پەرتوکخانە پەرتوکخانە
لێ گەڕیان

کوردیپیدیا بەرفرەهترین ژێدەرێ زانیاریێن کوردییە!


گەریانا دەست نیشانکری





لێ گەڕیانا هویر      کیبورد


لێ گەڕیان
لێ گەڕیانا هویر
پەرتوکخانە
ناونامە بو زاروکێن کورد
کرونولوژیا ڕویدانا
ژێدەر
پاش
کومکری
چالاکی
چەوا لێ بگەڕهم؟
بەلاڤوکێن کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
دارشتنا پولا
بابەت ب هەلکەفتێ
ڤڕێکرن
ڤڕێکرنا بابەتی
ڤرێکرنا وێنەی
ڕاپرسی
بوچوونێن هەوە
پەیوەندی
کوردیپیدیا پێدڤی ب چ زانیاریانە!
ستاندارد
رێسایێن بکار ئینانێ
کوالیتیا ڤی بابەتی
ئامراز
دەربارێ مە
ئەرشیڤ ڤانێن کوردیپێدیا
دەربارەی مە چ گوتیە؟
کوردیپیدیایێ بکە د مالپەرێ خودا
تومارکرن / ڤەمراندنا ئیمێلی
ئامارێن مێهڤانا
ئامارا بابەتا
وەرگێرێ فونتا
گهوڕینا دیرۆکان
کۆنترلکرنا ڕاست نڤیسینێ
زمان و شێوەزارێ لاپەرا
کیبورد
لینکێت پێدڤی
ئێکستێنشنا کوردیپێدیا بو گوگڵ کروم
کوکیز
زمان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هژمارا من
چوونا ژوور
دێ بمە هەڤکارێ هەوە
پەیڤا نهێنە تە ژبیر کریە!
لێ گەڕیان ڤڕێکرن ئامراز زمان هژمارا من
لێ گەڕیانا هویر
پەرتوکخانە
ناونامە بو زاروکێن کورد
کرونولوژیا ڕویدانا
ژێدەر
پاش
کومکری
چالاکی
چەوا لێ بگەڕهم؟
بەلاڤوکێن کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
دارشتنا پولا
بابەت ب هەلکەفتێ
ڤڕێکرنا بابەتی
ڤرێکرنا وێنەی
ڕاپرسی
بوچوونێن هەوە
پەیوەندی
کوردیپیدیا پێدڤی ب چ زانیاریانە!
ستاندارد
رێسایێن بکار ئینانێ
کوالیتیا ڤی بابەتی
دەربارێ مە
ئەرشیڤ ڤانێن کوردیپێدیا
دەربارەی مە چ گوتیە؟
کوردیپیدیایێ بکە د مالپەرێ خودا
تومارکرن / ڤەمراندنا ئیمێلی
ئامارێن مێهڤانا
ئامارا بابەتا
وەرگێرێ فونتا
گهوڕینا دیرۆکان
کۆنترلکرنا ڕاست نڤیسینێ
زمان و شێوەزارێ لاپەرا
کیبورد
لینکێت پێدڤی
ئێکستێنشنا کوردیپێدیا بو گوگڵ کروم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونا ژوور
دێ بمە هەڤکارێ هەوە
پەیڤا نهێنە تە ژبیر کریە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارێ مە
 بابەت ب هەلکەفتێ
 رێسایێن بکار ئینانێ
 ئەرشیڤ ڤانێن کوردیپێدیا
 بوچوونێن هەوە
 کومکری
 کرونولوژیا ڕویدانا
 چالاکی - کوردیپێدیا
 هاریکاری
بابەتێ نوی
پەڕتووکخانە
ژانێن خەریبییێ
01-05-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
کەسایەتی
دانا جەلال
30-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
پەڕتووکخانە
رەوشنبیرییا کوردی د ناڤبەرا شیانێن تاکی و رێکخستنا جڤاکێ دا
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
پیڤەرێن رێکخستنەڤەیا جاڤاکا هەرێما کوردستانێ
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
گەهنۆم ڤارێبوون ژ بهایان
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
بێهۆدەییا جانی
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
گۆگەمێلا، چەپا کەنیزەکێن پایتۆنان
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
کەسایەتی
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
25-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
کەسایەتی
فەیروز ئازاد
25-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
جهـ
ڕەمبوسی
24-04-2024
ڤەژەن کشتۆ
ئامار
بابەت 518,861
وێنە 106,157
پەرتوک PDF 19,347
فایلێن پەیوەندیدار 97,367
ڤیدیۆ 1,398
جهـ
تل قەسەب
کەسایەتی
سەبریا هەکاری
کەسایەتی
ئەڤریم ئالاتاش
کەسایەتی
خالد بەگێ جبری
جهـ
ڕەمبوسی
ئیعتیزال
هەر کون و ڕیدانەکا وڵاتی، ل ڕوژهەڵات هەیا ڕوژئاڤا، ل باکوور هەیا باشوور... دبیتە چاڤکانیا کوردیپێدیا!
پول: کورتەباس | زمانێ بابەتی: کوردیی ناوەڕاست
هەڤپشکی کرن
Facebook0
Twitter0
Telegram2
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link1
هەلسەنگاندنا بابەتی
نایاب
گەلەك باشە
ناڤنجی
خراب نینە
خراب
بو ناڤ لیستا کومکریا
ڕایا خو دەربارەی ڤی بابەی بنڤێسە!
گهوڕنکاریێن بابەتی!
Metadata
RSS
گووگلا وێنا بو بابەتێ هەلبژارتی!
گوگل دەربارەی بابەتێ هەلبژارتی!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

ئیعتیزال

ئیعتیزال
سەرپەشتی: هاوژین مەلا ئەمین
پوختەی کتێبەکە:
ئیعتیزال یەکێک لە گرنگترین دیاردە هزرییەکانه لەناو شارستانییەت و مێژووی ئیسلامیدا؛ ئەگەر واتا هزری و کولتوورییەکانی ئەم دیاردەیە وەربگرین، دەتوانین بڵێین کە تا ئەم چرکەساتەش ئەمە هەر وایە، مەبەستیشمان تەنها ئەوە نییە کە بیر و جووڵە و کەسایەتییە ڕیفۆرمخوازە گرنگەکانی دونیای هاوچەرخی ئیسلامیش زۆر لەم نەریتە هزری و کولتووری و وزە ڕۆحییە سوودمەند بوون و بە جۆرێک لە جۆرەکان موعتەزیلە نوێ و هاوچەرخەکانی دونیای ئیسلامن.

گرنگترین و دیارترین تایبەتمەندی لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا، ڕەهەندە ئەخلاقی و ڕەخنەیی و عەقڵییەکەیەتی. سووسەکردن و پاشان هەستکردنی تەواو بەوەی کە ژیان لە سایەی دەسەڵات و کولتووری ئیسلامیدا کێشەیە و دواجار خستنەگەڕی هەموو هەوڵ و توانایەکی هزری و کولتووری بۆ تێگەیشتن و چاکسازی یان تێپەڕاندن و بەجێهێشتنی ئەو دونیابینی و ڕەفتارە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی، کە لە هەردوو ڕەهەندی عەقڵی و ئەخلاقییەوە پڕ کێشە و گیروگرفت بوون.

موعتەزیلە هەر زوو هۆشیار بوونەوە و هەستیان کرد کە کێشەیەکی گەورە هەیە و ئەم کێشەیە لە پەرەسەندن و خۆقاییمکردندایە لەناو ئایینداری و خوداناسی و باوەڕ و دونیابینی و شەریعەتی ئیسلامیدا و چارەسەرەکەشی پێویستە سروشتێکی هزریی گشتگیر و سیۆلۆژیی هەبێت و ڕەخنەکردنێکی ڕیشەیی و قووڵی سەرچاوە بنەڕەتییەکان و هێنانەگۆی ئەو تایبەتمەندی و ڕەهەند و هەلومەرجە مرۆییە مەزن و گرنگە بێت، کە خودی کێشەکە خۆی گەشەکردنی پڕۆسەی وەلاوەنان و دوورخستنەوەیەتی.

ئەم تایبەتمەندییە، دوو ڕەهەندی گرنگ بەم بزووتنەوەیە دەبەخشێت، کە ڕەهەندێکی عەقڵی و ڕەهەندێکی هیومانیستییە بەگشتی، هەر لێرەشەوە دەتوانین ئەوە بڵێین کە ئیعتیزال لە بنەڕەتدا زادەی هۆشیاربوونەوەی مرۆڤ و گێڕانەوەی عەقڵ و ئازادی و بەهایە بۆ مرۆڤ لە ناوجەرگەی هەلومەرجێکی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، کە باس لە وەلاوەنان و دوورخستنەوە و پەراوێزخستنیان دەکات و هەموو مێژووی ئیسلامیش دواجار بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕاستاندنی ئەو هەست و سووسە قووڵەی ئەم بزووتنەوە هزری و کولتوورییە بوو، هەر ئەوەی بە ئێمە گوت. ئەوەی پێ گوتین کە لەگەڵ دوورخستنەوەی عەقڵ و پەراوێزخستنی مرۆڤدا، لەگەڵ باڵادەستبوونی لاهووتی هێز و جیهاددا، دەشێت ئەم کولتوور و ئایینە بە کوێ بگات و چی بەسەر بێت.

