نووسینی: م. #زانا مەجید سادق# و م. #جەمیل عەبدولکەریم عەبدوڵڵا#
زانکۆی کۆیە-زانکۆی سەڵاحەدین
ساڵی چاپ: 2015
لەم ڕۆژگارەدا توێژەران و ئابووریناسان وای بۆ دەچن کە چالاکییەکانی بەبازاڕخستن (التسویق) کە ڕێکخراوەکان دەیگرنەبەر برییتییە لە یەک لەسەر سێی گشت ئەو پڕۆسە و چالاکییە بازرگانی و نابازرگانیانەی کە ئەو ڕێکخراوانە هەڵدەستن بە ڕاپەراندنی. بۆیە ئێستا بەبازاڕخستن (التسویق) بووەتە کارێکی بە قازانج تەواو بوو وە لە گشت ئەو ڕێکخراوانەی کە هەڵدەستن بە ئەنجامدانی کاروبارێکی بازرگانی. دەتوانین پێناسەی بەبازاڕخستن بکەین کە بریتییە لە “کۆمەڵە چالاکییەکی پێویست بۆ ئاڕاستەکردنێکی دەرەکی کەلوپەل و خزمەتگوزاری لەبەرهەم هێنەر (ڕێکخراو و کۆمپانیا) بۆ بەردەستی بەکاربەران و بەکارهێنەران”. یان بریتییە لە “سیستمێکی داڕێژراوی تەواو بۆ جموجووڵەکانی ڕێکخراو کە ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە: پیلان دانان بۆ بەرهەمهێنان، نرخ دانان، پێداهەڵدان، دابەش کردنی کاڵاکان و خزمەتگوزاریەکان بۆ تێرکردنی پێویستییەکان و ئارەزووەکانی بەکارهێنەران ئەوانەی ئێستا و ئەوانەی لە داهاتووشدا”.
وە بەڕێوەبردنی بەبازاڕخستن (ادارە التسویق) بە یەکێک لە وەزیفەکانی ڕێکخراو هەژماردەکرێت کە قوتابییان و خوێندکاران لە بەشەکانی کارگێڕی و ئابووری دەیخوێنن و ئاشنایەتی پەیدا دەکەن لەگەڵ ئەم بابەتە، ئەم بابەتە وەکوو بابەتێکی سەرەکی دەخوێندرێ لە زۆربەی هەرە زۆری کۆلێژەکانی کارگێڕی و ئابووری وە بووەتە جێگای گرنگی زۆربەی ئەو کەسانەی کە خولیای خوێندنی ئەو بابەتەن. بۆیە نووسەران هەوڵیاندا کە خوێندکاران و قوتابییانی کوردیش ئاشنای ئەم بابەتە گرنگە بن وە بە تایبەتیی کە ئەم پەرتووکە بە زمانی شیرینی کوردی ئامادەکراوە، کە یارمەتیی خوێندکاران و قوتابییان و خوێنەرانیش دەدات باشتر شارەزایی وەربگرن دەربارەی ئەم زانستە و ئاشنایەتی بنەما سەرەکییەکانی ئەم بابەتە گرنگە بن.
بۆچی ئەم پەرتووکە گرنگە؟
ئەم پەرتووکە لەلایەن دوو مامۆستای زانکۆ نووسراوە کە پسپۆڕن لە بوارەکەدا، هاوکات دکتۆر زانا مەجید سادق جگە لەوە خاوەنی پەرتووکی بنەماکانی زانستی ئابوورییە.
هەروەها ئەم پەرتووکە لە یازدە بەشی سەرەکی پێک دێت، بەشی یەکەم قوتابییان و خوێندکاران ئاشنا دەکات بە چەمکی بەڕێوەبردنی بەبازاڕخستن (ادارە التسویق) و پێشکەوتنی. بەشی دووەم تایبەتە بەشێکردنەوە و لێکۆڵینەوە لە ژینگەی بەبازاڕخستن. بەشی سێیەمی ئەم پەرتووکە گرنگی دەدات بە ناساندنی بازاڕ و جۆرەکانی. وە لە بەشی چوارەم تاوەکوو بەشی حەوتەم پێکهاتەکانی تێکەڵەی بەبازاڕخستن (مکونات المزیج الترویجی) کە بە دەناسرێتەوە شرۆڤەی بۆ کراوە و بە تێر و تەسەلی بابەتەکانی ئەم پێکهاتانە باس کراون. بەشی هەشتەمیش باسی ڕەفتارەکانی بەکاربەر دەکات و ئەو باسانەش خراونەتە ڕوو کە یارمەتیی بەکاربەر دەدات بۆ دەرکردنی بڕیارەکانی کڕینی تایبەت بە کاڵا و خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی. وە لە بەشی نۆیەمدا باسی بەبازاڕخستنی نێودەوڵەتی کراوە لەگەڵ گرنگترین دەروازە و کەناڵەکانی تایبەت بە چوونە نێو بازاڕە جیهانییەکان. وە لە بەشی دەیەمدا باسی بازرگانی ئەلیکترۆنی کراوە کە ئێستاکە بووەتە بابەتی ڕۆژ و ڕێکخراوەکان گرنگی تایبەتیی پێدەدەن. وە لە کۆتا بەشیشدا کە بەشی یازدەمە باسی سیستەمی زانیاری بەبازاڕخستن کراوە. [1]