پەرتوکخانە پەرتوکخانە
لێ گەڕیان

کوردیپیدیا بەرفرەهترین ژێدەرێ زانیاریێن کوردییە!


گەریانا دەست نیشانکری





لێ گەڕیانا هویر      کیبورد


لێ گەڕیان
لێ گەڕیانا هویر
پەرتوکخانە
ناونامە بو زاروکێن کورد
کرونولوژیا ڕویدانا
ژێدەر
پاش
کومکری
چالاکی
چەوا لێ بگەڕهم؟
بەلاڤوکێن کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
دارشتنا پولا
بابەت ب هەلکەفتێ
ڤڕێکرن
ڤڕێکرنا بابەتی
ڤرێکرنا وێنەی
ڕاپرسی
بوچوونێن هەوە
پەیوەندی
کوردیپیدیا پێدڤی ب چ زانیاریانە!
ستاندارد
رێسایێن بکار ئینانێ
کوالیتیا ڤی بابەتی
ئامراز
دەربارێ مە
ئەرشیڤ ڤانێن کوردیپێدیا
دەربارەی مە چ گوتیە؟
کوردیپیدیایێ بکە د مالپەرێ خودا
تومارکرن / ڤەمراندنا ئیمێلی
ئامارێن مێهڤانا
ئامارا بابەتا
وەرگێرێ فونتا
گهوڕینا دیرۆکان
کۆنترلکرنا ڕاست نڤیسینێ
زمان و شێوەزارێ لاپەرا
کیبورد
لینکێت پێدڤی
ئێکستێنشنا کوردیپێدیا بو گوگڵ کروم
کوکیز
زمان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هژمارا من
چوونا ژوور
دێ بمە هەڤکارێ هەوە
پەیڤا نهێنە تە ژبیر کریە!
لێ گەڕیان ڤڕێکرن ئامراز زمان هژمارا من
لێ گەڕیانا هویر
پەرتوکخانە
ناونامە بو زاروکێن کورد
کرونولوژیا ڕویدانا
ژێدەر
پاش
کومکری
چالاکی
چەوا لێ بگەڕهم؟
بەلاڤوکێن کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
دارشتنا پولا
بابەت ب هەلکەفتێ
ڤڕێکرنا بابەتی
ڤرێکرنا وێنەی
ڕاپرسی
بوچوونێن هەوە
پەیوەندی
کوردیپیدیا پێدڤی ب چ زانیاریانە!
ستاندارد
رێسایێن بکار ئینانێ
کوالیتیا ڤی بابەتی
دەربارێ مە
ئەرشیڤ ڤانێن کوردیپێدیا
دەربارەی مە چ گوتیە؟
کوردیپیدیایێ بکە د مالپەرێ خودا
تومارکرن / ڤەمراندنا ئیمێلی
ئامارێن مێهڤانا
ئامارا بابەتا
وەرگێرێ فونتا
گهوڕینا دیرۆکان
کۆنترلکرنا ڕاست نڤیسینێ
زمان و شێوەزارێ لاپەرا
کیبورد
لینکێت پێدڤی
ئێکستێنشنا کوردیپێدیا بو گوگڵ کروم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونا ژوور
دێ بمە هەڤکارێ هەوە
پەیڤا نهێنە تە ژبیر کریە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارێ مە
 بابەت ب هەلکەفتێ
 رێسایێن بکار ئینانێ
 ئەرشیڤ ڤانێن کوردیپێدیا
 بوچوونێن هەوە
 کومکری
 کرونولوژیا ڕویدانا
 چالاکی - کوردیپێدیا
 هاریکاری
بابەتێ نوی
پەڕتووکخانە
ژانێن خەریبییێ
01-05-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
کەسایەتی
دانا جەلال
30-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
پەڕتووکخانە
رەوشنبیرییا کوردی د ناڤبەرا شیانێن تاکی و رێکخستنا جڤاکێ دا
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
پیڤەرێن رێکخستنەڤەیا جاڤاکا هەرێما کوردستانێ
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
گەهنۆم ڤارێبوون ژ بهایان
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
بێهۆدەییا جانی
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
گۆگەمێلا، چەپا کەنیزەکێن پایتۆنان
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
کەسایەتی
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
25-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
کەسایەتی
فەیروز ئازاد
25-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
جهـ
ڕەمبوسی
24-04-2024
ڤەژەن کشتۆ
ئامار
بابەت 519,125
وێنە 106,700
پەرتوک PDF 19,299
فایلێن پەیوەندیدار 97,371
ڤیدیۆ 1,392
جهـ
تل قەسەب
کەسایەتی
سەبریا هەکاری
کەسایەتی
ئەڤریم ئالاتاش
کەسایەتی
خالد بەگێ جبری
جهـ
ڕەمبوسی
شوێن پێی کوولتوری کوردی لە ئوستورەی گێڵ گامێش دا
تەڤی کوردیپێدیایێ دزانی؛ کی، کییە! کیرێ، کیڤەیە! چ، چییە!
پول: کورتەباس | زمانێ بابەتی: کوردیی ناوەڕاست
هەڤپشکی کرن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
هەلسەنگاندنا بابەتی
نایاب
گەلەك باشە
ناڤنجی
خراب نینە
خراب
بو ناڤ لیستا کومکریا
ڕایا خو دەربارەی ڤی بابەی بنڤێسە!
گهوڕنکاریێن بابەتی!
Metadata
RSS
گووگلا وێنا بو بابەتێ هەلبژارتی!
گوگل دەربارەی بابەتێ هەلبژارتی!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی1
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

شوێن پێی کوولتوری کوردی لە ئوستورەی گێڵ گامێش دا

شوێن پێی کوولتوری کوردی لە ئوستورەی گێڵ گامێش دا
شوێن پێی کوولتوری کوردی لە ئوستورەی گێڵ گامێش دا
جەلیل ئازادیخواز
ئەمریکا, واشنگتۆن

پێش هەر وتە و دوانێک ڕەنگە دەم ودەست ئەم پرسە بۆ خوێنەری وریا سەرهەڵبدات بۆ نووسراوە [گێڵ گامێش] و بۆ نەنەووسراوە [گێل گەمێش] یا گلگەمێش و جۆرەکانی تری بێژەکردنی ئەم ناوە لای گەلانی دەڤەرەکە. بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسە و هەڵبژاردنی ئەم ناوە؛ سەرەتا پێویستە بەستێن و کوولتوور و شارستانی و جوگرافیاو ڕوانگەیەک بناسین کە ئوستورەی گێڵ گامێش تیایدا ڕسکاوە و ڕووی داوە.
سەرەتا بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسە و باسکردنی ناوەکە پێویستە لە گەڵ زمان و کوولتوور و شارستانی و دین لە سۆمەردا زۆر بە پووختی و کورتی ئاشنا بین و باسێکی ئەم شارستانییەتە بکەین. من پێم وانییە کە ئەوە تەنیا ناوەکەیە کە لە کوولتوری کوردیەوە نزیکە، بەڵکوو سەرتاسەری ئەم ئوستورەیە ناوئاخن و لێورێژە لە کولتوور و شارستانیەتی مادو هەموو گەلانی پرۆمادی مێژووی زاگرۆس و نێوان دوو ڕووبار. لەبەرتیشکی ئەم بۆچوونە ئوستورەی گێڵ گامێش دەخوێنینەوە.