جۆرێک لە پێشبینی و نبووەت لە هزری ئەم بزووتنەوەیەدا هەیە، نبووەت و پێشبینییەک بەرمەبنای عەقڵ و تێگەیشتنی قووڵ لە هەلومەرجە ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەم بزووتنەوەیە و بیریارانی هەمیشە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەوەیان دووپات کردووەتەوە کە ژیان لە سایەی وەلاوەنانی ئیرادە و ئازادی و عەقڵی مرۆڤدا، ژیان لە سایەی کولتوورێکدا کە ستاییشی هێز و جەبری ئیلاهی بکات و ڕێسا عەقڵی و یاسا سروشتییەکان و بەهای مرۆڤانەی مرۆڤ وەک ئامانجی بنەڕەتی نەسەلمێنێت و دان بە سروشتی ڕاستەقینەی بوونەکاندا نەنێت و توانای جیاکردنەوە و ناسینەوە و هەڵسەنگاندن و بڕیاردان و نواندن لە مرۆڤ بسەنێتەوە و نەک زەوت، بگرە نکوڵیی لێ بکات، ژیان لە سایەی هەلومەرج و کولتوورێکی لەو چەشنەدا، ڕاسترین پێشبینی و نبووەت تێیدا، پێشبینیکردن و لێدانی زەنگی مەترسییە لەبارەی ئەوەوە کە چی ڕووی داوە و چی ڕوو دەدات و چی دەشێت ڕوو بدات؟!.

نامەوێت پێش خوێنەر بکەوم و بەر لەوەی کە خۆی لەگەڵ بابەتەکانی ئەم کتێبەدا دەرگیر ببێت و لە نزیکەوە گرنگیی ئەو بزووتنەویە لە دونیای ئیسلامدا هەڵبسەنگێنێ، ڕایەکی پێشوەختی ئامادەکراوی پێشکەش بکەم.

ئێمەی کورد لە ژینگەی کولتووریی خۆماندا، وەک بەشێک یان وەک یەکێک لەو نەتەوانەی کە بە قووڵی کەوتووینەتە ژێر هەژموون و دەسەڵاتی ئیسلامییەوە و ئیسلامیزەکراوین یان ''گیرۆدەی ئیسلام'' بووین، زۆر گرنگە ئاگەداری ئەم کولتوور و نەریتی بەگرفتکردنەی ئیسلام و بیروباوەڕ و کولتوور و کەلەپوور و عەقیدە و شەریعەتی ئیسلامییە بین و زۆر پێویستمان بەوە هەیە کە لەناو کولتوور و ترادشنی ئایینی و دامەزراوە ئایینییەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا، بەتایبەت لە ناو حوجرەکاندا، بە شوێن هەندێک دەنگ و هەندێک بیرکردنەوەدا بچین (هەر لە نالی و سالمەوە تا مەلای گەورە و مەسعوود محەمەد)، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان بۆنی کاریگەربوون یان بەشداریکردنیان لە کولتووری ئیعتیزالدا لێ دێت. ئەم دەنگانە بۆ سەررێگەخستن و ڕیشەدارکردنی بیرکردنەوەیەکی ڕەسەن بەم ئاقارەدا تەواو گرنگە، گرنگییە بنەڕەتییەکەی لەوێوەیە کە کورد بە درێژایی مێژووی خۆی و بە شێوەیەکی گشتی، لەناو مێژوو و شارستانێتیی ئیسلامیدا، نەتەوەیەکی ژێردەست و وەلاوەنراو و نکۆڵیلێکراو بووە، هەر بۆیە لەگەڵ ئەوەی کە زۆر بەرکەوتووە و بگرە ڕووبەڕووی شێواندنی ئۆنتۆلۆژی و ڕووبەڕووی دووکەرتبوون یان پارچەپارچەکردنی ڕۆحییش بووەتەوە، کە ئەمەیە مەبەستی ئێمە لە گیرۆدەبوونی کورد بە ئیسلام، بەڵام بێهودە لە زۆربەی هەرە زۆری بزووتنەوەکانی ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاریدا بەشداریی کردووە و ئەگەرچی تا ئێستاش ئومێدی سەرکەوتنی وەک خەونە، بەڵام لەگەڵ گوتارێکدا دەژی کە دەتوانین بە گوتاری مانەوە ناوزەندی بکەین. گومان لەوەدا نییە و نەماوە کە کورد مەحف نەبووەتەوە و ماوە، کوردبوون دەستەواژەیەکی بێواتا و ناوەڕۆک نییە، بەڵام بزووتنەوەکانی کوردایەتی و بە ناو ''ناسیۆنالیزمی کوردی''، هەمیشە وەک دەربڕینێکی ئەو شێواندن و لێکترازاندنە بونیادی و ڕیشەیی و گەورەیە، ئەوانیش، بگرە هەموو بزووتنەوە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانیشی کێشەی بونیادیی گەورەیان هەبووە.

ئێمە جگە لە هەندێک بەرچاوڕوونیی باش و هەندێک جار گرنگ، کە زۆربەی هەرە زۆریان بەرهەمی ڕۆژهەڵاتناسان و گەڕیدەکانن یان باکگراوندە بەتێبینی و تێزەکانی ئەوان، توێژینەوەیەکمان نییە دەربارەی ئەوەی کە ڕۆحی کوردی چۆن لە مێژوودا شکڵی گرتووە و کوردبوون لە جیهاندا چ مانایەکی هەبووە و هەیە دەربارەی مۆدێل تایپی ئەم ڕۆحە، شتێکی ئەوتۆمان نییە، توێژینەوەیەکمان نییە باس لە گوزەر و ڕەوت و فینۆمینۆلۆژیای ڕۆحی ئەم نەتەوەیە بکات، کوردۆلۆژی ڕەنگە هێشتا درکیشی بەم کێشە مەعریفییە ڕەسەنە نەکردبێت.

بڕوای ئێمە وایە کە ئەمە ئەرکێکی هزریی هەرە مەزن و پڕۆژەی تەمەنە، پڕۆژەیەکە بەبێ بەجێهێنانی، بوونی ئێمە لە مێژوودا تەنها پەرتەوازەیی و سەرگەردانییەکی مێژووییە، ئەو سەرگەردانی و سەردەروونییەی کە هەمیشە و ئێستاش لە جەرگەی گێژاوەکانیدا دەژین. بە واتای ئەوەی کە گوتاری بەرەنگاری و بەرگری، خۆی هیچ مانایەکی نەماوە و ئێمەش لەو گوتارە جگە لە خەساری مادی و ڕۆحیی زۆر گەورە، جگە لە باڵادەستیی هێزە عەدەمییەکانی بوونمان لەناو مێژوودا، هیچمان نەچنیوەتەوە. باڵادەستییەک کە باس لە کۆیلایەتیی گەورە، باس لە بیماری و گەندەڵیی مەزن و میتافیزیکی دەکات.

ئەم کتێب یان پڕۆژەیە، چ پەیوەندییەکی بەو خەمە قووڵەوە هەیە، بە تەنیا ڕوونکردنەوەیەک لەم بارەیەوە کۆتایی بەم ڕێخۆشکارییە دێنین.

