نە خانووی سەر شیوو، نە ئاغاژنی کچەتیوو
لە بەرزی و نزمی سەر زەویدا، دیاردەی دۆڵ و شیوو و چەم و شیوەرۆک، بۆ درووستکردنی خانووبەرە و شوێنی حەوانە و ژیان و نیشتەنی و نیشتەجێبوونی هەمیشەیی نابن، چونکە ئاوەڕۆی ئاوی بارانە، ئەوەش زانراوە کە ئاو شوێنی خۆی دەگرێتەوە بۆ یەک خولەک و کاتژمێرێکیش بێت، تاوە بارانێکی بەخوڕ و گەوارە بارانێکی سەرشێت دەمی کوندەکەی بکاتەوە سێڵاو و لاڤاو درووست دەبێت و خانووی سەر شیووەکە ئاو دەیبات، کچەتیو، کچی هەتیو، باب مردوو، جنێوێکە لە کاتی توڕەبوون بەکچان دەوترێت، هەتیوو بۆ سووککردن و بریندارکردن دەوترێت: هەتیومچە و هەتیو ومەتیو، دۆخێکە لە بێ ئاکارییەوە کۆمەڵگە بەکاری دەهێنێت، ئەگەرنا کەسێک باوکی نەبێت دەبێت دەوروبەرەکەی جێگەی باوکی بگرنەوە نەوەکو بیکەنە جنێو ئەو بێ باوکییەی، بەڵام لە زاراوەی کچەتیوودا واتە:ئاغاژن، ئافرەتێکی بێ ئەسل و نەسل و بنەچەیە بۆ کابان و ئاغاژنی قۆناغ و دیوەخان و میوان بەرێکردن نابێت، وەک چۆن سەر دۆڵ و شیوەکانیش بۆ دامەزراندنی خانوو نابن و لەبارنین، هەردوو حاڵەت بوون بە ئیدیۆم و بۆ شتێک یان کارێک یان کەسێک بەکاردەهێنرێت، کە جێگەی متمانە و باوەڕ نەبن و نەتوانرێت بەتەواوەتی پشتیان پێ ببەسترێت، بەدرکە و کینایە و توانج و پەلارەوە دەوترێت: نە خانووی سەر شیوو، نە ئاغاژنی کچەتیوو.[1]
ئەڤ بابەت ب زمانا (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا
![](https://www.kurdipedia.org/images/flags/ku.png)
بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
![](https://www.kurdipedia.org/images/flags/ku.png)
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 933 جار هاتیە دیتن