سۆمەریەکان
وەک لە سەرچاوە مێژوویەکاندا دیارە و دەردەکەوێت، سۆمەریەکان هیچکات خۆیان بە خۆیان نەوتووە سۆمەری. سۆمەری ناوێکە کە ئاشووریەکان ئەو ناوەیان لە سەر سۆمەریەکان داناوە. ئەم ناونانە لەلایەن ئاشووریەکانەوە بەمەبەستی تایبەت بووە. سۆمەریەکان خۆیان بە خۆیان وتووە[ئوریکی] ئەم ناوە ناوی شارێکی سۆمەریەکان خۆیان بووە. شاری بەناوبانگی [ئورۆک] لەهەمان جۆرە. کاتی خۆی کاسیەکان بە وڵاتی بابل و دەشتی نێوان ڕوو بارانیان و تووە [کاردۆنیاش] کاردۆنیاش واتە؛ وڵاتی خواوەند دۆنیاش. کاردۆنیاو وشەی کاردۆنیا لەو وشە گرنگانەی زمانی سۆمەرین کە ئاماژە بۆ قوڵایی و ڕیشەو ڕەچەڵەکێکی مێژووی زاگرۆسی دەکەن و لەزۆر بابەتی گرنگ نزیکمان دەکەنەوە، بەتایبەتی ئەوکاتەی کە بزانین ئەم وشە واتە [کاردۆنیا] کەم کەم. دەگۆڕێت و دەبێتە کاردۆنیاو کاردۆخ.
سۆمەریەکان وشەی [کور]یان، بەدوو مانا بەکار هانیوە، دوومانایی ئەم وشە لەزمانی سۆمەریەکاندا پەنجەرەیەکی گەورە بۆ ئێمە دەکاتەوە، کە دەتوانین لەم پەنجەرەیەوە ئاوڕێکی بابەتیانە لە گێڵ گامێش و پێکهاتەو ناوی ئەم ئوستورە و شارستانیەتی سۆمەر بدەینەوە. [کوڕ] لای سۆمەریەکان واتە؛چیا، ماناکەی دیکەشی واتە؛ نیشتمان، یا سەرزەوینێ کە نیشتمانە. ئەم وشە بە ڕوونی دەڵێ؛ نیشتمانی یەکەمین و سەرەتایی سۆمەریەکان پێش دابەزینیان بۆ دەشتی میسۆپۆتامیا چیا بووە و خۆشیان چیانشین بوون. لەم وشەدا هەستێک لە نۆستاڵۆژیا شەپۆل دەدات و شیاوە هەر لێرەدا و لەم دەرفەتەدا ئاوڕێک لەم وشە لە هەنووکەی زمانی کوردیدا بدەینەوە. ئەم وشە وەک دەنگ و پێکهاتەو مانا دەقا و دەق وەک خۆی لەزمانی کوردیدا ماوەتەوە، سەرەڕای فۆرمێکی حەماسی کە ئەم وشە لەزمانی کوردیدا هەیەتی.
لەزمانی کوردیدا ئەم وشە هەنووکەش بە مانای چیا بەکاردێت. ناوەکانی [کوڕەکاژاو، کوڕە مریەم، کوڕە میانە] ناوەکانی [کوڕکوڕە و کوڕەداوێ] واتە دامێنی چیا. دەقاو دەق واتە چیاو لەوەش زۆرتر واتە لوتکە و بەرزترین ئاستی چیا. جگە لە مەش ئەگەر سەیرێکی وشەی [کورسان] بکەین لەشێوە ئاخاوتنی ئەردەڵانیدا کە بە شاری سنە ئێژن؛ کورسان، بەهەردوو دیوودا مانای سەردەمی سۆمەریەکان بە ئێمە دەگەیەنێ. سنە شارێکی مەزن و دێرینی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەو لەباوەشی کۆمەڵە چیای ئاویەر و ئارێزدا هەڵکوتووە. ئەوەی کە سنە خۆیی و ناوەکەیی و چیای ئاویەر و شوێنەوارە جوگرافیەکانی تری هەڵگری زۆر باس و لێکۆڵینەوەن بابەتێکی جێی باسە، کە دەکرێت لەدەرفەتی شیاودا باسبکرێت. چیای [کوڕەکورداخ] لەدەڤەری پشدەری باشوور کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەریەکان ئاماژەیەکی ترە. وادیارە سۆمەریەکان پێش خواربوونەوەیان بۆ دەشتەکان لەم دەڤەرە ژیاون، ئاماژەو بەڵگەیەکی دیکەیە کەدەتوانین سەرنجی بخەینەسەر. پێش باسی دین و هاوبەشیەکانی زمانی سۆمەریی و کوردیی، دەکرێ بڵێین؛ مێژووی دەڤەرەکە لەبەردەستە و بۆمان دەردەخات کە دەڤەری نێوان ڕووباران، لە هەزارەی سێهەمی پێش زایینەوە سەرزەوین و هەوار و زێدی کورد یا هۆزەکوردەکان بووە.
لە مێژوودا، پێشتر لەهەزارەی سێهەمی پ ز هوریانی ناو و پێناسەیەکی فراوان و گشتگیر بووە بۆ دەڤەری باکوری ڕۆژئاوای سەرزەوینەکانی ماد، کە سێ فەرمانڕەوایی هاوبەند و بەهێزی [میتانی، ئۆرارتو، مانایی] بەزمانی نزیک و هاوبەش تێدا هەبوون لەگەڵ هۆزەکانی [لۆلۆی، گوتی و یاقوتی] هەموویان لەم زێد و دەڤەرەدا ژیاون. گوتی ولۆلۆیەکان و کاسیەکان و ئیلامیەکان زۆرینەی سەرزەوینەکانی میسۆپۆتامیاو سەراسەری کوردستان و تورکیەیەیان لەژێردەست دا بووە. کاسیەکان دەشتاییەکانی بابلیان بەدەستەوە بووە و تا هەزارەی دووهەمی پ ز هەر باڵادەست بوون. بەپێی دەقە مێژوویەکان گوتییەکان لە سەدەی (23) پێش زایین چوونەتە میسۆپۆتامیاو نێوان ڕووباران و کاسیەکانیش لە سەدەی (18) هەژدە جارێکی دیکە چوونەتەوە ئەم دەڤەرە.
'سپایزەر' دەڵێ؛ گەلانی میسۆپۆپتامیا پێشینەکوردن و دەگەڕێنەوە بۆ 6000 ساڵ و هەمووشیان گوتین.
ئاماژە مێژووییەکان پێمان دەڵێن؛ ئەو هۆزانەی کە کورد یا پرۆکوردن، چەندین دەیە پێش سۆمەریەکان لەو ناوچەیە ژیاون بۆیە دەلێن؛ ئەوەی بەشێوەیەکی بنەمایی و بەرچاو کاری کردۆتە سەر کوولتور و شارستانیەتی سۆمەریەکان، کوولتورو شارستانیەتی مادەکان بووە نەک شارستانیەتێکی تر.
دیاکۆنۆف دەڵێ: زمانەکانی هوری و ئۆرارتو وهۆزەکانی لۆلۆیی وئیلامیەکان لە ڕووی ڕەگەزیی و زبانییەوە ئێجگار لەیەک نزیکن. لەبارەی زمانی سۆمەری و تایبەتمەندی زاگرۆسی بوونیەوە دکتۆر پاکیزە ڕەفیق حلمی دەڵێ؛ من گومانم نییەکە هەردوو زمانی سۆمەری و ئیلامی لە کۆنترین و ڕەسەنترین زمانەکانی دەڤەری زاگرۆسن و هەریەکەیان لە زێدو چرکەساتی تایبەتی خۆیدا گەشەیانکردووە و بەشێوەی زمانی ڕۆژانە و دوان و ئاخاوتن دەرکەوتوون، پاشان گەشەیانکردوە بوون بەشێوەی نووسین. دواتر بۆخۆیان بوونەتە زمانی سەربەخۆ وەک زمانی سەرخۆ دەرکەوتوون.
سەرەڕای ئەمەش ئەو مۆرە لوولەیی وگڵینانەی لەسۆمریەکان بەجێماون بە هەندێک وێنەو هێما نەخشێنراون، کە هەموو یا بەشی هەرەزۆری ئەو هێماو نەخشانە دەرخەری کە نیشتمانی ئەوان پێش خواربوونەوەیان بۆ دەشت، چیا بووە و لە چیاکانیشدا زاگرۆسە. نەخشەکانی کەڵەکێویی و پەز و بزن و ئەو دار سنەوبەرانەی کە لەم مۆرانەدا دیارن، پڕاوپڕ لەگەڵ جوگرافیا و ئاژەڵەکانی ئەم دەڤەرە دێنەوە. ئەو سیماو بوونانە هەڵگری شقڵی جوگرافیایی زێدی خۆیانن، کە زاگرۆسە. گومانی تێدانییە کە جوگرافیا شقلی خۆی لە مرۆڤ و سرووشت و گیانەوەرکان دەدات. بەهاسانی دەتوانین جێ دەستی جوگرافیا جیاوازەکان بە ژیان و ژیواری گەلان و بوونی مرۆڤ و گیان لەبەرانەوە بدۆزینەوە. لە سەفەرەکانی گێڵ گامێش بۆ دۆزینەوەی ڕازی نەمری، باسی ئەوە دەکەین کە سەرزەوینی سەفەرەکانی گێڵ گامێش و ئەو هەردەگێڵییەی کە ئەو هەیەتی جگەلە زاگرۆس و چیاکانی ناتوانێ شوێنێکی دیکە بێت.