دەتوانین گریمانەی ئەوە بکەین، کە بێگومان نەک بەو مانایەی کە کورد بەر لە ئیسلام بوونی نییە لە مێژوودا یان کوردبوون بەر لە ئیسلام هیچ واتایەکی نییە، بەڵام ئیسلام وەک شاڵاوێکی داگیرکاریی مەزن و پڕۆژەیەک بۆ لێسەندنەوە و بەخشینی شوناسێکی دی بە هەموو نەتەوەکانی ئەم ناوچەیە و بە واتایەک لە واتاکان وەک پڕۆژەی سڕینەوەیەکی مەزن و هاڕین و هەرسکردن و دووبارە دروستکردنەوەی نەتەوە و کولتوور و شارستانێتییەکان و بگرە ئیمپڕاتۆرییەتەکانی سەردەمی شاڵاوی جیهانیی خۆی، لە پەیوەندیدا بە کوردەوە، ئەو ئەوی دیکەیەیە کە وەک پرس و مەترسیی سڕینەوەی مەزن ڕووی تێدەکات و کورد بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی چالاک لەناو مێژوودا، لە ڕێگەی بەرکەوتنیەوە بە ئیسلام، وەک بەرکەوتن بە ئەوی دی و بەرکەوتن لەگەڵ ئاڵنگارییەکی وجوودیی گەورە، هەست بە بوونی خۆی دەکات و ئەم هەستبەخۆکردنە مێژوویەکی دوورودرێژ دەخایەنێت و بە شێوەیەک لە شێوەکان ئێمەی کورد، ئێستاش لە توونەکانی ئەم ڕاچڵەکینەداین و گینگڵی پێوە دەخۆین. خایاندنی ئەم گینگڵ و ڕاچڵەکینە هەر لە سەرەتاوە پەیوەندیی بە جوێبوونەوەی کورد لە شارستانێتیی ئێران و لە ئیمپڕاتۆرییەتی ساسانی هەیە، وەک شوناسێکی کولتووری و سیاسی، کە چەتری هەموو پێکهاتەکانی ئەو ئیمپڕاتۆرییەتە مەزنەیە. ئێران لە ڕێگەی بینینەوەی ڕێگەیەکەوە بۆ خۆی، کە دەشێت بە گەشتی ئەو ڕۆحە لە مێژوودا ناوزەندی بکەین و وەک بەشێک لە پاشەکشێی شارستانیی خۆی، بە هەموو واتایەک دەستبەرداری کورد دەبێت و لەگەڵ هەموو بەشدارییە مەزنەکانی کورد لەناو ئەو شارستانێتی و دەسەڵاتداری و کولتوورەدا، کورد دەتفێتەوە، کورد لە خۆی دوور دەخاتەوە، خاکی کوردان وەک زەمینەی ململانێی ئەوی دی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی پێناسە دەکات و بە شێوەیەک لە شێوەکان کورد دەکاتە قەڵغان و هەمیشە لەدوای شەڕ و شکستەکانیشیەوە، وەک کەرەستەی جەنگ لە مەیدانی ململانێکاندا بەجێی دەهێڵێت.

پاش ئەم بەجێهێشتنە، هەوڵی مەزنیش دەدات بۆ دزینی میراتی کولتووری و هونەری و شارستانیی ئەم ناوچەیە و بردنی بۆ خۆی و وەک بەرەی جەنگ خاڵیکردنەوەی ئەم ناوچەیە لە هەر خاوەندارێتی و بەشدارییەک لەو شارستانێتی و کولتوور و تەنانەت دەسەڵاتەشدا کە بە درێژایی مێژوو نەتەوەکانی ئێرانی کۆ کردۆتەوە.

ئیسلام وەک شاڵاوێکی سەربازی و دواجار شارستانی، بە برسێتییەکی زۆرەوە لە بەرانبەر ئەم تفینەوەی ئێران و ئیمپڕاتۆرییەتی ساسانیدا، دەست بە جوین و قوتدان و هەرسکردنی کورد دەکات، بەڵام هەموو گۆڕانکاری و تایبەتمەندی و بەرەنگارییەکانی دوایی و لەئامێزگرتنی یاخیبوونەکان و باوەشپێداکردنیان و بەشداریکردن تێیاندا و نەبوونی توانایەکی شارستانی و کولتووریی ئەوتۆ لەناو ئیسلامدا بۆ بینین و لەخۆگرتنی ئەوانی دی وەک بەشێکی ڕاستەقینە لە خۆی و سەرنەکەوتنی ئەم شارستانێتییە بە هۆی کولتووری جیهاد و جزیە و مەوالی و ستەمی کۆمەڵایەتی، بە هۆی شەڕە ناوخۆییەکانی و ستەمکاری و گەندەڵییەوە و بە هۆی ململانێ خێڵەکییەکانی ناوخۆیەوە، بگرە بە هۆی ڕەهەندە ڕاسیستی و یەهوودی و خێڵەکییەکەیەوە، بە هۆی لاوازیی تەواوی بانگەشەی جیهانیبوونەوە لەناو ئەم ئایین و شارستانێتییەدا، بە ئەندازەیەک کە هەندێک جار دەگات بە هەڵنەگرتنی جیزیە لە سەر ئەو نەتەوە و ئەتنییانەی دی، کە باوەڕیشیان پێ هێناوە و چەوساندنەوەیان و کەمسەیرکردنیان، کە بزووتنەوە شعووبییەکان باشترین بەڵگە و ئاماژەن لەسەر هەبوونی ئەمە. سەرباری هەبوونی هەموو فۆڕمەکانی دیکەی ستەم و چەوساندنەوە، هەموو ئەمانە دەگات بەو شوێنە یان بەوە کۆتایی دێت کە کورد لە لایەن شارستانێتی و دەسەڵاتی ئیسلامەوە، لە مێژوودا شایەتومانی لێ قبووڵ نەکرێت و وەک موسڵمان بە واتا سیاسی و کۆمەڵایەتی و بگرە دواجار بە واتا ئایینییەکەشی سەیر نەکرێت و هەمیشە لە بەردەم شاڵاوەکانی تاڵان و ئەنفال و پایەماڵکردندا بێت. پێگەی جیۆپۆلەتیکی کوردیش ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت لەو ڕووەوە، کە دەکەوێتە ناوجەرگەی ململانێی نێوان ئەم ئیمپڕاتۆرییەت و زلهێزە کۆن و نوێیانەوە و سروشتی ناوچەکەی دەیکاتە موحەڕەمەی نێوان ململانێکانی ئەوان و ناجێگیریی گەورە باڵ دەکێشێت بەسەر ئەو جوگرافیا گەورەیەدا، کە پێی دەگوترێت کوردستان و کوردەکانیش هەمیشە وەک قەڵغان و لەمپەڕ و دیواری مرۆیی لە لایەن ئەوانی دیکەوە دەبینرێن و ئەم سیاسەتە ئێستاشی لەگەڵدا بێت، سیاسەتی فەڕمیی پەیڕەوکراوە لە لایەن عەرەب و تورک و فارسەوە، کە هیچیان ڕازی نین بەوەی کوردستان وەک ناوچەیەکی هەمیشە گەرم و پڕ لە شەڕ و ململانێ، ئاشتی بە خۆیەوە ببینێت. کێشەکەش بەڕاستی ئەوەیە کە هەریەک لەو نەتەوانە بە واتای قەڵغان، بە واتای دیوار، بە واتای بەربەست و سەنگەر و سنوور، نەک بە واتا کولتووری و ئایینی و سیاسی و شارستانییەکەی، وەک جاش و نۆکەری ئەجێنداکانی خۆیان، هەمیشە درۆی ئەوەیان کردووە کە کورد بەشێکە لە ئەوان، مەوالیی ئەوانە، کەنیزەک و بەندە و سەپان و داردەستی ئەوانە.

ئەو سێ نەتەوەیە، هەرسێکیان (کە ئەمە کێشەی ئەو نەتەوانە خۆیانە) گرنگترین شتێک کە پەنایان بۆ بردبێت بۆ ئەوەی ئەم ژێردەستەییە بەسەر ئێمەدا بسەپێنن و مانایەکی کولتووری و شارستانیی زەقی هەبێت، بە درێژایی مێژوو، ئایینی ئیسلام بووە. ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئەو بەهانەیەی کە عەرەب و تورک و فارس پەنای بۆ دەبەن لە پەیوەندیدا بە ئێمەی کوردەوە و لە پەیوەندیدا بە هێشتنەوەمان لەو هەلومەرجەدا، چ لە ڕووی تایفی و چ لە ڕووی سیاسییەوە، هەر ئیسلامە. بێگومان لێرەدا ئیسلام واتایەکی سیاسیی زۆر تایبەتی هەیە، ئیسلام بۆ عەرەب درێژەدانە بە پارێزگاریکردن لە میراتی شاڵاوەکانی عەرەب بۆ ئەم ناوچەیە و ئێمەی کورد موسڵمانین بە واتای ئەوەی کە هیی ئەوانین، بە واتای ئەوەی کە ئایینی ئاغاکانی خۆمان قبووڵ کردووە، بەتایبەت مەزهەبی سوننی. تورکیش وەک میراتی دەسەڵاتی عوسمانی و بەشێک لە دەستکەوتەکانی جەنگ و جیهادی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی سەیری کورد دەکات، ئێرانیش ئێمە بە دەستکەوتی ئیمپڕاتۆرییەتی سەفەوی دەزانێت، بەتایبەت کوردە شیعەکانمان.

دەبێت درۆ لەگەڵ خۆماندا نەکەین و ڕاستگۆ بین، لەوەی کە بەتایبەت واتای سیاسیی موسڵمانبوونی ئێمە بۆ عەرەب و تورک و فارس، جگە لەمە هیچی دیکە نییە و یادەوەریی سیاسیی ئەو نەتەوانە خاڵییە لە هەر بەها و مانایەکی دی لە پەیوەندیدا بە ئێمەوە وەک نەتەوەیەکی موسڵمان. لە هیچ کاتێکدا هیچ بڕیارێکی شەریعەتی ئیسلامی لە دیدی ئەوانەوە ئێمەی نەگرتووەتەوە، مەگەر ئەو بڕیارانەی کە پەیوەندیی بە بەندە و جارییە، سەرماڵ و نۆکەرانەوە هەیە و هەر چرکەساتێک بیرمان لە بوونی خۆمان کردبێتەوە، شەرعی ئەوان بۆ ئێمە شەرعی ئیسلام بووە بۆ بەندە یاخییەکان.

