#عەبدولڕەحمان سدیق#
بۆ ئێستا و ئاییندەی خۆمان زۆر گرنگە بایەخی زیاتر بە کوردۆلۆجی بدەین لە ڕەهەندە جیاوازەکانیەوە، چونکە کوردۆلۆجی، یان کوردناسی وەک گشت ئەو نووسراو و توێژینەوانەی پەیوەستن بە ژیانی کورد و کوردستانەوە لە بوارەکانی جوگرافیاو مێژوو زمان و شێوەزارو داب ونەریت و هونەرو بیناسازی و جلوبەرگ و سیاسەت و کۆمەڵناسی و ئابوورییەوە، جا چ لەلایەن کورد خۆیەوە، یان لەلایەن بیانییەکانەوە نووسرا بێت.
ڕەنگە زۆر هۆ هەبووبن بۆ دەرکەوتنی کوردۆلۆجی، وەک:
هۆی ئابووری: بەهۆی دەوڵەمەندیی خاکی کوردان بە زۆربەی سەرچاوەکانی وزە و ماددە خامەکان لەلایەک و، بەهۆی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی کاڵا و بەرهەمەکانیان لە لایەکی دیکەوە، زۆرێک لە دەوڵەتانی نزیک و دوور بایەخیان بە کوردۆلۆجی داوە.
هەڵمەتە ئایینییەکان: زۆرێک لە دەوڵەتان لە دێرزەمانەوە لە پێناو بڵاوکردنەوەی ئایینی خۆیان، ویستوویانە لە بارەی کوردەوە زانیاریی وردیان هەبێت.
هۆی سەربازی و سیاسی: دەوڵەتانی وەک فارس و ڕۆم، سەفەوی و عوسمانی، فەرەنسا و بەریتانیا، ئەڵمانیا و ڕووسیا، هەر یەکەو بۆ بەرژەوەندیی خۆی خەریکی پڕۆسەی کوردناسی بووە.
قۆناغەکانی گەشەکردنی کوردۆلۆجییش دوورو درێژ بوون، بۆ نموونە:
یۆنانییەکان لە مێژووی کۆنی خۆیاندا زانیارییان لە بارەی کوردەوە کۆکردووەتەوە.
دواتر ئیتاڵییەکان، لەبەر هۆی ئایینیی و زانستیی ئیتاڵییەکان وردتر کوردستانیان ناسیوە، نووسراوەکانی گەڕیدەو گەشتکار مارکۆ پۆلۆ (1254 - 1324)ی زایینی، باسی کوردستان دەکات و، کورد بە گەلی جەنگاوەر و خەمبار ناو دەبات.
ئنجا ئەڵمانییەکان و پاشان ڕووسەکان، لەسەدەی هەژدەوە ڕووسەکان زۆرترین قسەو باسیان لەسەر کورد نووسیوەو، چەندین پەیمانگاو بەشیان لە زانکۆکاندا کردۆتەوە بۆ کوردناسی و دواتریش کۆڵۆنیاڵییەکان، بەتایبەت لە سەدەکانی نۆزدە و بیستەمدا و لەلایەن بەریتانیاو فەڕەنساوە دەیان توێژینەوەی مێژوویی و جوگرافی و دیمۆگرافییان لەبارەی کوردەوە نووسیوە، لەبەر هۆی سیاسیی زیاتر لەوەی هۆی زانستی بن. لە کۆتاییشدا هەوڵە خۆماڵییەکان، کە ساڵانیکی کەم نییە دەستیان پێکراوە و، باس و توێژینەوە زانستییەکان لە بوارە جیاجیاکانی تایبەت بە کورد و کوردستان.
یەکێک لە سوودە گەورەکانی ئەم زانستە یارمەتیدانمانە بۆ خۆناسین و زانینی زۆر خاڵی تایبەت بەکورد کە لە گەلانی دەوروبەری جودای دەکاتەوە، بۆ نموونە:
1- دیاردەی فلتەری کوردی، هەر زاراوەیەک، یان بیردۆزێک کاتێک بەفلتەری کورددا تێپەڕ دەبێت مانایەکی خۆماڵی وەردەگرێت، بۆیە زۆر وشە و زاراوە و بیروبۆچوون هەن، کاتێک دەگەنە لای کورد و بە فلتەری کوردیدا تێپەڕ دەبن، ماناو شێوازێکی نوێ وەردەگرن.
2- کورد وەک دۆستی چیا، ماناکانی ئازادی و بینینی ئەوانی دیکە و سەربەخۆبوونی لەلا چەسپاوە.
3- ژینگەی کورد و دووانەکانی بەرز – نزم، سارد – گەرم، باران – وشکە ساڵی، بیرکردنەوەیەکی پۆلێنکاریی دووانەیی لەلا درووست کردووەو، زۆربەی کات کەمتر ناوەڕاست و تێکڕای شتەکان و ڕووداوەکان دەبینێت، بۆیە لە گوفتار و ڕەفتاردا یەکێک لە هەردوو سەری هەڵوێستە توندەکان هەڵدەبژێرێت.
4- کورد وێڕای ئەوەی زۆرینەی موسڵمانە، بەڵام تەواوی وردەکاریی ئایینەکانی پێشووی پشتگوێ نەخستووە، بۆیە زۆر سروت و بۆنە هەن کورد ئێستاش یادیان دەکاتەوەو، هاوبەشیی خاوەن ئایینەکانیش دەکات تیایاندا.
5- کورد لەو گەلانەیە کە لە وەرگرتنی ئیسلامیش و لە نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیشیدا، زمانی ڕەسەنی خۆی پاراستووەو، وەک موسڵمانی شام و باکووری ئەفریقیا زمانی خۆی نەگۆڕیوە بۆ عەرەبی.
6- کورد بەهۆی دابڕانی جوگرافییەوە، ئیماراتی جودای پێکهێناوەو، بەمەش شێوەزاری جیاواز هاتۆتەئاراوە.
7- کورد بەهۆی هەوڵدان بۆ خۆپاراستن لە دەستی دەوڵەتانی داگیرکار، زۆربەی کات ئەوەی لە ناخیدایە شتێک بووەو، ئەوەی ئاشکرای کردووە، شتێکی دیکە بووە، بەمەش نیکیتین دەڵێت: کورد زۆر تێکەڵن، بەڵام مانای وانییە کە تەبان.
8- کورد ئایینی وەک عیرفانی حوببی و خۆشەویستیی خودا زیاتر لەلا مەبەستە هەتا زوهد و تەرکی دنیا.
9- کورد خاوەن عەقڵێکی زۆر پرسیارکار و ڕەخنەگرانەیە، بۆیە تا قەناعەتی خۆی بۆ درووست نەبێت، تەسەلیم بەهیچ شتێک نابێت.
10- کورد ئایین و نەتەوەی پێکەوە ویستووە، بۆیە لە دێرین زەمانەوە هەر کەسێک دژی هەستی نەتەوایەتی و زمان و کەلتووری وەستابێتەوە، قەبووڵی نەکردووە بە ناوی ئایینەوە دژایەتی بکرێت.[1]