دین لە کۆمەڵگای سۆمەردا
هەروەک لە دەقەکاندا دیارە کۆمەڵگای سۆمەر کۆمەڵگایەکی فرە خوایە. خواکانی سۆمەر ڕەفتارو سەلیقەی مرۆڤانەو هەڵوێستی خوایی ڕەنگڕێژ و بەرجەستەیان دەکاتەوە. دین لەسەرزەوین و ژیانی ڕۆژانەی سۆمەردا ڕۆڵێکی ئێجگار گرنگ و بەرچاوی هەیە. دین هێندە تەشەنەی کردۆتە ژیانی سۆمەریەکانەوە ڕۆڵێکی مەزنی داوەتە زێوانی پەرستگاکان و لە دەسەڵات و چینی فەرمانرەوا نزیکی کردوونەتەوە و یەکێ لە فاکتەرە سەرەکییەکانی بڕیار و فەرمانڕەوایی بوون. بۆ گرنگی دین هێندە بەسە کە پادشا و دەسەڵاتدارانی سۆمەر خۆیان هەندێکجار بە زێوان و خزمەتکاری پەرستگاکان زانیوە، یا کەسانی نزیک لەخۆیان وەک، کچان و هاوسەرانی خۆیان بۆ کارکردن لەم پەرستگایانەدا تەرخانکردووە.
پێ دەچێت سۆمەریەکان هەروەک باو باپیرە دێرینەکانی خۆیان سەرەتا دیاردە و بابەتەکانی سرووشتیان پەرست بێت. بە ڕوانگەیەکی زاگرۆسیانەوە چاوی پەرستنیان لە دیاردەکانی وەک ئاسمان و با و خۆر و... هتد بوو بێت.
دیاردەی دینە سرووشتیەکان لەزاگرۆس دا ڕیشەیەکی دێرین و لەمێژینەی هەیەو گرێدراوییەکی دانەبڕاوی بە واقعی مادی ژیان و زەوینی بوونی باوەرەکان و ڕۆڵی ئافرێنەرانی ژنەوە بووە و هەیە. سەردەمی خوا سرووشتیەکان سەردەمی دەسەڵاتی زەوینە بەسەر ئاسماندا. بوونەکان بوونێکی مادی و بەردەستن، نەک سەر و مرۆڤی و سەر و ئەقلانی و میتافیزیکی. هەر لە دەرکەوتنی میتراو زەروانەوە تادەگاتە هوریەکان و دین لە سۆمەردا، ئەم ڕەوتە هەر هەیە. لە زەڕدەشتیش دا بەشێوەیەکی دیکە درێژدەبێتەوە و خۆی دەخزێنێتە ناو دینە ئاسمانیەکانیشەوە هەرچەندە ڕەنگە بتوانین بڵێن؛ دەورانی سۆمەری گێڵ گامێش سەرەتای دەرکەوتنی خوای ئاسمانی و بەنێرینەبوونی دینە.
جێ پەنجەی هۆزەکانی هوری و هیتی و...هتد بە ئایینی سۆمەرەوە دیارە. هەروەک ئەوەی کە بەفراوانی وشەگەلی هوری لەزمانی سۆمەریەکاندا دیارە و خۆدەنوێنێ. هەرلە هەنگاوەکانی سەرەتای بیچم گرتنی شارستانیەتی سۆمەرەوە، هوریەکان دەوریان هەبووە وشوێن دەستیان دیارە. بەواتایەکی تر لەنێوان هوریە سەرەتاییە جووتیارەکانی نێوان ڕووباران و سۆمەریە شارنشینەکاندا جۆرە پەیمانێکی سرووشتی هەبووە. ئاسەوارەکانی ئەم تێکەڵی و هاوپەیمانییە لە ئوستورەکانی [ئینانا و گێڵ گەمێش]دا بە بەرجەستەیی دیارە. ئەگەر ئاسەوار و پاش ماوە و تەشەنەی دین لە کوردستانی دێرین و سۆمەردا بەباڵای یەک بگرین، زۆر ڕاستیی نکوڵی لێنەکراومان بۆ دەردەکەوێت. لە هەندێک جێگەو کاتدا زۆر بەڕاشکاوی دەتوانین بڵێین؛ ئایینی سۆمەریەکان و ئایینی جەماوەری خەڵکی چیاکانی زاگرۆس هەر یەک ئایینە. شوێنەوار و دەرکەوتەو تەشەنەی دینی هاوبەش لە گوندەکانی [گورەکانی و بەردە بەلەک و پاڵەگەوورە و چەرموو] ئەم بۆچوونە بەتەواویی دەسەلمێنن.
دۆزینەوەی کۆیەک؛لە پەیکەرەی خوای دایک، لەم دەڤەرانەو هەرێمی سۆمەری کۆن لەو بەڵگانەن، کە دەتوانن سەلمێنەری یەک دیینی ئەم دوو دەڤەرەبن. ئەو پەیکەرە خوایە بچووکانەی کە سۆمەریەکان پێیان وتوون؛ [نەنخورسانگا] پەیکەرە خوای دایک یا خوای پیت وبەرەکەتە. خالێکی دیکەی یەکجار گرنگ ئەمەیە، کە سۆمەریەکان سەرەڕای ئەوەی کەبەم پەیکەرە خوایانەیان وتووە خوای دایک مانایەکی دیکەیشی هەبووە لایان، کە بریتی بووە لە سەروەری چیا. ئەم واتا ڕاستەوخۆ چیاو چیاکانی زاگرۆسمان بۆ وێنادەکات. یەکەمین زاگرۆسیەکان گازە و دووانی ئایینی خۆیان لەگەڵ خوادا هەمیشە لە سەر کوڕە و دووندی چیا مەزنەکان ئەنجام داوە. زیگۆراتی سۆمەریەکانیش لەنەبوونی چیادا لەسەر تەپۆڵکەو شوێنە بەرزەکان سازکراون، وەک کوڕەی چیایەک لە دڵی ئاوەدانی و شارەکانیاندا بەرەو ئاسمان هەڵکشاون.
سۆمەریەکان سەرەڕای ئەوەی خوای زۆریان پەرستووە، تەنانەت هەندێک لەشارەکان خوای تایبەتی خۆیان هەبووە، بەڵام لەم نێوەدا حەوت خوای مەزن و فرە بەناوبانگیان هەبووە بە ناوەکانی:
1- ئانۆ؛ خوای یەزدانی ئاسمان و هەموو یەزدانەکانی تر.
2- ئەنلیل؛ دووهەمین یەزدانی مەزن و یەزدانی با.
3- ئەنکی؛ یەزدانی زەوین و ئاو.
4- ئۆتۆ؛ خوای خۆر.
5- ئەنگرەسۆ؛ خوای مەزنی شاری گرسۆ.
6- مەردوخ
7- نەنخورسانگا؛ یەزدانی دایک.

فرەخوایی سۆمەریەکان لەبنەڕەتدا جیالە فرەخوایی هوریەکان نییە. هۆز یا کۆهوزێکی پرۆکورد یا کوردن، کە فرەخوایی و ژن یەزدانی بەتەواوی لەناویاندا جێگرە و بەشێکە لە پێکهاتەی ژیانی کۆمەڵایەتی و کۆئەندامی ڕێکخراوەی ژیواریان. وەک خوا مەزنەکانی؛ تشوب لەگەڵ تەموز چەندە لێک نزیکن. کە مەزنەخوای خوایان بووە و خوای ئاو.

شاوشکا؛ خوای ئەوین. کوش کو. خوای مانگ ناوەش زۆر جێگای ئاماژەو لەسەروەستانە. کوش یا کۆشک ئێستاش لەکوردیدا بەمانای بەرز و مەزنە و خاوەن شکۆ و شکۆ زۆر لەم ناوەنزیکن. لەزۆر ناوچەی کوردستاندا تا ئێستاش بە لەسەریەک چنین و هەڵچنین کۆشک دەڵێن. بەتایبەتی لە دەڤەرە دەشتاییەکاندا بە کۆمای لەسەریەک دەڵێن کۆشک. ڕەنگە لە نێوان چیای خۆشکی دەڤەری دەربەندیخان و ئەم ناوەدا پەیوەندییەک هەبێت. گرنگتر لەوەش ئەم یەزدانە لای هوریەکان یەزدانی مانگ بووە. کە خۆی ئاماژەیە بۆ بڵندی. هاوکات بیرمان بێت کە لای سۆمەریەکان زمان لە بەرابەری بووندا بەکارهاتووە، واتە نوێنەری ڕاستەو خۆی خوابووە. واتە وشە لای ئەوان هەمووشتبووە، تەنیا یەک ئاماژە نەبووە. ڕەنگە ئەو ڕستەیەی ئینجیل هەر بۆ ئەم باوەڕە بگەڕێتەوە کە دەڵێت؛ لەسەرەتادا تەنیا وشە هەبوو. وشە خوا بوو. ئەم ڕوانینە بۆ زمان و هاوبەشیی و تێکەڵی زمانی سۆمەری و هوریەکان پەیوەندیەکی لێکنەپچڕاو لەنێوانیاندا دەردەخات. خوا کوبابا. خوای یاساو داد، لە دەنگ و شێوەدا دەتوانی خومبابای گێڵ گامێش یا هومبابا بێت.