لێرەوە دەمەوێت بێمە سەر ئەوەی کە گرفتی ئێمە، وەک گرفتی بوون بە قووڵی و بە شێوەیەکی ڕیشەیی، هەر لە هەستکردنمانەوە بە بوونی خۆمان هەتا ئێستا، تەنها پەیوەست بووە بە پەیوەندیی ئێمە بە ئایین و مێژوو شارستانێتیی ئیسلامییەوە، پەیوەست بووە بە بوونمانەوە لەگەڵ یان لەناو یان لە پەراوێزی ئەو ئایین و شارستانێتیی و هەلومەرجە کولتووری و سیاسییەدا، کە بەدیی هێناوە.

گرنگیی ئیعتیزال لێرەدا و لە پەیوەندیدا بەم پرسەوە چییە؟

ئیعتیزال بزووتنەوە و هۆشیارییەکی کولتووریی مەزنی سەرماڵەکانە (مەوالییە)، بزووتنەوە و هۆشیاربوونەوەی ڕۆحێکی یان ڕۆحی ئەوی دییەکە (بە واتا کولتووری و سیاسی و تەنانەت ئەتنییەکەش). لەناو ئیسلامدا و هەر لە سەرەتاکانییەوە، ئەم بزووتنەوەیە بە هەوڵێک بۆ لەخۆگرتنی ئیسلام، چاکسازیکردن تێیدا، وەک هەوڵێک بۆ خۆبەدوورگرتن لە موسڵمانان و ئەوەی کە ئەوان دەیکەن، دەست پێ دەکات. سەرەتا ئیعتیزالە لە موسڵمانەکان و هەوڵێکە بۆ لەخۆگرتن و تێگەیشتن و بیرکردنەوە لە ئیسلام وەک خۆ، وەک عەقڵ، وەک دادپەروەری و چاکە یان وەک دەرکەوتەیەکی ئەو چەمکە ئایدیاڵانە. دواجار مێژووی درێژی ئەم بزووتنەوەیە و دوا ئاکامی بە ڕەخنەکردن و بە ئیعتیزالی ئیسلام خۆی، بەو واتایەی کە لە مێژوودا شکڵی گرتووە، کۆتایی پێ دێت و لێرەوەیە کە بۆ ئێمە بەتایبەت گرنگیی ئەم بزووتنەوەیە لە پەیوەندیدا بە خودهۆشیارییەوە، پەیوەندییەکی فرەڕەهەند و زێدە گرنگە، چ لەو ڕووەوە کە وەک گوتمان بزووتنەوەی مەوالییە، بزووتنەوەی ئەوی دیی ناو دونیای ئیسلامە، چ لەو ڕووەوە کە پڕۆژەیەکی هزری و ڕۆحی، پڕۆژەی هۆشیارییەکە لە مێژوودا و دەتوانین وەک فینۆمینۆلۆژیای ئیعتیزال، باس لە گوزەری فینۆمینۆلۆژیی ئەم هۆشیارییە بکەین، کە بە باڵەفڕبوون و ڕەهابوون کۆتایی دێت یان ئەمە دوا مەنزڵەگەیەتی.

گرنگیی ئەم چەمکە و ئەم بزووتنەوە و مێژوو کولتوورە بۆ ئێمە، لێرەوە دێت کە دەشێت ڕێنمایەک، شێوەی نەخشەڕێگەیەک بنوێنێت، ئامادەکردنی عەقڵی کوردی بێت لە ڕێگەی نموونەیەکەوە، بەخشینی کۆمەڵێک چەمک و تووڵ و تەکنیکی عەقڵی بێت، بۆ ئەوەی کە بتوانێت لە بیرکردنەوە و گینگڵەکانیدا سودی لێ ببینێت و هاوکاریی بکات. ئەمەش بەو مانایە نییە کە ئەوە دووبارە بکاتەوە، بگرە تێگەیشتنی ئێمەش لە ئیعتیزال تێگەیشتنێک نییە کە بە هیچ واتایەک ئەو ئاڕاستەیە بگرێت، واتا ڕیشەیی و کولتووری و شارستانییەکەی ئیعتیزال خۆی هیچ نییە جگە لە ئیعتیزال خۆی، بەرکەوتن و خوێندنەوەی قووڵ و ڕەخنە و ململانێی عەقڵیی و دواجار ڕەهاکردنی عەقڵ و مرۆڤ.

خوێنەری بەڕێز، ئەم پڕۆژەیە بەرهەمی کۆرسێکی ماڵی سوهرەوەردییە، کە من وەک قسەکەری یەکەم لەو کۆرسەدا و وەک ئەوەی کە وانەبێژی ئەو کۆرسە بووم، دەبێت ئەو ڕاستییە بدرکێنم کە ئەم کتێبە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە بەرهەمی ئەو کۆرسە و هەموو، یان ڕاستتر بڵێم هەندێک لە بەشداربووە سەرەکییەکانی ئەو کۆرسەیە، بەرهەمی هەموو گفتوگۆکان و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و گەڕانەوە بۆ سەرچاوەکان و بەرهەمی ڕەنجی هەموو ئەو بەڕێزانەیە، کە لەسەر ئەم پڕۆژەیە ناویان هاتووە و ڕەنگە من دواجار، دوای ئەوەی کە ئەوان توخم و کەرەستە ڕاستەقینەکانیان ئامادە کردووە و دوای ماندووبوونی زۆری ئەوان، شەرەفی ئەوەم پێ بڕابێت کە سەرپەرشتیی کۆی پڕۆسەکە بکەم و دواجار دایبڕێژمەوە.

ئومێدم وایە کە کارێکی سەرکەوتوو بێت و هەوڵی دیکەی لەم شێوەیە بەدوای خۆیدا بهێنێت، کە زۆر هاوشێوەی هەر کارێکی هەرەوەزی و دەستەجەمی و کارکردنە لە کارگەیەکدا پێکەوە و هەموان لە بەشداریی ڕاستەقینە تێیدا، بەهرەمەندن و خاوەندارێتیی لێ دەکەن.

ئیعتیزال (إعتزال) لە زمانی عەرەبیدا بە واتای دەستبەرداربوون، لێگەڕان، خۆدوورگرتن و دوورکەوتنەوە دێت، ناوی موعتەزیلە چ وەک واتایەکی زاراوەیی یان ئەوەی کە گوزارشت لە ڕەوتێک بکات، لە سەرچاوەکاندا بە چەندین شێوە بەکار هاتووە و پاساو بۆ بەکارهێنانەکانیش دۆزراوەتەوە:

شەهرستانی، خاوەنی الملل و النحل، باس لەوە دەکات کە ئەم نازناوە بە هۆی جیابوونەوەی واسڵی کوڕی عەتا و عەمری کوڕی عوبێد لە کۆڕێکی حەسەنی بەسڕی دروست بووە. بە ڕای ئەمان ئەنجامدەری تاوانی گەورە، نە ئیمانداری تەواو و نە بێباوەڕی تەواوە، بەڵکە لە پلەیەکدایە لە نێوان ئەو دوو پلەیەدا، جیابوونەوەکەش بە هۆی ئەو کێشەیەوە بووە. سەمعانییش لە کتێبی الانسابدا دەڵێت: ''ئیعتیزال جیابوونەوەیە، خۆجیاکردنەوەیە''. یەکەم گرووپی بەناوبانگ و ناسراو بەم بیروباوەڕە، تاقمەکەی باوکی عوسمان، عەمری کوڕی عوبێدن، کە لە دانیشتنەکەی حەسەنی بەسڕی جیا بووەوە، ئەو زۆر شتی داهێنا و شوێنکەوتوانی ئەون کە بە موعتەزیلە ناوزەند کراون.

بە ڕای هەندێک لە توێژەران، ئەم بۆچوونە لاوازە، چونکە جیاوازی لە گێڕانەوەکانیدا هەیە؛ هەندێک جیابوونەوەکە دەدەنە پاڵ عەمری کوڕی عوبێد و هەندێکی دی دەیدەنە پاڵ واسلی کوڕی عەتا، هەندێکی دیکەش دەیدەنە پاڵ حەسەنی بەسڕی و هەشن دەیدەنە پاڵ قەتادە، ئەمەش لاوازیی گێڕانەوەکە دەسەلمێنێت. ئیعتیزال ڕێباوەڕێکە بنەمای تایبەتی هەیە و تەنها جیابوونەوە نییە لە کۆڕێک، ئیعتیزال مانای هزریی هەیە نەک ئەوەی کە تەنها جووڵەیەکی جەستەیی بێت.

