هۆکارە سەرەکییەکەی تێکچوونی شیرازەی خێزان
لە ئەدەبیاتی کۆمەڵناسی پێناسەی هەمەچەشن بۆ چەمکی خێزان هەیە، هەندێ لە کۆمەڵناسەکان پێیان وایە خێزان کۆمەڵە کەسانێکن کە پەیوەندییەکەیان لەگەڵ یەکتر بەهۆی پەیوەندیی خوێنییەوە و بە خزمی یەکتر دادەنرێن، بەڵام چەند کۆمەڵناسێکی تر تێگەیشتنێکی گشتگیریان بۆ چەمکی خێزان هەیە و پێیان وایە گرووپێکە کە لە کۆمەڵە کەسانێک پێکدێن هەم لە ڕووی پەیوەندیی خوێنی و هەم لە ئاست قبوڵکردنی یەکترەوە لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە دروست دەبێت و پەیوەندییەکی دوولایەنە لە نێوانیاندا هەیە و کولتورێکی هاوبەشییان هێناوەتە کایەوە و لە پانتاییەکی دیاریکراو دەژێن و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی بەردەوامیان هەیە.
هەر لەبەرئەمە دەکرێ بڵێین خێزان کۆمەڵە کەسانێکن کە لە ڕێگەی خوێن و هاوسەرگیرییەوە پەیوەندیی لەگەڵ یەکتر دەبەستن و بەبەردەوامی بەیەکەوە دەژێن یان پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی بەردەوامیان لە نێواندا هەیە، بە مانایەکی تر، ئەم گرووپە کۆمەڵایەتییە هەم لە ڕووی ئابوورییەوە هاوکاری یەکتر دەکەن و هەم لە ئاستی کولتووریش پەیوەندییان لەگەڵ یەک هەیە. دەکرێ بڵێین خێزان پتر لە سێ ئاستدا خۆی دەنوێنێت ئەوانیش: یەکەم: خێزان بەگوێرەی هاوسەرگیریی لە نێوان دوو کەس؛ دووەم: پەیوەندیی ڕێژەیی یان پەیمانی کۆمەڵایەتیی نێوان ئەندامەکان و؛ سێیەم: هەبوونی ئەرکە پەروەردەیی و ئابوورییەکانی خێزان.
خێزان مێژووییەکی دوورودرێژیی هەیە، دەکرێ بڵێین کە بە درێژایی مرۆڤایەتی خێزان بوونی هەبووە، بەڵام ئەرک و مافی جیاوازەوە. هەر بۆیە تێگەیشتن و پێناسەکانی خێزان لە هەر کۆمەڵگە وپانتاییەک جیاوازیی هەیە، چونکە هەر کۆمەڵگەیەک بەجۆرێک بره و بە ئەرک و مافەکانی تاکەکانی ناو خێزان دەدات. ئێمە لە کۆمەڵناسییدا پێمانوایە خێزان لە دنیای مۆدێرن جیاوازە لە خێزانی دنیای نەریتی، چونکە دەسەڵات و ئەرکەکانی ئەندامەکانی خێزان بەردەوام گۆڕانی بەسەردا دێت.
نابێ ئەوەشمان لە بیربچێت کە خێزان جۆری زۆری هەیە، کۆمەڵناسەکان پۆلینیان کردووە بۆ چەند جۆرێک. جۆری یەکەم بریتییە لە خێزانی ناوەکی کە کۆنترین و باوترین جۆری خێزانە کە بە مانای هەبوونی پەیوەندیی خزمایەتی و کۆمەڵایەتی لە نێوان سێ نەوە لە یەک خێزاندا. بەڵام جۆری دووەم کە پێی دەوترێت خێزانی بەربڵاو یان فراوان بریتییە لە پەیوەندییەکان مام و مامۆژن، ژن و مێرد و منداڵە هاوسەردارەکانیان. لە خێزانی فراواندا، ئەندامانی خێزانەکە دەتوانن سوود لە خەڵکی هەمەچەشن وەربگرن ئەوکاتەی پێویستیان بە هاوکاری هەبێت.
مەترسییەکانی سەر خێزان ئێستا گەلێ زۆر بووە، بەتایبەت کە دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی خێزان ئەستەمتر و ئاڵۆزتر بووە، بۆیە هەڕەشەکانی سەر خێزانی کوردی بە ڕادەیەک زۆر بووە، دەکرێ بڵێین کە لە هێڵی سووردایە، ئەم هەڕەشانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر و بەرفراوانتریش دەبێت.
هەرەشەکانی سەر خێزان فرە و هەمەچەشنن بۆ نموونە سەعید ناکام یەکێکە لە پسپۆرە خێزانییەکان پێیوایە ئیستا سۆشیال میدیا کاریگەریی زۆری لە ساردوسڕی پەیوەندیی خێزانیی و درووستکردنی کێشە خێزانییەکان هەیە، ئەمەش لە چەند ڕووییەکەوە، لە لایەک بەکارهێنانی سۆشیال میدیا بۆتە هۆی زۆربوونی ڕێژەی خیانەت لە نێوان هاوسەرەکان و ڕێژەکەش هەروادێت بەرزتر و زیاتر دەبێت، هەروەها لێگتێنەگەیشتن و ڕێزنەگرتن لە یەکتر، بەتایبەت لە نێوان ئه و هاوسەرانەی کە تەمەنیان کەمە، چونکە ئەزموونی ژیانیان هەیە و توانای بەرگەگرتنی ناخۆشی و نەهامەتییەکانی ژیانیان نییە و هەر زوو ڕووبەرووی شکست و تێکچوونی شیرازەی خێزانیان دەبنەوە.
بەڵام هەندێ لە تویژەرەکانی تر پێیان وایە، هۆکارەکانی تێکچوونی شیرازەی خێزان، زیاتر پەیوەندیی بە هۆکارە دەرەکییەکانەوە هەیە. شیراز محەمەد، پێیوایە هاتنی ئه و خەڵکە لە دەرەوەی کوردستان و ژیانیان لە کوردستان کاریگەری لە گۆڕینی کولتووری کوردی کردووە، نەک ئەوە، بەڵکو بۆتە هۆی ئەوەی تاکی کوردی لاسایییان بکەنەوە، ئەمەش بۆتە هۆی دروستبوونی کێشە لە نێو خێزانەکاندا، چونکە ئه و ڕەفتارانە بۆ تاکی کورد نامۆ و پێچەوانەیە لەگەڵ بەها و پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان.[1]
دانا لەتیف - هەولێر