ئایسارا. خوای پاسەوانی دەشت؛ شیمگە، یەزدانی خۆر. شیمگەو شەمەش و شەمس پێدەچێت لەیەک ئاخێزگەبن. ئالای؛ شاژنە خوای مەرگ. خەپات؛ خوای دایک لەلێکدانەوەی ڕاڤەی دەنگ و ڕۆڵی ئەم وشەو خواژن شایەدا ڕەگەزێکی نزیک لە کوردیی هەنووکەش هەیە. سۆمەریەکان گرنگیەکی هێمایی و فراوانیان بەگا داوە و ماسی و دووپشک وەک هێما لە ئوستورەکانیاندا زۆر بەکار هاتوون. ئەفسانەی ئافراندنی کوردی و ڕۆڵی گا لە ڕاگرتنی کەون و بوونەوەر لەداهاتوودا ئاماژەی پێدەدرێت. هوریەکان و هیتیەکان و سۆمەریەکانیش گرنگیەکی فراوانیان بە باغ داوە. ئەم دیاردەلە نێو مادەکانیشدا بەوردی دەبینرێت و لە میترایزمیش دا بەرجستەیە. ئەم ئەگەرەش هەیەکە بەهەشت هەرلێرەوە سەری هەڵدابێت وەک زۆرشتی دیکەی ناو دەقەکۆنە ئوستورەییەکان.

گا لە ئەفسانەو گێرانەوە کۆنەکاندا
گا لەکۆیک لە ئەفسانەکاندا، بەتایبەتی ئەفسانەکانی میسۆپۆتامیا و هیندو هەندێک دەڤەری دیکەدا گرنگی فراوان و تێڕامانێکی بەرینی هەیە. فراوانی ئەم گرنگی و تێڕامانە لە ڕاستیدا دەگەڕێتەوە سەر بوونی گا، لە دەقە ئوستورەیی و دینییەکاندا وەک بوونێکی خاون هێزو نزیک لەپیرۆز، هەروەها ڕۆڵ و کاریگەری لەسەر سەرهەڵدانی دەورانی کشتوکاڵی و لەبنەڕەتیشدا ڕۆڵی لە گواستنەوەی مرۆڤ لە قوربانی یەزدانەکانەوە بۆ کەسی بکوژ. لە ڕەوتی ئەم گواستنەوەدا گا دەبێتە قوربانی. شوێنی مرۆڤی قوربانی دەگرێتەوە و مرۆڤ لەهەڵپەی هەڵلووشینی لە لایەن خوا و باوەڕ و دینەکانەوە ڕزگار دەکات. دەقێکی سۆمەری دەڵێ؛ قوربانی لە مرۆڤەوە گۆڕا بۆ پەز. چەندە لەگەڵ گۆڕینی ئیسماعیل و بەرانەکە نزیکە. میترا گا دەکاتە قوربانی، مرۆڤ لە قوربانی وکوێرەوەری و برسێتی و دڵەڕاوکێ و هەراسی نەمان ڕزگار دەکات. گا لای هندییەکان دایکە. دایکی مەزنی زەوینە. هێمای شەڕی نێوان تاریکی و ڕۆشناییە. چاوگی ژیان و سەرچاوەی زاوزێیە. مانگا لای هەندێ لە گەلانی دنیا ئافڕێنەری ژیوار و دینە. دەڵێن؛گا لە زەمەنی بەستەڵەکدا هێندە بە زوان سەهۆڵەکە دەلێسێتەوە و زمانی پیادا دەهێنێ تا پیاوێکی لێ دێتەدەرەوە. ئەم پیاوە پاشان دەبێتە باوکی هەموو جۆرە خواکان. گا لە هەندێک شوێن سومبولی خوای ئاسمان و ئەوین و ژنە. لە ئاسمان و لە ناو ئەستێرەکاندا هێشوە ئەستێرەیەکمان هەیە بەناوی [سەور] واتە جوانەگا. نەوەن گا، کە نیشانەی هێزو لاویی و لێهاتووییە. بەدەستهێنانی گا لای هەندێ لە کوولتور وگەلان نیشانەی بەدەستهێنانی دەسەڵات و لاویی و حەزو هێز و سەرمایەیە.
هەروەک دەزانین هەرکول لەگەشتەکەی خۆیدا [مانگایەکی شەنگ] دەخاتە داو و دەیگرێت و بەم پێیە هەم ژین و هەم ژیوار وەدەست دەخات. لە سەرزەوینی [نێوان ڕووباراندا] گا سومبولی بەرەکەت و هێزی نوێبوونەوەیە، چاودێری پالەوانەکان دەکات و پارێزەری دەوڵەت شار و خوا شارەکانە.
گای دووسەر لای میسریەکان [نوت بانو] نیشانەی چوارگۆشەی زەوینە. وەک دەڵێن؛ چوار قوڕنەی جیهانە. جەژنی ساڵانەی [مەمەفیس] کە فیرعەون بۆ خۆی هاوبەشیی ئەم جەژنەی دەکرد ئاماژەیەکی گرنگ و شیاوی ڕامانە. چیرۆکی کوشتنی گای پیرۆز لەلایەن خەشایارشا و دواجار چارەنووسی خەشایار ئاماژەیەکی دیکەیە. لای میترا گا نیشانەی پیت و بەرەکەت وخوڵقێنەری ژیوار و سەرکەوتنە بەسەر سرووشتدا و هێمای نوێبوونەوە وژیانەوەیە. خوێنی گا ئاوی ژیان و ژیانەوەی زەوین وخولقانی کشتوکاڵە.
لەکوشتنی گا لەلایەن میتراوە هاوکات سەوزبوونی دوو هێشووەگەنم و ڕووانی دارێکی مێو وسەگ و مار و دووپشکێک دیسان لەو سمبول و ئاماژانانەن، کە یەکسەر هەموو کەوشەن و بوون شرۆڤەدەکەن. دۆزینەوەی گای چوار مشقی لە عیلام، کە پیاڵەیەک شەرابی بەدەستەوەیە، ئاماژە بۆ خوابوونی گایە لەزەمەنێکدا لە وشکارۆی زاگرۆسدا. مێژووی ئەم پەیکەرەیە دەگەرێتەوە بۆ هەزارەی یەکەمی پێش زایین. گای ئیشتاری سۆمەریەکان و هەروەها گا لای زەروانی و میترا و زەڕدەشتیش گرنگی خۆی هەیە.
ئەفسانەیەکی کوردیمان هەیەکە دەڵێ؛ زەوین واتە کەوشەن و بوون بەهەموو قەوارەی خۆیەوە لەسەر پشتی گایەک وەستاوە. هەر جووڵەیەکی ئەم گایە لە بوون و سروشتدا دەرکەوتەی خۆی هەیە. بۆنموونە جوڵانەوەی مویەکی دەبێتە هۆی هەژانی زەوین و زەوی لەرزە. پاشان ئەم گایە لەسەر پشتی ماسیێکە. گرنگی ماسی لای سۆمەرەیەکان و میترایەکان. دواتر ئەم ماسیە لە دەریا لوشێکدایە، ئاماژە بۆ ڕسکان و بیچمگرتنی ژینە لە ئاوەوە. لێرەدا یەکێ لە دەرکەوتەو ڕەگەزەکانی یارستانی و دینی یاریش بەرچاوە.

ڕامان لە ئوستورەی گێڵ گامێش
هەرچەندە ئەم دەقە لە دوازدە پەردە دا داڕێژراوە، بەڵام لە ڕاستیدا خۆی سەفەرێکی حەوت قۆناغەیە. یا بە واتایەکی تر حەوت خان و برینی حەوت خانە:
یەکەم- ئافڕاندن و هاتنی ئەنکیدۆ بۆ ئوروک.
دووەم- کوشتنی هومبابا.
سێیەم- کوشتنی گای پیرۆزی ئاسمان.
چوارەم- مەرگی ئەنکیدۆ.
پێنجەم- دوو دێوی دووپشکی و دەرەی دەیجووری.
شەشەم- دیداری ئوت نەپشتیم و گەرانەوە.
حەوتەم- سەفەری جیهانی ژێرخاک.