بەپێی ئەم بۆچوونە، ئەوان ناوزەند کراون بە موعتەزیلە، لەبەر ئەوەی کە ڕایەکی جیاوازیان هەبووە لە هەموو ڕا و ڕێباوەڕەکانی دیکە و کێشەکە تەنها پەیوەندیی بە ڕایەکیشەوە نییە دەربارەی ئەنجامدەری تاوانی گەورە، کە مورجیئەکان دەڵێن ئەو کەسە ئیماندارە، خەواریجەکان دەڵێن کافرە، حەسەنی بەسڕییش دەیگوت دووڕووە و ڕای ئەوانیش پێچەوانەی هەموو ئەو بۆچوونانەیە و ڕێگایەکی دیکە دەگرنەبەر. عەبدولقادر ئەلبەغدادی، لە کتێبەکەیدا (الفَرْقُ بین الفِرَقْ) بۆچوونێکی لە شێوەی ئەوە دەخاتە ڕوو، کە حەسەنی بەسڕی واسڵی لە دانیشتن و کۆڕەکەی خۆی دوور خستووەتەوە و ئەویش کەناری گرتووە و دواجار عەمری کوڕی عوبێدیش چووەتە ڕیزی ئەو. گوایە ئەمانە لە ڕێباوەڕی ئوممەت جیابوونەتەوە و شوێنکەوتوانیشیان بە موعتەزیلە ناوزەندکراون. ئەم بۆچوونە ئەوەندەی کە کێشەی لەگەڵ واتای ئیعتیزالدا هەیە، ئەوەندە کێشەی لەگەڵ ساتەوەختی سەرهەڵدانیدا نییە، بە ڕای ئەمان کێشەکە و ئەوەی کە موعتەزیلە دایان هێناوە گەورەترە لەوەی کە تەنها پەیوەندیی بە ئەنجامدەری تاوانی گەورەوە هەبێت.

مەسعوودی لە مروج الذهبدا دەڵێت: ''بۆچوونی دروست ئەوەیە کە موعتەزیلە بۆیە ئەم ناوەیان لە خۆیان ناوە، چونکە ئەمان بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە دەبێت خۆمان بەدوور بگرین لە بکەری تاوانی گەورە. ئەمانە ئەو کەسانەن کە لە بکەری تاوانی گەورە خۆیان بەدوورگرتووە و ویستوویانە کە ئەم جۆرە کەسانە گۆشەگیر بکرێن.'' بەپێی ڕای پێشوو، ئیعتیزال وەسفی ئەو دەستە و تاقمە خۆیانە، لەبەر ئەوەی کە بۆچوونی جیاوازیان داهێناوە، بەڵام بەپێی ئەم ڕایە بێت، ئەوە ئەم دەستەیەن کە بکەری گوناهی گەورەیان دوور خستووەتەوە و جیایان کردووەتەوە یان خۆیانیان بەدوور گرتووە لێیان.

ئەم بۆچوونانە بەگشتی جەخت لەسەر واتا هزری و کەلامییەکەی ئیعتیزال دەکەنەوە، چ وەک ئەوەی کە خۆجیاکردنەوە بێت لە ڕای خەواریج و حەسەنی بەسڕی و خستنەڕووی بۆچوونێکی دیکە بێت، چ وەک ئەوەی کە خۆجیاکردنەوە بێت لە بکەری گوناهی گەورە، چ وەک ئەوەی کە وەک بەغدادی دەڵێت، خۆجیاکردنەوە بێت لە کۆدەنگیی و گرتنی ڕێگەیەکی دیکە بێت لە بیرکردنەوەدا لە هەموو پرس و کێشەکان.

هەندێکی دیکە پێیان وایە هۆکاری ناونانی موعتەزیلە سیاسییە، ئەو ناوە لەو کەسانە نراوە کە خۆیان لە عەلی و دژەکانی بەدوور گرتووە و جیا کردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کە بەیعەتیان دابوویە و پێی ڕازی بوون، لەوانەش سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس و عەبدولڵای کوڕی عومەری کوڕی خەتاب و محەمەدی کوڕی مەسلەمەی ئەنساڕی و ئوسامەی کوڕی زەید. ئەوان گوتیان دروست نییە جەنگ دژی عەلی یان هاوشانی ئەو بکرێت، ئەوکات ناونران بە موعتەزیلە و بە پێشینەکانی موعتەزیلە ناسراون. لە کتێبی التنبیە و الرددا هاتووە کە: ''کۆمەڵێک لە هاوەڵانی عەلی ناوی موعتەزیلەیان لە خۆیان ناوە، ئەمەش کاتێک بوو کە حەسەنی کوڕی عەلی بەیعەتی بە معاویە دا و کاروبارەکانی پێ سپارد. ئەوانەی لە حەسەن و معاویە جیا بوونەوە و ئەوانەش کە شوێنکەوتەی جیابووەوەکان بوون لە ماڵەکانیاندا مانەوە و گوتیان ئێمە سەرقاڵی زانست و پەرستش دەبین و لێرەوە بە موعتەزیلە ناسران. موعتەزیلەکانی سەرەتا بریتی بوون لەوانەی لەو کێشانە خۆیان بەدوور گرت و زاهیدانە لە خەڵکی جیا بوونەوە''. هەروەها وا باس دەکرێت کە ناوی ئیعتیزال بۆ یەکەم جار لە ئەحنەفی کوڕی قەیس نراوە، کە گوتوویەتی: ''دوور بکەونەوە لە فیتنە باشترە بۆتان.'' ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە خۆی و شوێنکەوتوانی بە موعتەزیلە بناسرێن. بەپێی ئەم بۆچوونە بێت، خۆجیاکردنەوە و کەنارگرتنەکە لە ناو لایەنگرانی عەلیدا بووە، ئیدی لە سەردەمی عەلی خۆیدا بێت و لە عەلی خۆی جیا بووبنەوە وەک ئەوەی کە لە سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس و عەبدولڵای کوڕی عومەری کوڕی خەتاب و محەمەدی کوڕی موسلەمەی ئەنساڕی و ئوسامەی کوڕی زەیدی دەگێڕنەوە، یان جیابوونەوەکە لە حەسەنی کوڕی عەلی و بە هۆی ڕێککەوتنیەوە بێت لەگەڵ مەعاوییە، کە واتای سیاسیی ئەم هەڵوێستە ئەو کاتە تەواو جیاوازە و ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمان بەو ڕێککەوتنە قاییل نەبوون. هەر لێرەشەوە دەتوانین لەو تۆمەتە تێبگەین کە گوایە موعتەزیلە ئەوانەن کە لە کۆدەنگیی موسڵمانان و جەماعە لایان داوە، چونکە ئەو ڕێککەوتن و ساڵە، بە ساڵی ڕێککەوتن و کۆدەنگیی موسڵمانان ناوزەند کراوە، کە واتای سیاسیی ئەمە ڕازینەبوونە بە ڕێککەوتنەکەی حەسەن لەگەڵ مەعاوییەدا.

بەڵام دکتۆر نیریجی ڕۆژهەڵاتناس، لەگەڵ هۆی ئەم ناوەدا ناکۆکە و بە شتێکی نەگونجاوی دەبینێت. ناوهێنانی ئەم قوتابخانەیە بە ''إعتزال'' بە هۆی بانگکردنیانەوە نییە بە موعتەزیلە، مەبەست لەوەیە کە بانگکردنیان پەیوەندیی بە خودی وشەکەوە نییە، واتە ئەوەی کە پێیان دەگوترێت ''موعتەزیلە''، بە هۆی ڕەگ و واتا زمانەوانییەکانی وشەی ئیعتیزالەوە نییە، گەر وا بوایە دەبوو ئەو ناوە لە ئەوان نەنرایە. یان کە دەگوترێت مورجیئە یان ڕافیزە بە هۆی واتای زمانەوانیی ئەو وشانەوە نییە، واتە نیریج لەگەڵ لێکدانەوە فیلۆلۆژییەکاندا کێشەی هەیە. ئەو بۆ ئەم قسانەی پشت بە مەسعوودی دەبەستێت، کە دەڵێت: ؛؛وشەی ئیعتیزال، کە چەمکی مەزهەبی موعتەزیلەیە، ئاماژەیە بۆ بیرۆکەی 'پلەیەک لە نێوان هەردوو پلەکەدا'. واتە ئیعتیزال خاوەنی بۆچونی خۆیەتی لەبارەی ئەنجامدەری تاوانی گەورەوە، بۆیە ئەم ناوەیان لێ نراوە.''.

ئەحمەد ئەمینیش باوەڕی وایە لەناو جوولەکەکاندا گرووپێک هەن بە ناوی فەریسییەکان (Pharisses)، کە ئەم وشەیە بە مانای موعتەزیلەکان دێت، لە القاموس الجدیدیشدا ئەوە چەسپاوە، کە لە زمانی ئینگلیزیدا بەرانبەر بە ئەو زاراوەیە، وشەی ''Separated'' هاتووە، کە هەمان واتای جیابوونەوە و ئیعتیزال دەگەیەنێت. بەتایبەت کە ئەم گرووپەش باوەڕیان وا بووە کە هەموو کردەوەکان بۆ خودا ناگەڕێتەوە و ئەو بەدیی ناهێنێت، موعتەزیلەش هەر وا دەڵێن. ئەم دوو گرووپە (لە جویزم و ئیسلامدا) ڕوانینیان بۆ قەدەر و ئازادیی مرۆڤ وەک یەکە.

