەى هۆکارى هەڵەشاندنەوەى هەموارەکەى هەرێمی کوردستاندا یاداشتى کردووە: لەسەر ئەو بنەمایەى پێچەوانەى حوکمەکانى شەریعەتى ئیسلام و نەبوونى ڕایەکى فیقهى لە مەزهەبە ئیسلامییەکان پاڵپشتى هەموارەکە بکات، بەمەش دەقى هەموارەکە دەستووریبوونی خۆى لەدەست دەدات، چونکە پێچەوانەى حوکمەکانى شەرعە. وەک ئەوەى دادگەکە شیکردنەوەى بۆ کردووە، بوونى ئەو مافە بۆ ژن وا دەکات تەنیا بەهاتنى ژنێکى دیکە، قازى بڕیارى جیاکردنەوە بدات بەبێ ئەوەى حوکمەکە بوەستێتە سەر ئەوەى ژنەکە زیانى بەرکەوتووە یان نا، بەپێى ئەو دەقەش بێت؛ قازى پابەندکراوە کە لەسەر داواى ژنەکە جیایان بکاتەوە، ئەمەش بە دیدى دادگە، قەدەخەکردنى ڕێگەپێدراوێکى شەرعییە، بەو شێوەیە دەقەکە دەبێتە پێچەوانەى دەستوورى هەمیشەیى ئێراق، لە بڕگەى (أ) ، مادەى دووى دەستووردا هاتووە: ڕێگەپێدراو نییە یاسایەک دەربچێت پێچەوانەى حوکمە نەگۆڕەکانى ئیسلام بێت.
$دادگەى باڵاى فیدراڵی یان دادگەى فەتوا؟$
بەگوێرەى شیکردنەوەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵی، ژن بۆى نییە داواى جیابوونەوە بکات بەهۆى ئەوەى هاوژینەکەى ژنى دیکەى هێناوە، چونکە ئەوە پێچەوانەى دەستوورى هەمیشەیى ئێراقە، ئەمەش لەو سۆنگەیەى پێچەوانەى حوکمەکانى شەریعەتى ئیسلامە، هەر بابەتێکى یاساییش لە ئێراق پێچەوانەى شەریعەتى ئیسلام بێت، ئەوە پێچەوانەى دەستوورە و ڕەتکراوەتەوە.
جێى خۆیەتى بە وردى سەرنجى ئەو بابەتە بدەین بزانین بەڕاستى ئەو بابەتە پێچەوانەى شەریعەتى ئیسلامە، لەوەشدا گرنگە سەرنج بدەین:
$یەک:$ ئەو بابەتە پێچەوانەى شەریعەتى ئیسلام نییە، چونکە شەریعەت وەک زانایان ناساندوویانە بریتییە لە دەقە پیرۆزەکانى قورئان و فەرموودەى پشتڕاستکراوە، هیچ دەقێکى شەریعەتیش نییە بە ڕوونى ئەو مافەی لە ژن سەندبێتەوە تا ئەگەر کەسێک پێیبدات وەک پێچەوانەى شەرع لێکبدرێتەوە.
$دوو:$ ئەوەى لە دەقەکانى شەریعەتدا بە ڕوونى هەیە بریتییە لە ڕێگەدان بە فرەژنى، تاکە مەرجیشى دادگەرییە، ئیدى قەدەخەکردنى فرەژنى پێچەوانەى شەریعەتى ئیسلامە نەک پێدانى مافى جیابوونەوە بە ژن.
$سێ:$ پێشتر وتارێکم نووسیبوو لە پۆرتاڵی ڕووداو لەسەر فرەژنى بەناونیشانى فرەژنى سوننەتى ئارەزوو، لە پەرەگرافێکى ئەو وتارەدا باسى حوکمى فرەژنیم کردووە لە ئیسلامدا و بە پێویستى دەزانم لێرە دایبنێمەوە: لە فیقهى ئیسلامیدا بەگشتى و شافیعى و حەنبەلییەکان بەتایبەتی، بە ڕوونى ئەوە گوتراوە کە سوننەت ئەوەیە پیاو یەک هاوژینی هەبێت، مەگەر لەکاتی پێویستیدا بێت حوکمەکە دەگۆڕێت. (بۆ شافعییەکان بگەڕێوە بۆ: مغنی المحتاج: 3/127، المجموع: 16/137) ، (بۆ ڕاى حەنبەلییەکانیش بگەڕێوە بۆ: الإنصاف: 8/16، وکشاف القناع: 5/9) ، بەمەش هەژارى و کەمزانى و ناشارەزایى ئەو مەلا و خاوەن دکتۆرایانەمان بۆ دەردەکەوێت کە بانگەشەى شافیعیبوون دەکەن و بێئاگاشن لەوەى لە مەزهەبى شافیعیدا فرەژنى لە بنەمادا نەک هەر سوننەت نییە، بەڵکوو پێچەوانەکەى سوننەتە کە یەک ژنییە!