گێڵ گامێش کوڕان و بابان لێک جیادەکاتەوە. لاوان دەکاتە سەرباز و شار و شوورەیان پێ دروست دەکات. دەستی کچان دەگرێ، واتە پێش ئەوەی مێردان بچنەلای هاوسەرانیان گێڵ گامێش دەچێتەلایان. ئەمانە بە ڕوونی دەریدەخەن زەمەنی گێڵ گامێش زەمەنی ڕسکان و سەرهەڵدانی کۆمەڵگای چینایەتی و دەرکەوتەی کۆیلەدارییە. زەمەنی شکان و کەمکردنەوەی شکۆی ژنان و تەنگ هەڵچنینە بە دایکیەزدانی و ژن فرەخوازی سکسی و دەرکەوتەی جۆرە باوک سالارییەک و پیاو فرەخوازی سکیسی.
گێڵ گامێش کە خۆی یەک سێهەمی خودایەو باقیەکەی مرۆڤ، لەراستیدا لایەنی هێز و خوایی خۆی لە سەری دایکیەوە بەدەستهێناوە. دایکی ناوی [نینون] و خوا ژنە. باوکی مرۆڤێکی ئاسایی و ناوی [لۆگالیاندا]یە. ئاماژەیە بۆ سەرەتای بەردەستبوونی خواکان و زاڵنەبوونی میتافیزیکی ئاسمانی بە سەر مرۆڤ و زەویندا.
بەشی زۆری قارەمانە ئوستورەییەکانی جیهان لەسەری دایکەوە نەمری و ژیری و هێزو دەسەڵات دەگرن. ئەمەش ئاماژەیەکی ئاشکرایە بۆ خواژنی و دەسەڵاتی ژن لە پێش دینە یەک خوایی و میتافیزیکەکانەوە. [ئنۆ] خوای دایک بە تفی دەمی خۆیی و لە مشتێک خاک [ئەنکیدۆ] خەلق دەکات. ئافراندنی ئەنکیدۆ لە خۆڵ پاشان دەچێتە دینی جووکان و لەوێشەوە بۆ هەموو دینەئاسمانی و ئیبراهیمییەکان. ئەنکیدۆ، وەک بوونێکی سرووشتی و بێ چەشن و ڕەگەز کە هێشتا هێزی بیرکردنەوە و توانای دابڕانی لەسرووشت نییە. بێ جیاوازی و زمان لە نێو گیاندار و سرووشت و ئاژەڵاندا و هەر وەک خۆیان دەژی و ڕەفتار دەکات. خولقاوی بەهێزی خوایان کە بەرئەنجامی نزای خەڵکی ئوروکە و بڕیارە هاوشان و لفی گێڵ گامێش بێت و لە ئازار و کەسەرەکانی خەڵک کەمکاتەوە. لە چیاو زەنوێران و دەشتا دەبێتە هۆی ترس و تۆقاندن و پەکەوتنی ژیانی ڕاوچی و وەرزێران. بەڕاوێژی خواژنە نینون، دایکی گێڵ گامێش، ژنێک لە پەرستگای ئوروکەوە بۆ لەداوخستنی ڕەوانەدەکرێت.
خاتوونی پەرستگای ئور لە ئەنکیدۆ نزیک دەبێتەوە. لەداوی جوانی و جیهانی خۆی دەخات. ئەنکیدۆ لە جیهانی سرووشت و گیانداران دادەبڕێت و نامۆ دەبێ، دەبێتە خاوەنی زەینێکی دابڕاو لە سروشت و نایەکانگیر لەگەڵی، دەکەوێتە دووفاقی زەین و دینەوە. ئەو هاوسازی و یەکبوونە کۆتایی دێت و ئێستا ئیتر ئەنکیدۆ تەنێکە و سرووشت جیهانی بەرامبەری. هێشتا ئەنکیدۆ هەر زمان نەپژاوە و قسە نازنێ و بیرناکاتەوە. کاتێ خاتوونی پەرستگە زاردەکاتەوە و دەی دوێنێ و ڕامی دەکات زاری ئەنکیدۆ دەکرێتەوە و فێری قسەدەبێت و ئاوەزی لا دەردەکەوێت. ژن لێرەدا سەرچاوەی ئاوەز و زمانگرتن و ڕاوکردنی ژیانە بەهەموو ڕەهەندەکانیەوە. هەر ئەم هێزو ئاوەزەیە مرۆڤ دەکاتە بوونەوەرێکی ئاقڵ و ژیارساز. حەوا نمونەیەکی ترو بەرجەستەی ئەم زمان پژمان و ئاوەز گرتنەیە، کە زمان و ئاوەزی ئادەم دەکاتەوە.
ئەنکیدۆ لەگەڵ خاتوونی شەنگی پەرستگەی ئور بەرە و شارو دیداری گێڵ گامێش دەخوشێ.

کوشتنی هومبابا
ئەنکیدۆ پاش گەیشتن و زۆران و گفتی برایەتی لەگەڵ گێڵ گامێش، لە کۆشکی ڕەنگینی شادا ئاسودە دەژی و لە چێژ و جوانیەکانیان تەژی دەبێت. هێدی هێدی وەڕەزی و یەک فۆرمی ژیان و نۆستالۆژیای ژیانی کورتی ڕابردوو ئازاری دەدەن، دەخوازێ لەم دۆخە دەرچێت. گێڵ گامێش دەیەوێ ڕایگرێ و لە ئاپوورەیە لە جوڵەو سەرقاڵیدا مەودای هزرین و بێتاقەتیەکانی کەمکاتەوە، پابەندی بکات بەژیان لە ئور و لە هاوڕێیەتی خۆیدا ڕایگرێت. گێڵ گەمێش دەکەوێتە بیری چوون بۆ دارستانی سەدر و چیای و زەنوێری خوایان. چاودێری ئەم دارستانە بەسزای کردارە خراپەکانی خۆی بگەیەنێ. سەرقاڵی خۆ ئامادەکردن و ڕازیکردنی ئەنکیدۆیە بۆ جمان، بەرەو دارستانی [سەدر]و کوشتنی هومبابا. گێڵ گامێش پێش جمان، ڕاوێژکاران و ئەنجومەنەکانی پیران و ژیران کۆدەکاتەوە و نیاز و بۆچوونی خۆی لە سەفەری دارستان و کوشتنی هومبابا لەگەڵیان باس دەکات. چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵات لە نەبوونی خۆیی دا و ڕای ئەوان وەردەگرێت.
لێرەدا لێکچوونێکی دانەبڕاو و یەکسان لە نێوان ڕێکخراوەی دەوڵەت شاری ئور و کۆئەندامی دەسەڵات و جۆری بە ڕێوەبەری لەگەڵ سەردەمی ئەشکانیاندا یا [سەکایەکان] هەیە. لە ڕاستیدا ئەشکانیەکانیش بە باوەڕی هەرە زۆری مێژوو نووسان بەجۆرێ دەوڵەت شار بوون. ئەشکانیان دوو ئەنجوومەنی بەناوبانگی [مەزنستان و پیران]یان هەبووە کە فارس بەهەڵە و ئەنقەس دەڵێن مەهستان کە هیچ مانایەکی نییە. پێویستە بڵێم؛ ئەم لێکچوونانە لە نێوان ئوستورەی گێڵ گامێش وکولتووری کوردیدا، کە ئەشکانیەکان یا سەکایەکانیش بەشێکی گرنگی ئەم کوولتوورەن، هەرهێندە نییە و زۆر زۆرترن، کە ئاماژەیان پێ دەکەین. پاش ڕاو ڕاوێژو کۆتای هاتنی کۆبوونەوەکانیان، گێڵ گامێش و ئەنکیدۆ بەرەو دارستان و چیا بەڕێ دەکەون، ئەم سەفەرە و کۆی سەفەرەکانی گێڵ گامێش بەرەو چیا و ڕۆژهەڵاتی وڵاتی سۆمەر، لە ڕاستیدا دەکاتە کوردستانی ئێستاو دێرین. ئەنکیدۆ باس و خواسی دڵڕەقی و ترسناکی هۆمبابای بیستووە. لەپیلانی خوایان و چارەنووسی خۆی دڵەراوکە و دڵگرانی هەیە. ڕارایە. گێڵ گامێش ئارامی دەکاتەوە و زات و زۆری دەنێتەبەر. بە چیاو دارستاندا هەڵدەزنن. دوا ئاکام و پاش ماندوویەتی، ترس و هەڵشاخان، هومبابا دەکوژن. هەردوو خەو دەبینن و دڵ لەدوان. چارەنووس شتێکەو ئارەزوو شتێکی تر. هومبابا لە هەیکەل و ئەندازە و شێوەدا ڕێک زەروانە. [زەروان] یەزدانی زەمان. یەزدانی کات و ئاسمان. بیچمێک لە مار و شێر. هەرچەندە لای [عیلامییەکان] وەک خوا دەردەکەوێت و مانای سەوزایی و گەشی دەدات.تەنانەت لە زاگرۆسدا بە خوای [سەدر]یش ناسراوە. بەڵام بە باوەڕی زاڵ هەر خوای زەمانە وکاتە. ڕەنگە وشەکانی زەمەن و زەمانی عەرەبیش هەرلێرەوە گیرابن. هەنوکە لەکوردستاندا هێشتا وشەکانی [ژەم] و [ژەمەن]مان هەن. وەک ژەمەنان و ژەمەن بگردە. واتە نان نەخواردو لە کاتی خۆیدا. [سەری شێر و کلکی مار و باڵی سیمورغ] ئاماژە بە خانەکانی میتران نەک شتێکی دیکە. چۆن لێرە بوەتە پاسەوانی دارستانی سەدر زەمەن و لێکۆڵینەوەی خۆی دەوێت، بەڵام ئەگەر سەدر و سەوزایی وەک زەمەن و وەرزەکان وەرگرین و شرۆڤەکەین ڕەنگە بتوانین بڵێن واتە وەرزی بەهار و بەهاریش واتە کات و زەمەن، دەکرێ بڵێن هومبابا پاسەوانی دارستانی زەمەن بووە.