موعتەزیلە خۆشیان بۆ ئەم ناوە و قبووڵکردنی، پاساوی تایبەتی خۆیان هەیە؛ بە بڕوای ئەمان، ئەگەرچی ئەم ناوە ناونیشانە هەرە پەسەندەکە نییە، بەڵام ئەوان موعتەزیلەن لەبەر ئەوەی کە وەک ئیبن مورتەزای زەیدی یەمەنی دەڵێت: ''نەک جیا بوونەتەوە لە ئوممەت و شتێکیان داهێناوە، بەڵکو کاریان بۆ کۆکردنەوەی ئوممەتی ئیسلام کردووە و لە بیدعە و ناکۆکییەکان خۆیان بەدوور گرتووە. ئەوان فەزڵی ئەوەیان هەیە کە وەک لە قورئاندا هاتووە: (ۆاصْبِرْ عَڵی مَا ێقُولُونَ ۆاهْجُرْهُمْ هَجْراً جَمِیلا) 73: 10. ئەمەش هەر بە ئیعتیزال دەکرێت. هەروەها وەک دەڵێن: 'من أعتزل الشرَّ سقط فی الخیر/ئەوەی کە خۆی لە خراپە ببوێرێت، توشی چاکە دەبێت. سوفیانی سەورییش لە ئیبن زوبەیر و لە جابری کوڕی عەبدولڵا و ئەویش لە پێغەمبەرەوە (د.خ) دەگێڕێتەوە، کە: ''ئوممەتەکەم دەبن بە حەفتاوئەوەندە دەستە و چاکترین و لەخواترس و پەرهێزکارترینیان دەستەی موعتەزیلەکانن (ئەوانەی کە خۆیان بەدوور گرتووە).'' پاشان سوفیان بە هاوڕێکانی دەڵێت: ''ئەو نازناوە جیابونەوەیە لە زوڵم و ستەم.'' ئەوانیش دەڵێن: ''عەمری کوڕی عوبێد و هاوەڵەکانی ئەو ناوەیان بردووە بۆ خۆیان. سوفیان لەدوای ئەوەوە ئیدی کە ئەو فەرموودەیەی دەگێڕایەوە، لەبری وشەی ''موعتەزیلە''، وشەی ''الناجیە''ی بەکار دەهێنا. بەم جۆرە ناوی موعتەزیلە لە لایەن نەیارانەوە بە واتایەک و لە لایەن موعتەزیلە خۆیانەوە بە واتایەکی دی و بە گەڕانەوە بۆ هەندێک بەهای واتایی و ڕیشە و بەڵگەی دی لە قورئان و لە گێڕانەوەکاندا، بەکار دێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم ناوە دواجار)ئەگەرچی بە دوو واتای جیاواز)، بەڵام ببێتە شوێن پەسەندیی موعتەزیلەو نەیارەکانیشیان و بڵاو ببێتەوە. لای نەیارانیان ئاماژە بێت بۆ سەرزەنشت، بەتایبەت ئەوەی کە بەغدادی ئاماژەی پێ دەدات، لای خۆشیانەوە ئاماژە بێت بە ستاییش وەک ئەوەی کە لای ئیبن مورتەزا دەیبینین.

بەو پێیەی کە باس کرا، لەبارەی چەمکی ئیعتیزال و سەرەتای سەرهەڵدان و واتاکانیەوە، ئێمە لە نێوان سێ بۆچوونداین: بۆچوونێک کە ئیعتیزال بۆ لایەنی سیاسی دەگێڕنەوە و مێژوویەکی لە پێشتری بۆ دیاری دەکەن، کە بۆ سەردەمی حەزرەتی عەلی یان حەسەنی کوڕی دەگەڕێتەوە، بۆچوونێک کە دەیبەستێتەوە بە جیابوونەوەی واسڵی کوڕی عەتاوە لە حەسەنی بەسڕی و زیاتر مۆرکێکی کەلامی یان هزریی پێ دەبەخشێت.

ئەم دوو بۆچوونە هەردووکیان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەم چەمکە و ئەو کەسانەش کە بە موعتەزیلە ناسراون، هەڵقولاوی ناو کێشە سیاسی و کولتوورییەکانی کۆمەڵگەی ئیسلامین و وشەی ئیعتیزال چ بە بارگە واتاییە نێگەتیڤەکەی، جیابوونەوە لە ئوممەت و ئیجماعی موسڵمانان، چ بە واتا پۆزەتیڤەکەی، جیابوونەوە لە فیتنە و دووبەرەکی و لە ئەو کەسەی کە خراپەی گەورە دەکات، یان وەک هەوڵێک بۆ کۆکردنەوەی ئوممەتی ئیسلام و درکاندنی بیروڕایەک کە میانگیرانە بێت، وشەیەکی ڕەسەنی ناو کولتوور و زمانی عەرەبی و ئیسلامی خۆیەتی و پەیوەندی واتایی-زمانەوانیی هەیە لە نێوان ئەم دەستەیە و ئەو ناونیشانەدا و لێکدانەوە زمانەوانی و واتاییەکان شتێکی پاساودراون و لە خۆوە نەهاتوون.

جیاواز لەم دوو بۆچوونە، بۆچوونەکەی دیکە دەیەوێت ڕیشەی ئەم بزووتنەوە و دەستەیە لە ناو ڕەوتێکی ئایینیی جوولەکەدا بدۆزێتەوە، بە پاساوی ئەوەی کە لە پەیوەندیدا بە پرسی ئازادیی مرۆڤ و بەدیهێنان و بەرپرسیارێتیی مرۆڤەوە لە کردەوەکانی خۆی، بۆچوونی ئەمانیش هاوشێوەی بۆچوونی فەریسییەکانە و ئەو ڕەوتەی ناو ئایینی جوولەکەش ناوەکەیان هەمان واتای ناوی موعتەزیلەی هەیە.

ئەم بۆچوونانە کامیان دروستە؟ ئایا دەکرێت یان دەشێت کۆ بکرێنەوە؟ ئایا دەشێت کێشەی ئەنجامدەری تاوانی گەورە (مرتکب الکبیرة) هەر بە ڕواڵەت بابەت یان کێشەیەکی کەلامی و لاهووتی بێت و لە قووڵاییەکانیدا پاڵنەری سیاسی جووڵاندبێتی؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە لەو بارەوە دێنە پێش و دەبێت تیشکیان بخەینە سەر.

خەواریجەکان دەڵێن ئەو کەسەی کە تاوانی گەورە ئەنجام بدات، کافرە. کافرە، واتە نابێت لەگەڵ موسڵماندا نان بخوات و هاوسەرگیری بکات، لە کاروبارە دنیاییەکانیشدا لەسەر موسڵمان و ئوممەتی ئیسلام هەژمار ناکرێت، بەم پێیە چ ئەمەوییەکان و چ ئیمامی عەلی و شوێنکەوتوانی، لەبەر ئەوەی تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە، کافرن. چ جای قسە لەسەر مافی خەلافەت و بەرێوەبردنی وڵاتی موسڵمانان لە لایەن ئەوانەوە بکرێت.

بەڵام مورجیئە بۆچوونی پێچەوانەیان هەیە، چونکە پێیان وایە ئەنجامدەرانی تاوانی گەورە ئیماندارن، لەبەر ئەوەی ئیمان شتێکە لە دڵدایە و بە دەمیش دانی پێدا دەنرێت. واتە ئەرکە ئایینییەکان بەشێک نین لە ئیمان و مرۆڤ بە کردەوەی خراپ با زۆر خراپیش بێت، لە چوارچێوەی ئیمان دەرناچێت. ئەمەش بۆچوونێکی سیاسیی لەپشتە، چونکە کردوەکانی مرۆڤ لای مورجیئە پەیوەندیی بە ئیمانەوە نییە. بەمانایەکی دیکە، عوسمان و محەمەدی کوڕی ئەبوبەکر و علی و عائیشە و تەڵحە و زوبەیر و ئەمەوییەکان، کە هەر هەموویان لەگەڵ یەکدا بەشەڕ هاتبوون و یەکدییان دەکوشت، ئیماندارن و لە ڕووی ئایینییەوە کێشەیان نییە. ئەمە بە واتایەکی دی بێدەنگبوونە لە بەرانبەر خراپەکارییەکانی هاوەڵان و خەلیفەکان. واتە مورجیئە باوەڕ و کردەوە لە یەک جیا دەکەنەوە، بەڵام لە دیدی موعتەزیلەوە، ئەوانە نە باوەڕدارن و نە کافر، ئەوانە دەبێت بڕیاری جیاواز لەبارەیانەوە بدرێت، واتە مورجیئە و خەواریجەکانیش، یان ئەو هاوەڵانەی پێغەمبەر کە شەڕیان کردووە، هەروەها هەردوو کەسێکی موسڵمان کە دەستیان بچێتە خوێنی یەکدی، ئەمانە نە کافرن و نە باوەڕدار، فاسقن، لە پلەیەکدان لە نێوان هەردوو پلەی کوفر و ئیماندا.