$چوار:$ وا دیارە دادگەى باڵاى فیدراڵى کە خۆى لێ بووەتە موفتى و فەتواى ئایینى دەدات، لەبرى دەستوورى و یاسایى، هەڵە تێگەیشتووە لە بابەتى فرەژنى، چونکە ئەوان بەو هەڵوەشاندنەوەیەیان فرەژنییان خستووەتە چوارچێوەی بیروباوەڕ و پەرستشەکان، لە کاتێکدا بابەتى فرەژنى لەنێو پەرتووکەکانى فیقهى ئیسلامیدا باس کراوە نەک عەقیدە و بنەماکانى ئایین، کەواتە بابەتێکە قابیلى قسە و باسە، دەکرێ ڕاى جیاوازى لەسەر هەبێت، هەمیشەش دەرگە کراوەیە (ئیجتیهاد) و ڕاى نوێى لەبارەوە بگوترێت، کاتی خۆشى ئەو لیژنە زانستییە ئیسلامییەى کارى هەموارکردنەوەى یاساى بارە کەسێتییەکەى کوردستانى لە ئەستۆ بوو، خەڵکى زۆر شارەزا و بلیمەت بوون لە شەرع، لەناویاندا (پ. د. مستەفا زەڵمى، پ. ى. د. محەمەد شەریف ئەحمەد) کە هەردووکیان جگە لەلایەنە ئەکادیمییەکە، مەلاى زۆر شارەزا بوون لە شەرع و گەیشتبوونە پلەى ئیجتیهاد، لەبەرئەوە زۆر ئاساییە لە بابەتگەلێکى لەو شێوەیە کۆشش بکەن و ڕاى نوێ بخەنە ناو مەیدانەکە، هەر ئەوەشیان کرد و توانیان خزمەتێکى باش بە پرسى مافەکانى ئافرەت بکەن لە ئیسلام و کۆمەڵگەى کوردستانیدا.
$پێنج:$ لە هەمووى سەیرتر تێگەیشتنە سەیرەکەى داگەى باڵاى فیدراڵییە بۆ بابەتەکە، ئەوان بڕیاریان وایە هەموارەکە پێچەوانەى حوکمەکانى ئیسلامە، بیانووشیان ئەوەیە: هیچ ڕایەکى فیقهى لە مەزهەبە ئیسلامییەکان پاڵپشتى هەموارەکە بکات، لێرە من لەبرى دادگەى باڵاى فیدراڵى، دامەزراوەیەکى تەواو تەقلیدى و نەریتخوازى ئیسلامى دەبینم لەبرى دادگە، دادوەرەکانیشم لە بەرگى مەلاى زۆر نەریتخواز دێنە پێش چاو، کەواتە ئەوان هەموو ڕایەکى نوێ و نوێگەرییەک ڕەتدەکەنەوە ئەگەر ڕاى فیقهى لەسەر نەبێت، ڕاى فیقهى پێشوو، واتە تەنیا ئەوەیان قبووڵە کە لەپێشتردا گوتراوە و تەواو!