کوشتنی گای پیرۆزی ئاسمان
پاش کوشتنی هومبابا و گەڕانەوەی سەرکەوتووانەی گێڵ گامێش و ئەنکیدۆ بەرەو شار و دیار. گێڵ گامێش خۆی دەشوات و دەڕازێنێتەوە. شەنگ و لەبار و هەڵکەوتە تاج لەسەر دەکات و خۆی دەردەخات. ئیشتر کە لە مێژە چاوی بڕیوەتە گێڵ گامێش. دەی بینێ و دەڵێ؛ گێڵ گامێش وەرە ببە خۆشەویستی من. تۆوی خۆت بەمن ببەخشە و تۆ ببە مێردی من و من هاوژین و ژنی تۆ.؟ کەژاوەیەکت بۆ دەڕازێنمەوە بە بۆنی خۆشی سەدر و تاجی شاهانە و چوار ئەسپان ڕایکێشن، بە وەقار و مەزنی بێتە یانەی من. هەموو شاهان و دەسەڵاتداران بێنە ئاستانە و دەست ماچکردنت و بەرەکەت دەکەوێتە ژین و بوون و هەموو مەڕ و ماڵاتت.
گێڵ گامێش؛ دەڵێ چیت نییە، بتدەمێ؟ شەربەتی خوایان؟ خۆاردنی ئەوان. پۆشتە و پەرداخی و بەرگت هێندە ڕەنگینە وێنەی نییە. دەخوازم بتناسێنم و فێل و ئەتوارەکانت ئاشکراکەم. تۆ لێوڕێژی لە هەوەس و هەرزەیی و لە دڵتا هیچ جێگایەک بۆ ئەوین و خۆشەویستی نییە. کڵپەی هەوسی تۆ نەبڕاوەیەو ئەوینت نییە. دەرگای دڵت بالوورێکی ساردی پڕ شەختە و وێرانییە. کوا ئەوکەسە پەسەندو خۆشەویستە، کە تۆ بەدڵت بێت و بتوانێ تۆ ڕازی و ڕاوەستاو بکات.؟ کاتیەتی بەدەنگی بەرز کردار و کردەوە ناشیرینەکانت لەقاودەم و هەموو فێڵ و غەدر و فریوەکانت بدەمەوە بە ڕووتا، تابزانی کێیت و چیت و چەندە بەدفەڕو و هەوەسبازی، ساتانە دڵ دەگۆڕی وهەموو بەناو خۆشەویستەکانت دەکەیتە قوربانی. تۆ تەمووزی لاوی خوای بەهارت وێران و تێکشکاوکرد، کرتە تۆزی بانان، تەمووزی تۆ خۆشەویست و هێژات والێکرد. بیرتە چۆن شوانکارەیەکی لاوت بێ پەڕوباڵ کرد و دات لەباڵەکانی وشکاندت و لە دەشت و دەراندا وێڵتکرد؟ ئاشقی شێر بوویت کە بەهێز و ئازایە، بەڵام تۆ حەوت جار وحەوت جاران چاڵت بۆ هەڵکەند. تۆ ئەسپت خۆش ویست. تۆ بە قامچی و تووڵ و ئاوزەنگی هەویای کشان و تاو بەرەو نەیارت تیادا کوشت. تۆ شوانی گەلەکانت کردە گورگ و منداڵەکانی خۆشی هەنوکە ڕاوی دەنێن. [ئەشوت] شێت و لێوەکرد، باغەوانی باغی خوایانی ئاسمان. گێڵ گامێش لەم بابەت و ناو ناتۆرانە فراوان بە ئیشتار دەڵێت و سوکی دەکات و لە خۆی دووری دەخاتەوە.
ئەم گفتوگۆیەی نێوان ئیشتەر و گێڵ گامێش، وەبیر هێنەرەوەی نەریتی ئازادی ژن لە هەڵبژاردنی هاوتای سکس بۆخۆی و بڕیاری جووتگیریدا، کە لە ئایینە دێرینەکاندا و سەردەمی خواژنیدا فۆرم و ڕەگەزی زاڵبووە. بە تایبەتی بە بەرجستەیی لای سەکاکان. لەناو سەکاکاندا هەر پیاوێک ویستی ژنێکی هەبوو بێت، تیردانەکەی خۆی بە مەێخی هەواری ژنەدا هەڵواسیوە، ئەگەر ویستەکەی پەسەندکرابێ ئەوە کراوە و تیردانەکەی وەرگیراوە و ڕەچاوکراوە وەگەرنە هیچ. ژنان لە هەڵبژاردنی جووت بۆ پێکەوەبوون خۆ بڕیاربوون. چەندین هەڵبژاردن و ئەگەریان بووە و ئەنجامیان داوە. ئەم نەریتە یا ئایینە هەر بەم ناوەرۆک و فۆرمەوە لە سەردەمی ئەشکانیەکاندا و لە مەهاباد دا پات دەبێتەوە.
ئەشکانیەکان دەتوانین بڵێن هەر سەکاکانن و خواژنی و ئەم نەریتە بەشێکی جیانەکراوەی شارستانیەت و ژیانیان بووە. جۆری ئەم خواژنانە و جووتگیریان لە وشکارۆی زاگروۆسدا بە بەرجستەیی دیارە. لە داستانی وەیس و ڕامین کە جوگرافیایی ڕووداوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شاری مەهابادی هەنووکەو لە سەردەمی ئەشکانییەکاندایە دەخوێنینەوە کە؛
شا ژنی مادی [چەهرو] فەرمانڕوای مەهاباد لەکاتێکا کە سەرقاڵی جەژنی لەدایکبوونی منداڵەکانیە. سی منداڵ کە دایکیان دیارە و باوکەکانیان نادیار، ئەو بێ سڵ و بەرگر و ترس ئاهەنگیان بۆ دەگێڕێ. موغێکی زەردەشتی، بەناوی مێهر، ڕێوڕەسمی ئەم ئاهەنگە ئەنجام دەدات، وەک سەرکۆنە و تانە بە چەهرو دەڵێ؛ تۆ دایکی سی منداڵی بێ ئەوەی بزانین باوکیان کێیە.
ئەم هەڵوێست وقسانەی گێڵ گامێش بەتووندی ئیشتر تووڕەو ڕەنجاو دەکات، ئیشتر دەچێتە ئاستانەی [ئانۆ] خوای باوک و [ئانتۆ] خوای دایک. بە قەڵسی و تووندی دەڵێ؛ گێڵ گامێش سوکایەتی پێکردوم و ئەگەر گای پیرۆزی ئاسمانم پێ نەدەی کە بچێت بەگژ گێڵ گامێش دا، ئەوا من دەرگای جیهانی ژێرزەوین دەکەمەوە تا هەموو مردوان و شەیتانەکان و تازە مردوان بگەڕێنەوە سەر زەوین، تا ڕێژەی مردوان لە دانیشتوانی سەرزەویی زۆرتر بن و جیهان وێران دەکەم. کاتێ ئانۆ ئەم ڕاشکاویی و بڕیارەی ئیشتر دەبیسێ دەڵێ؛ باشە بەڵام بەو مەرجەی کە دەغڵ و دان و خەلەو خۆراک و سەوزای حەوت ساڵ بۆ خەڵک ئامادەکەیت و لە قاتوقڕی حەوت ساڵە بیانپارێزیت. ئیشتر دەڵێ؛ هەموو ئامادەیە. لێرەدا ڕاستەو خۆ دەکەوینە بیر دنیای یوسفی پەیامبەر و خەونی ئەختانوون و قورئان. حەوت ساڵ گرانی وحەوت ساڵ فراوانیەکەی میسر.
گای پیرۆزی ئاسمان پەلاماری شار و ژیار دەدا و هەمووشت دەکەوێتە بەر پەلاماری وێرانی. ئەنکیدۆ نەترس و بوێرانە پەلاماری دەدات و ئەستوری کلکی دەگرێ. گێڵ گامێش دێت و گەلاوێزی گادەبێت. هەردوو شاخی دەگرێ و تێغەکەی ڕێک دەکات بە بەینی شانەکانی گادا و لە پشتەوە سەری دەبڕێ. جۆری ئەم شەڕ و سەربڕینە ڕێک لە جۆری شەڕ و سەربڕینەکەی میترا دەچێت، کە چۆن گا دەکوژێت.

