ژنان بە درێژایی مێژوو لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و کلتووری ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە و هیچ کۆمەڵگایەک بە بێ بەشداری ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نەیتوانیوە و ناتوانێت بنەما بنەڕەتییەکانی دیموکراسی و یەکسانیخوازی هەمە لایەنە دابین و بونیات بنێت. ئەوەیکە بە شیوەیەکی کورت دەتوانین ئاماژەی پێبکەین ئەوەیە کە لە سێ خۆپیشاندانی بەربڵاوی ژنان کە سەردەمێکی نویێان خولقاند، یەک لەوانە ژنانی کارگەی ڕستن و چنینی شاری نیۆیۆرک لە ساڵی 1857ی زاینیی بوون کە بوو بە سەرهەڵدانی شۆڕشێکی جەماوەری بەربڵاو کە تا ئێستاش لە سەرانسەری جیهاندا درێژەی هەیە.
یەکەمین خۆپیشاندان لە #08-03-1857#ی زایینی ڕووی دا، دووهەمین خۆپیشاندانی گرینگی ژنانی کرێکار 51ساڵ دواتر لە 08-03-1908 ی زایینی و سێهەمیان ئەوە بوو کە بە ڕێبەری یەکێتی ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستن و چنین بە شێوەی مانگرتنی گشتی بۆ ماوەی 21 ڕۆژ لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 1909 بەڕێوە چوو، ژنانی کرێکار لەم خۆپیشاندانەدا داواکاری باشتر بوونی باروودۆخی کار، پێشگرتن لە کاری منداڵان و لە سێهەمین خۆپیشاندانەکەیاندا داواکاری مافی دەنگدان و هەموو مافەکانی مەدەنی، ئابووری و سیاسی بوون کە مافی سەرەتایی هەر مرۆڤێکە.
دیارە ئەم مانگرتنانە و کۆبوونەوەکان کە خۆپیشاندانی تێدا بەڕێوە دەچوو گەرچی بە شێوەیەکی تووندووتیژانە لەلایەن پۆلیسەوە وەڵام دەدرایەوە وتەنانەت لە لەلایەن یەکێتی کرێکارانی ئەو سەردەمە ئەم پرسە گرینگە پشت گوێ دەخرا. بەڵام بە تێکۆشان و کۆڵنەدانی ژنانی کرێکاری نیویۆرک، سەرەتا شۆڕشێکی هەمە لایەنە و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بۆ ژنانی کرێکار و هەموو ژنانی مافخواز لە سەرانسەری دوونیا هاتە ئاراوە.
بە دوای تێپەڕ کردنی ئەم سێ قۆناغەی شۆڕشی ژنان لە ساڵی 1910ی زایینی لە کۆنفڕانسێکی نێونەتەوەیدا ژنانی کرێکار کە بە نوێنەرایەتی لە لایەن 17 وڵات و ڕێبەرانی یەکیەتییە کرێکارییەکان بەڕێوە چبوو، بە پێشنیاری ''کلارا زێتکین'' کەسایەتییەکی سۆسیال – فیمینیزمی ناسراو، یەکێک لە ڕێبەرانی حیزبی سۆسیال دیمۆکراتی ئەڵمان، بە مەبەستی ڕێزێک لە شۆڕشی ژنانی کرێکار و پتەو کردنی ڕۆژێک کە هەموو ژنانی کرێکار و ئەو ژنانەی کە مافخوازن لە سەرانسەری جیهان دژ بە چەوسانەوە دەنگیان هەڵبڕن، ڕۆژی 8ی مارس بە ''رۆژی جیهانی ژن'' بەشێوەیەکی فەرمی ناوزەد کرا.
هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ژنانی کرێکار و ژنانی سۆسیال دیمۆکرات لە ئەمریکا و ئەوروپا، کۆمەڵێک لە ژنانی کرێکاری ئێران بە ڕەنگدانەوەی پرسی سۆسیال دیمۆکراسی بە بەڕێوەبردنی یەکیەتی کرێکاران و دامەزراوە سێنفییەکان لە ساڵی 1285ی هەتاوی بە پاڵپشتی لە شۆڕشی مەشرووتە خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست، بەڵام هەر لە نێوان ساڵەکانی 1287- 1285 زیاتر لە دە ئەنجومەن و یەکییەتی و شورا، لە لایەن ژنانەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ هاتە گۆڕ. ئەم ئەنجومەنانە جگە لەوەیکە بەرگریان لە مەشرووتیەت و چینەکانی دیکەی کۆمەڵگا دەکرد هەروەها بە شێوەیەکی دیاریکراو لە ڕێگەی بە دەستهێنانی ماف، ئازادی دیمۆکراتیک و لە ناوبردنی ستەم دژ بە ژنان لە تەواوی بوارەکاندا بە پتەوی هەوڵیان ئەدا.
لە ساڵی 1300ی هەتاوی دوای ساز بوونی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵێک لە چالاکوانانی بزووتنەوەی ژنانی کوردستان و ئێران بە پاڵپشتی ئەم حیزبە لە چوارچێوەی حەشیمەتەکان و ئەنجومەنەکانی تایبەت بە ژنان، دیسانەوە چالاکییە ئازادیخواز و مافخوازانەکانی خۆیانیان لەسەرەتاوە دەستپێکردەوە. ئەم حەشیمەتانە داواکاری دابین کردنی مافی ژنان لە تەواوی بوارەکاندا، بردنە سەرەوەی ئاستی زانیاری ژنان لە ڕێگەی بەڕێوە بردنی خولی تایبەت بە ژنان، بەڕێوەبردنی لێدوان و کۆبوونەوەکان، سازکردنی قوتابخانە گەلێکی تایبەت بە ژنان بوون، یەکێک لە چالاکانی ناسراوی ئەم ئەنجوومەنە جەمیلە سدیقی و شەوکەت ڕووستا بوون کە دواتر لە لایەن هێزەکانی ڕژیمی ڕەزا شا دەستبەسەر و زیندانی کران.پاش شۆرشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1357ی هەتاوی بە تێپەڕاندنی قۆناغێکی بێ ئاکام، دیسانەوە شایەتی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژنان لە بواری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بووین.
