ئەگەر شاهم، وەگەر شاهین و بازم یا ڕسول الله
وەتەن ئاوارە و هێلانەوازم یا ڕسول الله
بە ڕۆژ پەروانەیێکی دڵشکاو و بێ پەڕوباڵم
بە شەو شەمعێکی پڕ سۆز و گودازم یا ڕسول الله
لە تێغی قەهر و ڕوتبەی ئیلتیفاتی تۆوەیە قوربان
ئەگەر گەردەنکەچم یا سەرفەرازم یا ڕسول الله
بە وەرچەرخاندنێکی ڕووت هەتا هەم کەوتووم بێناز
بە لوتفێکت لە عالەم بێ نیازم یا ڕسول الله
لە تێکۆشینی ڕزگاری منی ئاوارەدا کول بوون
هەموو باپیرەکانی دڵنەوازم یا ڕسول الله
ئیتر هەر خۆت ئەبێ چارەم بفەرمووی چونکە هەر خۆتی
تکاکارم، موعینم، چارە سازم، یا ڕسول الله
ئەزانم خۆ خیلافی ئەمری تۆم زۆر کردووە، ئەمما...
کوڕی خۆتم بە لوتفی تۆ ئەنازم یا ڕسول الله
نەجاتم گەر بدەی زوو بۆ تەوافت حازرم، یەعنی...
بە کەعبەی ڕووت ڕووەو خاکی حیجازم یا ڕسول الله
غوڵامێکم ئەوا خۆم خستە قاپی غیرەتی تۆوە
بەناو (مەحموود) م ئەمما هەر (ئەیاز)م یا ڕسول الله[1]
#بێخود#