مەرگی ئەنکیدۆ و سەفەری گێڵ گامێش
مەرگی ئەنکیدۆ بەتەواوی گێڵ گامێش دەهەژێنێ و مردن و نەمان بە هەموو قورسایی و باری مانایی و فەلسەفی خۆیەوە دەخات بەسەریا. کۆ پرسێکی بێ وڵام و هەردەگێڵییەکی نەبڕاوە دەخاتە بەردەم ژین و ئاوەزی گێڵ گامێشەوە. ڕاپسکانێ ڕادەپسکێ، ژین وبوون و جیهانی هەنووکەی مانا و جوانی و نەبڕاوەی خۆیان لەدەست دەدەن. پاڵەوان لە چۆڵەوانیەکی هەرۆڵ و بێ پەنادا دەکەوێتە دڵەڕاوکەو ئازاری نەمان. ئاوابوونی ئەنکیدۆ هەموو هەویا و حەزو چێژە نەبڕاوەکانی گێڵ گامێش ئاوا دەکات. دەخوازێ پەردە لەسەر ڕازی مردن لادات و بوونێکی هەتاهەتایی و بێ کۆتایی بدۆزێتەوە. خواکان و تێڕامان و سەرنجیان بۆ مرۆڤ یەکەم خەیاڵی پرس و ئاوەزەکانی دەبن، لە دەرەی هەردە گێڵی و شپرزەییدا شوانکارەیەک هەناردەی لای [ئۆت نەپشتیم]ی دەکات تا ڕازی مردن و داستانی نەمری و مانەوەی ئەبەدی بۆ ئاشکرا بکات. ئاخر ئەو هاودەمی خوایانەو تەمەنی هەتاهەتایی پێ بەخشراوە.
گێڵ گامێش لە هەموو خانەکانی مەرگی ئەنکیدۆ و دێوانی دووپشک و هاودەمی خاتونی ژیری چیای خوایان [سی دووری سابیتو] هەتا دیداری [ئوت نەپشتیم] و دابەزینی بۆ جیهانی ژێرین، بێ پسانەوە هەردە گێڵ و ئاوارەیە و ناگاتە وڵامی دڵخواز. لە نێوان چیاکانی [مەشۆ] کەوەک کەوانە سەریان هاتوەتە یەک و دەروازەی هەڵهاتنی خۆرن، دوو دێوی هاوسەر دەبینێ، کە زۆر میهرەبانانە لەگەڵی ڕەفتاردەکەن و بە جۆری نیشانی سابیتوی دەدەنێ. دێو لە دینە سەرەتاییەکاندا نشانەی مەزنی و میهرەبانییە، ئەمەکوولتورێکی دێرینی وشکەرۆی زاگرۆسە. ئەم دو دێوە نیوەی خوارەوەیان دووپشکە. دووپشکیش دیسانەوە لەم کوولتورەدا جێگای دیاریکراوی خۆی هەیە. دووخاڵی دیکەش کە جێگای ڕامانن؛ ناوی چیاو دەڕەیەکە کە دێوەکان باسی دەکەن وەک [چیای مەشۆ] کە دەکرێت [مەسۆ] بێت یا چیای [مەسۆ]ی باشوور لە مەشۆ وەرگیرابێت و گۆڕینی شین بە سین یا پێچەوانەکەشی لە کوردیدا کردارێکی گونجاوە. سەرنجێک لەسەر گوندی مە سۆکانی شارەزوریش دەتوانێ ئاماژەیەکی تر بێت. ئوت نە پشتیم بەوردی چیرۆکی زریان و نوقم بوونی ژیوار و جیهانی پێشینی بۆ دەگێڕێتەوە، کە دەقاودەق داستانی تۆفانی نوحەو دواتر خزاوەتە ناو دینە سامییەکانەوە. گێڵ گامێش بێ کردنەوەی گرێ کوێرەی پرسەکانی و ڕازی نەمری و مەرگ لەلای ئوت نەپشتیم بەرەو هەوار و زێدی خۆی دەگەڕێتەوە. تەنیا دەسکەوتی ئەم سەفەرەی گیا یا هەتوان و ئێکسیری لاویە، کە بە چاوساقی ئوت نەپشتیم لە زەریای مەرگدا بەدەستی دێنێ. کاتێ کە خۆی دەشوات مارێک دێت و ئەویش دەخوات و خێرا کاژ فڕێی دەدات و لاودەبێتەوە. هەنووکە لە کوردەواریدا هەر باوە کە دەڵێن؛ مار کارژ دەخات و لاو دەبێتەوە. تەنانەت کچان و ژنان ئەو کارژە دێنن سەری پێ دەشۆن و باوەڕیان وایە بسک و قژیان درێژ دەکات.
دواجار گێڵ گامێش بڕیاردەدات بەرەو جیهانی ژێرزەوین بڕوات و هەوڵبدات هاورێکەی ببینێ تەوە. بۆ ڕۆشتن بۆ جیهانی ژێرخاک گێڵ گامێش دەبێ لەوەی خۆشی دەوێت و حەزی لێیەتی دوورکەوێتەوە. نەچێتە لای ژنان و خۆی نەشوات و نەڕازێنێەتەوە و بۆنەکان بەکار نەهێنێ. ئەم دۆخەش لە ڕاستیدا دۆخی بە تەنبوونەوەی [شت، واتە بەشتبوونەوەی ]مرۆڤە و دابڕانە لەهەموو چێژ و هەست و چەشنێ [بەبێ ڕەگەز، نە نێر نەمێ]، تابتوانێ بگاتە جیهانی ژێر زەوین یا مەرگ. بەواتایەکی دیکە مەرگ هەموو ئەوانە لە مرۆڤ دەسێنێتەوە و مرۆڤ وەک سەرەتا دەبێتەوە بە بەشێک لە سرووشت و ئەو کەوشەنە وکەونە کە ڕۆژگارێ بەشێکبووە لێی.

گێڵ گامێش یا گەلگامێش
بەپێی باسی سەرەوە و بەکۆبەندی سەفەرو ڕووداوەکانی ژیانی پاڵەوانی ئوستورەکە، ناکرێ ناوی گەڵ گامێش یا گەل گامش یا گێل گەمێش بێت. گەل واتە زۆر یا ئاپوورەیەکی بێ فۆرم و بیچم. گێڵ گامێش بوونێکی تاقانەو بەهێزە. کەڵ لەگەڵ گامێش یەک ناگرنەوە. چونکە کەڵ و گا هەریەک مناو یەک چەشن بەرجستەدەکەنەوە. بەڵام بەپێی گرنگی گا و ڕوونکردنەوەی ئەم سیمبولە گرنگی و شوێنی لە هزرو شارستانیەتی مرۆڤ دا بەرچاوە، کە دەبێ سەرەتای ئەم ناوە گا بێت واتە گامێش. سەرەڕای ئەمەش ڕەگەزو هزر و باشقە و شوێن پەنجەکانی کوولتوری زاگرۆسی و مادی کە هەندێکیمان لە دەقەکەدا باسکردو شڕۆڤەمان لە سەریان هەبووە پشتیوانی ئەم بۆچوونەمان دەکەن. ڕەگەزەکانی مادی و زاگرۆسی لە کۆی ڕەهەندەکانی جوگرافیاو کوولتوور و باوەڕ و زمان و دین و سەر نموونەکاندا نزیک لە بێگومانیمان دەکەنەوە لەوەی کە ئەم دەقە مادی و کوردییە.
هەنووکە لە کوردی هەورامیدا هەردەگێڵ بە کەسێک دەلێن ؛ چیاو شاخ و هەواران بگەڕێ، دەشت و دەر تەیکات. هەرد واتە ئەرز و بەمانای چیا و دەشتیش دێت ئەم پێش ناوە لە ناوی ئەردەشیری ساسانی دا هەیە و واتە شێری سەر ئەرز. من بۆ خۆم وای بۆ دەچم هەموو پێشگری ئەردەوانەکانی ئەشکانیش هەر هەردەوان بن. بەمانای خەڵکی چیا. بۆساسانیەکانیش هەر وابیردەکەمەوەو وادەزانم شرۆڤەی نزیک لەڕاستی ئەمەیە، کە وشەی سان واتە بەرد ساسانی واتە خەلکی ولاتی سانستان و چیاو زەنوێر. جوگرافیای کوردستان و ناوەگشتییەکان بە فراوانی و زانستی ئەم بۆ چوونانەمان پشت ڕاست دەکەنەوە، کە لەباسی ساسانیەکاندا دەپەڕژێمە سەریان.