ئەم بزووتنەوەیە بە بوونی لاوەکان، هێزی نوێی کۆمەڵگا و هەروەها ئەزموونی چالاکوانانی دەست پێشخەر بە سەرکەوتن گەیشت کە بە شێوەیەکی ئاشتی خوازانە، داخوازییە گشتییەکانی ژنانی ئێرانیان جارێکی تر بە پشتیوانی بزووتنەوەی کرێکاری و چالاکوانانی ڕیکخراوە سێنفییەکان پەیوەند داو بە دانانی یاسا و ڕێنماییەکان و پەروەردە کردنی خەڵک بەو کولتورە کە ژنان نابێ بە هۆی جیاوازی ڕەگەزییەوە بچەوسێنەوە.
هەر بزووتنەوەیەک پێویستی بە ئیرادەی هەر نەتەوەیەکە و بەشێک لەو نەتەوەیە پێکدێت لە ژنان کە نیوەی هەر کۆمەڵگایەکن، بۆیە لە مێژوودا ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە بۆ داخوازی لە مافەکانی خۆیان و لەگەڵ ئەوەدا بۆ یەکسانی نێو کۆمەڵگاش شێلگیرانە هەوڵیان داوە. لە چوار دەیەی ڕابردوودا کە کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی بەدەستەوە بووە سەبارەت بە دابین نەکردنی داخوازییە سەرەکییەکانی کرێکاران و بە تایبەت ژنانی کرێکار ناکارامەیی خۆی سەلماندووە و مەشرووعیەتی خۆی لەدەستداوە و ئەمە بووەتە هۆی ئەوەیکە گرینگی و ڕەنگدانەوەی بزووتنەوەی کرێکاری لە قۆناغە پێشووەکانی خۆی زیاتر بێت. بە تایبەت لە یەک دەیەی ڕابردوودا تاوەکو ئێستا ژنانی کۆمەڵگای ئێران بە گشتی و بە تایبەت کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هۆی گوشاری ئابووری و جیاوازی ڕەگەزی لە بارودۆخێکی نالەباردا ژیان بەسەر دەبەن، دەتوانین ئاماژە بە ژنانی کۆڵبەر، ئەو ژنانەی کە بە تەنیا و لە نێو کۆمەڵگای ئێران کە خاوەن بارودۆخێکی دژوار و تاقەت پڕوکێنی ئابووریدایە بە هۆی ناکارامەیی دەسەڵاتداران سەرپەرشتی بنەماڵەیان لە ئەستۆدایە، نەبوونی بیمەی کاری، ئەمنیەتی شوێنی کار، یاسای ساعەتی کاری و دەستدرێژی جنسی هەندێک لە خاوەن کاران دەبینین کە کۆماری ئیسلامی هیچ پشتگیرییەکی یاسایی یا وەکو ڕێکخراوەییەکی تایبەت بە ژنانی بێ سەرپەرشتی دانەناوە، ئەگەریش ببێت هیچ کاریگەرییەکی سەبارەت بە پرسی ژنان و کێشە و داخوازییەکانیان لە هیچ بوارێکدا نەبووە.
سەرەڕای هەموو ئەم پێشێلکارییانە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دژ بە ژنان دەکرێت و بەردەوامە، لەوانە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ ئەم خۆپیشاندانانەی ساڵانی ڕابردوو کە ژنان بە هۆی ئەوەیکە وەکوو ڕەگەزی دووهەم پێناسە دەکرێن سەرکووت دەکرێن و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بێ ڕێزیان پێ دەکرێت و هەندێک جاریش دەستبەسەر و سزای زیندانی کردنیان بەسەردا دەسەپێت. ڕۆڵی ژنان لە بزووتنەوەی کرێکاری هەروەک لەم بابەتە باسی لەسەر کرا، ڕۆڵێکی گرینگ و کاریگەریان گێڕاوە و کە نابێت و ناکرێت ڕۆڵی ئەم چینە لە بزووتنەوە کۆمەڵایتەییەکان و بە تایبەت بزووتنەوەی کرێکاری لە بەرچاو نەگیردرێت، بەڵام ئەگەر بمانەوێ بەرەو سەرکەوتن و هەرچی خێراتری گەشە کردن پێش بڕۆین دەبێت سەرەتا لە بناغەوە واتە بنەماڵەکە وەک سەرەکیترین ناوەندی فێربوون و پەروەردە کردن ناسراوە، ئەم کولتوورە کە ژنان وەک ڕەگەزی دووهەم پێناسە نەکرێن لە نێو بنەماڵەکاندا جێ بەجێ بکەین.
هەروەک لەم بابەتە باسی لەسەر کرا ژنان دەبێت ڕێکخراو و یەکگرتوو بن، لە ئێران یەکییەتی و چینی کرێکاری تایبەت بە خۆیان بێت بۆ گەیشتن بەداخوازییەکانیان و لەم پرسەدا ئەرکی لایەن، ڕێکخراو و حیزبە سیاسیەکانە کە پاڵپشتی بزووتنەوەی ژنان، بە تایبەت ژنانی کرێکار بن بە مەبەستی گەیشتن بە ماف و داخوازییەکانیان.[1]