ئەمڕۆ 29-08-2017 هەواڵێکی ناڕاست لەڕۆژنامەی ئاوێنە بڵاوبۆتەوه، گوایە له مانگی ڕابردودا مەکۆی سەرەکی #بزوتنەوەی گۆڕان# لەسەر ئێمە تاپۆکراوە و هەندێ کەسیش بەبێ زانینی باکگراوندی یاسایی و ئیداری بابەتەکە بە نائاگاییەوە تەرویجیان بۆ ئەم هەواڵە ناڕاستە کردوه.
ئێمە لێرەوە ڕایدەگەیەنین:
یەکەم: گردی زەرگەتە لەڕوی خاوەندارێتیەوە لە ساڵی 2006ەوە لەسەر کۆمپانیای وشە تاپۆکراوە، کە بەناوی خوالیخۆشبوو #نەوشیروان مستەفا#وە بوە، واتە پێش (3) ساڵ لە دروستبونی لیستی گۆڕان، کەواتە ئەو قسەیەی کە دەوترێت گوایە مەکۆی سەرەکی لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە خراوەتە سەر کۆمپانیای وشە ڕێک پێچەوانەی واقع و ڕاستیەکانە.
دووەم: لەروی یاساییەوە کۆمپانیا کەسایەتی مەعنەوی هەیه، بۆیە کاتێک دامەزرێنەرەکەی کۆچی دوایی دەکات، پێویستە خاوەندارێتیەکەی بگوازرێتەوە بۆ وارسە شەرعی و یاساییەکانی، تا بتوانێت بەردەوام بێت لەکارەکانیدا.
سێهەم: گردی زەرگەتە کە موڵکی کۆمپانیای وشەیە، هەروەک چۆن لە هەشت ساڵی ڕابردودا لە خزمەتی بزوتنەوەی گۆڕان و گۆڕانخوازاندا بوەو بۆ خزمەتی گشتی بەکارهاتوە، لەداهاتوشدا بەدڵنیاییەوە بەهەمان شێوە بەردەوام دەبێت.
چوارەم: وروژاندنی ئەم بابەتانە چ لە کاتی چلەی خوالێخۆشبوو و چ لە ئێستادا کە گۆڕان سەرقاڵی ململانێیەکی سیاسی سەختە لە پێناو چەسپاندنی دیموکراسی و سیستەمی پەرلەمانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیدا، بە پلانێکی داڕیژراوی ئەزانین بۆ چەواشەکاری و بەلاڕێدابردنی خەبات و ئاراستەی کاری گۆڕانخوازان.
پێنجەم: ئێمە وەک کوڕانی نەوشیروان مستەفا، نەک بەتەنها گردی زەرگەتە، بەڵکو گیان و ژیانی خۆشمان دەکەینە قوربانی بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو ڕێبازەی باوکمان بۆی بەجێ هێشتوین.
نما نەوشیروان مستەفا و چیا نەوشیروان مستەفا
29-08-2017