سەرچاوەکان:
1.کوردستان نشتمانی یەکەمی سۆمەریەکان؛ هاورێ باغەوان
2.ماد مێژووی دزراوی ماد؛. بەدر ئیسماعیل شیرۆکی
3.گێڵ گامێش ؛ جەلیل ئازادیخواز
4.عقل سیاسی ایرانی و هویت خواهی کردها؛ ذکریا قادری
5.تاریخ تمدن جلد یک ویلدورانت
6.تاریخ ماد؛ دیاکونف
7.تاریخ ماد؛ ایقرار علی اف
8.ویس ورامین. فخرالدین اسعد گرگانی
9.از دولت کاهنی سومر بسوی تمدن دمکراتیک. عبدللە اوجالان
10.حیات مردان نامی. پلوتارک جلد 1
11.تاریخ بلاد الرافدین. افرام عیسی یوسف
12.السومریون هم اجداد الاکراد
13.دوو وتاری ئینگلیزی و کۆ وتارێکی دیکە بەزمانەکانی تر.
[1]
ئەڤ بابەت ب زمانا (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 1,050 جار هاتیە دیتن
هاشتاگ
ژێدەر
[1] ماڵپەڕ | کوردیی ناوەڕاست | peyserpress.com
فایلێن پەیوەندیدار: 1
بابەتێن پەیوەستکری: 4
زمانێ بابەتی: کوردیی ناوەڕاست
روژا تمام کرنێ: 02-02-2022 (2 سال)
جوڕێ دۆکومێنتێ: زمانی یەکەم
زمان - شێوەزار: ک. باشوور
وەڵات - هەرێم: کوردستان
کاتەگۆریا ناڤەڕۆکێ: لێکۆڵینەوە
کاتەگۆریا ناڤەڕۆکێ: مێژوو
تایبەتمەندی یێن تەکنیکی
کوالیتیا ڤی بابەتی: 99%
99%
ئەڤ بابەتە ژ لایێ: ( ڕاپەر عوسمان عوزێری ) ل: 03-04-2022 هاتیە تومارکرن
ئەڤ بابەتە ژ ئالێ: ( هاوڕێ باخەوان ) ل : 04-04-2022 پێداچوون ژبوو هاتییە کرن و ڕەها بوویە
ئەڤ بابەتە بو دویماهیک جار ژ لایێ: ( ڕۆژگار کەرکووکی )ڤە: 18-05-2024 هاتیە ڕاست ڤەکرن
ناڤ و نیشانێن بابەتی
ئەڤ بابەتە ب ستانداردی کوردیپێدیا هێشتا نە دروستە و پێدڤی ب داڕشتنەکا بابەتی و زمانی هەیە!
ئەڤ بابەتە 1,050 جار هاتیە دیتن
فایلێن پەیوەست کری - ڤێرشن
جور ڤێرشن ناڤێ تومارکەری
فایلا وێنەیی 1.0.181 KB 03-04-2022 ڕاپەر عوسمان عوزێریڕ.ع.ع.
کوردیپیدیا بەرفرەهترین ژێدەرێ زانیاریێن کوردییە!
پەڕتووکخانە
بێهۆدەییا جانی
کورتەباس
گەنجینەکا زێڕین
وێنە و پێناس
کۆمەڵەکا دانعەمرێن ئێزدی ل لالش، ساڵا 1976
کەسایەتی
فادیا فێسەڵ ڕەڤۆ حسێن
شوینوار و جهێن کەڤنار
شکەفتا گوندێ گوندکی ل ئاکرێ
وێنە و پێناس
مستەفا بارزانی ل دەمێ پێشکێشکرنا گۆتارەکێ ل کۆیە، ساڵا 1963
کەسایەتی
سەبریا هەکاری
وێنە و پێناس
لالش ل ساڵا 1976
کەسایەتی
عەیشان هەسن دەروێش حەمۆ
کەسایەتی
بلند محەمەد
پەڕتووکخانە
ژانێن خەریبییێ
کەسایەتی
سەرهات ناریمان خەمۆ
وێنە و پێناس
نەورۆزا ساڵا 1972
کورتەباس
تۆسنێ رەشید دەنگکی هەلبەستڤانێ گەش ژ کوردێن سۆڤێتێ
کورتەباس
مەردینی ب دلی یە نە ب مالێ یە
شوینوار و جهێن کەڤنار
کەلها کوردا
کەسایەتی
فایزا دربۆ حسێن
کورتەباس
ئوسمان سەبری چیڤانوکا خێر و شەڕان د باهوو زێدا
کەسایەتی
عەیشان مجۆ بەرکات جۆمەر
وێنە و پێناس
زەلامێن کورد ل دەمێ یاریا تاولێ ل باژێڕۆکێ کۆیە، ساڵا 1963
شوینوار و جهێن کەڤنار
پرا دەلال
کەسایەتی
خەیری ئادەم
کەسایەتی
عیسا هادی شکور فارس
کورتەباس
نەڤسیا ژنبابی
کەسایەتی
عەبدوڵا ساڵح ئاکرەیی
پەڕتووکخانە
گەهنۆم ڤارێبوون ژ بهایان
پەڕتووکخانە
پیڤەرێن رێکخستنەڤەیا جاڤاکا هەرێما کوردستانێ
شوینوار و جهێن کەڤنار
کەلها سارتکە
پەڕتووکخانە
رەوشنبیرییا کوردی د ناڤبەرا شیانێن تاکی و رێکخستنا جڤاکێ دا

روژەڤ
جهـ
تل قەسەب
01-02-2024
ڤەژەن کشتۆ
تل قەسەب
کەسایەتی
سەبریا هەکاری
21-02-2024
زریان سەرچناری
سەبریا هەکاری
کەسایەتی
ئەڤریم ئالاتاش
14-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
ئەڤریم ئالاتاش
کەسایەتی
خالد بەگێ جبری
14-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
خالد بەگێ جبری
جهـ
ڕەمبوسی
24-04-2024
ڤەژەن کشتۆ
ڕەمبوسی
بابەتێ نوی
پەڕتووکخانە
ژانێن خەریبییێ
01-05-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
کەسایەتی
دانا جەلال
30-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
پەڕتووکخانە
رەوشنبیرییا کوردی د ناڤبەرا شیانێن تاکی و رێکخستنا جڤاکێ دا
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
پیڤەرێن رێکخستنەڤەیا جاڤاکا هەرێما کوردستانێ
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
گەهنۆم ڤارێبوون ژ بهایان
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
بێهۆدەییا جانی
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
گۆگەمێلا، چەپا کەنیزەکێن پایتۆنان
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
کەسایەتی
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
25-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
کەسایەتی
فەیروز ئازاد
25-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
جهـ
ڕەمبوسی
24-04-2024
ڤەژەن کشتۆ
ئامار
بابەت 519,125
وێنە 106,700
پەرتوک PDF 19,299
فایلێن پەیوەندیدار 97,371
ڤیدیۆ 1,392
کوردیپیدیا بەرفرەهترین ژێدەرێ زانیاریێن کوردییە!
پەڕتووکخانە
بێهۆدەییا جانی
کورتەباس
گەنجینەکا زێڕین
وێنە و پێناس
کۆمەڵەکا دانعەمرێن ئێزدی ل لالش، ساڵا 1976
کەسایەتی
فادیا فێسەڵ ڕەڤۆ حسێن
شوینوار و جهێن کەڤنار
شکەفتا گوندێ گوندکی ل ئاکرێ
وێنە و پێناس
مستەفا بارزانی ل دەمێ پێشکێشکرنا گۆتارەکێ ل کۆیە، ساڵا 1963
کەسایەتی
سەبریا هەکاری
وێنە و پێناس
لالش ل ساڵا 1976
کەسایەتی
عەیشان هەسن دەروێش حەمۆ
کەسایەتی
بلند محەمەد
پەڕتووکخانە
ژانێن خەریبییێ
کەسایەتی
سەرهات ناریمان خەمۆ
وێنە و پێناس
نەورۆزا ساڵا 1972
کورتەباس
تۆسنێ رەشید دەنگکی هەلبەستڤانێ گەش ژ کوردێن سۆڤێتێ
کورتەباس
مەردینی ب دلی یە نە ب مالێ یە
شوینوار و جهێن کەڤنار
کەلها کوردا
کەسایەتی
فایزا دربۆ حسێن
کورتەباس
ئوسمان سەبری چیڤانوکا خێر و شەڕان د باهوو زێدا
کەسایەتی
عەیشان مجۆ بەرکات جۆمەر
وێنە و پێناس
زەلامێن کورد ل دەمێ یاریا تاولێ ل باژێڕۆکێ کۆیە، ساڵا 1963
شوینوار و جهێن کەڤنار
پرا دەلال
کەسایەتی
خەیری ئادەم
کەسایەتی
عیسا هادی شکور فارس
کورتەباس
نەڤسیا ژنبابی
کەسایەتی
عەبدوڵا ساڵح ئاکرەیی
پەڕتووکخانە
گەهنۆم ڤارێبوون ژ بهایان
پەڕتووکخانە
پیڤەرێن رێکخستنەڤەیا جاڤاکا هەرێما کوردستانێ
شوینوار و جهێن کەڤنار
کەلها سارتکە
پەڕتووکخانە
رەوشنبیرییا کوردی د ناڤبەرا شیانێن تاکی و رێکخستنا جڤاکێ دا

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.5
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| دروستکرنا لاپەری 9.86 چرکە!