بە دەشتی پڕ جنوونی ئاخەوە مەجنوونی شەیدا خۆم
بە شاخی بێستوونی داخەوە فەرهادی ڕیسوا خۆم
لە بازاڕی دڵا سووتا هەموو سەرمایەیی خۆشیم
لە یانەی دەست و پێ بەسراوییا بێ سوود و سەودا خۆم
لە حەوتخوانی تەلیسمی سەخڵەتی و زیندانی ماتەمدا
گەهێ کاووسی بێ تاوان و گاهێ بیژەن ئاسا خۆم
منم هەر دوو دەسم لێ بوونە تیغی تیژی سەرهەنگان
بەدەس ئەسکەندەری گەردوونەوە بێچارە دارا خۆم
لەبەر بای پێچەوانەی غەم لە هیچ لا ناگرم ئۆقرە
لە عەردی وشکی دووری جاویدانا مەوجی دەریا خۆم
لە ساحەی پڕ لە تۆز و گێژەڵووکەی دڵ شکستیدا
بەدەم بای ئاهەوە هاوشانی دڕک و داڵی سارا خۆم
سەر و شانی دڵم پڕ بوو لە تاج و شیر و ڕوتبەی غەم
لە مشکۆی پایتەختی نامورادیدا شەهەنشا خۆم
گەهێ سەرگەشتەیی مەلحە و قەراج و نەینەوا و پیر مەم
گەهێ ئاوارەیی هەولێر و ڕێی کەرکووک و بەغدا خۆم
لە کەنعانی فیراق و جانگودازیدا وەکوو یەعقووب
لە میسری ئیشتیاق و عیشقبازیدا زوڵەیخا خۆم
هیلاکی بازەکەی ئەوجی عەبابەیلێی وەکوو بەغدا
پەشێوی شاهەکەی ئەحمەد بڕندەی وەک بوخارا خۆم
گەهێ دڵ چاکی تێغی زیهنی شێخ عبد الکریم، گاهێ...
جگەر چاو پڕ لە ئاوی ڕۆژی عیلمی کاکە بابا خۆم
هەڵەستم، دائەنیشم وێنەیانم هەر لەبەر چاوە
موریدێک و خەریکی ڕابیتەی دوو پیری دانا خۆم
بەهەشتی نیشتمانم بێ ئەوان لا ئاگری سوورە
لە شادی گیتییا دۆزەخنشینی شینی عوقبا خۆم
لە هیچ لا بێ بەها نابێ سەدەف پەروەردەیی ئیخلاس
لە بەحری بێ پەیی میهر و وەفادا دوڕڕی یەکتا خۆم
بە دەم دەننووکی چەرخی چنگ بە خوێنی دەردەوە بێخود
لە چۆڵی گەرمیانی بێنەواییدا حوبارا خۆم[1]
#بێخود#