هەر لەم بارەوە، دەگێڕنەوە کەسێک هاتووەتە لای حەسەنی بەسڕی و لێی پرسیوە: ''ئەی پێشەوای ئایین، کۆمەڵێک هەن کوفر دەدەنە پاڵ ئەوانەی تاوانی گەورە ئەنجام دەدەن و بە کافریان دەزانن، ئەوانیش خەواریجەکانن، کۆمەڵێکی دیکەش باوەڕیان وایە ئەوانەی کە تاوانی گەورە ئەنجام دەدەن ئیماندارن، ئەوانیش مورجیئەن، کە حوکمدان بەسەر تاوانی گەورەدا دوادەخەن. ئێوە لەم مەسەلەیەدا چۆن داوەری دەکەن؟'' پێش وەڵامدانەوەی، حەسەنی بەسڕی واسڵی کوڕی عەتا دەڵێت: ''من ناڵێم کە ئەنجامدەری تاوانی گەورە ئیماندارە یان کافرە، بەڵکە ئەو لە پلەیەک لە نێوان ئەو دوو پلەیەدایە، نە ئیماندارە و نە کافرە.'' پاش ئەوە واسڵ دوور دەکەوێتەوە بۆ بن پایەیەک لە پایەکانی مزگەوتەکە. حەسەنی بەسڕییش دەڵێت: ''واسڵ خۆی لە ئێمە جیا کردەوە، لێرەوە واسڵ و هاوڕێکانی بە موعتەزیلە دەناسرێن. بەڵام وشەی موعتەزیلە و ئیعتیزال بەر لەم ڕووداوەی کە دەدرێتە پاڵ واسڵ، دەرکەوتووە. بە واتایەکی سیاسی، بە ئەو کەسانە گوتراوە کە لە شەڕی نێوان عەلی و نەیارانیدا کەنار دەگرن. قەیسی کوڕی سەعدی کوڕی عیبادە، سەرکاری میسڕ دەنێرێت بۆ لای عەلیی کوڕی ئەبوتاڵیب و پێی دەڵێت کە کەسانێک هەن لەم شەڕە کەناریان گرتووە و داوای ئەوە دەکەن کە لێیان گەڕێم تا بە بارێکدا دەکەوێت و کاری خەڵک دێتە ڕاسا. وەک ئاماژەشمان پێ دا، بەغدادی لە کتێبی الفرق بین الفرقدا دەڵێت: ''ئەم ناولێنانە بە هۆی ئەوەوە بووە کە ئەوان بەو بۆچوونەیان کە موسڵمانی فاسق نە ئیماندارە و نە کافر، لە گشت موسڵمانان جیا بوونەتەوە. شەهرستانییش هەر ئەم بۆچوونە دەڕاستێنێت و پرسەکە بە مەجلیس و مزگەوتەکەی حەسەنی بەسڕی و واسڵ و عەمرەوە دەبەسێتەوە، وەک ئەوەی کە ئەوان لە مەجلیسەکەی حەسەنی بەسڕی جیا بووبنەوە و ئەو یان کەسێکی دی (قەتادەی کوڕی دەعامەی سەدووسی) ئەم ناوەی لێ نابن.

گەر بە وردی لە واتای وشەی موعتەزیلە بڕوانین، هاوبەشییەکی زۆر لە نێوان واتاکانی ئەم وشەیە و هەڵبژاردنی ڕێگەیەکی دیکەدا هەیە، ئەو ڕێگەیەی ئەم گرووپە گرتیە بەر جیاواز بوو لەو ڕێگەیەی کە کەسانی دیکە گرتبوویانە بەر، چونکە میتۆدێکی جیاوازیان هەبوو.

جگە لە ناوی موعتەزیلە، نەیارانی موعتەزیلە چەند ناوێکیان بەسەر موعتەزیلەییەکاندا دابڕیوە، ئەویش بەپێی ئەو بابەتەی کە تیایدا ناکۆکن. تایبەتمەندییەکانی ئەوانەی کە تایبەتمەندییە گوزارەییەکانی خودا دەسەلمێنن، لەبەر ئەوەی کە ئەمان نکۆڵی لە تایبەتمەندییەکانی خودا دەکەن، بە موعتەزیلە دەڵێن موعەتیلە. ئەوانەش کە جەبرین، لەبەر ئەوەی کە ئەمان باوەڕیان بە ئازادیی مرۆڤ هەیە و وەک ئیبن ئەسیر دەڵێت: ''نکۆڵی لە قەزاوقەدەری خودا دەکەن.'' یان بەغدادی گوتەنی، لەبەر ئەوەی کە دەڵێن مرۆڤەکان خۆیان بەش و چارەنووسی خۆیان دەڕسکێنن، پێیان دەڵێن قەدەری. مورجیئەش کە حوکمدان بەسەر ئەنجامدەری تاوانی گەورەدا دوادەخەن، لەبەر ئەوەی موعتەزیلە باوەڕیان بە ڕاستگۆیی خودا هەیە لە بەجێهێنانی پەیمان و هەڕەشەکانیدا پێیان دەڵێن وەعیدی. ئەگەرچی هەندێک کەس ڕایان وایە کە ناوزەندکردنی موعتەزیلە بە وەعیدی لە قسەی موعتەزیلەوە دەربارەی پاداشت و سزا هاتووەتە کایەوە، کە یەکێک لە بنەماکانی ئیعتیزالە و ماناکەی ئەوەیە کە خودا ڕاستگۆیە لە بەڵێن و پەیمانەکانیدا دەربارەی پاداشت و سزا و لە ڕۆژی دواییدا لە هیچ کەس خۆش نابێت، گەر تۆبە و پەشیمانبوونەوەی نەبێت و ئەم ناوە پەیوەندیی بە پرەنسیپی وەعد و وەعید (الوعد والوعید)ەوە هەیە. هەروەها هەندێک جار وەک بەشێک لە شیعە و خەواریج و جەهمی سەیریان کراوە، تەنانەت ناوزەند کراون بە مەجووسی و سوننەوییش، هەندێکیش وەک ئاماژەمان پێ دا، باس لە پەیوەندیی موعتەزیلە و جوولەکە فەریسییەکان دەکەن.

موعتەزیلەکان خۆیان بە ئەهلی حەق و ''گروپی ڕزگاربوو/الفرقة الناجیة'' دەزانن. مەنسووری خەلیفە بە عەمری کوڕی عوبێد دەڵێت: ''بە هاوەڵەکانت پشتگیریم بکە.'' عەمری کوڕی عوبەید لە وەڵامدا بە خەلیفە دەڵێت: ''ئاڵای ڕاستی هەڵبکە، یارانی ڕاستی شوێنت دەکەون''.

کتێبی الأنتصاری خەیات، کە باشترین کتێبێکە لە موعتەزیلەکان بەجێ مابێت و باسی بۆچون و گەورەپیاوانی ئەم قوتابخانەیە دەکات، لەبارەی ئەو قوتابخانەیە و براکانیەوە، جگە لەو دوو ناوە، هیچ ناوێکی دیکە بەکار ناهێنێت.

موعتەزیلە تەنیاوتەنیا پەیوەستن بە گەشەکردنی هزر و بیر و شارستانێتیی ئیسلامییەوە. گەشەکردنی هزر و دونیابینیی مرۆڤی ئیماندار و شکاندنی ئەو چوارچێوە کولتوورییەی کە دونیای ئیسلامی لە چێوەی سادەگۆییدا قەتیس کردبوو، دەستکەوتی ڕاستەقینەی ئەوانە. بیرکردنەوە و نووسین لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە کولتوورییە باوەی دونیای ئیسلام و خاوەندارێتی لە کولتووری باڵا و عەقڵانیی ناو ئەم شارستانییە، مۆرکی جیاکەرەوەیانە، دەرکەوتنیان لە سەدەی سێیەمی کۆچیدا، لوتکەی شارستانێتیی ئیسلامی و شکستیان خاڵی سەرەولێژبوونەوە و هەرەسی ئەو شارستانێتی و کولتوورەیە.