$شەش:$ نازانم ئەو بڕیارەى دادگەى فیدراڵى بە هەڵە تێگەیشتن دابنێم یان خۆڵکردنە چاوى خەڵک، ئاخر ئەوان دەڵێن ئەو هەموارە نادەستوورییە؛ چونکە پێچەوانەى حوکمەکانى ئیسلامە، لە دەقى بڕیارەکەى دادگەدا هاتووە: على أساس مخالفتها أحکام الشریعة الإسلامیة الغراء وعدم وجود ڕأی فقهی فی المذاهب الإسلامیة یؤید ما جاء فیها مما یفقد النص دستوریته لمخالفته أحکام الشریع، واتە: لەسەر ئەو بنەمایەى پێچەوانەى حوکمەکانى شەریعەتى ئیسلامی پاکە، هیچ ڕایەکى فیقهیش نییە لە مەزهەبە ئیسلامییەکان پاڵپشتى ناوەرۆکى هەموارەکە بکات، بەمەش دەقى هەموارەکە دەستووریبوونى لەدەست دەدات، چونکە پێچەوانەى حوکمەکانى شەرعە، بەڵام لە ڕاستیدا هەموارەکە پێچەوانەى دەستوورى ئێراق نییە، چونکە دەقە دەستوورییەکە بەو شێوەیە نییە کە دادگەى باڵاى فیدراڵى هێناویەتى، بەڵکوو دەقە دەستوورییەکە وەک لە بڕگەى (أ) ، مادەى دوو دا هاتووە بەمشێوەیەیە: ڕێگەپێدراو نییە یاسایەک دەربچێت پێچەوانەى حوکمە نەگۆڕەکانى ئیسلام بێت، بڕواننە حوکمە نەگۆڕەکان و بەراوردى دەکەین لەگەڵ ناوەرۆکى بڕیارەکەى دادگەى ناوبراو لەگەڵ هەموارەکەى کوردستان، هەموارەکە بابەتێکى فیقهییە، مافێکى بەئافرەت داوە پێشتر زانایانى مەزهەبە ئیسلامییەکان یاداشتیان نەکردووە، هاوکات پێچەوانەى شەریعەتیش نییە، لەبەرئەوە (حوکمە نەگۆڕەکانى ئیسلام) ئەو حوکمانەن کە گشتى و کۆ-ن، بە بەڵگەى بڕاوە و گومان هەڵنەگرن و تێگەیشتنیشیان بڕاوەتەوە، واتە زیاد لە ڕاڤە و تەفسیرێک هەڵناگرن، ئەگەر شتێک بەمشێوەیە بوو، ئەوە دەبێتە حوکمێکى نەگۆڕ، بەڵام بابەتى فرەژنى ڕاى جیاوازى لەسەرە، دەقەکانیش مروونەتى ئەوەیان تێدایە ئەو مافە بە ژن بدەن، وەک ئەوەى موجتەهیدەکانى لیژنەى هەموارەکەى کوردستان کردیان، بەمەش لە بازنەى نەگۆڕ ئەژمار ناکرێت، بەڵکوو گۆڕاو دەبێت، لەو کاتە نابێتە نادەستوورى، ئێستا نازانم: دادەوەرە – موفتییەکان درکیان بەوە نەکردووە کە هەموارەکە نادەستوورى نییە، بەڵکوو ناتوراسییە، ڕەنگە ناهەقیشیان نەبێت، چونکە ئەوان دادوەرن نەک موفتى!
$شەرعزانان وەک دەمەوانەى دڵنیایی:$
ئەوەى ئەرکى شەرعزانانى قورسکردووە، هاوکات پلە و پایەشیان لاى خوا بەرز بووە لەبەر ئەوەیە کە ئەوان (صمام أمان) ن، واتە: ئەگەر خەڵکانێک هەڵەى شەرعى بکەن، ئەوان ڕاستکەرەوەن، بەڵام چەند ڕۆژێکە سەرنج دەدەم و چاوەڕێم بەڵکە ئەوان بێنە دەنگ و هەڵەکەى دادوەر-موفتییەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى ڕاست بکەنەوە، بەڵام نازانم بۆ بێدەنگن، بگرە بەشێکى دیاریشیان دڵخۆشن، نازانم هۆکارەکەى ئەوان ئەگەر تەنیا لەبەر ئەوە بێت عەڕابى هەموارەکە پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمى بووە، ئیدى خواخوایانە شتێک هەبێت لە پێگەی کەمبکەنەوە و بڵێن، ئەها نەمان گوت!
باشە ئەگەر ئەوان بێدەنگن، ئەى بۆ فەقیهەکانى دەستوور و شارەزایانى ئەو بوارە نایەنە دەنگ؟. [1]