گەوهەر
#گوڵزار حەمە فەرەج#
ئەگەر من پێناسەی ژن بکەم، دەڵێم ئەو دو پیت و چوار خاڵە، پیتی یەکەمی ژیانە و پیتی دووەمی نازە، هێندە ستەمی ڕۆژگار سەرشانی قورس کردوە، مشتێک خەندەی لە ناخیدا هەڵگرتوە، لەبەخشینی تین و وزە و
روناکیدا کەبە ژیانی ئێمەی پیاوانی دەبەخشێ، کێبڕکێ لەگەڵ خۆردا دەکات، سنگی ئەو کانیاوی هەڵقوڵینی بوون و مانەوەی مڕۆڤەکانە، ئەو بۆ ئەوەی جوانی بە ئێمە ببەخشێت، وەک ملوانکە خۆی بەگەردنی هەمووماندا هەڵواسیوە، ژن دەسماڵی نازی سڕینی ئێمە و ئارەقەی هیلاکی جەستەی هیلاکمانە، نووسەر (نەوزاد بابا) فەنتازیای کەسێتی نەخۆش ناخوێنێتەوە، ئەوەندەی قسەی دڵی نەخۆشەکانی دەنوسێتەوە.
لەڕێگەی ڕەهەندی هەناوی بەتاڵ و وشە جوانانەی ژن، پێویستە لەکەسە نزیکەکانەوە بیبیستێ، ئەو بەخشینە ناسکانەی کە ژن هەڵیگرتووە، خودی ژنیشە هۆگری بیستنی لەرەگەزی بەرامبەرەوە.
(نەوزاد بابا) لە نووسینی ئەم کتێبەیدا لە تەنهایی ژن دەکۆڵێتەوە، باسی داب و نەریتی جوان و ناشرینی کۆمەڵگە بەگوێی پیاواندا دەدا، بەڵکو بەخۆیاندا بچنەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە شاراوەکانی دڵی هەردوو ڕەگەز، ئەم بەرهەمە تامی میوەی چەشنی نێو باخی ژندۆستی (نەوزاد بابا) دەکات و لەزاری خۆیەوە دەڵێ:
هەمو دێڕێکی باجێکم بۆ داوە و بەشەڕی دەستە و یەخەی کۆڵان وشەکانم بەدیل گرتوون، سەخترین دیراسە و لێکۆڵینەوەم بۆ ئەنجام داوە، تاکو ناخی ژنەکانم نوسیوەتەوە، دیسان بەئەمانەتەوە ناخ و بیرکردنەوەکانی ژن دەگوێزمەوە و لە قوڵایی دەرونیدا بۆ سەر کاغەزی سپی میهرەبانی خۆی و دەڵێ:
خۆزگە پیاوەکان دەیانزانی ژنناسی چەندە بەختەوەرییە و سەربەرزییە و هێز و شەهامەتە، ئەو گەوهەرەی کە پیاوانی کورد ونیان کردوە کەوتۆتە ناو دەرون و گیانی ژنەوە، نوسینەکانم ڕاستین و بەڵگە نەویستن و هەموویان مۆری ناخی ژنیان پێوەیە کە سەرچاوەی ئاشتی و ژیانن.[1]