هەموو کێشەکانی دونیای ئیسلام، هەتا ئێستاش، بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندییان بە چارەنووسی ئەم بزووتنەوە کولتوورییە ڕەسەنەوە هەیە لە دونیای ئیسلامدا. هەموو ئەوەی کە ئێستا مۆرک و ناونیشانی ئیسلامی بەسەرەوەیە، دەکرا بە شێوەیەکی دی، دەشیا پێچەوانە یان جیاواز لەوەی ئێستاکە بوایە. مەبەست ئەوەیە کە بەبێ شکستی مێژوویی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی موعتەزیلە، زۆر ئەستەم بوو کە ئیسلام ئەوە بێت کە ئێستا هەیە. چارەنووسی ئیسلام تەنیاوتەنیا پەیوەستە بە چارەنووسی ئەم بزووتنەوەیەوە لە ڕابردوودا و ئێستاش ئیعتیزال بە واتا کولتوورییە ڕەسەنەکەی، بە واتای بەگرفتکردن و خستنەژێرپرسیار و دابڕان لە کولتوور و دونیابینیی قەتیسخواردووی فیقهی و لاهووتی، ئێستاش ئیعتیزال بە واتای قسەکردن و بێدەنگنەبوون لە بەرانبەر سەلەفییەت و بێڕیزیکردندا بە عەقڵ، ئەو ڕێگەیەی دیکەیە کە لە هەناوی ئیسلام خۆیدا وەک ئەگەرێک شایانی بیرلێکردنەوە و ئاوڕلێدانەوەیە و بە شێوەیەک لە شێوەکان، ئەم گەڕانەوەیەش بۆ قسەکردن لە ئیعتیزال، گرنگیی خۆی لەم چوارچێوەیەدا دەبینێتەوە.
ئەڤ بابەت ب زمانا (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 3,930 جار هاتیە دیتن
هاشتاگ
ژێدەر
بابەتێن پەیوەستکری: 3
زمانێ بابەتی: کوردیی ناوەڕاست
باژێر و باژارۆک: سلێمانی
جوڕێ دۆکومێنتێ: زمانی یەکەم
زمان - شێوەزار: ک. باشوور
وەڵات - هەرێم: باشوورێ کوردستانێ
کاتەگۆریا ناڤەڕۆکێ: رانانی پەڕتووک
کاتەگۆریا ناڤەڕۆکێ: ئایین و ئاتەیزم
تایبەتمەندی یێن تەکنیکی
کوالیتیا ڤی بابەتی: 92%
92%
ئەڤ بابەتە ژ لایێ: ( زریان سەرچناری ) ل: 23-08-2018 هاتیە تومارکرن
ئەڤ بابەتە ژ ئالێ: ( هاوڕێ باخەوان ) ل : 23-08-2018 پێداچوون ژبوو هاتییە کرن و ڕەها بوویە
ئەڤ بابەتە بو دویماهیک جار ژ لایێ: ( هاوڕێ باخەوان )ڤە: 23-08-2018 هاتیە ڕاست ڤەکرن
ناڤ و نیشانێن بابەتی
ئەڤ بابەتە 3,930 جار هاتیە دیتن
فایلێن پەیوەست کری - ڤێرشن
جور ڤێرشن ناڤێ تومارکەری
فایلا وێنەیی 1.0.139 KB 23-08-2018 زریان سەرچناریز.س.
کوردیپیدیا بەرفرەهترین ژێدەرێ زانیاریێن کوردییە!
کەسایەتی
عەبدوڵا ساڵح ئاکرەیی
پەڕتووکخانە
بێهۆدەییا جانی
کەسایەتی
عەیشان مجۆ بەرکات جۆمەر
وێنە و پێناس
لالش ل ساڵا 1976
کەسایەتی
فایزا دربۆ حسێن
کەسایەتی
بلند محەمەد
کەسایەتی
عەیشان هەسن دەروێش حەمۆ
پەڕتووکخانە
رەوشنبیرییا کوردی د ناڤبەرا شیانێن تاکی و رێکخستنا جڤاکێ دا
شوینوار و جهێن کەڤنار
پرا دەلال
کەسایەتی
سەرهات ناریمان خەمۆ
پەڕتووکخانە
پیڤەرێن رێکخستنەڤەیا جاڤاکا هەرێما کوردستانێ
وێنە و پێناس
نەورۆزا ساڵا 1972
کەسایەتی
خەیری ئادەم
کەسایەتی
عیسا هادی شکور فارس
کورتەباس
تۆسنێ رەشید دەنگکی هەلبەستڤانێ گەش ژ کوردێن سۆڤێتێ
کەسایەتی
فادیا فێسەڵ ڕەڤۆ حسێن
کەسایەتی
سەبریا هەکاری
کورتەباس
گەنجینەکا زێڕین
پەڕتووکخانە
ژانێن خەریبییێ
شوینوار و جهێن کەڤنار
کەلها سارتکە
پەڕتووکخانە
گەهنۆم ڤارێبوون ژ بهایان
شوینوار و جهێن کەڤنار
شکەفتا گوندێ گوندکی ل ئاکرێ
کورتەباس
مەردینی ب دلی یە نە ب مالێ یە
کورتەباس
نەڤسیا ژنبابی
کورتەباس
ئوسمان سەبری چیڤانوکا خێر و شەڕان د باهوو زێدا
وێنە و پێناس
زەلامێن کورد ل دەمێ یاریا تاولێ ل باژێڕۆکێ کۆیە، ساڵا 1963
وێنە و پێناس
کۆمەڵەکا دانعەمرێن ئێزدی ل لالش، ساڵا 1976
وێنە و پێناس
مستەفا بارزانی ل دەمێ پێشکێشکرنا گۆتارەکێ ل کۆیە، ساڵا 1963
شوینوار و جهێن کەڤنار
کەلها کوردا

روژەڤ
جهـ
تل قەسەب
01-02-2024
ڤەژەن کشتۆ
تل قەسەب
کەسایەتی
سەبریا هەکاری
21-02-2024
زریان سەرچناری
سەبریا هەکاری
کەسایەتی
ئەڤریم ئالاتاش
14-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
ئەڤریم ئالاتاش
کەسایەتی
خالد بەگێ جبری
14-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
خالد بەگێ جبری
جهـ
ڕەمبوسی
24-04-2024
ڤەژەن کشتۆ
ڕەمبوسی
بابەتێ نوی
پەڕتووکخانە
ژانێن خەریبییێ
01-05-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
کەسایەتی
دانا جەلال
30-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
پەڕتووکخانە
رەوشنبیرییا کوردی د ناڤبەرا شیانێن تاکی و رێکخستنا جڤاکێ دا
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
پیڤەرێن رێکخستنەڤەیا جاڤاکا هەرێما کوردستانێ
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
گەهنۆم ڤارێبوون ژ بهایان
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
بێهۆدەییا جانی
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
گۆگەمێلا، چەپا کەنیزەکێن پایتۆنان
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
کەسایەتی
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
25-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
کەسایەتی
فەیروز ئازاد
25-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
جهـ
ڕەمبوسی
24-04-2024
ڤەژەن کشتۆ
ئامار
بابەت 518,861
وێنە 106,157
پەرتوک PDF 19,347
فایلێن پەیوەندیدار 97,367
ڤیدیۆ 1,398
کوردیپیدیا بەرفرەهترین ژێدەرێ زانیاریێن کوردییە!
کەسایەتی
عەبدوڵا ساڵح ئاکرەیی
پەڕتووکخانە
بێهۆدەییا جانی
کەسایەتی
عەیشان مجۆ بەرکات جۆمەر
وێنە و پێناس
لالش ل ساڵا 1976
کەسایەتی
فایزا دربۆ حسێن
کەسایەتی
بلند محەمەد
کەسایەتی
عەیشان هەسن دەروێش حەمۆ
پەڕتووکخانە
رەوشنبیرییا کوردی د ناڤبەرا شیانێن تاکی و رێکخستنا جڤاکێ دا
شوینوار و جهێن کەڤنار
پرا دەلال
کەسایەتی
سەرهات ناریمان خەمۆ
پەڕتووکخانە
پیڤەرێن رێکخستنەڤەیا جاڤاکا هەرێما کوردستانێ
وێنە و پێناس
نەورۆزا ساڵا 1972
کەسایەتی
خەیری ئادەم
کەسایەتی
عیسا هادی شکور فارس
کورتەباس
تۆسنێ رەشید دەنگکی هەلبەستڤانێ گەش ژ کوردێن سۆڤێتێ
کەسایەتی
فادیا فێسەڵ ڕەڤۆ حسێن
کەسایەتی
سەبریا هەکاری
کورتەباس
گەنجینەکا زێڕین
پەڕتووکخانە
ژانێن خەریبییێ
شوینوار و جهێن کەڤنار
کەلها سارتکە
پەڕتووکخانە
گەهنۆم ڤارێبوون ژ بهایان
شوینوار و جهێن کەڤنار
شکەفتا گوندێ گوندکی ل ئاکرێ
کورتەباس
مەردینی ب دلی یە نە ب مالێ یە
کورتەباس
نەڤسیا ژنبابی
کورتەباس
ئوسمان سەبری چیڤانوکا خێر و شەڕان د باهوو زێدا
وێنە و پێناس
زەلامێن کورد ل دەمێ یاریا تاولێ ل باژێڕۆکێ کۆیە، ساڵا 1963
وێنە و پێناس
کۆمەڵەکا دانعەمرێن ئێزدی ل لالش، ساڵا 1976
وێنە و پێناس
مستەفا بارزانی ل دەمێ پێشکێشکرنا گۆتارەکێ ل کۆیە، ساڵا 1963
شوینوار و جهێن کەڤنار
کەلها کوردا

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.58
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| دروستکرنا لاپەری 0.797 چرکە!