ناونیشان: #ئایینی ئێزدی# و شوێنەوارەکانی لە #کوردستان#دا/ بەشی پێنجەم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
$شوێنەوارەکانی ئایینی ئێزدی$
لە شوێنەواری بەجێماوە لە ئایینی ئێزدی، یەکەم شوێن، کە وەک کۆنترین و گرنگترین شوێنەوار دەبێ بناسرێت (#لالش#) ە.
$لالش$
لالش بە دووریی 60 کم لە شاری #دهۆک#ە دەکەوێتە 14 کیلۆمەتریی شارۆچکەی ئێسفنێ، ئەم شوێنە کەوتووەتە ناو دۆڵێک، کە بە زنجیرە چیای بچووک دەورە دراوە، واتا لە بەشی ڕۆژاواوە بە چیای حەزرەت و لە بەشی باشووروە بە چیای مەشەت و لە باکووریشەوە بە چیای عەرەفات دەور دراوە و تەنیا لە بەشی ڕۆژهەڵاتەوە کە ڕێگای هاتوچۆ هەیە بۆ سەردانی شوێنەکه.
ئەم شوێنە، کە لەلایەن پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی بە (لالشی نوورانی) دەناسرێت، بەهۆی مێژووە کۆنەکەی و هەبوونی مەزارگەی کەسایەتیی بەناوبانگ و کاریگەریی ئەم ئایینە (#شێخ ئادی#) و کوڕەکەی، وەک پیرۆزترین شوێنی ئایینی ئێزدی دەناسرێت، پەیڕەوانی ئەم ئایینە پێیان وایە، هەموو ئێزدییەک لە ژیانی خۆی دەبێ بۆ یەک جاریش بێت سەردانی لالش بکات، کە ئەمە هاوشێوەی جێبەجێکردنی فەریزەی حەج وایە.
بە بڕوای ئێزدییەکان، جیهان و ئەفراندن لە لالشەوە دەستی پێ کردووە و و چیای لالش یەکەم مەنزڵگەی خوا بووە.
هەر لە لالش، کۆمەڵێک شوێنی دیکەی پیرۆز هەیە، کە هەر یەکەوە گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە بۆ ئێزدییەکان. شوێنە هەرە گرنگ و پیرۆزەکانی لالش، مەزارگەی کەسایەتیی پلە یەکی ئەم ئایینە (شێخ ئادیی #هەکاری#) یە.
$مەزارگەی شێخ ئادی:$
ئەم مەزارگەیە تایبەتە بە کەسایەتیی پایەبەرزی ئایینی ئێزدی، شێخ ئادیی هەکاری، کە خزمەتێکی یەکجار گەورەی بە ڕێکخستنی ئایینی ئێزدی کردووە.
$شێخ ئادی کێیە؟$
ئادی، یان عەدی کوڕی مسافر کوڕی ئیسمائیل کوڕی مووسازای زاهیدی شامی هەکاری، لە ساڵی 1078ی زایینی لە گوندی (#بێت فار#) یان (شوفل ئەکراد) ، لە لوبنان لەدایک بووە و لە تەمەنی 53 ساڵی گەیشتووەتە لالش و لەوێ بەهۆی ئەوەی کەسایەتییەکی زانا، سیاسی و لێبووردە بووە، توانیویەتی بە بەکارهێنانی هێزی مەعریفەت و مەعنەوی، ڕێکخستنێکی گەورە و مێژوویی لە ڕیزەکانی پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی درووست بکات و ببێتە کەسایەتییەکی گرنگ و پایەبەرز، کە لە مێژووی ئەم ئایینەدا، یەکەم جار بوو کەسێک بگاتە ئەم ئاستە، بۆیە شێخ ئادی بوو بە جێی ڕێز و بە چاوێکی مەزنەوە سەیری دەکرا، هەتا ئەو ڕادەیەی، کە خەڵک زۆربەی دوعا و نزاکانی بۆ شێخ ئادی دەخوێندەوە.
شێخ ئادی لە ساڵی 1161 لە لالش کۆچی دوایی کرد و هەر لەوێ لە ئارامگەیەک نێژراوە، کە ئێستا بووەتە شوێنێکی ئایینیی گرنگ لە لالش، کە ساڵانە ئێزدییەکان لەسەرانسەری دونیاوە سەردانی دەکەن. لە بەشی پێشەوەی مەزارگەی شێخ ئادی، لە دەستی ڕاستی دەرگایەکەی، وێنەی مارێکی ڕەش نەخشێنراوە. مار لە ئایینی ئێزدیدا نیشانە هێز و ژیان، بیرمەندی و ڕزگارکردنە.
هەر لەناو مەزارگەکەدا کانیاوێکی لێیە، کە لە بیروباوەڕی ئایینی ئێزدیدا ئاوێکی پیرۆزە و بۆ گەیشتن بەم کانییە، دەبێ لە ڕێڕەوێکی لە بەرد درووستکراو تێپەڕ ببیت، کە تەنیا ئێزدییەکان بۆیان هەیە بگەنە ئەم کانیی ئاوە، ناوی ئەم کانییە (زەمزەم) ە.[1]