دڵم بۆ زوڵف و ڕووی جانانە ئەگری
مناڵە و بۆ گوڵ و ڕێحانە ئەگری
چرا ئیمشەو کەوا فرمێسک ئەڕێژێ
ئەڵێی هەر بۆ منی پەروانە ئەگری
ئەکا شاباشی کێ دەریایی دیدەم
کە چەشنی گەوهەری یەکدانە ئەگری؟
چییە پیری دڵ ئیمشەو وەک عەرەق خۆر
لە کونجی تەکیە بۆ مەیخانە ئەگری
شەوێ بێ زوڵفی ئەو مەهپارە تا ڕۆژ
دڵم بۆ سینەچاکی شانە ئەگری
غەزاڵی من ئەگەر ساتێ نەبینێ
بیابان قوڕ ئەپێوێ، لانە ئەگری
کەوانئەبرۆ، بە تیغی غەمزە تاکەی
لە جەرگم بێ گونەه نیشانە ئەگری!
لە بەزمێکا کە ساقی چاوی تۆ بێ
مەی ئەڕژێ، دڵ ئەچێ، پەیمانە ئەگری
بە یادی نەوبەهاری ڕوویی تۆیە
کە چاوم هەوری زستانانە ئەگری
برا تا نەبیە تۆز و گەردی بەر پێی
بە زەحمەت چاکی ئەو دامانە ئەگری
لە دڵتا گەنجی یادی کێیە بێخود
کە ئیمشەو نۆبەتی وێرانە ئەگری[1]
#بێخود#